له‌و جۆره ئابوورییه ده‌پارێزن و سهرهرِاى هه‌بوونى سه‌رچاوه‌ى زۆرى نه‌وت و باقى سه‌رچاوه‌كانى تر ته‌نیا پشت به‌و داهاته نابه‌ستن و له‌په‌ناى دا به رێگه‌ى جۆراوجۆر له‌بیرى فراون كردنى به‌رهه‌مه‌كانیان و هه‌روه‌ها سه‌ربه‌ست كردنى وهلاتهكانیان له خزمه‌تگوزارى و پێداویستیه‌كانى ناوخۆیان دان.
مایه‌ى داخ و له‌هه‌مان كاتدا رق و بێزارییه كه وه‌لاتى ئێران به هۆى ده‌سه‌لاتدارانى دیكتاتۆر و تالانچى ئاخوندى وێراى هه‌بوونى ئه‌و گشته داهاته سروشتیه و زه‌وى پرِ پیت ومیشكى خولقێنه‌ر و هێزى ئینسانیه ساڵیانى ساڵه نه‌یتوانیوه خۆى له‌و كێشه‌یه ده‌رباز بكا و له‌پشت به‌ستن و سوورِانى ئابوورى ئێران له‌سه‌ر چه‌رخى نه‌وت خۆى رزگار بكا، كاره‌ساتبارتر له‌وه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئه‌و داهاته له‌راده‌به‌ده‌ره بۆ خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگا و بۆ پیشكهوتنى وه‌لات خه‌رج ناكرێ. به پێى زانیارییه‌كانى سه‌رچاوه حكوومه‌تیه‌كان له‌یه‌كه‌م ساڵی دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت له ئێران تا ساڵی ١٣٨٩ داهاتی نه‌وتی ئێران ٩٩٥ میلیارد و ٦٠٠ میلیۆن دولار بووه. داهاتێكى سه‌رسوورهێنه‌ر كه ئه‌گه‌ر به‌رێوه‌به‌رانى لێزان و سه‌رپه‌رشتى خه‌مخۆر و عادڵى بووایه بێگومان ئێستا وه‌لاتى ئێران هه‌ژارانى به په‌نجه‌ى ده‌ست دهشمێردران و ئێستا ئێران ده‌بوویه ركابه‌رێكى به هێزى وه‌لاتانى زلهێزى ئابوورى و له‌بوارى پیشه‌سازى و به‌رهه‌مهێنان خاوه‌ن قورسایی و پێگه‌یێكى نێوده‌وڵه‌تى ده‌بوو و لانى كه‌م ده‌یتوانى له ناوچه‌ى رۆژهه‌لاتى ناوه‌راست و یه‌ك له‌وان وه‌لاتى توركیه كه له‌چاو وه‌لاتى ئێران هه‌ر خاوه‌ن سه‌رچاوه‌ى سروشتى نییه پێش كه‌وێ و قسه‌ى یه‌كه‌م بكات و به‌هه‌مان شێوه‌ش ده‌یتوانى بوارى خوشگوزه‌رانى خه‌ڵكى ئێران دابین بكات و جه‌ماوه‌ر له‌و هه‌ژارى و بێ دهرهتانیهى ئێستا تێیدان، رزگار بكات. به‌لام به حه‌قیقه‌ت ئه‌و پووڵه چی لێ هاتووه؟ ئه‌گه‌ر خه‌رجى به‌هێزكردنى ئابوورى وه‌لات و خوشگوزه‌رانى و دابین كردنى خه‌ڵكى دانیشتووى ئێران نه‌كراوه خه‌رجى كوێ كراوه و له‌چ رێگهیێكدا به فیرۆ دراوه؟ دۆزینه‌وه‌ى وهلامى ئه‌و پرسیاره زۆر ئاسانه له یه‌كه‌م چاوخشاندنێكدا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه هه‌موو ئه‌و داهاته گشتیه خه‌رجى دام و ده‌زگا سه‌ركووتگه‌ره‌كان و بردنه پێشه‌وه‌ى سیاسه‌ته دواكه‌وتوو و تێكدهرهكانى رژیمى ئاخوندى ده‌كرێ و به‌شێكى زۆریشى له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاتدارانه‌وه ده‌دزرێ. ئه‌و راستیه ئه‌وه‌نده روون و ئاشكرایه كه ته‌نانه‌ت خودى به‌رێوه‌به‌رانى ده‌سه‌لاتیش دانى پێا ده‌نێن و به‌تایبه‌تى ئێستا كه كێشه‌ى باڵه‌كان قووڵتر بۆته‌وه زیاتر په‌رده له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى و به فیرۆ دانى داهاتى خه‌ڵك له لایه‌ن ده‌سه‌لاتدارانه‌وه باسی لێوه ده‌كرێ. هه‌وڵ ده‌ده‌م ئاماژه به به‌شێك لهرێگهكانى به‌فیرۆدان و به‌تالان بردنى سامانى گشتى خه‌ڵكى ئێران بده‌م.
١ـ ده‌سه‌لاتى ئێران ده‌سه‌لاتێكى دیكتاتۆر و ناشه‌رعى و نادیموكراتیكه و به پێى ئه‌وه‌ى خاوه‌نى ئیدۆئۆلۆژییهكى تایبه‌ت و دیارى كراوه بۆیه نوێنه‌رایه‌تى راسته‌قینه‌ى سه‌رجه‌م پێكهێنه‌رانى ئێران ناكات و به‌دڵنیاییه‌وه به تێپه‌رینى ئه‌و چه‌ندین ساڵه‌ى دهسهلاتداریهتیهیى و ئاشكرا بوونى ناوه‌رۆكى دهسهلاتهكهى، هه‌نووكه ده‌توانین بلێین ده‌سه‌لاتى توتالیتاریسمى ئاخوندى نوێنه‌رى به‌شێكى بچووكى كۆمه‌ڵگاى ئێرانه. راگرتنى نیزامى له‌م جۆره پێویستى به هێزى داپلۆسێنه‌ر و ده‌زگاى ترسناك و بلاوپێكهرهوهى ترس و تۆقاندن هه‌یه. ده‌سه‌لاتدارانى ئێران له‌یه‌كه‌م رۆژه‌كانى هاتنه سه‌ركاریان به باشى ئه‌و راستهیهیان ده‌زانێ و هه‌رگیز پشتیان به هێزێك یان دوو هێز نهبست و هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ هێزه باوه‌كانى ناو حكوومه‌ت وه‌ك ئه‌رته‌ش و پولیس چه‌ندین رێكخراو و هێزى پارێزه‌رى تایبه‌تى وه‌ك سپاى پاسداران و به‌سیج یان پێك هێنا و له‌رێگه‌ى ئه‌و جۆره هێزانه‌وه توانیوێتى تا ئێستا له‌رێگه‌ى كوشتن و ئیعدام و برِین و ترس و تۆقاندن درێژه به دهسهلاتهكهى بدات. بێگومان ئه‌و هێزه داپلۆسێنهرانهى تا ئێستا ته‌نیا به پووڵ و ئیمكاناتى گشتى راگرتووه و به‌شێكى زۆرى داهات و سه‌رمایه‌ى نه‌ته‌وه‌یی ته‌رخان كراوه بۆ زگ پرِ كردن و را‌گرتن و بارهێنانى ئه‌و هێزانه و هه‌روه‌ها دابین كردنى ئیمكاناتى سه‌رسوورهێنه‌ر بۆ به‌ره‌ورووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ مه‌ترسیه‌كان بۆسه‌ر ده‌سه‌لات و جیابیران و ئازادیخوازان له‌ده‌ره‌وه و ناوخۆ. سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ش زێدهخوازییهكانی ئه‌و هێزانه كه ده‌ورێكى كاریگه‌ر ده‌بینن له راگرتنى ئه‌و نیزامه ناشه‌رعیه‌دا هه‌رگیز به‌وه‌نده كۆتایی نه‌هاتووه. ئه‌مرۆ گه‌وره‌ترین كێشه‌ى ئابوورى وه‌لاتى ئێران ئه‌وه‌یه كه سه‌رچاوه‌ى زۆربه‌ى ده‌رهێنانى داهات و دڵى ئابوورى ئێران له‌ژێر ده‌ست و به‌رێوه‌به‌رى ئه‌و هێزانه‌دایه و به كرده‌وه سپاى پاسداران بۆته مافیایێكى ئابوورى كه ئابوورى ئێرانى له‌كۆنترۆڵ دایه و ده‌ستى گرتووه به‌سه‌ر سه‌رجه‌م چاوگهكانى ئابوورى و له‌وچوارچێوه‌یه‌دا له‌نوێترین هه‌نگاودا كه‌سێكى پاسدار و نیزامى به‌ناوى پاسدار رۆستهمى قاسمى كراوه به وه‌زیرى نه‌وت له كابینه‌ى ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد دا. هه‌ر بۆیه زۆر به ئاسووده‌یی ده‌توانن ئه‌و داهاته نه‌ته‌وه‌یی و گشتیه بۆ مه‌رامه‌كانى خۆیان و بردنه پێشه‌وه‌ى سیاسه‌ته‌كانى خۆیان خه‌رج بكه‌ن و شاده‌مارى ئابوورى ئێرانیان له‌ده‌ست دابێ. بۆیه به‌شێكى به‌رچاو له پووڵى نه‌وتى ئێران ده‌چێته گیرفانى هێزه سهركووتگهر و ده‌زگا داپلۆسێنه‌ره‌كان و خه‌رجى پرۆژه پرِ ههزینهكانى كپ كردنى ده‌نگه نه‌یار و ئازادیخوازه‌كانى ناوخۆ و پیلانگێرى و قه‌یران سازى له ناوچه و وه‌لاتانى دیكه‌ى جیهان ده‌كرێ.
٢ـ یه‌كێك له سیما دیاره‌كانى پێكهاته‌ى نیزامى ئاخوندى ئیدۆلۆژیك بوونى ئه‌و نیزامه له‌سه‌ر بونیاتى به‌ناو ئیسلامى مه‌زهه‌بی شیعه‌ى ١٢ ئیمامیه كه به پێى رێنوینى و راسپارده‌كانى بونیاتنه‌رى ئه‌و پێكهاته‌یه له‌كاتێك دا ئه‌و باوه‌ره جێ ده‌گرێ و ناوه‌رۆك په‌یدا ده‌كا كه په‌ره‌ى پێ بدرێ و بنێردرێته باقى شوێنه‌كانى جیهان و ریشاژۆى پێ بكرێ. هه‌ر له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و سیاسه‌ته ساڵیانه پووڵ و داهاتێكى زۆرى خه‌ڵكى ئێران له‌رێگه‌ى جۆراوجۆر خه‌رجى لق و پۆپ و دستێوهردانهكانیان و به ئیستلاح ناردنى شۆرشه ئیسلامیه‌كه‌یان ده‌كرێ و گه‌راى نیزامه‌كه‌یان بلاو ده‌كه‌ونه‌وه به شێوه‌ى دابین كردنى ماڵى گرووپه توندره‌وه شوێنكه‌وتووه‌كانى خۆیان وه‌ك حیزبوڵلا و حه‌ماس و.... هتد و ئه‌و پرۆژه‌یه پرِ ههزینهیه له‌سه‌رحیسابی گیرفانى خه‌ڵك ده‌به‌نه پێشه‌وه. بناغه‌ى ئه‌و پرۆژه‌یه پشتیوانى كردن له گرووپه هاومهزههبهكانى خۆیان و بشێوى دروست كردن له باقى وه‌لاتان و به‌رێوه‌بردنى كرده‌وه‌ى ترۆریستى و یارمه‌تى دان به ده‌سته و تاقمه ترۆریستیهكانه.
٣ـ نیزامى ئاخوندى شه‌رێكى گه‌وره‌ى له‌گه‌ڵ واتا و چه‌مكه‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌یه و هه‌ر نه‌وعه دیارده و پێش كه‌وتنێك و وریابوونهوهى كۆمه‌ڵگاى ئێران به مهترسیهكى گه‌وره بۆ سه‌ر مانه‌وه‌ى خۆى ده‌زانى و هه‌ر بۆیه پێویستى به دروست كردنى كه‌شێكى پرِ له‌سانسۆر و به‌رگرتن له هاتنى زانیارى و وریابوونهوهى كۆمه‌ڵگا هه‌یه و له‌به‌رانبه‌ریش دا پێویستى به چه‌سپاندنى بنه‌ما سه‌ده نێوهراستیهكانى خۆى و چاندنى تۆوى خورافات و درۆ هه‌یه. سه‌رجه‌م دام و ده‌زگا ئیدارى و سه‌ربازى و حكوومیه‌كانى رژیم وه‌ك سپای پاسداران، به‌سیج، هێزی ئینتزامی، وه‌زاره‌تی ئیتلاعات و ده‌زگای قه‌زایی و مه‌جلیس و ده‌نگ و ره‌نگ و به تایبه‌تى به‌شى تبلیغات كه ههزینهى یه‌كجار زۆرى بۆ ته‌رخان كراوه و ده‌یان ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌ی سهركووتگهرى دیكه له‌و پێناوه دا هه‌نگاو ده‌نێن و ئه‌ركیان ئه‌وه‌یه هه‌ر شتێَك بۆنى ئازادى و دیموكراسی لێهات به‌رپه‌رچى بده‌نه‌وه و له‌گه‌ڵ داواكهران و په‌ره‌پێده‌رانى بهرهورووبن و ده‌ستیان ئاوه‌ڵه‌یه له دابین كردنى هه‌ر ئامێر و دهزگاێكى به‌ربه‌ست دروستكه‌ر و سانسۆر و سهركووتگهر.
٤ـ یه‌كێكى دیكه له رێگه‌كانى به فیرۆچوون و به تالان بردنى داهاتى گشتى ئێران، بریتیه له دزین و وه‌لاخستنى (اختلاس) سه‌رسوور هێنه‌ر له لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانى رژیمى ئاخوندیی. له نیزامێك كه لوتكه‌ى ده‌سه‌لات نوقمى گه‌نده‌ڵى و یاساشكێنى بێ، به دڵنیاییه‌وه له ئاسته‌كانى خواره‌وه‌تریش گهنهڵى ماڵى و دزی رووده‌دا. لهسهرسوورهێنهرترین و بێ وێنهترینى حاڵه‌ته‌كانى وه‌لاخستنى پووڵ كه ههراێكى زۆرى نایه‌وه ده‌توانین ئیشاره به وه‌لاخستنى ٣ هه‌زار میلیارد تمهنیهكهى سه‌رۆكى بانكى سادرات ئه‌میر مه‌نسوورى ئاریا بكه‌ین. دیاره ئه‌و دزییانه ته‌نیا به‌وه‌ش نهویستاوه و له‌زۆربه‌ى بانكه‌كانى ئێران ئه‌و بابه‌ته‌ى ئیختلاس و دزى دووباره بۆته‌وه و دهبیـَتهوه و به پێى دان پیانانى سه‌رچاوه‌كانى حكوومه‌تى برِى سه‌رجه‌مى ئیختلاسهكان ده‌گاته ٤٠ هه‌زار میلیارد تمه‌ن كه ته‌نیا به‌شێكى كه‌مى ئه‌و پووڵه دزییه تا ئێستا ئاشكرا بووه.
٥ـ به‌شێكى دیكه‌ى ئه‌و داهات و پووڵهى حه‌شیمه‌تى ئێران ته‌رخان كراوه بۆ پرۆژه بێ كه‌ڵك و پرِ تێچووهكانى نیزام وه‌ك په‌ره‌پێدانى ئهنبارهكانى چه‌ك و كرِینى چه‌ك و چۆڵ له باقى وه‌لاتان و ناردنى بۆ گرووپه ترۆریستیهكان و به‌رنامه‌ى ئه‌تۆمى و ...هتد. جێگه‌ى باسه بۆ چه‌نده‌مین جار ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی رژیمی ئاخوندی له‌لایه‌ن وهلاتانهوه داگیراوه. له‌دواى ده‌ست به‌سه‌رداگرتنى بارێكى چه‌ك و چۆڵ له وه‌لاتى نیجریه كه له لایه‌ن رژیمه‌وه نێردرابوو له ٣٠ی ئاوریلی ئه‌مساڵیش هێزه‌كانی توركیه ده‌ستیان به‌سه‌ر برِێكی زۆر چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی ئێرانی‌دا گرت كه له‌نێو بارهه‌ڵگر له مه‌رزی كیلیس له دراوسیه‌تی سوریه‌دا دۆزرایه‌وه. له نێوهراستهكانی مانگی مارسی ئه‌مساڵیش هه‌مدیسان فرِۆكهیهكی ئێرانی كه هه‌ڵگری چه‌ك و چۆڵی ئێرانی بوو به مه‌به‌ستی ناردن بۆ سوریه و حیزبوڵڵای لوبنان، له لایه‌ن توركیه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ر داگیرا، ئه‌و حاڵه‌ته به‌ده‌یان جار هاتۆته پێشه‌وه و رژیمیش به‌رده‌وامه له درێژه‌دان به‌و سیاسه‌ته.
به‌لام یه‌كێك له‌گه‌وره‌ترین و كێشه خۆڵقێن ترینى ئه‌و پرۆژانه په‌ره پێدانى به‌رنامه‌ى ناوكه‌یی و ده‌ست خستنى چه‌كى ئه‌تۆمیه. له‌راستى دا ئه‌و گه‌لاڵه‌یه نه‌ته‌نیا هیچ خزمه‌تێك به خه‌ڵكى ئێران و پێش كه‌وتنى كۆمه‌ڵگا ناكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى تا ئێستا بیندراوه زیانى زۆر گه‌وره‌شی له خه‌ڵك و وه‌لاتى ئێران داوه. ئه‌مرۆ به هۆى پێداگرییه گوماناوییهكانى ده‌سه‌لاتدارانى رژیم له‌سه‌ر درێژه‌دان به به‌رنامه ناوكهییهكان زۆربه‌ى وه‌لاتانى جیهانى به‌ره‌ورووى وه‌لاتى ئێران كردۆته‌وه و به‌و هۆیه‌وه ئابلۆقه‌ى زۆر قورس له‌لایه‌ن شوراى ئه‌منیه‌ت و كۆمه‌ڵگاى جیهانیه‌وه سه‌پێندراوه. ده‌سه‌لاتدارانى نه‌زانى رژیم به جێى ئه‌وه‌ى ده‌رگاى وه‌لات به‌ره‌ورووى كۆمه‌ڵگاى جیهان بكه‌نه‌وه و له‌بیرى خوشگوزه‌رانى خه‌ڵكدا بن، به به‌فیرۆدانى داهاتى گشتى په‌ره به به‌رنامه مه‌ترسیداره‌كانیان ده‌ده‌ن و به‌مجۆره جیهانیان ئه‌مرۆ هاوده‌نگن له‌سه‌ر ئابلۆقه‌دان و راگرتنى رژیم له‌وه‌ده‌ست خستنى چه‌كى ئه‌تۆمى به هه‌ر نرخێك بێ. دیاره روون و ئاشكرایه كه رژیم ته‌نیا رێگه‌ى مانه‌وه‌ى خۆى له‌ده‌ست خستنى چه‌كى ئه‌تۆمى دا ده‌بینێ و وه‌ك هه‌میشه گوزه‌ران و ژیانى خه‌ڵك و وریاییه ده‌ره‌وه‌ییه‌كان و ئاكامى ئه‌و جۆره سیاسه‌تانه بایه‌خێكى له لایان نییه.
٦ـ یه‌كێكى دیكه له رێگه‌كانى به فیرۆدانى پووڵى نه‌وت كه داهاتێكى گشتی و تایبه‌ته به‌سه‌رجه‌م دانیشتووانى وه‌لاتى ئێران، باج و هه‌رزان فرۆش كردنى دهات و به‌خشین و دانى قه‌رزى گه‌وره‌ى ده‌سه‌لاتدارانى ئێران به وه‌لاته دڵخوازهكانیهتى به مه‌به‌ستى چاوبه‌ست و فریو و دۆزینه‌وه‌ى یار و دۆست له جیهاندا. سه‌ره‌راى ته‌رخان كردنى پاره‌یێكى زۆر به تاقمهكانى حیزبوڵلا و حه‌ماس و باقى گرووپه‌كان ئێمه شاهیدى كۆمه‌لێك ده‌ست بلاوى و باج و به‌خشینی بێ بنه‌ماین به وه‌لاتانی ئه‌مریكاى لاتین و به‌تایبه‌ت وه‌لاتى وێنێزءئیلا و چین و روسیه و... كه سه‌ره‌راى ئه‌و گشته بێ دهرتانى و بێ بهرنواییهى خه‌ڵك لهنوێترینى ئه‌و به‌خشینانه ده‌توانین ئاماژه به برِیارى رژیمی ئاخوندی بۆ دروست كردنى هه‌زار ماڵی تر له وێنێزۆئیلا دا بكه‌ین. ریكاردۆ مولینا وه‌زیری خانووبه‌ره‌ی وێنێزۆئیلا باسی رێكه‌وتنی تازه‌ی ئه‌و وه‌لاته له‌گه‌ڵ رژیمی ئێران بۆ دروست كردنی ١٠ هه‌زار ماڵ كرد و ووتی: به پێی رێكه‌وتننامه‌ی ئیمزاكراو له‌گه‌ڵ تاران ئه‌و مالانه له ئه‌یاله‌تی یاراكیو، لارا و كارابابۆ دروست ده‌كرێن. به‌و پرۆژه‌یه نزیك به ٤٥ هه‌زار كه‌س له خه‌ڵكی وێنێزوئیلا ماڵ دروست ده‌كرێ. دروست كردنی بینای نوێ له‌كاتێكدایه كه رژیمی ئاخوندی پێشتریش ١٠ هه‌زار ماڵی له وێنێزۆئیلا دروست كردبوو و بۆ دروست كردنی ٥٠ هه‌زار ماڵی تریش گه‌لاڵه دارێژی ده‌كا. به‌مجۆره ٤٥٠ هه‌زار كه‌س له خه‌ڵكی وێنێزۆئیلا له كاتێكدا ده‌بنه خاوه‌نی ماڵ كه ژماره‌ی كارتۆن خه‌وه‌كانی ئێران به‌رده‌وام روو له زیادبوونه. بێجگه له پرۆژه‌ی خانووبه‌ره، رژیمی ئاخوندی سه‌رمایه‌دانانی گه‌وره‌ی تریشی له وێنێزۆئیلا به‌رێوه بردووه. وه‌كوو دروست كردنی كارخانه‌ی ته‌راكتۆر كه هه‌ڵبه‌ت له‌ژێرناوی ئه‌وپرۆژه‌یه چالاكی نیزامیش به‌رێوه ده‌چێ. رژێمی ئێران بۆ گه‌یاندنی گاز بۆ ناوچه‌كانی سنووری، دووملیارد دۆلاری یارمه‌تی داوه به وولاتی ئهرمهنهستان . به‌پێی راپۆرِتی ریانووستی، ده‌وڵه‌تی ئه‌رمه‌نستان ئیمزای یادداشتی لێكگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ رژێمی ئێران لهمهرِ په‌سه‌ند كردنی ئه‌و وولاته بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی ئهرمهنهستان قه‌بووڵ كرد كه به‌و پێیه ئیره‌وان گارانتییه‌كی دوو ملیارد دۆلاری بۆ گه‌یاندنی گاز به ناوچه‌كانی سنووری له‌رژیمی ئاخوندی وه‌رده‌گرێت. هه‌ر ماوه‌ێك له‌مه‌وبه‌ریش له‌رێوره‌سمى نه‌ورۆز ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد فرۆكهیێكى نه‌فه‌ر هه‌ڵگرى ١٣٠ میلیۆن تمه‌نى وه‌ك دیارى به‌خشى به سه‌رۆك كۆمارى وه‌لاتى توركه‌مه‌نستان و یان یارمه‌تی دوو ملیارد دۆلاری رژێمی ئێران به ئهرمهنهستان و به‌ده‌یان نمونه‌ى له‌م چه‌شنه له‌سیسته‌مى ئاخوندى و له‌ماوه‌ى ده‌سه‌لاتداریان رووى داوه.
سروشتیه كاتێك ئه‌و گشته خه‌رجیه ناپێویست و لاوهكیهى ئاماژه‌مان پێكرد و ده‌یان بابه‌تى نه‌وتراو و نهزانروى دیكه هه‌بێ خه‌ڵكى به‌ش مه‌ینه‌ت بێ به‌ش ده‌مێننه‌وه له‌داهات و پوولى نه‌وت. ده‌سه‌لاتدارانى فریوكارى نیزامى ئاخوندى زۆر بێ شه‌رمانه له‌كاتێكدا كه ئه‌وه به‌رنامه و سیاسه‌تى نهگۆریانه، له كاتى پروپاگه‌نده‌كانى هه‌ڵبژاردن و به‌مه‌به‌ستى به لارێدابردنى خه‌ڵك روو ده‌كه‌نه دروشمه پۆپۆلیستى و عه‌وام فریوهكانى هه‌میشه‌ییان و باس له هێنانى پوولى نه‌وت بۆ سه‌ر سفره‌ى خه‌ڵك ده‌كه‌ن. هه‌ر له ده‌ورانى سه‌رۆك كۆمارى ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد كه یه‌كێك له گرینگ‌ترین دروشمه‌كانى به‌شدار كردنى خه‌ڵك له پووڵ و داهاتى نه‌وت بوو نزیك به ٤٥٠ میلیارد دۆلار داهاتى فرۆشتنى نه‌وت وه‌ده‌ست هاتووه، به‌لام ئایا به‌راستى خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگا جیاوازییك له دۆخیان دروست بووه و هیچ برێكیان له‌و پووڵه به‌ركه‌وتووه؟ به‌شاهیدى هه‌موو تاكێكى دانیشتووى وه‌لاتى ئێران دۆخی ئابووری وه‌لات و دۆخی ژیانی خه‌ڵك ئاڵوگۆرى به لایه‌نى باشی دا به‌سه‌ر نه‌هاتووه و ته‌نانه‌ت به سه‌پاندنى گه‌لاڵه‌ى ئامانجداركردنى یارانه‌كان ئه‌وه‌نده‌ى تریش دۆخى بژیوى جه‌ماوه‌ر ناله‌بارتر بووه و خه‌ڵك له‌ژێر بارى قورسی ژیان پشتیان بۆ راست نابێته‌وه.
سیاسته ناژیر و هه‌ڵه‌كانى ده‌سه‌لاتداران بۆته هۆى ئه‌وه‌ى ئابلۆقه‌ى یه‌كجار قورس به‌سه‌ر وه‌لاتى ئێران‌دا بسه‌پێ و به‌ده‌یان شیركه‌ت و بانك و ناوه‌ندى ئابوورى ئێران كه‌شتى رِانى و فرۆكه‌وانى بكه‌وێته به‌ر ته‌حریمه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و كێشه‌كانى خه‌ڵك ئه‌وه‌نده‌ى تریش به‌ره‌وسه‌ر ببات و له‌وچوارچیوه‌یه‌دا زیانێكى گه‌وره‌ى به‌ر ده‌سه‌لاتداران كه‌وتووه ئه‌وه‌یه كه زۆرێك له وه‌لاتانى كرِیارى نه‌وتى ئێران وه‌ك چین و هێند و نیكاراگۆیه و كوره‌ی باشوور لهدانى میلیاردها دۆلار پووڵی نه‌وتی رژیمی ئێران خۆ ده‌پارێزن. به‌هه‌ر حاڵ ره‌نگه ئه‌و به‌شه‌ى ئاكامى سیاستهكانى رژیم زۆر كاریگه‌رى خه‌راپى نه‌بێ به‌سه‌ر خه‌ڵك چوونكه ده‌ركه‌وت كه پووڵى نه‌وت ناچێته گیرفانى خه‌ڵك و ته‌نیا بۆ مه‌رامه سیاسیه‌كانى ده‌سه‌لاتداران و په‌ره‌پێدان به سه‌ركووت و ئاژاوهگێرییهكانى له‌ناوچه و جیهان كه‌ڵكى لێوه‌رده‌گیرێ.
***