پێوەندییەكی ئورگانیك لەنێو بەشە جۆراوجۆرەكانی بزووتنەوەكە بووە و لە هەر قۆناغێكدا ئەو فاكتەرە ئەساسیە پشت گوێ خرابێ و یان بایەخی كەم پێدرابێ ئەوە بە دڵنیاییەوە كێشە و نوقستانی لە كۆی بزووتنەوەكەمان دروست بووە و رەورەوەی پێش كەوتنی خەباتی رزگاریخوازانەی تووشی لەمپەر و پەكخستن كردووە. دەبێ لە بیرمان بێ كە ئەو پێوەندییە ئورگانیكە زەورەتێكی یەكجار پڕ بایەخ و حەیاتی هەیە.
ئەمرۆ لە ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران مەقۆ مەقۆ و باسێكی گەرم لەسەر لاوازیی و دۆزینەوەی رێگای دەرباز بوون لەو هەل و مەرجە نوێیە ناهەموارە لە ئارا دایە و زۆر جار لە كۆر و كۆبوونەوەكاندا خەسارناسی كراوە و رێگەچارە و بیردۆزی جۆراوجۆریش پێش كەش كراوە. هەر چەند زۆریك لە هۆكارەكان گەڕێندراونەتەوە بۆ هۆ دەرەكیەكان و ئەو هۆیانەی لە دەسەڵات و سنووری ئێمە دا نین و هەڵە و خەتاكە لكێندراوە بە بابەتی دەرەكی و هەر بۆیەشە زۆرێك لە رێگەچارەكانیش بە پێی ئەو خوێندنەوە ناتەواوە دارێژراون و لە ئاكامیش دا كاردانەوەێكی ئەوتۆیان لە مەسیری چارەسەری كێشەكان نەبووە. باس لە قۆناغ و هەل و مەرجی داسەپاو لە لایەن یاسا هەرێمایەتیەكان و دوور بوونی شوێنی خەباتكارانی بزووتنەوەكە و یان خود نەمانی خەبات ی چەكداری كراوە و بە هۆكاری بەرەو لاوزایی كێشانی بزووتنەوەكە زاندراون.
زۆر جار لە ئاكامی خوێندنەوەێكی هەڵە زیادەرۆیی لەسەر لاوازیی خەباتی رزاریخوازانەی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران كراوە و لەماوەی رابردوو دا شاهیدی چەندین خوێندنەوەی سەقەتی لەم چەشنە بووین. سەرباقی هەموو كەم كورییەكانی ناو بزووتنەوەكە باس كردنی بەمجۆرەی لە هێندێك لایەن و كەسەوە دەبیستری بە بێ ئینسافی دەزانم و ناكرێ لە خوێندنەوەێكی هەكەزاییانەی كە شۆڕش لە پارچەكانی دیكە گەرمە و لە كوردستانی ئێران بەمجۆرە نییە و كەواتە شۆڕش لەو بەشەی كوردستان كوتایی پێهاتووە، باس لە شۆڕشی چەندین ساڵە و خاوەن قوربانی ئەو بەشەی كوردستان بكەین. زۆر روون و ئاشكرایە كە هەر كام لە پارچەكانی كوردستان بە هێندێك قۆناغی جۆراوجۆر و هەل و مەرجی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی جیاواز دا تێدەپەرن جوغرافیا و رەوت و ئالوگۆرە سیاسیەكانی هەر كام لە پارچەكانیش تایبەتمەندی خۆیان هەیە. ئەو فاكتەرانە یەكجار گرینگن بۆ هەڵسەنگاندنێكی دروست و لەوانەیە كوردستانی ئێران بە بەراوەرد لەگەڵ باقی بەشەكانی تر لاواز دەركەوێ بەڵام ئایا هەمان ئاكاممان دەست دەكەوێ لە بەراوەردی خەباتی كورد لە ئێران لەگەڵ باقی نەتەوەكان؟ بە دڵنیاییەوە نەخیر . كورد لە كوردستانی ئێران لە چاو باقی گەلانی ئێران خاوەن بزووتنەوەێكی یەكجار رێكخراو و بەبەرنامە و ئەكتیڤ و گەلەكەشی خاوەن ئاستێكی بەرزی نەتەوەیی و ووشیاری سیاسیە و لە دەیان و سەدان نمونە ئەوەی دووپات كردۆتەوە و دەریخستووە و زۆرجار سیاسیەكانی باقی گەلانی ئێران سەریان لە ئاستی ووشیاری گەلی كورد لە كوردستانی ئێران سوورماوە.
لەگەڵ ئەو راستیانەش نابێ بەوەندەی هەیە رازی بین و ئەو كێشەیەی بوونی هەیە بزووتنەوەی گەلەكەمان بەوجۆرەی خۆمان چاوەروانیمان لێی هەیە ئەكتیڤ نییە و پێویستە كاری زیاتر لەو پێوەندییە دا بكرێ و لە حەقیقەتیش دا زویریێك لە نێوان كۆمەڵگا و حیزبە سیاسیەكان و بەشە جۆراوجۆرەكانی ناو بزووتنەوەكە لەگەڵ یەكدی دەبیندرێ. راستیەكی حاشا هەڵنەگرە كە حیزبەكان لە ئاستی چاوەروانیەكانی خەڵكدا نەبوونە و وەڵامی ویستی یەكریزی و یەكگرتوویی حیزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان لە لایەن خەڵكەوە تا ئێستا نەدراوەتەوە.
بە باوەری من هیچ هۆكارێكی دەرەكی ناكرێ ببێتە پاساو بۆ دروست بوونی ئەو هەل و مەرجە، بۆ نمونە نەمانی خەباتی چەكداریی ناكرێ ببێتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ بوونی لاوازیی. خەباتی چەكداریی هەرگیز وەكوو سەرەكی ترین شێوە و مێتۆدی خەبات پێناسەی بۆ نەكراوە و هەر بۆیەشە سروشتیە لابردنی بۆ كاتیش نابێ ببێتە هۆكاری كێشەیێكی جیددی. ئەوەی بۆ هۆكاری دروست بوونی ئاكامێكی نەگتیڤ لە دوای لابردنی ئەو شێوە خەباتە دەگەرێتەوە، هەلس و كەوت و سیاسەتی حیزب و رێكخراوەكانی كوردستانی ئێرانە. حیزب و سازمانە سیاسیەكان پێداگرییكی زۆریان هەیە بۆ راگرتنی ئەو وێنا و گریمانەیە لە لای خەڵك كە چەك و شێوەی خەبات ی چەكداریی تاكە رێگەی گەیشتن بە ئاواتەكانمانە و خودی رەوتە سیاسیەكان ئەو بۆچوونەیان بە هێز كردووە لە ناو جەماوەر كە نەمانی شریخەی چەك هاو واتای نەمانی بزووتنەوەیە . راستیەكی حاشا هەڵنەگرە كە حیزب و لایەنە سیاسیەكان لە دوای گیرسانەوەیان لە كوردستانی عێراق كەوتنە ناو هەل و مەرجێكی نوێ و بە حوكمی یاسا نێودەوڵەتیی و پاراستنی بەرژوەندییەكانی هەرێمی كوردستان كە مافی خۆشیانە قۆناغێكی نوێیان بە سەر دا زاڵ كرا بەڵام ئەوەی كە نەبیندرا خۆ ئامادەكردن و رێكخستن و تەیار كردنی كۆمەڵگا بۆ ئەو فۆناغە نوێیە بوو. حیزبەكان دەیانتوانی لەرێگەی جۆراوجۆر وزە و هێز و تواناكانی خەڵك كانالیزی شێوەیێكی تری خەبات بكەن و بۆ نمونە خەباتی مەدەنی بەهێز بكەن. هەر چەند لەو پێوەندییەش دا كار كراوە و خۆشبەختانە كۆمەڵگاكەمان لە پێوەندییەش خاوەن مێژوو و ئەزموونێكی باشە بەڵام ئەو حەقیقەتە لەناو سەرجەم توێژ و پێكهاتەكان جێی نەكردۆتەوە و ئەو قودسیەتەی بۆ خەباتی چەكداریی هەبوو هێشتاش دەبێندرێ كە وەك خاڵیكی لاوازیی دێتـە ئەژمار. هەڵبەت باس نەكردن لە خەبات ی چەكداریی لەبەرانبەر رژیمێكی سەرەرۆ و جینایەتكاری وەك رژیمی ئێران لە باشترین حاڵەت دا خۆ فریو دان و كڵاو خستنە سەر خۆیە و و ئەو راستیانەی سەرەوە بە مانای ئەوە نییە كە خەبات ی چەكداریی دەبێ بە یەكجاریی وەلابنرێ نەخیر بە هیچ شێوەیێك ئەوە دروست نییە ، پێویستە هێزی پێشمەرگە بە بەردەوامی راهێنانی پێ بكرێ و لە ئامادەیی دا بێ بەلام بۆ ئەو قۆناغە و تا هاتنی دەرفەتی شیاو پێویستە حیزب و لایەنە سیاسیەكان سەرقاڵی رەهەندەكانی تری خەبات بن و كۆمەڵگا بۆ ئەو بەشە بە شێوەیێكی جیددی ئامادە بكەن.
باسی رۆژهەڵات میحوەریش كە لە ئێستا دا باسی لێوە دەكرێ دەرئەنجامی ئەو فكرەییە كە پێی وایە بە نەمانی هێزی چەكدار لەناوخۆی كوردستان ئەو بۆشاییە دروست بووە كە بە باوەری من بۆچوونێكی هەڵەیە و ئەگەر بشمانهەوێ خەبات ی چەكداریی دەست پێ بكرێتەوە بە دڵنیاییەوە پێویستە چارەسەری شوێنی مانەوەی ئەو هێزە پێشمەرگەیەی كە رەوانەی ناوخۆ دەكرێت و پشتی جیبهە و ئیمكاناتی پێویستی بكرێتەوە و ناكرێ باوەرمان وابێ كە دەتوانین لە ناوخۆ ئەو جۆرە خەباتە بەرێوەببەین و كوردستانی عێراقیش بكەینە پشتی جبهەی خۆمان.
پێم وابێ خوش خەیاڵی نییە كە بوترێ دەكرێ لە هەر هەل و مەرجێك و قۆناغێكدا پێوەندیی قووڵی جەماەر و رەوتە سیاسیەكان بپارێزرێ و بزووتنەوەكە لە رێگەی هاوتەریب كردنی كۆمەڵگا و رەوتە سیاسیەكان بخرێتەوە سەر رێچكەی دروستی خۆی و بە جۆرێك كە هەم سازمان و حیزبە سیاسیەكان كاریگەریی دابنێن، لەسەر جەماوەر و هەم كۆمەڵگاش كاریگەریی و رێنوێنی و ویستی تایبەت بە خۆیان هەبێ و ئەو پێوەندییە ئورگانیكەیە كە زەرورەتەكەی لە ئێستێی جوڵانەوەكە یەكجار زۆر هەستی پێدەكرێ دەبێتە هۆی بەرهەمهاتنی كردەی كۆمەلایەتی و سیاسی و لەهەمان كاتیشدا پێویستی بە روحی تەبایی و یەكریزی گشتی بۆ ئاشتبوونەوەی نەتەوەیی لە كوردستانی ئێران هەیە. نابێ فەرامۆشی بكەین كە كۆمەڵگای ئێمە خاوەنی پوناسیلێكی باشی سیاسی و ئاستێكی بەرزی وشیاری نەتەوەییە و ئەو تایبەتمەندییە هەم دەتوانێ ببێتە مایەی خێر و بردنە پێشەوەی جوڵانەوە و هەم دەتوانێ ببێتە هەڕەشەیێك و ئەگەری بەلارێداچوونی ئەو هێز و توانایە.ئەوەی پێویستە لەسەر حیزب و لایەنە سیاسیەكان گەڕانەوە بۆ را و بۆچوونی كۆمەڵگا و بیستنی دەنگی ناوخۆ و بە دەمەوەهاتنی جەماوەرە تا بتواندرێ بە باشی لەو وزە و هێزە پڕ بایەخە لە پێناو بەرەوپێش بردنی جوڵانەوەی رزگاریخوازیی كەڵك وەربگیردرێ.
لە هەمان كاتیشدا پێویستە كۆمەڵگاش لەراست بەرپرسیارەتیەكانی دا بە مشوور بێ و ئەو كلتوورە نەشیاوە وەلابنێین كە بەداخەوە لەهێندێك شوێن كەم و زۆر خۆی خزاندۆتە ناو پرۆسەی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلەكەمان و كەم نین ئەوكەسانەی لەو پێوندییە دا هیچ ئەركێك تەنانەت ساكار ترین ئەرك و كارەكان هەر بۆ نمونە پاراستنی ژینگەی نیشتمان ، ناخەنە سەر ئەستۆی خۆیان و بەڵكو ئەگەر بۆیان بكرێ و بلوێ بۆ خۆدەرباز كردن و كەمكردنەوەی گلەیی و گازەندە لەسەر خۆیان هەوڵی رووخانی هەموو ئەودەسكەوتانە دەدەن كە بە زەحمەت و مەینەتی كەسانێك بونیاد نراوە و ئەو گشتە هەوڵ و ماندووبوونە دەكەنە هیچ و بە بێ سوودی دێننە ئەژمار تەنیا بە ئامانجی داپۆشینی خۆدزینەوە لەبەرپرسیارەتیەكانی خۆیان. هەڵبەت كە دوترێ خەباتی رزگاریخوازانە مەبەست تەنیا یەك شكڵ و چوارچێوەی دیاریكراو نییە بەڵكو ئەو خەباتە دەكرێ بە هەزاران رێچكە و رێباز ببرێتە پێشەوە و هەر كەسە لە جێی خۆی كاری بۆ بكات. گرینگ ئەوەیە كە لەراست ئەو ئامانجە پیرۆزە هەر تاكێكی كۆمەڵگا خۆی بەبەرپرسیار بزانێ و مشووری لێ بخوا و بە رێگەی جۆراوجۆر كار بۆ بردنە پێشەوەی قازانجەكانی ئەو نەتەوە و ئەو نیشتمانە بكات و بەمجۆرە هەموو تاكەكانی كۆمەڵ لەپێناو دەستەبەركردنی یەك ئامانج تێبكۆشن.
گەلی كورد یەك لەو گەلانەیە كە زۆرترین قوربانی داوە لەپێناو بەربەرەكانێی دەسەلاتی ئاخوندی و خاوەن پرسێكی سیاسی نەتەوەیی مەشروعە كە پرسی دەستەبەركردنی مافەكانی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران و وەدیهێنانی دیموكراسیە. بە باوەری من سەرەرای ئەوەی كە كوردستان چەندین هەنگاو لە پیش خەلكانی ترەوەیە، بەلام هێشتا ئەو ئامادەییە پێویستەی تێدا نییە كە بتوانێ لە وەدی هاتنی هەر دەرفەتێك لە راستای بەرژوەندییەكانی گەلەكەمان بە باشی هەنگاو بەرەوپێشەوە بنێ. گەورەترین زەرورەت و پێش مەرجی هەر ئامادەبوونێكی كورد ئەوەیە كە ناو ماڵی كورد یەك بخرێ و حیزب و لایەنەكانی كوردستان لە دەوری یەك كۆببنەوە و هاوكار و پشتیوانی یەكتر بن.
سازمانی خەبات وەك هێزێكی بەرپرسیاری جولانەوەی كورد لەراست ئەو بابەتە بێ مشوور نەبووە. هەم پێشوازی كردووە لە بانگەوازی لایەنەكانی دیكە بۆ هاوكاری و هەم خۆشی گەلاڵە و بەرنامەی بۆ وەدی هاتنی ئەو یەكگرتووییە بووە. ئێمە گەلاڵەیێكی ١٠ خالیمان خستە بەردەست هێز و لایەنە سیاسیەكان كە دەیتوانی ببێتە بەردی بناغەی یەكخستنەوەی ماڵی كورد بەلام بەداخەوە پێشوازێكی هەمە لایەنەی لێنەكرا.
پێویستە هەموومان بەرژوەندییە حیزبیەكان وەلانێین و بیر لە بەرژوەندییە گشتی و نەتەوەییەكانمان بكەینەوە. تەنیا بەم شێوەیە دەتواندرێ بوترێ هەنگاو بەرەووپێشەوە نراوە. زۆر جار لەچوارچێوەی چوار لایەن و ٣ لایەن و یان ٢ لایەن شاهیدی لێكنزیكبوونەوە و پێكەوە كار كردن بووین بەلام بەباوەری من هیچ كام لەو هەولانە كاریگەری و لەئاستی نیاز و پێویستیەكان دا نەبوون. تەنیا یەكگرتوویێك دەتوانێ واتادار بێ كە گشتگیر و نوێنەرانی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەكانی تێدا كۆببێتەوە.
بەم شێوەیە دەتوانین سەرەتایێكی نوێی پڕ لە دەسكەوت دەست پێبكەین. هەر چەند ئەو قۆناغەی لەئاكامی ئەو پێوەندییە دروست دەبێ سەرەتای هەنگاوەكانمان دەبێ و پێویستە لەدوای ئەو ئالوگۆرە ئەرێنیە بیر لە بەرفراوان كردنی ئەو یەكێتیە لەگەڵ باقی گەلانی ئێران بكەینەوە و یەكێتیەكی بەرفراوانی رووخان میحوەر لە ئاستی ئێران دا پێك بێنین و بە دڵنیاییەوە وەدیهاتنی ئاڵوگۆری قووڵ و بنەڕەتی لە پاش ئەو ئامادەكارییانە دەبێتە رۆژەڤ و باسی هەرە گرینگی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و كوردستانی.
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران
بەرێوەبەری گشتی
بابەشێخ حوسێنی