بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی كۆچی مامۆستا شێخ عیزەدین پەیامێكی پێش كەش كرد. بەرێوەبەری گشتی سازمان لە سەرەتای پەیامەكەی دا ئاماژەی بەوە كرد كە ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانیە، رێز لە مامۆستا شێخ عیزەدین و سەروەرییەكانی بگیردرێت و هەر لەو پێوەندییەدا ئێمە سازمانی خەبات وەك وەفایێك رێز لەناو و كەسایەتی مامۆستا شێخ عیزەدین و خەباتی چەندین ساڵەی لە پێناو ئازادی دا دەگرێن.
بەرێز كاك بابەشێخ حسینی لە ووتەكانی دا ویرای دابەش كردنی ژیانی مامۆستا بۆ سەر سێ قۆناغ ئاماژەی بە دەسپێكی ژیانی گەنجیەتی مامۆستا كرد كە لەتەمەنی 16 ساڵیەوە بە هۆی كۆچی دوایی باوكی ئەركی سەرپەرشتی خانەوادەكەی دەكەوێتە ئەستۆی و لە گەڵ ئەو بەرپرسایەتیشی درێژە بە خوێندن دەدات.یەكێك لە شانازییەكانی ژیانی مامۆستا ئەوەیە كە وێرای هەموو سەختی و دژوارییەكانی ژیانی دەتوانێ خوێندن تەواو بكات و ببێتە یەكێك لە عاڵمە گەورەكانی دینی و یەكێك لە رێبەرە هەرە مەزنەكانی گەلەكەمان لە كوردستانی ئێران. بەرێز كاك بابەشێخ حسێنی لەدرێژەی قسەكانی دا باسی لە ئەندامەتی مامۆستا شێخ عیزەدین لە كۆمەڵەی ژێكاف كرد و ئەو قۆناغەی وەك دەسپێكی كاری سیاسی و نەتەوەیی مامۆستا ناساند و ووتی: ئەو دەورانەی مامۆستا شێخ عیزەدین ئەندامی كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد بووە توانیویەتی بەشێوەیكی پاك و سادقانە هەڵسوورانی سیاسی هەبێ و لە هاندانی كەسانی شۆڕشگێر و دڵسۆز بۆ ناو كۆمەڵە دەوری زۆر كاریگەری گێراوە.
بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی كوردستان لەبەشێكی تر لە ووتەكانیدا، ئاماژەی بە دەور و پێگەی مامۆستا شێخ عیزەدین لە سەردەمی پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لەدژی رژیمی پاشایەتی و دوای ئەو قۆناغە كرد و ووتی: مامۆستا بە هۆی كەسایەتی بەرزی شۆڕشگێرانە و جێگەی متمانەی لەناو خەڵك توانی وەك رێبەرێكی پێشرەو سەركردایەتی شۆڕشی خەڵكی وەزاڵەهاتووی كوردستان بكات و ئەو كەسایەتیە مەزنەی تەنانەت لە لایەن رژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئاخوندیش حاشای لێنەدەكرا لەدوایین دانیشتنی هەیئەتی نوێنەرایەتی كورد بە رێبەرایەتی مامۆستا شێخ عیزەدین لەگەڵ خومەینی مامۆستا زۆر بە بڕشتانە و بوێرییەوە پێداگریی لەسەر مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان دەكات و لەكاتیكدا كە خومەینی داوای ئەمنیەتی كوردستانی لێدەكات مامۆستا شێخ عیزەدینیش داوای مافی خەڵكی كوردستانی لێدەكات. لەپاش ئەوەی كە دەردەكەوێ خومەینی مافی گەلی كورد نادا رێگەی مقاومەتی هەڵبژارد و لەسەر خەبات بۆ گەیشتن بە مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان بەردەوام بوو و تا دوا ساتەكانی ژیانی دڵسۆز و خەمخۆری كوردستان بوو.
بەرێز كاك بابەشێخ حسێنی سەبارەت بە هەڵویستی مامۆستا لەسەر هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان ئاماژەی بەو راستیە كرد كە هەموو هەولێكی مامۆستا شێخ عیزەدین ئەوە بووە كە هاوسەنگیەك لەنێوان حیزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دروست بكات بە بێ جیاوازیی و پاڵپشت و پشتیوانی جوڵانەوەی گەلی كورد بە گشتی بێ. سەرەرای ئەو تایبەتمەندیەش بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەی كە سازمانی خەبات هەڵقوڵاوی دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین بووە و زۆربەی رێبەران و ئەندامانی سازمانی خەبات ئەندام و هەڵسووراوی دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین بوونە، هەستێكی نزیكایەتی زیاتر لەنێوان مامۆستا شێخ عیزەدین و سازمانی خەبات هەبوو و ئێمە هەرگیز بەخشندەیی و گەورەیی مامۆستا لەراست سازمانی خەبات چ لە رێگەی رێنوینی و راسپاردە و دڵسۆزییەكانی و چ لەرێگەكانی دیكە لەبیر ناكەین و رێز گرتن لەو رێبەرە نەتەوەییەی كە هەموو ژیانی لەپێناو خزمەت بە گەلی كورد دانا بە ئەركی سەرشانی هەموو تاكێكی كورد دەزانین.
لەپاش پێش كەش كردنی پەیامی بەرێز بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات شیعرێك بە بۆنەی چوارەمین سالیادی كۆچی دوایی مامۆستا شێخ عیزەدین لەلایەن خاتوو سەحەر قاسم زادە پێ كەش كرا. پاشان پەیامی هاوبەشی رێكخراوی ئافرەتانی و رێكخراوی لاوانی خەبات ی كوردستانی ئێران لە لایەن بەرێز كاك سارۆ حسێنی ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری رێكخراوی لاوان پێش كەش كرا. دوایین بڕگەی رێورەسمەكە كورتە فیلمێك لەسەر ژیانی سیاسی و شۆڕشگێرانەی مامۆستا شێخ عیزەدین بوو كە لە لایەن رێكخراوی لاوانی خەبات و بەشی راگەیاندنی سازمانی خەبات دروست كرابوو پێشكەش بە ئامادە بووان كرا.