هه‌ر رِونكردنهوه و ئاگادار كردنه‌وه‌یه‌ك له‌م بواره دا وه‌ك زه‌روره‌ت و ئه‌ركێكی نیشتمانی ده‌بێ چاوی لێبكرێت .
به باوهرِی من په‌ره پێدانی ئیعتیاد له رِۆژههڵاتی كوردستان و گیرۆده كردنی لاوان به ماده هۆشبه‌ره‌كان خۆی به‌شێكه له پرِۆسهی ژێنۆساید .
ژێنۆ ساید به مانای پاكتاوكردنی رِهگهزی ، بێجگه له كوشتاری مرۆڤه‌كان ، هه‌موو ئه‌و سیاسه‌ت و هه‌وڵ و كارانه ئه‌گرێته‌وه كه رژێم و تاقمه تۆتالیتێره‌كان له بواری سیاسی ، نیزامی ، كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوری دا به مه‌به‌ستی بنبرِكردن ، لاواز كردن و نكۆڵی له سه‌رجه‌م یان به‌شێك له نه‌ته‌وه ، قه‌وم ، رِهگهز ، ئیدئۆلۆژی و مه‌زهه‌بێكی تایبه‌ت له‌و وڵاته ئه‌یگرنه به‌ر .
دیاره ده‌سته‌واژه گه‌لێكی وه‌كوو ژێنۆسایدی ئێكۆلۆژیك ، بیۆلۆژیك ، رِوهانی ، فه‌رهه‌نگی و زمانی له شی كردنه‌وه‌ی قۆناخ و لایه‌نه‌كانی ژێنۆساید دا به كار هێنراون و په‌ره پێدانی ئیعتیاد لایه‌نێكی فه‌رهه‌نگی و رِهوانیه و شێوازێكی نه‌رم و بیۆلۆژیك به‌ڵام بێرِهحمانهیه له‌ناو پرِۆسهی ژێنۆساید دا بۆ گه‌یاندنی خه‌ساره‌ی ده‌روونی و جه‌سته‌یی و له‌ناو بردنی شوناسی تاك به مه‌به‌ستی لاواز كردن و له ناو بردنی شوناسی كۆمه‌ڵگا . ژێنۆ ساید كراوه به تێۆری و ده‌سته به‌ندی كراوه كه‌وا بێت بۆ هه‌ر به‌شێك له كوردستان به ئه‌ركی ئه‌زانم له دۆزینه‌وه و زه‌ق كردنه‌وه‌ی فاكته‌ره كۆن و نوێكانی دژه مرۆڤانه و دژه نه‌ته‌وه‌یی رژێمه داگیركه‌ره‌كان تێبكۆشن .
ژێنۆ ساید له رِۆژههڵاتی كوردستان له چه‌ن به‌ش پێكهاتوه :
یه‌كه‌م : قه‌تڵ و عام و كوشتنی به كۆمه‌ڵ وه‌ك فه‌رمانی جیهادی ساڵی ٥٨ ی خومه‌ینی و كوشتاری قارِنێ
دوهه‌م : تێرۆری ئازادی خوازان و به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن و كه‌سایه‌تیه‌كانی كورد له ده‌ره‌وه‌ی ئێران و ناو خۆ و له زیندانه‌كاندا به شێوه‌ی جۆراوجۆر
سێهه‌م : هه‌موو ئه‌و سیاسه‌ته نهێنی و ئاشكرایانه‌ی بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی رِێژهی دانیشتوانی ناوچه كۆردنشینهكان و رِاگواستنی كۆرد بۆ شوێنانی تر و هێنانی غه‌یره كورده‌كان بۆ كوردستان و سیاسه‌تی دابه‌ش كردنی زه‌وی و خانوو بۆ ئه‌وان و ... ئه‌نجام ئه‌درێت .
چواره‌م : سیاسه‌تی فه‌رهه‌نگی و میدیایی و پرِۆپهگهنده بۆ پێناسه كردنی مافخوازی گه‌لی كورد وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی سه‌ر به بێگانه و جیاوازی خواز كه له بیری لێكپچرِاندنی چوارچێوه و یه‌كپارچه‌یی جۆغرافیایی و سیاسی و ... ئێراندایه و ئاوه‌ژۆ كردنی رِوداوه مێژوویه‌كان و هه‌وڵ بۆ نه‌گه‌یشتنی زانیاری بۆ ناو وڵات
پێنجه‌م: سیاسه‌تی له ناوبردنی ژێرخانی ئابوری له رِێی گۆێپێنهدان به ئاوه‌دان كردنه‌وه و پرِۆژهكانی خۆشگوزه‌رانی گشتی و رِێ و بان و ...
شه‌شه‌م : سیاسه‌تی نیزامی وئه‌منیه‌تی كردنی كوردستان وه‌ك ناردن و ئاماده‌باشی به‌رده‌وام و زۆری هێزی نیزامی و سه‌ركوتكردنی هه‌ر جۆره كار و هه‌ڵوێستێكی ئازادیخوازانه و نه‌ته‌وه‌یی و چاندنی مین و ئۆپه‌راسیۆنی نیزامی . كۆنترِۆڵی به‌رده‌وامی تاكی كورد و كۆمه‌ڵگای كوردستان و ههرِهشهی به‌رده‌وام و گرتن و زیندانیكردن و ئه‌شكه‌نجه‌ی ئازادیخوازان به مه‌به‌ستی سه‌ركوتی زیاتر و خنكاندنی گه‌رووی مافخوازی كورد .
حه‌وته‌م : رِێگرتن له خوێندن و نووسین به زمانی زگماكی و رِێنهدان به چاپی رِۆژنامه و كتێب و دانانی رِادیۆ و ته‌له‌فزیۆن له لایه‌ن خه‌ڵكانی مه‌ده‌نی و ته‌نانه‌ت كه‌سان و دامه‌زراوه‌كانی بێ لایه‌ن له ناو خۆی وڵات .
هه‌شته‌م :دوژمنایه‌تی له گه‌ڵ سروشت و ژینگه‌ی كوردهواری له رِێی پیسكردنی ئاو و سروشت و ئاگرتێبه‌ردانی دارستانه‌كان و به‌ربه‌ست دروست كردنێكی زۆر له سه‌ر رِوبارهكان و لاواز كردنی بواری كشاوه‌رزی و ...
نۆیه‌م : له ناو بردنی پێناسه‌ی كوردی و ته‌نانه‌ت پێناسه‌ی مرۆڤانه‌ی تاكی كورد له رِێی نا‌ئومێد كردن و شكاندنی هه‌ستی دڵ گه‌وره‌یی و بوێری و ئینسانی و كار بۆ ئه‌وه‌ی كورد هه‌ست به به‌رده‌یی و بێچاره‌یی و دۆش دامان بكات له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵات دا به كه‌ره‌سه‌ی جۆراو جۆر وه‌ك تۆپبارانی پرِوپهگهنده و میدیایی و بڵاو كردنه‌وه‌ی ماده هۆشبه‌ره‌كان و په‌ره پێدانی ناهه‌نجاریه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وه‌ك گه‌نده‌ڵی ئابۆری و كۆمه‌ڵایه‌تی ، فه‌قیری ، و لێكپچرِانی بنه‌ماڵه‌كان و ...
دوای ئه‌وه‌ی رِژێمی كۆماری ئیسلامی وای نیشاندا كه له شهرِ له گه‌ڵ عێراقدا سه‌ركه‌وتوو بووه و پێمل بوو به برِیارنامهی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان ، له گه‌ڵ ئابوریه‌كی وێران و به ئه‌نجام نه‌گه‌یشتنی به‌ڵێن و دروشمه‌كانی رِووبهرِوو بۆوه كه بێ گومان نارِهزایهتیهكانی خه‌ڵكی به‌دواوه ده‌بوو ، بۆیه له رِێی تۆقاندن و ئێعدام ، هه‌وڵی دا تا بزوتنه‌وه وشۆرِشی خه‌ڵك دوا بخات و سیاسه‌تی بێهه‌ست كردنی تاك و لێسه‌ندنه‌وه‌ی هه‌موو تایبه‌تمه‌ندیه ئینسانیه‌كانی پهیرِوه كرد كه یه‌كێك له‌وان په‌ره پێدانی ماده هۆشبه‌ره‌كانه كه بێگۆمان فه‌زایه‌كی باش بۆ درێژه دان به حوكمرِانی ئاخونده‌كان دروست ئه‌كات . دوای كۆتایی جه‌وله‌ی ئیسڵاح خوازه ده‌وڵه‌تیه‌كان و سه‌ركوتی توند و بێرِهحمانهی نارِهزایهتیهكانی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی ٨٨ بێ هیوایه‌كی زۆر له ناو كۆمه‌ڵگای ئێران‌دا دروست بوو و بۆ دوباره نه‌بونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره سه‌رهه‌ڵدانانه ژماره‌ی ئیعدامه‌كان و مۆعتادان به شێوه‌یه‌كی به‌ر چاو رِووی له زیاد بوون كردوه .
مه‌ترسی هه‌ره زۆری رِژێم له كوردستان دا به‌رز بوونه‌وه‌ی ئاستی زانیاری و تێگه‌ێشتنی خه‌ڵك و هه‌نگاوی عه‌مه‌لی كورده بۆ دیمۆكراسی و به‌ده‌ست هێنانی مافه سه‌ره‌كیه‌كانی ، بۆیه له‌م بواره دا رژیم به شێوه‌یه‌كی نه‌رم خه‌ریكه به سیاسه‌تێكی رِهش له دابه‌زاندنی ئاستی خوێنده‌واری و هه‌روه‌ها له‌ناو بردنی چینی مام ناوه‌ندی و په‌ره‌پێدانی ناهه‌نجاری و فه‌قر و بێكاری و بڵاوكردنه‌وه‌ی ژه‌هری سپی و جۆره‌ها ماده‌ی بێهۆشكه‌ر باڵ به سه‌ر هه‌موو لایه‌ن و چه‌مكه ئینسانییه‌كان دا بگرێت كه بۆ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك پێوێسته .لایه‌نێكی تری ئیعتیاد مه‌یل و به‌ده‌نگه‌وه چوونی لاوانه بۆ لای ئه‌م جۆره ماددانه بۆ نمونه له گه‌ڵ ئه‌وه دا له زۆر وڵاتی جیهان رِێ و شوێنی توند و تۆڵ و سزای قورس بۆ به كار هێنان و كرِێن وفرۆشتنی موخه‌دیرات گیراوه‌ته به‌ر به‌ڵام خوازیار هه‌ر په‌یدا ئه‌بن و ئه‌و مه‌یله له هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك دا و به پێی سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌تی و ژێر خانی كه‌لتوری ئه‌و وڵاته دا لاواز یان به قوه‌ته و مامه‌ڵه‌ی سیسته‌مه‌كانی بهرِێوهبهری جیهان له‌و بواره دا له گه‌ڵ یه‌كتر جیاوازن .
له ئێران به پێی ئه‌وه‌ی سوپای پاسداران خۆی یه‌كێكه له قاچاخچیه گه‌وره‌كانی ماده هۆشبه‌ره‌كان بۆ ناو ئێران و بۆ وڵاتانی جیهان ، به‌ره‌نگاربوونه‌وه له گه‌ڵیدا له لایه‌ن خه‌ڵك و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان سه‌خته به تایبه‌ت كه پیلانێكی سیاسی و ئه‌منیه‌تی له پشته‌وه‌یه . بۆیه له‌م ساڵانه‌ی دووایدا كات و له‌مپه‌ره‌كانی به‌ده‌ست هێنانی ماده هۆشبه‌ره‌كان له كۆمه‌ڵگا دا كه‌متر بۆته‌وه و فرۆشیاره‌كان به ئازادی و به‌رده‌وام به بێ ترس ئه‌و ماددانه به مۆعتادان ئه‌گه‌یه‌نن .به پێی ئاماره‌كانی خودی رژێم و وته‌ی وه‌زیری ناوخۆی ده‌وڵه‌تی رِۆحانی ژماره‌ی موعتاده‌كان له ساڵی ٩٢ دا پتره له یه‌ك ملیۆن كه‌س كه له سه‌د دا چوار كه‌سیان له ژنانن كه به‌و پێیه په‌یوه‌ندی به ژیانی پتر له ٦ ملیۆن كه‌سه‌وه هه‌یه .
هه‌ر وه‌ها رِژێم باس له ده‌ستگیركردنی ١٢٧ هه‌زار قاچاقچی ده‌كات له ماوه‌ی حه‌وت مانگی رِابردوو دا و به ده‌ست هێنانی ٣٥٠ ته‌ن ماده‌ی هۆشبه‌ر له ١٢ پارێزگای ئێران‌دا كه زیاد بوونی ئه‌و رێژه له سه‌د دا ١٩ له چاو ساڵانی رِابردوو ئه‌و رِاستیهی ده‌ر ئه‌خات كه هه‌وڵه‌كانی سوپای پاسداران له‌و بواره زیاتر بۆته‌وه . هه‌واڵنێری مێهر له زاری مه‌قامێكی حكومه‌تیه‌وه ئاشكرای كردوه كه زیاتر له ٨٠٠ هه‌زار كه‌س خه‌ریكی مامه‌ڵه پێكردنن به ماده هۆشبه‌ره‌كان . هه‌ر وه‌ها به پێی ئاماره‌كان له سه‌د دا ٦٠ ی زیندانیان له ئێران‌دا له په‌یوه‌ندی به ماده‌ی هۆشبه‌ره‌كان گیراون و دیاره رژێم نه له ئیعلامی ژماره‌ی مۆعتادان و زیندانیان و نه له رِاگهیاندنی ئاماری په‌یوه‌ندی دار و زیانه‌كانی تری ئه‌و بواره رِاستی ناڵیت و باس و ده‌نگۆی نارِهسمی هه‌ن كه ده‌ڵێن زیاتر له ٧ملیۆن مۆعتاد له ئێران‌دا بوونی هه‌یه و ئه‌م دیارده‌یه كاریگه‌ری رِاستهو خۆی هه‌یه بۆ زیاد بوونی تووشبوان له ناو كوردستاندا . به‌پێی هه‌واڵ نێریهكانی رژێم قه‌باره‌ی دۆزینه‌وه‌ی ماده هۆشبه‌ره‌كان له رِۆژدا زیاتره له یه‌ك ته‌ن و شیشه بۆته دوهه‌م ماده‌ی به‌كارهێنراو و ژماره‌ی ئاشپه‌زخانه و كارگه‌كانی به‌رهه‌م هێنانیش زیادی كردوه و كه‌وتۆته دڵی شاره‌كانه‌وه . جێی سه‌رنجه كه هه‌واڵ نێری مێهر له زمان پۆلیسی ئێران ئه‌م رِاستیه ئهدركێنێت كه ماده هۆشبه‌ره‌كان له رِۆژههڵاتی ئێران له رِێی زه‌وی و ده‌ریا به‌ره‌و ناوه‌ندی ئێران ده‌بردرێن و دوای بڵاو بوونه‌وه له ناو وڵات دا له سنوره‌كانی رِۆژئاوا به‌روه ئوروپا ترِانزیت ده‌كرێن . رِژێم رِایدهگهینێ كه ته‌مه‌نی تووشبوون به مادهسرِكهرهكان كه‌متر بۆته‌وه و مێرمناڵان و كچانیشی گرتۆته‌وه و رێژه‌ی به كارهێنانی ماده‌هۆشبه‌ره‌كان له زانكۆكاندا و
به تایبه‌ت له ناو خوێندكارانی پزیشكی دا ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندوه .
( كوتایی به شی یه‌كه‌م )