هه‌وڵى ده‌دا له ناو ئه‌و هه‌موو خشه‌خش و ده‌نگه جۆراوجۆرانه‌دا نهوایێك ببینێته‌وه و دڵخۆشى پێ ببه‌خشێ و كه‌مێ له‌و ده‌رد و ئازار و مهینهتیانهى كه‌م بێته‌وه و ببێته ناسۆریك بۆ برینه‌كانى!!!
ئه‌و هه‌موو هه‌وڵ و تهقهلایانهى دایكى چاو به فرمێسكم ته‌نیا و ته‌نیا بۆ بیستنى ناو و هه‌ڵدانه‌وه‌ى لاپه‌ره‌كانى ژیانى لێوان لێو له ده‌رد و ناخۆشى هاودهمهكهى سه‌ره‌تاى لاوێتى و باوكى منداڵه‌كانى له ئیزاعه و رادوێهكى ده‌نگ به سۆز بۆ لاواندنه‌وه‌ى رۆڵه گیانبازهكانى كوردستان كه رادوێ ده‌نگى خه‌بات و بێژه‌ره ده‌نگ به سۆزه‌كه‌ى بوو.
وه‌ك له بیرمه ئێواره‌یه‌كى دره‌نگ كه‌سێك له هاوسێكان چه‌ند وێنه و نوسراوى له به‌ر ده‌رگا دایه ده‌ستم و رۆیی، كاتێ چاوم لێ‌كرد، وێنه‌كانم ناسیوه و موحه‌به‌ت و خۆشه‌ویستیم بۆ وێنه‌كان ده‌چوو به‌لام داخم ئێستاش نه‌مزانى نووسراوه‌كان چى بوون، به سۆزه‌وه له ناو دارمێوه‌كانى حه‌وشه‌كه‌ماندا شاردمه‌وه و به‌رده‌وام بیرم له‌لاى بوو وه‌ك شتێكى تایبه‌ت بوو به‌لامه‌وه هه‌ر بۆیه زوو زوو ده‌چووم چاوێكم له شوێنه‌كه ده‌كرد كه ئاخۆ بهلهى مابێ؟ تا شه‌و داهات و له كاتى بلاو بوونه‌وه‌ى فیلمى سولتان و شهباندا بوو كه چیتر خۆم پێ رانه‌گیراو و هه‌وڵم ئه‌وه بوو سه‌ر له نووسراوه‌كان ده‌رێنم كه دایكم له پشته‌وه گرتمى و به وێنه و نووسراوهكانى زانى و لێى سه‌ندم. به گریان و سۆزه‌وه ووتى كورِم ئه‌مه‌ت له كوێ بوو؟ له وه‌لامدا به پرسیاره‌وه وتم دایكه ئه‌وه وێنه‌ى باوكمه و خۆى له كوێ یه؟
ووتى رۆڵه باوكت رۆیی و بوو به چۆله‌كه. ئه‌و ووته‌ى دایكم واى لێ كردم هه‌موو رۆژێك له سه‌ر پیلیكانهكانى حه‌وشه داده‌نیشتم و چاوه‌رێى چۆله‌كه‌م ده‌كرد، بۆیه له سه‌ر ئه‌و قسه‌ى دایكم هه‌تا ئێستاش چۆله‌كه‌م خۆشده‌وێ، هه‌ر چه‌ند هه‌تا ئێستاش هیچ كام له چۆله‌كان به منیان نه‌وت كه باوكتم.
زه‌مه‌ن هات و كاتێ راست و چه‌پى خۆم زانى و تێگه‌یشتنم زیادى كرد، گه‌لێ كه‌س بوون له هه‌ست و ناخم حاڵى نه‌بوون، كه من بۆیه حه‌ز به هیچ بۆنه و جهژنێكیش ناكه‌م بۆ جارێكیش گۆری باوكى خۆم نه‌دیوه كه وه‌ك خه‌ڵكى له‌و رۆژه‌دا بچمه سه‌رى و كه‌مى له تاڵیهكانى ژیانى بۆ باس بكه‌م و ئه‌و هه‌موو باره قورس و ده‌رده‌ى سىهر دڵیان گرتبووم و پێویستم به دڵسۆزێك هه‌بوو گوێم بۆ رادێرێ، به‌لام ئه‌وه ٢٦ ساله به‌و ئاواته‌وه شه‌و به رۆژ ده‌كه‌م و رۆژ به‌شه‌و.
ئه‌گه‌ر چى ده‌رد و ئازارى بێ باوكى زۆر قورسه و له سه‌ر دڵم بۆته گرێ، به‌لام دركاندنى زۆر قورستره، ئه‌وه‌ى ده‌توانم باسى بكه‌م و بێته شانازى و هه‌ست به گه‌وره‌یی باوكم بكه‌م و ئازاره‌كانم له بیر باته‌وه، هه‌ستى جوانى ئه‌و كوردپه‌روه‌رانه بوو كه هه‌ستیان به ده‌رد و ئازاره‌كانم ده‌كرد.
لێره‌دایه هه‌ست به گه‌وره‌یی و ره‌وایی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه ده‌كه‌م كه باوكى من و هه‌زارانى وه‌ك ئى منى تێدا فیدا بوون و بوونه رێ نیشانده‌رى ملوێنان مرۆڤى چه‌وساوه‌ى كورد، و هانده‌رن بۆ ئه‌وه‌ى چیتر رێگه به داگیركه‌ران نه‌درێ نیشتمان و خاكه‌كه‌مان بكاته مه‌یدانى كوشت و كوشتارى مرۆڤه پاك و بێ گه‌رد و فریشته ئاساكان.
هه‌ر به‌م شێوه‌ش رێز له هه‌ست و سۆزى هه‌موو بنه‌ماڵه شه‌هیدێك ده‌گرم و هه‌نگاوى تێكرِاى ئه‌و جوانمێرانه به‌رز ده‌نرخێنم و هه‌زاران سلاو و درود بۆ گیانى پاكیان ده‌نێرم.

ژیاننامه‌ى سه‌روه‌ری گه‌ل: شه‌هید عه‌لی چه‌مه‌ن گوڵی...
ده‌ردی داگیركه‌رانی كورد ده‌ردێكه كه هه‌ر چه‌ند كۆنه و برینێكی له‌مێژینه‌یه وبه ناسۆر كه‌وتووه وله‌رز ویاوی له‌شی گه‌لی كوردی داگرتووه و خه‌ویی پێ نه‌هێشتوون و ئارامی لێ هه‌ڵگرتوون. به‌لام ده‌ردی له هه‌موو ده‌ردان گرانتر ده‌ردی كوردی خۆفرۆشییه كه بۆته تیراوێ، له له‌شی گه‌لی كورد. نه به پیران محه‌ممه‌دان چاره‌ى دێ و نه به چاكه سواران له‌ناو ده‌چێ. راسته دوژمنانی گه‌لی كورد ته‌مایان له كه‌وڵی كورد كردووه، ئه‌و كهوڵهی كه له سه‌ری ده‌ژین و تێدا ده‌ژین. راسته چه‌ند میلله‌ت هه‌ن كه به به‌شی خۆیان تێرناخۆن وچاویان برِیوهته كوردستانه‌كه‌مان. پێ یان موفتهو، ماڵی موفت قازی مه‌راغه ده‌یخوا، به‌لام ئه‌وه چییه كه وا به موفتی ده‌زانن.
وه ئه‌و چۆنه لێى ناتهكێنهوه؟ به‌لام ئه‌وه چۆنه ئه‌و هه‌موو چیرِهیی به دوور گیانه ده‌ندرێ؟. ئاگا ناكا هه‌ر ده‌ڵه‌ی ورگی وان نییه، ئه‌وه چیه ئه‌و هه‌موو خوێنی پیسیان كارنامه تاوان باری شه‌رمه‌زارییان له سه‌ر شاخ و كێوی كوردستان ده‌نووسرێ رووی تێ ناكه‌ن و چاوی پێ داناخشێنن. كه ببینن چۆن به جیهان ناسێندراون و چه‌ند به‌د ناون. هۆی چییه ئه‌و دوژمنانه ئه‌و هه‌موو به‌ربه‌ره‌كانێ یان ده‌كرێ و لێیان ده‌كوژرێ. ئابروو هه‌زارجار چوواویان ده‌برێ. واش ده‌ست له به‌رۆكی كوردستان به‌ر ناده‌ن. تۆ بڵێی هه‌ر خوا نه‌ناس بن و هه‌ر هیچ شه‌رمی ئینسانیان تێدا نه‌بێ. یان ده‌ردێكی تریش هه‌یه! جوێ له خوا نه‌ناسی و بێ شه‌رمی؟
بێگومان ئه‌گه‌ر هه‌موو كوردی كوردستان یه‌ك ده‌نگ ویه‌ك ئاواز بێ، بێگانه بۆ ده‌ره‌وه له كوێوه هاتووی بچۆره‌وه بۆ ئه‌و جێگه‌یه، له چ رێگه‌یه‌كه‌وه هاتووی به رێی خۆت دا بگه‌رێوه، دوژمن ناتوانی ئاوا وه‌ك دوڵپایی سه‌لیمی جه‌وهه‌ری، سواری شانی خه‌ڵكی كوردستان بێ و هه‌ر نه‌یێته خواره‌وه. به‌لام دوژمن كه ئاوا بارگه‌ی لێ خستووه و بریارِی نه‌گواستنه‌وه‌ی له كوردستان داوه، رووی خۆشی له خۆفرۆشانه كه به ده‌وریان دا دێن. وه‌ك مه‌یمون سه‌مایان له به‌ر ده‌كه‌ن به ده‌ستووریان ملی خۆیان ده‌شكێنن. و به چوشیان م‌و ناپسێنن. ئه‌و خۆفرۆشانه‌ی كه شه‌ره‌فی خۆیان ده‌فرۆشن به دراو و پاره.... كام دراو وپاره؟ ئه‌وه‌ی دوژمن له ماڵی باوكییه‌وه هێناویه‌تی؟
نا ئه‌و دراو و پاره‌یه‌ی كه دارایی كوردستانه و به‌رهه‌مه‌كانی و خاكی كورده. هه‌ر دراو و پاره‌كه‌ی خۆمانه، جاشه گێژهكانی پێ دهخهڵتێنن و به ناوی پێشمه‌رگه‌ی موسڵمان و چی وچی لووتیان پێ به‌رز كردوون و كلكیان پێ هه‌ڵگرتوون. ئه‌وانه‌ی كه بوونه پایگای دوژمنی داگیركه‌ر هیچ بیر ناكه‌نه‌وه كه رووی خۆشی وان بۆ دوژمن به زیانی كورده و كورد به‌ره‌و نابوودی یه‌كجاری ده‌با. دوایی كوردێك نامێنێ، جا ئه‌مجار جاشیهتیش باوی نامێنێ، ئه‌و روو خۆشه‌ش كه دوژمن ده‌یدا به‌و كورده ههڵخهڵهتاوانه له دڵسۆزی وخۆشه‌ویستی نییه. مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه كه شه‌ری كوردستان به خۆیان بكا وكورد به كورد به كوشت بدا و متمانه نه‌هێڵێ له ناو گه‌لدا، لێكیان بكا به دوژمن و بۆ خۆشی هه‌ر خه‌ریكی به‌رنامه‌ی رِهگ برِینی كورد بێ.
ئه‌وه‌یه هۆی مانه‌وه‌ی دوژمنی كورد له كوردستاندا و ئه‌وه‌یه هۆی سه‌رنه‌كه‌وتنی موبارزه‌ی گه‌لی كورد. دوژمنی لاوه‌كی له كوێ ده‌توانی له هه‌مووی كوردستان بمێنێ. ئه‌گه‌ر كوردی خۆفرۆش پارێزگاری لێ نه‌كات. هه‌ر كوردی خۆفرۆشه له به‌رانبه‌ر هه‌ندێك ده‌سكه‌وتدا ده‌چێ دوای پێشمه‌رگه ده‌كه‌وێ و شوێن و جێگه‌ی پێشمه‌رگه ده‌دۆزێته‌وه بۆ گه‌مارۆدانی یان بۆ رێگرتنی، هه‌ر كوردی خۆفرۆشه كه كه‌مین و مین له سه‌ر رێگای پێشمه‌رگه ده‌نێته‌وه و رێ چۆڵكه وشاخ وكێو ده‌گرێ. بۆ ئافه‌رینێكی ساویلكه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنی دوژمن.
ده‌ردی گرانی گه‌لی كورد ئه‌وه‌یه نه‌ك دوژمنی داگیركه‌ر با زۆریش به هێز بێت. به‌ڵێ ئه‌و كورده خۆفرۆشانه بوونه به‌ردی عه‌شره‌ت، هه‌زاران گۆوهندیان له بزوتنه‌وه‌ی كوردستان ناوه كه ئابرِوو چوونی خۆیان وماڵ وێرانی گه‌ل به‌رهه‌می بووه. هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مانی له خۆبردوو كه چه‌قڵی چاو و كۆسپی سه‌ر رِێی دوژمن بوون به ده‌ستی ئه‌و خۆفرۆشانه شه‌هید بوون، پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مانی وا كه ته‌نیا زیانی بۆ دوژمن بووه. بۆ وێنه یه‌ك له هه‌زاران، قاره‌مانی به ئیمانی به وره و كوردی ده‌ست هه‌ڵێن و فیداكار شه‌هید (عه‌لی چه‌مه‌ن گوڵی ) یه...
شه‌هید عه‌لی چه‌مه‌ن گوڵی له ساڵی ١٣٣٣ دا له بنه‌ماڵه‌یه‌كی كوردی كورد په‌روه‌ر له شاری سه‌قز له دایك بوو. له شه‌ش ساڵیدا رروی كرده قوتابخانه و خوێندنی سه‌ره‌تایی ته‌واو كرد و نه‌یتوانی درێژه به خوێندن بدا، دوای خوێندن له‌گه‌ڵ باوكی خه‌ریكی كار وكاسپی بوو. تا ساڵی دواییهكانی ١٣٥٧ كه رژێمی شا رووخا و ده‌رو بۆ خه‌ڵكی كوردستان كراوه، په‌یوه‌ندی به شۆرِشهوه گرت و به نهێنی كاری له‌گه‌ڵ لایه‌نێكی موخالیفی رژێم ده‌كرد. تا ساڵی ١٣٦٢ له دوژمن ئاشكرا بوو له كاتێكدا كه به ئوتووبووسهكهی خۆی هه‌ندێ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ڵگرتبوو ده‌یویست له سه‌قزه‌وه بۆ بانه بیانگوێزێته‌وه دوژمن هه‌ستی پێكردبوو و رێی لێ گرت.
به‌لام كاك عه‌لی قاره‌مان به شێوه‌یه‌كی قاره‌مانانه‌ی بێ وێنه له شار هاته ده‌ره‌وه و چه‌ند كه‌س له‌وانه كه رێ‌یان لێ گرتبوو به ئوتووبووسهكهی كرد به ژێره‌وه. شه‌هید عه‌لی چه‌مه‌ن گوڵی له كاری شۆرِشدا بێ پشوودان خه‌ریك بوو و دڵخۆشی به رێبازی شۆرِش بوو و خه‌می كوردستان، خه‌می ژن ومنداڵی له بیر بردبۆوه... شه‌هید عه‌لی چه‌مه‌ن گوڵی ریزی شۆرِشی بۆ هه‌تا ههتایهیی خۆی هه‌ڵبژاردبوو وه له رێبازه‌كانی شۆرِشی كوردستان ورد ده‌بۆوه كه كامی لا په‌سه‌ند بێ له‌وه‌دا درێژه‌بدا به ئه‌ركی شۆرِشگێرِی. به‌ڵێ به ورد بوونه‌وه له رێبازی سازمانی خه‌بات ی كوردستان و به‌راوردی دڵی خه‌ڵكی كورد و به‌راوردی ئه‌و به‌یه‌كه‌وه،
رێی سازمانی خه‌بات به رێی راستی گه‌لی كورد زانی و له به‌هاری ١٣٦٤ دا هاته ناو سازمانی خه‌باته‌وه و زۆر به دڵسۆزییه‌وه ئه‌ركی پیِشمهرگایهتی به ئه‌نجام ده‌گه‌یاند. وه‌ك له سه‌ره‌وه گه‌یاندمان كه خۆفرۆشان له كوردستاندا بوونه دار ده‌ستی دوژمن و به دراو و
ئافه‌رین پشتی خۆیان ده‌شكێنن، وه دا‌و بۆ برای خۆیان داده‌نێنه‌وه، هه‌ندێك له خۆفرۆشان به ده‌ستووری داگیركه‌رانی كوردستان مین له سه‌ر رێی هاتووچۆی ماشێنه‌كانی سازمانی خه‌بات به مه‌به‌ستی زه‌ربه لێدان له پێشمه‌رگه‌كانی سازمان ده‌نێنه‌وه.
رۆژی ٣١/گه‌لاوێژ/١٣٦٤ له كاتێكدا كه شه‌هید عه‌لی چه‌مه‌ن گوڵی به ماشینى (لهندهروێر) كه له بهرِێ كردنی چه‌ند كه‌س له پێشمه‌رگه‌كانی سازمان له به‌رانبه‌ر (سووركێو) گهرِاوه، مینێكی داندراو له ژێر ماشێنی شه‌هید عه‌لی چه‌مه‌ن گوڵی ده‌ته‌قێته‌وه و كاك عه‌لی له لایه‌ن ئه‌و خۆفرۆشانه‌وه شه‌هید ده‌بێ. كاك عه‌لی ژیانی بێ ماوه‌ی ئه‌م جیهانه‌ی به سه‌ربه‌رزی دوایی هێنا. به‌لام خۆفرۆشان به سه‌ر له‌نگی درێژه به ژیان ده‌ده‌ن و به به‌دناوی سه‌ر ده‌نێنه‌وه وسزای دوارِۆژ چاوهرِوانیانه و رۆژێك دێت به‌ره‌و ده‌وزه‌خی كوردستان بهرِێ ده‌كرێن.
ته‌رمی شه‌هید عه‌لی چه‌مه‌ن گوڵی له گۆرِستانی میراوای كوردستانی گه‌رمێن چووه ناو باوه‌شی دایكی نیشتمانه‌وه...
( هه‌زاران سلاو له گیانی به‌رزی )
