، هەلێك رەخسا بۆ حكومەتی ئێران (ئەبو داعش)، كە جارێكی تر هێزەكانی بنێرێتە ناو خاكی عێراقەوە، تا بە پاساوی بەرەنگار بوونەوەی (داعش) جێ پێ بۆ خۆیان پتەوتر بكەن و خاكی ئەو وڵاتە بكەنە شوێنی تەراتێن و سەركوت كردنی نەیارانیان. ئەوەتا لە پارێزگای دیالە هێزەكانی وەك عەسائیب و كەتائیب و بەدر و....، كە هەر هەموویان سەر بە هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانن، بە گوتەی بەرپرسانی كورد، ئەو هێزگەلە میلیشیایە خراپتر لە داعش مامەڵە لەگەڵ خەڵك دەكەن، ئەوەی نەیاری حكومەتی ئێران بێت بە پاساوی بەرەنگار بوونەوە و بەرگری، ماڵیان دەسووتێندرێت و لە هەر شوێنێك دەستیان بڕوات، خەڵك دەكوژن. هەر بۆیە هەموو خەڵك ناڕازین، بە تایبەت كە دواتر خۆیان دەبنە مەترسییەكی گەورەتر بۆ سەر خەڵكی ناوچەكە و بە تایبەت بۆ سەر كورد..
هەر لە میانی ئەم تەراتێن كردنەدا، موڵك و ماڵی پەنابەرانی ئێرانی لە كامپی ئەشرەف لە لایەن ئەو هێزانەوە دەستی بە سەردا گیراوە. چەند گەورە بەرپرسێكی ئێرانی و عێراقی، وەك قاسم سلێمانی و هادی ئەلعامری، راستەوخۆ سەرپەرشتیی جموجۆڵی ئەو هێزانە دەكەن، بە رۆژی رووناك سنووری عێراق و ئێرانیان بۆ كاڵ كراوەتەوە و بەردەوام لە هات و چۆدان. وەك سەرچاوەكانی هەواڵی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەم دواییانەدا رایگەیاندووە، زیاتر لە (7000) پاسداری سەر بە سوپای قودس لە حاڵی حازر لە ناو خاكی عێراقدان، ئەمریكاش بەرانبەر بەو جموجۆڵە سەربازییەی حكومەتی ئێران لە سەر خاكی عێراقدا بێدەنگە!
ئەوەی جێی سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە، كە ئەم سنوور بەزاندنانەی حكومەتی ئێران بەر لە هەر شتێكی تر، مەترسییەكی زۆر گەورەی دروست كردووە بەرانبەر بە پەنابەرانی ئێرانی لە عێراق، كە ئێستا لە كامپی لیبرتی لە رەوشێكی زۆر سەختدان و ئابڵووقە دراون، موڵك و ماڵیشیان لە كامپی ئەشرەف دەستی بە سەردا گیراوە و بەشێكی هەرە زۆریشی بە تاڵان براوە.
جا بۆیە ئێمە وەك ئەنجومەنی رووناكبیرانی كوردستان داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، یەكێتیی ئەوروپا، رێكخراوی كۆنگرەی وڵاتانی ئیسلامی و كۆمكاری عەرەبی دەكەین، زۆر بە جیددی كار بكەن بۆ دەركردنی ئەو هێزگەلە تیرۆریستانەی ئاماژەمان پێ دان. بە تایبەت كە ئێستا هێزی قارەمانی پێشمەرگە توانیویەتی بە سەر (داعش)دا سەركەوتوو بن، هەروەها سەركەوتنی گەورەش بۆ گەلی عێراق و جیهان تۆمار دەكەن. پێویستە كۆمەڵگەی جیهانی زیاتر پشتیوان بێت بۆ رووبەڕوو بوونەوەی (داعش) و نەهێشتنی هێزەكانی سەر بە حكومەتی ئێران (ئەبو داعش) لە عێراقدا، هاتنی هێزی ئێرانی مەترسی و هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر ئاسایش و ئارامیی عیراق، چونكە ئەو هێزە بێلایەن نییە، بە یەك چاویش تەماشای عیراقییەكان ناكات، بەڵكوو هێزێكە تەیار بە بیری شۆڤێنیزمی مەزهەبی و ململانێی نێوان پێكهاتەكانی عیراق قوولتر دەكاتەوە، هەروەها رێ بۆ دەست تێوەردانی زیاتر و هاتنی هێزی دیكەی بیانی و ناعیراقی بۆ نێو خاكی عیراقی خۆش دەكات، بەمەش كێشەی ناوخۆی ئەم وڵاتەش بەرەو ئاقارێكی ترسناكتر دەبات.