له ئازادیی ده‌ربڕینی هه‌لوێستی خۆتان و ریکخستنی ناره‌زایه‌تی بێبه‌ش بوون، که‌مترین ئیمکانتان بۆ پیوه‌ندی پێکهوهگرتن و داکۆکی له ویست و داخواز و مافه‌کانتان به ده‌سته‌وه بوو. هه‌ر بۆیه هه‌ڵوێستی خۆڕاگرانه و راوه‌ستانتان له به‌رانبه‌ر ویستی دیکتاتۆرانه‌ی کۆماری ئیسلامی‌دا جێگای پێ‌زانین و ڕێزلێگرتنه.
ئامانجی کۆماری ئیسلامی له وه‌ڕێخستنی ئه‌م به ناو هه‌ڵبژاردنه له که‌س شاراوه نه‌بوو: به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنێک که خۆپاڵاوتن و ملبه‌مله‌ی به ده‌ستهێنانی ده‌نگ، ته‌نیا و ته‌نیا له پاوانی که‌سانی جێی متمانه‌ی داموده‌زگاکانی ئه‌و رێژیمه دابێ، و هاوکات راکێشانی زۆرترین خه‌ڵک به هه‌ر فێڵ و به‌ڵێن و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بۆ بنکه‌کانی ده‌نگدان! به‌ر له به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و"هه‌ڵبژاردنه، "رێبه‌ری نیزام" ، گه‌وره کاربه‌ده‌ستانی رێژیم و داموده‌زگا ته‌بلیغاتییه‌کانی کۆماری ئیسلامی، ده‌ریان خستبوو کهنیازیان نیشاندانی به‌شدارییه‌کی سه‌رووی 60%یی خه‌ڵک له‌و هه‌ڵبژاردنه دایه. به‌ڵام دیتمان سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وڵه‌کانی کاربه‌ده‌ستانی رێژیم، هه‌ڵبژاردنی نۆیه‌مین خولی مه‌جلیسی شووڕای ئیسلامی له ئێران به گشتی و له کوردستان به تایبه‌تی،له به‌شێکی زۆری شار و ناوچه‌کان و بنکه‌کانی ده‌نگداندا، له گه‌ڵ ته‌حریمێکی به‌رچاو و ههستپێکراودا به‌ره‌وڕوو بوو.
مانه‌وه‌ی خه‌ڵک له ماڵه‌کانیان و خۆبواردنیان له چوون بۆ بنکه‌کانی ده‌نگدان له پێشنیوه‌ڕۆی هه‌ینی 12ی ڕه‌شه‌مه له زۆربه‌ی شار و ناوچه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا ئه‌وه‌نده به‌رچاو بوو که دامه‌زراوه و هێز و ده‌زگا سه‌رکوتکه‌ره‌کان، ناچار بوون بۆ تیکشکاندنی ئیراده‌ی ته‌حریم له نێو خه‌ڵکدا، به هه‌موو تواناوه وه‌خۆ که‌ون و به هه‌ڕه‌شه کردن له رێگای ته‌له‌فۆن، به ناردنی هێزه‌کانیان به شوێن خه‌ڵکدا، وەڕێخستنی سندووقی گەڕۆک و چوونە بەر دەرگای ماڵان و له رێگای جۆراوجۆری دیکه‌وه، خه‌ڵک ناچار به ده‌نگدان بکه‌ن. به‌ڵام که دڵنیا بوون ناتوانن رێژه‌یه‌کی به‌رچاوی خه‌ڵک له ماڵه‌کانیان بێننه ده‌ر، هه‌وڵیان دا به خستنه‌وه سه‌ر یه‌کی ئه‌و رێژه که‌مه‌ی ده‌نگده‌ران و هێشتنه‌وه‌ی زۆره‌ملییان له بنکه‌کانی ده‌نگدان، به‌شی فیلم لێهه‌ڵگرتن و ته‌بلیغات پێوه‌کردن قه‌ره‌باڵغییه‌ک له هێندێک ناوه‌نده‌کانی ده‌نگدان ساز بکه‌ن. سه‌یر ئه‌وه بوو که ماوه‌ی ده‌نگدانیان درێژ کرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وا بنوێنن که به‌شداریی خه‌ڵک ئه‌وه‌نده گه‌رموگوڕه، زۆریان فریای ده‌نگدان نه‌که‌وتوون! ئاماده‌ش نه‌بوون رێگه به میدیای ئازاد و هه‌واڵنێرانی ده‌ره‌وه بده‌ن که بچنه نێوخه‌ڵک و لای بنکه‌کانی ده‌نگدان تا راپۆرتی واقیعی له باره‌ی به‌شداریی خه‌ڵک له ده‌نگداندا بڵاو بکه‌نه‌وه و ناراستبوونی بانگه‌شه و ئیددیعاکانیان له‌قاو بده‌ن.
ئه‌وه که به‌شێکی که‌می خه‌ڵک له ژێر هه‌ره‌شه و گوشاردا به تایبه‌تی له نێو کارمه‌ندانی حکوومه‌تیدا ناچار بوون ده‌نگ بده‌ن،یا له چه‌ند شار و ناوچه‌یه‌ک، و له هێندێک بنکه‌ی ده‌نگداندا، به هه‌ر هۆیه‌ک بووبێ رێژه‌یه‌ک له خه‌ڵك چوونه سه‌ر سندووقه‌کانی ده‌نگدان ، هیچ له‌و راستییه ناگۆڕێ که ئه‌م به ناو هه‌ڵبژاردنه له زۆربه‌ی شار و ناوچه‌کانی کوردستان له گه‌ڵ که‌مترین پێشوازی به‌ره‌وڕوو بوو. ئه‌و ئامارانه‌ی کۆماری ئیسلامی له باره‌ی ده‌نگی هه‌ر کاندیدایه‌ک و راده‌ی به‌شداریی خه‌ڵکی هه‌ر شار و ناوچه‌یه‌کی کوردستان بڵاوی کردوونه‌وه،نه‌ک هه‌ر ناتوانن به‌ڵگه‌ی به‌شداریی هه‌راوی خه‌ڵک له ده‌نگداندا بن، به پێچه‌وانه‌وه، راست نیشانه‌ی له ژێر پرسیاردابوونی پڕۆسه‌ی ده‌نگدان و بژاردنی ده‌نگه‌کانن. کۆماری ئیسلامی ته‌نانه‌ت ئه‌و کاتانه که دهرهتانیکیش بۆ جۆرێک حوزوور و چاوه‌دێریی خه‌ڵک له ره‌وتی ده‌نگوه‌رگرتن و ژماردنی ده‌نگه‌کان دا هه‌بووه، له هه‌ر جێیه‌ک که پێویست بووه له پڕکردنی سندووق له ده‌نگی ساخته ، له سه‌رخستنی کاندیدای دڵخواز و راگه‌یاندنی ئاکامی موههندیسیکراو غافڵ نه‌بووه، هه‌ر بۆیه شتێکی زۆرچاوهڕوانکراوه که ئه‌مجار به راده‌یه‌کی زیاتر ئه‌م کارانه‌ی دووپات بکاته‌وه.
به هه‌ڵسه‌نگاندنی ئێمه،خه‌ڵکی کوردستان سه‌ره‌رای هه‌موو ئه‌و کوسپ و گوشارانه‌ی له سه‌ریان بوو، ئه‌وه‌نده‌ی ئیمکان هه‌بوو وشیاریی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی خۆیان له رووبه‌روو بوونه‌وه له گه‌ڵ رێژیمی کۆماری ئیسلامی‌دا جارێکی دیکه نیشان دایه‌وه. رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له هه‌ر جێیه‌ک بۆیان کرا سه‌لماندیان له هه‌ڵبژاردنێک دا که نه‌توانن ئازادانه ده‌نگ بده‌ن ، نه‌توانن نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆیان هه‌ڵبژێرن و ته‌نیا وه‌ک ئاپۆرایه‌ک بۆ ده‌رخستنی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی رێژیمێکی دیکتاتۆر که‌لکیان لێ وه‌ربگرن،به‌شدار نابن. ئه‌گه‌ر له چه‌ند شوێنێکیش رێژه‌یه‌ک له خه‌ڵک ده‌نگیان داوه، هۆیه‌که‌ی نه‌ک متمانه و بڕواهه‌بوون به کۆماری ئیسلامی، به‌ڵکوو هه‌ڕه‌شه و زه‌بر و زه‌نگی داموده‌زگا سه‌رکوتکه‌ره‌کان له لایه‌ک و هێندێک ململانێی خۆجێیی ورووژێنراو له لایه‌کی ده‌که‌وه بووه.
ئێمه 4 حیزب و سازمانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان کە پێکەوە و یەکگرتووانە داوای تەحریمی ئەو به ناو هه‌ڵبژاردنه‌مان لە نەتەوەکەمان کرد، به بۆنه‌ی به‌شداری نه‌کردنی به‌رینی خه‌ڵکی خه‌باتگێڕ و وشیاری کوردستان له ده‌نگدان و ره‌وتی ئه‌و شانۆگه‌رییه‌دا و سه‌باره‌ت به نوێترین نموونه‌ی خۆراگری و "نا" وتنیان به دیکتاتۆری و کۆنه‌په‌رستیی ده‌سه‌ڵاتدار، پیرۆزبایی‌یان لێده‌که‌ین و سوپاس و پێزانینی گه‌رمی خۆمانیان پێڕاده‌گه‌یه‌نین.
به باوه‌ڕی ئێمه، هه‌ڵوێستی ئه‌مجاره و ئه‌زموونی نوێترین سه‌رکه‌وتنی خه‌ڵکی کوردستان له به‌رامبه‌ر رێژیمی کۆماری ئیسلامی‌دا، پێویسته بکرێته ده‌سمایه‌ی خه‌باتی مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌ریی له‌مه‌ودوا گه‌ڵ ئه‌و رێژیمه. دەبا بە یەکگرتن و یەکهەڵوێستیی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و یەکێتیی نەتەوەیی ریزەکانی گەلەکەمان، بە شێوەیەکی کاریگەرتر خەباتی رەوامان دژ بە بێمافی ، بندەستی ، داگیرکەری و دیکتاتۆری، لە پێناو ئازادی، دێموکراسی و مافی دیاریکردنی چارەنووسدا، بەرەو پێش ببەین.
سازمانی خه‌باتی کوردستان ئیران
پارتی ئازادیی کوردستان
کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان
حیزبی دیموکراتی کوردستان
14ی ره‌شه‌مه‌ی 1390
4ی مارسی 2012