شەپۆلی پشتیوانی خەڵكی كوردستانی رۆژهەلات بۆ كوردستانی رۆژئاوا

خەباتمێدیا: لە دوای هێرشی حكومەتی ئوردوغان و گروپە تیرۆریستیەكان بۆ سەر خاكی كوردستانی رۆژئاوا، وەك هەمیشە خەڵكی نیشتمانپەروەری كوردستانی ئێران ڕژانە شەقام و پشتیوانیان بۆ خۆراگری رۆژئاوا دەربڕی. لە دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە ١٧ی رەزبەر، سەرۆك كۆماری توركیە رەجەب تەیب ئوردوغان لە ژێر ناوی (كانی ئاشتی) فەرمانی بە هێزەكانی دا پەلاماری خاكی كوردستانی رۆژئاوا بدەن و هەر لە سەرەتای ئەو پەلامارانەوە هێزەكانی توركیە دەستیان لە كەس و بەتایبەت خەڵكی سڤیل نەپاراست و جینایەتی زۆریان خوڵقاند، خەڵكی شارەكانی كوردستانی ئێران وەك هاوسۆزی رژانە شەقامەكان و ئەو پەلامارانەی حكومەتی توركیەی فاشیستیان مەحكوم كرد و دەنگی خۆیان خستە پاڵ هەموو ویژدانێكی زیندوو پشتیوانیان بۆ خەڵكی زوڵم لێكراوی رۆژئاوا دەربڕی. خەڵكی شارەكانی مەهاباد، پیرانشار، بانە، سنە، مەریوان، سەقز، كرماشان، بۆكان، جوانرۆ، پاوە، ئیلام، كامیاران، دێولان و چەندین شار و ناوچەی دیكە لە دوو رۆژی رابردوودا بە دانی دروشم و خوێندنەوەی پەیام دژایەتی خۆیان لەگەڵ هێرش و جینایەتی حكومەتی ئوردوغان لە كوردستانی رۆژئاوا دەربڕی و داوایان لە كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی كرد بەر بە دڕندەییەكانی ئوردوغان بگرن و پشتیوانی لە هێزە كوردیەكان بكەن كە لە ٧ ساڵی رابردوودا هاوشان لەگەڵ كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە شەڕی تاقمە تیرۆریستەكان بەشدار بوون و بەشێك بوون لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، وە لە پێناو پارێزگاری لە مرۆڤایەتی و بنەماكانی ئازادی و دیموكراسی زیاتر له‌ ١١ هەزار شەهیدیان داوە. شایانی گوتنە هاوكات لەگەڵ نارەزایەتیەكان لە بەشەكانی كوردستان، كوردانی دیاسپۆڕا لە زۆربەی وەڵاتانی ئوروپایی و ئامریكا رێپێوان و گردبوونەوەی جەماوەریی بەرینیان بەرێوەبرد و كردەوەكانی ئوردوغانیان شەرمەزار كرد.



 

ڕێکه‌وت: 2019-10-13 10:23:57
به‌شی: ( ڕامیاری )