بە تاكەكەسی و بە شێوەیێكی پەراوێز دراوە و بە هۆی نەبوونی ئورگانێك بۆ كۆكردنەوەی وزە و توانای ئافرەتان رەنگ بێ ئەو جۆرەی پێویستە تێكۆشان و زەحمەتی ئافرەتانی پێشمەرگە لە ریزەكانی سازمانی خەبات دیار نەبووبێ و لەگەڵ ئەوەش دا هەوڵەكان بۆ تێكۆشان لە پێناو مافی ژنان لە چوارچێوەی تەشكیلات زۆر وەدرەنگی كەوتبێ.
ئەو كەم و كوریانە و هەروەها پێشكەوتن و بەرەوپێشەوە چوونی خەبات ی رزگاریخوازانەی نەتەوەیی و زەرورەتی هاتنە مەیدانی ئافرەتان بە فكر و ئامانجی تایبەت بە خۆیان و بە مەبەستی داكۆكی كردن لە مافەكانی ئافرەتان و نەهێشتنی ئەو كلتوور و داب و نەریتە كۆن و باوانەی كە قورسایی دەكەن بەسەر ژنانی كۆمەڵگای كوردی و چەندین هۆكاری تر وایان كردكە بیرۆكەی دروست كردنی كومیتەیێك بۆ ئافرەتان لە ناو سازمانی خەبات لە 7ی خەرمانانی 1381 بچێتە باری جێبەجێكردن و كار پێكردنەوە.
لەدوای پێكهاتنی كومیتەی ئافرەتان كاریگەرییە ئەرێنیەكان زۆر بە خێرایی خۆیان دەرخەست. بە كۆكردنەوە هەموو وزە و تواناكانی ئافرەتان و بەكارهێنانی بە شێوەیێكی ئورگانێك لەخزمەت دۆزی نەتەوەیی و چینایەتی سازمانی خەبات توانی پێشكەوتنێكی بەرچاو بە دەست بهێنێ و قۆناغێكی نوێ لەكار رێكخراوەیی دەست پێبكات.
بارهێنانی ئافرەتانی ریزەكانی سازمانی خەبات وەك یەكەمین ئەرك و كاری كومیتەی ئافرەتان لە رێگەی خولی پەروەردەیی و دانانی كەلاسی سیاسی و ووتنەوەی وانەی كۆمەڵایەتی تایبەت بە بواری ژنان و بردنە سەرەوەی ئاستی ووشیاری ژنان لە پێوەند بە ماف و ئەركەكانیان و فێركردنی زمان و... هتد، لە یەكەمین لاپەرەكانی مێژووی هەڵسوورانی كومیتەی ئافرەتانی خەبات تۆمار كراون.
لەگەڵ هەموو ئەو خاڵە ئەرێنیانە بێگومان كومیتە بێ كێشە نەبوو و گەورەترین كێشە كە زۆر جار دەبوویە لەمپەرێكی جیددی هاوكات بەرێوەبردنی كاری ماڵ و پەروەردەی منداڵ و هەڵسووران لە كومیتەی ئافرەتان و وابەستە بوونی ژنان بە مێردەكانیانەوە و بەستنەوەی بریاری خۆیان بە بریاری ماڵەوە و كەسێكی ترەوە بوو و رەنگ بێ بەشێك لە هۆكارەكانی وەدەرنگ كەوتنی بەستنی كۆنفرانس و كۆنگرە بگەرێتەوە بۆ ئەو هۆكارانەی وەك لەمپەر باسی لێوە كرا.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا كومیتە و بەرێوەبەرانی كۆڵیان نەدا و درێژەیان بە كار و چالاكیەكانیان لە چوارچێوەی سازمانی خەبات دا و جێگەی خۆشحاڵیە كە توانیویانە بە پێی پێویست ئەرك و كارەكانیان راپەرێنن و وەك رێكخراوێكی دیار لە ئاستی رێكخراوەكانی تایبەت بە ژنان دەركەون و دۆزی ژنان هاوكات لەگەڵ دۆزی نەتەوەیی بەرەو پێشەوە ببەن.
بە هۆی رەخسانی دەرفەت و بەرفراوان بوونی ئەركەكانی كومیتە لە 3/6/2014 لە پاش ئامادەكارییەكی شیاو یەكەمین كۆنگرەی كومیتە بە ئامادەبوونی سەرجەم نوێنەرانی ژنانی سەر بە كومیتەی ئافرەتانی سازمانی خەبات لە دەوەر و ناوەوە گرێدرا.
كۆنگرە لە دوای 3 رۆژ كاری بەردەوام و پێداچوونەوە ب كار و بەرنامەی رابردوو و دانی پێشنیار و راوسەرەنجی زەروریی و هەوەرها پێشنیاری كەسایەتی و رێكخراوە دیارەكانی كوردستان بۆ كۆنگرەی یەكەمی رێكخراوی ئافرەتان ، توانی ئەساسنامەیێكی پوخت و تەواو پەسەند بكات و لە توێی چەندین خاڵ و بڕگە ئەرك و مافەكانی ئافرەتان لە رێكخراوی ئافرەتانی خەبات رێك بخاتەوە و قۆناغێكی نوێ لە كاری رێكخراوەیی دەست پێبكات. ناوی كومیتەكەمان گۆردرا بۆ رێكخراو و لە ژێر دروشمی (كار دەكەین بۆ بەرانبەری ژن و پیاو) بریاری درێژەدان بە كار و هەڵسوورانەكەنمان بە شێ,ەیێ:ی بەرچاوتر لە رابردوو داوە و لە پێناو وشیاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و كلتووری ژنان و بە گشتی كۆمەڵگای كوردەواری تێدەكۆشین و بە زانینی ئافرەت وەك سمبولی پێشكەوتن و بەرەوپێش چوونی كۆمەڵگا ناهێلین هیچ لەمپەرێك بەربەست دروست بكات لەبەردەم كار و ئەركەكانماندا.