بریارەكەی ترامپ و هێرشی توركیە بۆ سەر كوردستانی سوریە!

عەلی بەهرامی
درەنگانێكی شەوی یەكشەممە 14ی ڕەزبەری 1398ی هەتاوی، دۆناڵد ترامپ سەرەك كۆماری ئەمریكا رایگەیاند هێزەكەیان لە باكوری سوریە (كوردستانی رۆژئاوا) دەكێشنەوە، ئەوان نابنە بەشێك لەو كێشەی ئارادایە، كە مەبەستی كێشەی ئوردوغان لەگەڵ كوردە. ئەو بڕیارەی دۆناڵد ترامپ لە دوای ئەوە دێت كە پێشتر رەجەب تەیب ئوردوغان رایگەیاندبوو لەسەر ناوچەی ئارام لەگەڵ ئەمریكا رێناكەون هەر بۆیە هێرش دەكەن بۆ سەر رۆژهەلاتی فورات (كوردستان). ئەو گۆرانكاریە نوێیەی لەپێوەندی نێوان ئەمریكا و توركیە هاتە ئاراوە، بەلای بەشێك لە چاودێرانەوە چاوەروان نەكراو بوو لە كاتێكدا كە توركیە و ئەمریكا لەسەر كۆمەڵێك پرسی گرینگ كێشەیان هەیە و بەردەوام لە هەرشە كردن بوون لە یەكتری، بەتایبەت لەسەر كڕینی سیستەمی مووشەكی ئێس 400ی رووسی لەلایەن توركیەوە تورەبوون و هەڵچونێكی زۆر لە ناوەندەكانی بریار لە واشتن لە ئارادایە و تازەییش گەڵاڵەیەك لە كونگرە بۆ سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر توركیەدا ئامادە كراوە و ترامپیش دەكرد.
ئەوەی روونە ئوردوغان لە ناوخۆی توركیە تووشی شكستێكی گەورە هەم لە نێو پارتی داد و گەشەپێدان و هەم لە ئاستی وەڵاتدا بووە، هەر وەك لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكاندا دەركەوت پێگەی جەماوەری پارتەكەی چەندە لە داكشان و ئاستی خۆشەویستی خۆیشی لە شەقامی توركی دا تا چ رادەیەك لە دابەزیندایە، هەر بۆیە پێویستی بە هەندێ هەنگاوە بۆ پێخۆری نێوخۆیی و گێڕانەوەی متمانەی شەقامی توركی. بۆ ئوردوغان باشترین رێگە لێدانی كوردە لە دەرەوەی سنوورەكانی توركیە. بۆیە بۆ دەرەوەی سنورەكانی خۆی، چونكە لە دوای پەكخستنی پرۆسەی ئاشتی لەو وەڵاتە، بە زەبری هێز توانی چەندین و شار و ناوچەی كوردستانی توركیە كە ببونە سومبولی كوردبوون و كوردایەتی، بە تەواوی خاپوور بكات و خۆی بە سەركەوتووی ئەو جەنگە نیشانی لایەنگرانی بدات. لە ئێستاشدا لە كوردستانی سوریە كە نزیك بە 10 ساڵە خۆبەرێوەبەریەكی كوردی بوونی هەیەو ئوردوغانیش بەدەوام پروپاگەندەی ئەوەی لە دژ دەكرد كە ئەو خۆبەرێوەبەریە بەشێكە لە پێ كاكای نەیاری و حەساسیەتێكی زۆری بە بوونی هەیە، ئێستاكە بە دەرفەتێكی باش دەزانێ‌ بۆ پەلاماردانی بەتایبەت كە چرای سەوزی لەلایەن ئەمریكاوە پێدراوە.
ئوردوغان لە پەلامار بۆ سەر كوردستانی سوریە چەند ئامانجێك دەپێكێ كە بریتین لە:
بەرزكردنەوەی ئاستی مەحبوبیەتی خۆی لە نێو شەقامی توركی بە هەڵگێرسانی شەڕێك كە ساڵانێكە بە پروپاگەندە، رای گشتی وەلاتی توركیەی بۆ ئامادە كردووە و وەك دەبینین نەك لە ئێستادا هیچ دژایەتیەكی ئەم شەرەی دژ بە كورد لە ناوخۆی ئەو وەلاتەدا ناكرێ بەڵكوو نەیارەكانیشی بێ دەنگیان هەڵبژاردووەو خۆ لە دژایەتی ئەو هەنگاوەی دەبوێرن.
پەلاماری كوردستانی سوریە لە ئێستادا درێژەی سیناریۆی هێرشی سەر عەفرینە و توركیە دەیهەوێ بەبیانووی پەیەدە و هەسەدە پەلاماری ئەو ناوچە كوردستانیانە بدات، كورد دەربكات و عەرەبە ئاوارەكان لە شوێنەكانیان جێگیر بكات. بەوەش بەو ئامانجەی دەگات كە چەندین ساڵە دوبارەی دەكاتەوە كە دەسەڵاتی كوردی لە باكوری سوریە قەبوڵ ناكەن و ئەوانە دژمنیانن و هەر رۆژە ناو و ناتۆرەیەكیان لێدەنان، هەروەها بە جێگیر كردنی عەرەبە ئاوارەكان بە كردەوە سیاسەتی پاكتاوی كورد لەو بەشەی كوردستان بە زەبری هێز جێبەجێ دەكات و مەبەستیەتی كوردستانی بوونی ئەو بەشەی كوردستان بكاتە چیرۆك، گەر ئەو سیاسەتەی ئوردوغان جێبەجێ بكرێ و جێگیربوونی ئەو عەرەبانە درێژە بكێشێ، گێڕانەوەی كوردستانی سوریە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی لە دوایی دا حەستەم دەبێ.
ئەوەی ترامپ لە ئێستادا پشتی ئەو هێزە كوردیانەی بەردا كە لە 2014ەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لەسەر ئەرز توانی شكستی گەورە بە هێزە تیرۆریستیەكان بهێنێ و جوێ لە ناوچە كوردستانیەكان، توانیان پانتاییەكی زۆریش لە ناوچەكانی دیكەی سوریە ئازاد بكەن، لەلایەك دەیهەوێ كۆتایی بە فشارەكانی توركیە بێنێ كە لە داخی پشتیوانی ئەمریكا لە كورد، كۆمەڵێك هەنگاوی نا كە بۆ ئەمریكا گەران تەواو بوو بەتایبەت توركیە كە ئەندامێكی گرینگی هاوپەیمانی ئاتڵانتیكی باكوورە و ئێستا بە تەواوی لە روسیەی نەیاری ئەمریكا نزیك بووەتەوە و رێكەوتنی گەورەی لەگەڵ واژۆ دەكات، بۆیە ترامپ ناتوانێ‌ چاوپۆشی لەو قازانجانەی ئەمریكا لە توركیە بكات و لە ئێستاشدا كە بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەچێ پێویستی بە رێكەوتنێك لەگەڵ ئوردوغان هەیە و بۆ ئەوەی دڵی ئوردغان بێنێتەوە جێ باشترین هاوپەیمانی پێنج ساڵی رابردووی خۆی دەكاتە دیاری و قوربانی. ئەگەر چی لە ئێستادا ترامپ هەندێ بادانەوە بە قسەكانیەوە دیارە بەڵام پێم وایە تەنیا بۆ كەم كردنەوە و هێواش كردنەوەی رەخنەگرانی ئەو بریارەیەتی.
ئەو بریارەی دۆناڵد ترامپ و ئەو شەرە نوێیەی ئوردوغان بە كوردی سوریەی دەفرۆشێ، لە ئاستی نێونەتەوەییدا جوێ لە هەندێ كاردانەوەی لاواز هیچی دیكەی پێوە دیار نیە، لە ئاستی ناوچەییش بە هەمانشێوە بێ دەنگیەكی تەواو هەیە، بەڵام رژیمە داگیركەرەكانی دیكەی كوردستان بەتایبەت رژیمی ئاخوندانی ئێران، ئەگەری زۆرە هاوكاری ئوردوغان بكەن لەم جەنگە نارەوایەدا.
بە گشتی مەترسیەكان بۆ سەر پرسی نەتەوەی كورد لە هەر كاتێكی دیكە زیاترە. لەو چوارچێوەشدا ئەگەری ئەوە هەیە رژیمی ئێرانیش هەندێ هەنگاو دژ بە هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستانی رۆژهەلات هەڵگرێ.
لەپێوەند بە سیاسەتی ئەمریكا لە بەرامبەر كورد، ئەو وەلاتە جارێكی دیكەش بێ باری خۆی لەبەرامبەر كورد دا نیشانداو جارێكی دیكە كوردی گورگانخوارد كرد. بەڵام كورد نەتەوەیەكی چەوساوە و زۆر لێكراوەو هیچ بژاردەیەكی دیكەی لە پێوەندیەكانی دا لەبەر دەستدا نیە، هەر قۆناغەو هەوڵ دەدا بە كەڵك وەرگرتن لەو دەرفەتانەی دێنە پێش بۆ سەرخستنی پرسە نەتەوەییەكەی و رزگاربوون لە ژێردەستەیی و زۆرڵم و زۆر لەگەڵ شەپۆلەكان بكەوێ. ئەوەی كە لەو پێوەندیانەدا زەرەری دەكات نیشانەی ئەوەیە كورد لە سیاسەتی زلهێزەكاندا نەبووەتە بژاردە و فاكتەرێكی وەها كە نەكرێتە قوربانی و بەدیلی بۆ نەدۆزرێتەوە.
لەلایەكی دیكە تەبا و رەبا نەبوونی نێو ماڵی كورد و پرش و بڵاویی خۆیشی كاریگەری زۆری هەبووە لەوەی نەبێتە هێزێكی ئەوتۆی سیاسی، ئابووری و سەربازی كاریگەر و شوێندانەر كە زلهێزان و وەلاتان نەتوانن بە ئاسانی پشتی تێبكەن و بیگۆڕنەوە بە نەیارەكانیان.
ئەوەی لە كوردستانی سوریە رووی دا كاریگەری لەسەر هەستی هەموو كوردێك داناوە، بەڵام دەكرێ ئەوە دەرسێكی باش بێ بۆ ئەوەی كورد لە سوریە نێو ماڵی خۆی رێكبخاتەوەو تەباییو یەكریزیەكی نەتەوەیی دروست بكرێ، لەلایەكی دیكە لە ناوەندەكانی بریار بەتایبەت لە ئەمریكا، ئوروپا و روسیە كەوێتە لابی دروست كردن و هەوڵ بدات كاریگەری لەسەر بریارەكان دروست بكات بۆ ئەوەی زیانەكان كەمتر بكاتەوە لەوەی چاوەڕێ دەكرێ. بەتایبەت لە ئێستادا لە ئەمریكا و ئوروپا دا هاوسۆزیەكی زۆر هەیە بۆ شەرڤانان و كورد لە سوریە.
لە كۆتاییدا دەبێ ئیشارەی بەوە بكرێ کە بریارەكەی ترامپ بۆ كشانەوە لە سوریە تەنیا زیانی بۆ سەر كورد نابێ، بەڵكوو سیاسەتی ئەمریكا لە ناوچەكە تووشی شكستی گەورە دەكات و ئەمریكا لە لای هاوپەیمانەكانی لەو ناوچەیە تووشی بێ متمانەیەكی زۆر دەبێ. بەتایبەت هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە ئێستادا هەر یەكە و بە كێشەیەكەوە گیرۆدەن. پاشەكشە یەك لە دوای یەكەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە كاریگەری زۆری هەیە لە هەیبەت و سومعەی یەكەم زلهێزی جیهان و رێگەدانە بە روسیە بۆ دەورگێڕانی زیاتر لە رۆژهەڵاتی ناوەراست. لەكاتێكدا رووسیە هەمیشە پشتیوانی لە دەسەڵات و رژیمە دیكتاتۆر و خۆسەپێنەكان دەكات و ئەوەش نەك خزمەت ناكا بە گێڕانەوەی ئاسایش و ئۆقرەیی بۆ ناوچە بەڵكوو ناوچەكە بەرەوڕووی مەترسی زیاتر و كێشە و ئاژاوەی تازە دەكات.

 

 

 

 

ڕێکه‌وت: 2019-10-09 21:24:22
به‌شی: ( ڕامیاری )