خه‌ڵكی كوردستان له به‌رانبه‌ر سیاسه‌ته‌كانی رژێم ، تێوه‌گلانی لاوانی كورد به ماده‌هۆشبه‌ره‌كان زۆر كه‌م بوو . به‌ڵام ئێستا و له ژێر پۆتینی ژێنۆسایدی خه‌ڵكی كورد و كێشه‌ی ئابوری و گوشاره‌كانی رِژێم بۆ نه‌گه‌یشتنی ده‌نگ و خواستی ئازادیخوازی كورد ، ژماره‌ی تووشبوان زیادی كردوه و وه‌ك یه‌كێك له به‌رچاوترین كێشه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان چاوی لێ ده‌كرێت .
په‌ره‌پێدانی كه‌لتوری قێزه‌ونی بێ ده‌ربه‌ستی و هه‌نارده كردنی ماده هۆشبه‌ره‌كان بۆ رِۆژههڵاتی كوردستان و ته‌نانه‌ت بۆ ناو خاكی هه‌رێم و كردنی ئه‌و شێرپه‌نجه‌یه به كه‌سابه‌ت بۆ لایه‌ن و كه‌سه‌كانی ناو حكومه‌ت مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ن كه ده‌بێت به وریایه‌وه هه‌موو رِێ و شوێنێكی زانستی و پرِاكتیكی بۆ بگرینه به‌ر .
ماده بێهۆشكه‌ره‌كان كۆی هه‌موو ئه‌و ده‌رمان و پێكهاته شیمیایی و سروشتیانه ئه‌گرێته‌وه كه ئه‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه‌سه‌كان خوو به‌و ماددانه‌وه بگرن و ده‌رئه‌نجامی خراپی هه‌یه له سه‌ر مێشك و ده‌ماره‌كان و زیان ده‌گه‌یه‌نێته جه‌سته و ده‌رونی مرۆڤ و به‌و پێیه‌ش ئاسیبێكی جیدی له سه‌ر كۆمه‌ڵگا داده‌نێت . به‌شێكی به‌رچاوی ئه‌و ماددانه ئه‌مانه‌ن : تریاك،مۆرِفین, كۆدۆئین،حه‌شیش، مێتادون،ئه‌لكول ، حه‌ب و ماده‌ی خه‌و هێنه‌ر ، سه‌رخۆش كه‌ر و سست كه‌ره‌وه‌ی ده‌مار و سه‌ركوتكه‌ری ده‌روونی، دژه ئازار و هێواشكهرهوه ،ترامادۆڵ ، دیفنۆكسیلات ، كرِاك ، هێروئین ، كوكائین ، تهمجیزهك و نورجیزهك ، شیشه یان كرِیستاڵ ، مێتا ئامفتامین ، ئێڵ ئێس دی ، ئێكستازی ، ریتالین ، فێن سیكلیدین، مسكالین، كتامین، پان پراگ و ...
لێره‌دا به خێرایی زیانه‌كان و كاریگه‌ریه‌كانی ماده هۆشبه‌ره‌كان له سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵگا دا باس ده‌كه‌ین و هیوادارین له ده‌رفه‌ته‌كانی تر دا به تێر و ته‌سه‌لی كۆی رِا و وتهكان له‌م بواره دا له كۆنفرِانس یان نامیلكهیهكدا بێته به‌ر باس .
زیان و كاریگه‌ری له سه‌ر جه‌سته و رِهفتاری تاك
كه‌سی تووش بوو له لایه‌نی ئه‌خلاقی و هه‌ست و نه‌ستی ئینسانی ئاسیب ئه‌بینێت . كه‌م هۆش ئه‌بێت و درۆزن .نه‌فس نزم و سووك ئه‌بێت و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی له ده‌ست ئه‌دات. تووش تۆرِهیی و سستی ئه‌بێت و ده‌سه‌ڵاتی برِیار دانی لاواز و له كار و هه‌ڵس و كه‌وته‌كانیدا بێ به‌رنامه و لۆژیك ئه‌بێت . ده‌ماره‌كانی تووش سستی و جه‌سته‌ی رِوو له گه‌نده‌ڵ بوون ئه‌كات و كاركردی جه‌رگ و سپڵ و دڵ نارِێك ئه‌بێت .پێست و گۆشتی له‌شی برین هه‌ڵئه‌گرێ و ده‌م و چاوی به شێوه‌یه‌كی نائاسایی سپی یان رِهش ههڵئهگهرِی . له رِووی سێكسیه‌وه لاواز ئه‌بێت و له مرۆڤ ئاژه‌ڵێكی ئه‌فسورده و بێ هیوا و بێ ده‌ربه‌ست دروست ئه‌كات .
زیان و كاریگه‌ری له سه‌ر پیشه
كه‌سی تووش بوو پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و كار و پیشه‌ی خۆی له ده‌ست ئه‌دات . بێ مشوور و بێ هێز و گێژ ئه‌بێت و كاری جارانی خۆی بۆ بهرِێوه ناچێت .
زیان و كاریگه‌ری له سه‌ر ئابوری تاك و كۆمه‌ڵگا
كه‌سی مۆعتاد له‌و لایه‌نه‌وه كه كاره‌كه‌ی له ده‌ست ئه‌دات و ناتوانێت پاره به ده‌ست بهێنێت زیان ئه گه‌یه‌نیت به خۆی و ماڵ و منداڵی و له لایه‌كی تر له به‌هره‌ی ده‌ستی كه‌سانی تر كێشه‌وه ئه‌كات .
له‌و لاشه‌وه كاتێك ئه‌نێردرێته زیندان و ئۆردوگا زیان به كۆمه‌ڵگا ئه‌گه‌یه‌نێت چونكا نه‌ك ئیتر هێزی كار نیه به‌ڵكوو هێزی كه‌سانی تریش كه‌م ئه‌كاته‌وه .
زیان و كاریگه‌ری له سه‌ر بنه‌ماڵه
به‌رده‌وام بوون له به‌كار هێنانی ماده سرِكهرهكان له سه‌رچۆنیه‌تی هه‌ڵس و كه‌وت و ئه‌خلاقی ئه‌و كه‌سه كاریگه‌ره به جۆرێكه كه به ته‌واوی له تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی پێشووی و به‌ها ئێنسانیهكان دووری ئه‌خاته‌وه . حه‌ز به ته‌نیایی زۆر و خۆشاردنه‌وه ئه‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ماده سرِكهرهكان به كار بهێنێت . له بنه‌ماڵه و ژن و مناڵی خۆێ به نه‌فره‌ت ئه‌بێت و زۆربه‌ی جینایه‌ت و تهعداكانی ناو بنه‌ماڵه له كه‌سانی مۆعتاد رِوو ئه‌دات و دوا رِۆژ ته‌ڵاق و بێ سه‌رپه‌رست كردنی ژن و مناڵی لێ ئه‌كه‌وێته‌وه .
زیان و كاریگه‌ری له سه‌ر كۆمه‌ڵگا به گشتی
له ده‌ست دانی رِهوشتی به‌رز و ئینسانی و بڵاوكردنه‌وه‌ی رِهوشتی ناشیرین ، توند و تیژی ، پێبه‌ند نه‌بوون به یاسا و عورف و رِوو كردنه ناههنجارهكان ، هه‌وڵ بۆ په‌ره‌پێدانی ده‌رد و نه‌خۆشی خۆی بۆ ناو كۆمه‌ڵگا و تێوه‌گلاندنی كه‌سانی تر وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌یانهه‌وه‌ێ رِفیق بۆ خۆ په‌یدا بكه‌ن ، بێكاری ، دزی ، قه‌رز كردنی به‌رده‌وام و نه‌دانه‌وی ، ئاواره‌بوون و تووش فه‌سادی ئه‌خلاقی و جنسی بوون و دواتر له‌ناوچوونی ئه‌وكه‌سانه له زیانه‌كانی كۆمه‌لایه‌تی ئه‌و ماددانه‌یه .
پێم وایه رِژێمی ئاخوندی له په‌ره‌پێدانی ماده‌هۆشبه‌ره‌كان هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندووه و ئه‌زانێت كه فه‌وتانی ئێراده و نه‌فسی تاك به مانای فه‌وتانی ئیراده‌ی كۆمه‌ڵگایه . گه‌رچی ماده هۆشبه‌ره‌كان یه‌كێكن له كه‌ره‌سه‌كانی ژێنۆساید به‌ڵام مه‌ترسی دارترینیشیهتی ،چونكا كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌یه له‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای خامۆش ، بێده‌ربه‌ست و بێ وزه به دی بهێنێت و به دڵنیایه‌وه كه‌سی تووش بوو تا كاتێك واز له‌و ماددانه نه‌هێنێ كه‌سێكی مردووه و مۆعتاد نه كاری به سیاسه‌ته و نه بۆی گرینگه ماف چیه و ئازادی چیه و كێ له سه‌ر كاره و كێ چی ئه‌كات . ئه‌وان مێگهلێكیان ئه‌وێت كه گۆێ رِایهڵ و گێژ و بێ ده‌ربه‌ست و مل كه‌چ بن .
خودی رِژیم باس له‌وه ده‌كات كه له ٣٥ ساڵی رِابردوودا ١٥٠٠٠ كه‌س له قاچاقچیهكانی ماده هۆشبه‌ره‌كان ئیعدام كراون ، كه‌چی مۆعتاد و قاچاقچی ئه‌و بواره هه‌ر زیاتر ده‌بن . بۆیه به وهریایهوه ده‌بێت خۆشمان و نزیكانمان و كۆمه‌ڵگاش له‌و هرۆژمه بپارێزین و زانیاری پێویست له‌و باره‌و به ده‌ست بهێنین و كۆمه‌ڵگای كوردی به گشتی له مه‌ترسی و زیانه‌كانی ئه‌و پیلانه نه‌گریسانه‌ی دوژمنانی كورد ئاگا بكه‌ینه‌وه .
بۆیه ناسینی جۆر و شێوازی به‌كار هێنان و ئاسیبهكانی ئه‌و ماده هۆشبه‌رانه له سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵگا هانمان ئه‌دات تا وه‌كوو :
له ده‌رخستن و رِیسوا كردنی سیاسه‌ته‌كانی دژه مرۆڤانه‌ی ئه‌و رِژێمانه به مه‌به‌ستی به‌رگری له مافی خۆ و مهشروعیهن دان به خه‌باتمان شێلگیرتر بین .
به‌و پێیه‌ش جیهانیان و رِێكخراوه كانی مافی مرۆڤ له ماهیه‌ت و نێوه‌رۆكی ئه‌و رِژیمانه تێ بگه‌یه‌نین و كتێبخانه‌ی جیهانی به ئه‌و لێكۆلێنهوانه ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ین .
گه‌لی كورد له‌هه‌ر چوار پارچه‌كه له سیاسه‌تی شۆڤێنی و نامرۆڤانه‌ی داگیركه‌ران ئاگادار بكه‌ینه‌وه .
رێ و چاره‌ی شیاو بۆ گرتنه به‌ری هه‌ڵوێست و كاری عه‌مه‌لی دژی هه‌ر كارێكی ژێنۆسایدانه بگرینه به‌ر .
***