پەیامی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران لەمەڕ دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 1398ـ 1399

خوێندكاران و زانستخوازانی كوردستان و ئێران!
مامۆستایانی بەرێزی قوتابخانە و زانستگەكان!
1ی رەزبەری هەموو ساڵێك، قوتابیان و زانستخوازان ساڵێكی نوێی خوێندن دەست پێ دەكەنەوەو بۆ درێژەدان بە خوێندن، بە دڵێكی خۆش و هیوا بە سەركەوتن روو لە قوتابخانە و زانستگەكان دەكەن.
بەدەست هێنانی زانست و زانیاری بۆ منداڵ و لاوان لە هەر كۆمەڵگەیەك لەسەر ئەساسی سیستەمێكی تایبەتی پەروەردە و بارهێنان دادەرێژرێ بەجۆرێك حەزی وەدەست هێنانی زانیاری و زانست بە كارێكی سەرەكی زانستخوازان زیاتربێ‌ و بتوانن بەبێ گرفت و بەشێوەیەكی باش قۆناغەكانی خوێندن ببڕن و ئاگایی و زانیاری كۆبكەنەوە.
بە داخەوە لە ئێراندا بە هۆی سیاسەتی هەڵەی ڕژیمی ئاخوندی دیكتاتۆرو دژی زانست، پەروەردە و خوێندكاران و قوتابیان، بەردەوام بەرەورووی كەند و كۆسپی زۆر كراونەتەوە، ئەو دەسەڵاتە خۆسەپێنە هەر لە سەرەتاوە زانستگەكانی داخست و پەلاماری خوێندكاران و مامۆستایانیدا و رێگەی نەدا سیستەمی پەروەردە وەك بەشێكی گرینگ بۆ پێگەیاندن و پەروەردەی نەوەكانی وەڵات دەوری خۆی ببینێ و هەوڵیداوە سیاسەتی دواكەوتووانەی خۆیان بەسەر زانكۆ و قوتابخانەكاندا بسەپێنێ‌، مامۆستا و ئوستادان لە قوتابخانە و زانستگەكاندا بەجێی زانستی سەردەمیانە پەرە بە بیری دواكەوتووانەیان بدەن و قوتابیان و خوێندكاران لەسەر بیری تاریك پەرەستانەی ئاخوندان بار بێنن.
لەلایەكی دیكە بێ بایەخ كردنی زانست لەلایەن دەسەڵات و پەرەدان بە بیری خورافات و دواكەوتووانەی ئاخوندان كەشێكی وەهای خوڵقاند كە خوێندكاران ئەو دڵخۆشی و ئارەزووەیان نەمێنێ‌ بۆ خوێندن و بەشێكی زۆر لە مامۆستای قوتابخانەكان و ئوستادانی بە ویژدان یان كۆتاییان بە پیشەكەی خۆیان هێنا ئامادە نەبوون بەشێك بن لە پەرەپێدانی بیری ئاخوندی.
بە درێژەكێشانی سیاسەتی دواكەوتوانەی رژیم بۆ دژایەتی زانست و تێكدانی سیستەمی پەروەردە، زانستخوازان و خوێندكارانی تووش كێشەی زۆر كردوەو بە جۆرێك كە یان واز لە خوێندن بێنن یان ئەوەی كە لە دوای تەواو كردنی قۆناغەكانی خوێندن، نەتوانن لەسەر ئەساسی ئەو رشتە و بەشانەی خوێندوویانە، كار و پیشەیەك بدۆزنەوە و ئەوەی بۆیان خوێندووە بە كردەوە جێبەجێی بكەن و خزمەتی كۆمەڵگەی پێ بكەن.
ئەو دۆخە نالەبارە بۆتە هۆی ساردبوونەوە و بێ هێواییەكی زۆری خوێندكاران، وە وای لێكردوون هەر زوو واز لە خوێندن بێنن. كێشە كۆمەڵایەتی و ئابووریەكانیش بەشێكی دیكە لە فشار و كۆسپەكانی بەردەم خوێندكاران پێك دێنن كە ئەوەش بووەتە هۆی ئەوە كە خانەوادەكان نەتوانن پێداویستی مەدرەسەی منداڵەكانیان دابین بكەن و بە ناچاری لە مەدرەسە و زانستگەكانیان دەكێشنەوە.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو، فشارە ئابووریەكان بڕستی لە خەڵكی ئێران بڕیوە، كشانەوەو وازهێنانی خوێندكاران و قوتابیان بە رێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە. بەپێی ئاماری ئورگانەكانی رژیم ساڵی 1394 كۆچی خۆری نزیك بە یەك ملوێن و 430 هەزار كەس ناونووسیان نەكردووە بۆ خوێندن، هەروەها هەر لەو ساڵەدا زیاتر لە 7 ملوێن و 135 هەزار قوتابی و خوێندكار لە تەمەنی 7 بۆ 19 ساڵ نەیانتوانیوە درێژە بە خوێندن بدەن. لە ساڵی 95ـ96 كۆچی خۆریدا زیاتر لە 151 هەزار قوتابی كچ لە تەمەنی نێوان 15 بۆ 16 ساڵ وازیان لە خوێندن هێناوە.
لە ساڵی رابردووی خوێندنیشدا راگەیەندرا كە ساڵانە لە ئاستی بنەڕەتی (ابتدائی)دا زیاتر لە 20 هەزار قوتابی واز لە خوێندن دەهێنن.
بەپێی ئاماری دەزگاكانی رژیم پارێزگاكانی سیستان و بەلوچستان، ورمێ، لورستان و كرمان بەرزترین ئاستی نەخوێندەواریان تۆمار كردووە.
لە كاتێكدا ئورگانەكانی رژیم ئەو ئامارانە بڵاو دەكەنەوە كە دۆخی پەروەردە تا دێ بەرەو خراپتر و وازهێنان و بێ هیوایی بە خوێندن و بەدەست هێنانی زانست رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندان.
مامۆستا و ئوستادانی بەرێز!
لە كاتێكدا ساڵی نوێی خوێندنی 1398ـ 1399 دەست پێدەكەینەوە كە دۆخی مامۆستایان و ئوستادان لەژێر سێبەری دەسەڵاتی ئاخوندیدا زیاتر لە هەر كاتێكی دیكە تووشی گرفت و كێشەی جۆراوجۆر دەبێتەوە، ئەو دەسەڵاتە لە هەوڵی ئەوە دایە ئێوەی بەرێز زیاتر بەجێی زانستی سەردەمیانە زیاتر كار بۆ پەرەپێدانی بیری دواكەوتووانەی ئاخوندان لە نێو قوتابیان و خوێندكاران بدەن، ئەوەش وا دەخوازێ ئێوەی بەرێز بە بڕشتر لە ساڵانی پێشوو قوتابخانە و زانستگەكان بكەنە مەكۆی بیر و زانستی ئەورۆیی و سەردەمیانە و قوتابی و خوێندكارەكانی لەسەر باربێنن و بەوەش زیاتر و باشتر بەرەنگاری بیری دواكەوتووانە و تاریكپەرەستانەی ئاخوندان بنەوە.
قوتابیان و خوێندكارانی ئازیز!
یەكێك لە قوربانیە سەرەكیەكانی سیاسەتی رژیمی ئاخوندی لە ماوەی چوار دەیەی رابردوو قوتابیان و خوێندكارانی ئێران بوون، ئەو رژیمە بە سیاسەتەكانی خۆی سیستەمی پەروەردەی بەرەو ئاقارێك بردووە كە بەجێی ئەوەی رۆڵەكانمان بۆ داهاتوویەكی باش و پرشنگدار بەرێ، تووشی نائومێدی لە زانست و دوور خستنەوەیان لە پێویستی فێر بوونی زانست و ئاگایی بۆ بەرەوپێش بردنی كۆمەڵگە و دابین كردنی داهاتوویەكی گەش بۆ تاكەكان كردووە. هەر بۆیە پێویستە ئێوە بە پێچەوانەی ویستەكانی رژیم، هەوڵی تەواو بدەن بۆ ئەوەی زانستی سەردەمیانە فێربن و بە پاراستنی زمان و فەرهەنگە نەتەوەییەكانی خۆتان ببنە داینامۆی پێشخستنی كۆمەڵگەكەمان.
بێ شك كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو بە پەروەردە و تاكی خوێندەوار و خزمەتگوزار وەدیی دێ هەر بۆیە وەڵاتی ئێران لە دوای چل ساڵ سیاسەتی بزركاندن و هەڵتەكاندنی هەموو بەهاكان بەتایبەت پەروەردە، پێویستی بە ئاڵووگۆڕێكی بنەڕەتی سازگار لەگەڵ دوونیای رۆژ و سیستەمی پێشكەوتووی پەروەردە كە لەگەڵ ستانداردە جیهانیەكاندا بێتەوە.
بەبۆنەی ساڵی نوێی خوێندنەوە پیرۆزبایی گەرم بە قوتابیان و خوێندكاران و زانستخوازان پێشكەش دەكەین و هیوادارین لەم ساڵی خوێندنەشدا ئێوەی بەرێز بتوانن بە ترۆپكی سەركەوتن بگەن.
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران
كومیتەی ناوەندی
28 ی خەرمانانی 1398 كۆچی خۆری
19سێپتێمبەری 2019

ڕێکه‌وت: 2019-09-21 21:48:18
به‌شی: ( کۆمه‌ڵایه‌تی )