ساڵیادی كوشتاری به‌ كۆمه‌ڵی رژیمی ئاخوندی له‌ قاڕنای شاری نه‌غه‌ده‌ی كوردستان

كامیل نورانی فەرد
40 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ رێكه‌وتی ١١ی خه‌رمانانی١٣٥٨، رژیمی تازه‌ به‌ده‌سه‌لات گه‌یشتووی ئاخوندی له‌ دوای ده‌ركردنی فه‌رمانی جیهاد له‌ دژی كورد، به‌ درندانه‌ترین شێوه‌ كوشتارێكی سامناكی له‌ چه‌ندین دێ و ناوچه‌ی كوردستان وه‌رێخست و پۆل پۆل ژن و منداڵی كورد به‌ بێ هیچ موحاكەمه‌ و تاوانێك ده‌درانه‌ به‌ر ده‌سترێژی هێزه‌ جینایه‌تكاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران. له‌و رۆژه‌دا هاوكات له‌گه‌ڵ هێرشی هێزه‌كانی ژێر فه‌رمانده‌یی ئاخوند حه‌سه‌نی بۆ سه‌ر پادگانی مه‌هاباد، فه‌رمانێكی بێ به‌زەییانه‌ بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر دێی قارنا درا و كوێر كوێرانه‌ ٦٨ كه‌س له‌ دانیشتووانی ئه‌و ئاواییه‌ به‌منداڵ و ژن و پەككه‌وته‌ شه‌ڵاڵی خوێن كران. ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ ته‌نیا به‌ تاوانی كورد بوون و سووننی بوون كه‌وتنه‌ به‌ر رقی به‌كرێگیراوه‌ ئاڵقه‌ له‌گوێكانی رژیمی خومه‌ینی، ناو و یادیان بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ له‌ مێژووی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌ به‌رزی ده‌مێنێته‌وه‌ . هه‌ر چه‌ند ئازاری ئه‌و كاره‌ساته‌ زۆر جه‌رگبر و دڵته‌زێن بوو به‌لام ئه‌و رووداوه‌ بوو به‌ به‌ڵگه‌یێكی حاشه‌هه‌ڵنه‌گر له‌ سه‌ر درنده‌یی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ملهور و دیكتاتۆره‌ و له‌هه‌مانكاتیشدا روداوی قارنا و باقی جینایه‌ته‌كان بوون به‌ ناسنامه‌یێكی دیرۆكی بۆ مه‌زڵومیه‌تیی و له‌سه‌ر حه‌ق بوونی گه‌له‌ سته‌ملێكراوه‌كه‌مان و ئه‌و ئازیزانه‌ به‌ خوێنی خۆیان به‌ڵگه‌ی ره‌وایی خه‌باتی كوردیان واژۆ كرد.
رژیمی جینایه‌ت و مرۆڤكوژی ئاخوندی به‌وه‌ش نه‌وێستا، له‌مه‌ودای ساڵه‌كانی ٥٨ تا ٦٢ی كۆچی خۆری له‌ كۆمه‌لێك هێرشی نامرۆڤانه‌ بۆ سه‌ر شارو دێهاته‌كانی كوردستان چه‌ندین كۆمه‌ڵكوژی و جینایه‌تی بێ به‌ڵگه‌ و تاوان و موحاكه‌مه‌ی هاوه‌ڵاتیانی كوردیان به‌رێوه‌ برد كه‌ ده‌توانرێ جینایه‌ته‌كانی نه‌غه‌ده‌، قاڕنێ و قه‌ڵاتان، دیلانچه‌رخ و حه‌ڵب و كۆیكان، كانی مام سه‌یده‌ و چه‌قه‌ڵ مسته‌فا و خه‌لیفه‌لیان، هیندرقاش و قره‌گۆڵ و سه‌وزی و دێیمه‌سور، ساروقامیش، جه‌عفه‌رئاوا، مه‌رجانئاوا، سۆفیان، جبریل ئاوا و گونده‌وێڵه‌ به‌نمونه‌ بهێندرێته‌وه‌ كه‌ تێیدا سه‌رجه‌م ٢٤٥ هاوه‌ڵاتی مه‌ده‌نی و بێ تاوانی كورد كومه‌ڵكوژ و گوللە‌باران كران.
ده‌سه‌ڵاتدارانی رژیمی ئاخوندی له‌ماوه‌ی ئه‌و 40ساڵه‌ی ده‌سه‌لاتدارییان به‌سه‌ر ئێرانه‌وه،‌ بۆ جارێكیش روونكردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر چۆنیه‌تی و هۆكاری به‌رێوه‌بردنی ئه‌وكۆمه‌ڵكوژییه‌ نه‌هێناوه‌ته‌وه‌ و ته‌نیا خومه‌ینی نه‌بێ كه‌ له‌دوای خۆراگرییه‌ كه‌موێنه‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان و راگه‌یاندنی ئاگڕ بڕ ، ئیددیعای كرد زانیاری هه‌ڵه‌یان داوه‌ به‌من ، وه‌ك بڵێی به‌ ووتنی ئه‌و رسته‌یه‌ ته‌واوی تاوانه‌كانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ و شه‌خسی خومه‌ینی ده‌شۆردرێته‌وه‌ و میلله‌تی كوردیش هه‌موو سته‌م و جینایه‌ته‌كان له‌بیر ده‌كه‌ن و سووكنایی دڵ دێ و برینه‌كانیان سارێژ ده‌بێته‌وه‌.
هه‌رچه‌ند له‌ نیزامێكی مێشك ویشكی فاشیستی دیكتاتۆری مه‌زهه‌بی ناتواندرێ جگه‌ له‌و خێر و بێرانه‌ی تا ئێستای بۆ گه‌لانی ئێرانی بووه‌ زیاتر چاوه‌روان بكرێ، به‌ڵام به‌ واده‌رخستنی ئه‌وه‌ی كه‌ هیچ رووداوێك رووی نه‌داوه‌ و ئاو له‌ئاو ته‌كانی نه‌خواردووه‌، ئه‌وپه‌ری بێ شه‌رمی و دره‌ندەیی و مرۆڤكوژی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ. ئه‌وه‌ی روون و ئاشكرایه‌ گه‌لی كورد له‌ پێناو ئازادی و رزگاریی له‌ ژێر سته‌می سته‌مگه‌ران ئازار و ناخۆشیه‌كی زۆری تووش هاتووه‌ و به‌ بینینی هه‌زاران ئازاری دیكه‌ی له‌چه‌شنی كومه‌ڵكوژی قارنا دا ئیراده‌ی ئازادی ویستی گه‌له‌كه‌مان ئاڵوگۆری به‌سه‌ر دا نایه‌ و سه‌ركه‌وتنی كۆتایش هه‌ر بۆ گه‌له‌كه‌مان ده‌بێ و ئه‌وه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مگه‌ره‌كانیش ده‌مێنێته‌وه‌ رووره‌شی زیاتر له‌ به‌رانبه‌ر مێژوو و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی كرده‌وه‌ جینایه‌تكارانه‌كانیان له‌ دادگاكانی جه‌ماوه‌ریی ده‌بێ.
له‌ كۆتایی دا ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ پێداگری له‌سه‌ر بكرێته‌وه‌ نه‌كه‌وتنه‌ ناو داوی ده‌سه‌ڵاتدارانی رژیم بۆ ناو شه‌ری تورك و كورده‌ كه‌ رژیم هه‌ولێكی زۆر ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كه‌ كورت بكاته‌وه‌ بۆ شه‌ری دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاوازی ئێران و واده‌ری بخات كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای رژیم لێی به‌رپرسیار نین، و له‌ لایێكی دیكه‌ش درز بخاته‌ ناو نه‌ته‌وه‌ی كورد و تورك، به‌ڵام راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و كوشتاره‌ به‌ فه‌رمانی لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئاخوندی و له ‌درێژه‌ی فه‌توای جیهاد دژی گه‌لی كورد له‌لایه‌ن خومه‌ینی بوو كه‌ بۆ كپ كردنی ده‌نگی ئازادیخوازی ئه‌و گه‌له‌ ده‌رچوو. جێگه‌ی خۆیه‌تی به‌و بۆنه‌وه‌ سڵاو و درود بنێرین بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی قارنا وباقی شوێنه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و به‌ خه‌بات و خۆراگری یه‌كگرتووانه‌ به‌ره‌و رزگاریی له‌ كۆت و به‌ندی ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مگه‌ره‌كان هه‌نگاو بنێین و به‌ سه‌ر له‌هه‌ندا یه‌كی و تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ و هاوبه‌ش رێگه‌ی دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ساته‌ ناخۆشانه‌ به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌مان بگرین و به‌ره‌و لوتكه‌ی ئامانجه‌كانمان هه‌نگاو بنێین .

ڕێکه‌وت: 2019-09-02 22:11:52
به‌شی: ( ڕامیاری )