پرسی هەڵبژاردن و رابردووی دەسەڵاتێكی جینایەتكار!

شۆرش خەبات

رژیمی ئاخوندی ئێران له ماوی زیاتر له ۴۰ساڵدا، به هەموو شێوەیەك خەڵكی ئێران دەچەوسێنێتەوه. بێکاری، گرانی، فه‌ساد و واداركردنی لاوان بە ماده هۆشبەرەکان و دەیان دیاردەی دیكەی كۆمەڵایەتی له‌لایه‌ن ڕژیمه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌و  به‌ته‌واوی خه‌ڵکی خەڵكی ئێران و كوردستانیان تووشی نه‌هامه‌تی و برسیه‌تی کردوه‌. هاوكات لەگەڵ ئەوانە رژیم لە باری سیاسی و ئاسایشەوە خەڵكی ئێرانی تووشی دەرد و نەهامەتی كردووە، بە جۆرێك هیچ كەس لە ئێران ناتوانێ‌ دەرد و ئازارەكانی خۆی باس بكات و بە گشتی رێگە بە هیچ بیروبۆچونێکی جیاواز له‌ سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ویلایه‌تی فه‌قیه‌ و داروده‌سته‌ی ڕژیم نادرێ و ڕێگری له ‌‌هه‌موو ده‌نگێکی ئازاد ده‌کرێ.

لەلایەكی دیكەوه‌ ئەو رژیمە لە باری ئاسایش و ئەمنیەتەوە خەڵكی ئێرانی تووشی دۆخێك كردووە كە هیچ كەس هەست بە ئەمنیەتی ئابووری و كۆمەڵایەتی نەكات، ئەوەش خەڵكی تووشی هەڵچوون و شڵەژانی دەروونی كردووە و بە گشتی دۆخێكی ناسەقامگیر و پڕ كێشەی بۆ ئێرانیەكان ساز كردووە. ئەم رژیمە كە بە سیاسەتی هەڵە و دژە خەڵكی خەڵكی، خەڵكی ئێران و كوردستانی تووشی ئەو هەموو دەرد و ئازارانە كردووە، لە ئێستادا رژیمەكەی چ لە نێو خۆی ئێران و چ لە كۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی دا تووشی بونبەست بووە.

خەڵكی ئێران ماوەی دوو ساڵە هەر دەرفەت و هەلێك بۆ دژایەتی ئەو دەسەڵاتە دەقۆزنەوە، بەتایبەت لە خەزەڵوەری ساڵی 1398ی هەتاوی رابوون و راپەرینی جەماوەری لە ئێران چووەتە قۆناغێكی جیددی، وێڕای ئەو هەموو سەركوت و جینایەتەی دژ بە خەڵك بەرێوە دەچێ، بەڵام نارەزایەتی و رابوونەكان تا دێ زیاتر بەرین دەبێتەوە و دروشم و شیعارەكانی جەماوەری ئێران ساختار شكێنانەتر و كۆی دەسەڵاتی ئاخوندان دەكاتە ئامانج.

هەروەها لە كۆمەڵگەی نێونەتەوەییشدا رژیمی ئاخوندەكان لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر تووشی گۆشەگیری و فشار بۆته‌وه‌ و  هەر وەك دەبینین فشارە ئابووریەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئەو رژیمە لەسەر سیاسەتی پاوانخوازانەی ئاخوندان لە ئێران و ناوچە و هەوڵەكانی بۆ بەدەستهێنانی چەكی ناوكەیی و كۆمەڵكوژ و مووشەكە درێژ مەوداكان، پشتی ئەو دەسەڵاتەی شكاندووە، بە جۆرێك لە ئێستادا رژیمی لە روخانی حەتمی نزیكتر كردووە.

لە وەها دۆخێكدا كە رژیمی تێكەوتووە، ئەو دەسەڵاتە خەریكی بەرێوەبردنی شانۆگەریەكی دیكە بە ناوی هەڵبژاردنەوەبە، رژیمێك كە هیچ ماف و ئازادیەك بە خەڵكی ئێران بە رەوا نابینێ، ئێستا هاتووە بە وەرێخستنی وەها شانۆگەریك دیهەوێ چی وەدەست بێنێ. لە راستیدا بەو بەناو هەڵبژاردنانە رژیم نایهەوێ هیچ گۆرانكاریك بكرێ، بەڵكوو هەر وەكوو لە رابردوودا دیومانە، رژیم لە هەڵبژاردنەكان و بەشداری خەڵك تەنیا بە دوای وەدەستهێنانی مەشروعیەتی خۆیەوە بووە، بەشداری خەڵك بە كار دێنێ بۆ ئەوەی بڵێ خەڵكی ئێران پشتیوانی لێ دەكەن و خەڵك رژیمی دەوێ بۆیە لە سیناریۆكانی دا بەشداری دەكەن.

ئەوەی دەكرێ چاوەرێی بكەین و چاودێرانیش مەزەندەی دەكەن ئەوەیە كە خەڵكی ئێران نەك بەدەم سیاسەتەكانی رژیمەوە ناچن، بەڵكوو رژیم گڵۆگڵەی لە لیژیە و جەماوەری ئێران رێگەی روخان و لەناوچوونی ئەو دەسەڵاتە دەگرنەبەر و لە داهاتووشدا خەبات بۆ روخانی رژیم و ئازادی لە ئێران نێڵ دەدەن و لە داهاتوویەكی نزیكدا شاهیدی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە سیستەمی سیاسی لە ئێران بە دەستی ئەو خەڵكە چەوساوەو مەینەت دیتوە دەبین.

ڕێکه‌وت: 2020-02-22 11:39:01
به‌شی: ( ڕامیاری )
شۆرش خەبات