ئەم بارە تەرخان بكرێت و لێكۆڵینەوەی وورد بكرێت لەسەر پەروەردە و بەرنامەی خوێندن وچۆن ئیدارەكردن و بەرێوەبردنی. بەداخەوە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئاخوندی لەباری خوێندنەوە، ئیستانداردی خۆی لە دەست داوەو ئێستا لە ڕیزی وەڵاتانی هەرێ دواكەوتوودا جێگەی گرتووە. رژیمی ێخوندی هەر لەسەرەتای هاتنە سەركاری بە دەستێوەردان لە كاروباری خوێندن و لابردن و پێزیادكردنەكانی وانەكانی خوێندن لە ژێر ناوی شۆڕشی فەرهەنگی سەرچاوە گرتوو لە بیرۆكەی ئیسلامی شیعەی دەستكرد ئاستی خوێندن و پەروەردەی لە وەڵاتی ئێران دابەزاند و ئەوەندەی خەمی پەروەردەی دروستی قوتابیان و خوێندكارن بە مەبەستی فیربوونی زانست و مەعریفە بوو سەد بەرانبەر لەهەوڵی پەوەردەی تاكی سەر بە دەسەڵات و گوێرایەڵ و باوەردار بە نیزامە دواكەوتووانەكەی بوو. بەهۆی سیاسەتی شەڕئەنگێزانە و بناژۆ خوازی ڕژیم وپێداگرتن لەسەر ملهوڕییەكانی،ئابووری ئەو وەڵاتە داڕماوە.داڕمانی ئابوری ئێران كاریگەری زۆری لەسەر كەرتی خوێندن داناوە و بارودۆخی خوێندن لەم وەڵاتە شێواوە. سەرەرای ئەوەش لە بورای پێداویستی و ئیمكاناتەوە ئێران خاوەنی ئاستێكی زۆر نزمە و هەتا كوو ئێستاش بینای مەكتەب كەمە ولەپۆلێكدا 40 تا 45 خوێندكار وانە دەخوێنن. ئەم حاڵتە كاریگەری خراپی هەیە وخوێندكاران وەك پێویست حاڵی نابن. قەرەباڵغی پۆلەكانی خوێندن ساڵ بە زیاتر دەبێت و ڕژیم هیچ هەنگاوی بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە هەڵنە گرتووە و لە هێندێك لە شار و ناوچەكانی ئێران كەمترین ئیمكانات بوونی نییە و ئاكامەكەشی روودانی كارەساتی وەك مەدرەسەی شیناوای پیرانشارە كە منداڵانی شیناوێ لە ئاگری نەزانی دەسەڵاـدارانی ئێران سووتان.هیچ پلانێك نیە بۆ باقی بەشەكانی خوێندن نیە ولەباری پرۆگرام زۆر لە دوان و دوورەدیمەنی باشتربوونی دۆخی ئابووری ئێران و تەرخان كردنی سەرمایەی نەتەوەیی بۆ باری خوێندن و پەروەردە زۆر لێڵ و تاریكە.
مامۆستایانی كۆڵنەدەرَ!
ئێوەی بەڕێزو تێكۆشەر لە كاتێكدا وانە دەڵێنەوە كە وەڵات بە وێرانە كێشراوە و داروپەردووی بەسەر یەكەوە نەماوە. ژێرخان وسەرخانی وەڵات لەناوچووە و لەگەڵ ئەم دیاردانە گەندەڵی دەسەڵاتداران گەیشتۆتە ئەوپەری خۆی. كاریگەری ئەم بارۆدۆخە زیاتر بەسەر ئێوەی مامۆستایاندا شكاوەتەوە و بەهۆی ئەم ناسەقامگیریە قۆرسای ژیانتان كەوتۆتە سەر شان وسەخترین رۆژەكانی تەمەنتان تێپەر دەكەن. بەڵام ئێوە كە بەدرێژای دەسەڵاتی ئاخوندی رۆژ لەدووی رۆژ ژیانتان سەخت تر بووە وتەنانەت بەرنامەی خوێندنی داتاشراوی ئاخوندان بەهەڵە دەزانن ،بەڵام لە وانەگوتنەوە هەر بەردەوامن وبە هەست كردن بەو لێپرسراویە مێژوویە،ئەركی پیرۆزی مامۆستایی بە جێگە دەگەیێنن. ئێوە گەورەترین كارتان لەم كات وساتەدا كەوتۆتە سەرشان، چونكە لە لایێكەوە شیرازەی كومەڵگە بەهۆی ئەو سیاسەتانەوە تێك چووەو لەلایێكی دیكە ڕژیم بەپلان خەریكە ڕەڕەوەی خوێند لەئێران وكوردستان بەرەو دواوە دەگێڕێتەوە و ئامانجی لەم كارەش ئەوەیە كە بەرنامە وپرۆگرامی خوێندن بخاتە سەر ڕیچكەی ئاخوندانە وگەرەكیەتی زانستگاو مەكتەب بكاتە رەوزەو حەوزەی بڵاوكردنەوەی بیرو هزری ڕژیمی ئاخوندی .ئێوەی مامۆستایانی زانستگاومەكتەبەكان بە مایەدانان لە گیانتان هەوڵی بەرپەرچدانەوەوی سیاسەتی ئەهریمەنانەی ڕژیم دەدەن.بێگومان سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵگا رێز لەئیرادەی ئێوە دەگرن وبە چاوی ڕێزەوە دەڕواننە فیداكاری وكاری پیرۆزتان.ئێوە بە گوتنەوەی وانە و دادانی دەرسی ئەخلاق ومەعریفە توانیوتانە بەر بە تەوژمی هێرشی رژیمی دواكەوتووی ئاخوندی بگرن و هەموو پیلانەكانی ئاخوندان بەرپەرچ بدەنەوە.قۆناغی ڕەشی دەسەڵاتی ئێران ،قۆناغێكی كاتیە و دەبێت ئەم سیستمە بەردینە بەرەو زبڵدانی مێژوو پاڵ پێوە بنرێ. ئێوەی مامۆستا بیگومان دەبێت لەهەرتاكێكی تری كۆمەڵگا لێپرسراویەتی زیاتر هەڵبگرن و تەسلیمی ئیرادەی ڕژیم نەبن. ئێمە داواتان لێدەكەین كە هیچ بەربەست وكۆسپێك كار نەكاتە سەر بەرێوەبردنی ئەركی پیرۆزتان وشێلگیرانەتر بچنە بەر وانەگوتنەوە ،چونكە ئێوە ئەركی پەروەردەكردنی نەوەیێَكتان لەسەرشانە كە بەڕێوەبەری داهاتووی نەتەوەكەمانن.
خوێندكارانی خۆشەویست!
بێگومان ئێوە كە داهاتووی نەتەوەكەمانن وهەركامێك لەئێوە مۆمێكە بۆ كۆمەڵگا،لێپرسراویەتی دیرۆكیتان لەسەرشانە وپێویستە لەبەرانبەر ئێستا وداهاتووی نەتەوەكەتان خۆتان بە بەرپرس بزانن. هەموو ئەوە دەزانن كە دواكەوتویی ونەهامەتی وقبوڵكردنی داگیركەرو مانەوەی عەقڵیەتی خێڵەكی وهەروەها پشت گوێ خستنی خواست ومافی چینەكان وسەرئەنجام شیواوی نێوكۆمەڵگا،سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نەخوێندەواری.بێگومان لەگەڵ تەحەمول كردنی ئەم بارە قورسە ئابوریەی كەبە سەرشانی خوێندكارانەوەیە وهەروەها سیاسەتی ڕژیم كەخۆی لە راگرتنی كۆمەڵ بەرە و بەختەوەری دەبینێتەوە،خوێندكاران بە هەست كردن بەم بارانە ،باشتر تاو دەدەنە خوێندن و بە خۆ تەرخان كردنی خۆیان بۆ بڕینی پلەكانی خوێندن بەرپەرچی دەرەنجامەكانی سیاسەتی ڕژیم دەبنەوە. چوونە بەرخوێندن گرینگترین ئەركی خوێندكارانە ودەبێت بە چەكی زانست ڕووبەرووی دیكتاتۆرانی سەردەم ببینەوە.
بەبۆنەی دەسپێكی ساڵی نوێی خوێندن 1393-1394 سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران پیرۆزبایی گەرمی خۆی پێشكەش بە مامۆستایان وخوێندكاران دەكات وپێزانینی خۆی بۆیان دووپاتە دەكاتەوە.
سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
كومیتەی ناوەندی
31/7/1393