رۆژی قودس و ریاكاریەكانی خامنەیی!

عەلی بەهرامی

 بەناوی پشتیوانی لە پرسی فەلستین،  دژایەتی دەوڵەتی ئیسراییل و بەتایبەت دژایەتی جەژنی ئورشەلیم، ساڵێك لە دوای سەركەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران خومەینی و هاوفكرەكانی ئاخرین رۆژی هەینی مانگی رەمەزانیان وەكوو رۆژی قودس دیاری كرد. رژیمی ئاخوندی  بە زەق كردنەوەی رۆژی قودس و بەكارهێنانی دروشمی دژە ئیسراییلی، مەبەستی بوو بە حیسابی خۆیان دەسەڵاتی ئیسراییل بە فەرمی نەناسن و دەوڵەتی جووەكان لەناوبەرن، لەلایەكی دیكە سۆزی وەڵاتانی عەرەبی و بە گشتی موسڵمانان بۆ خۆی راكێشێ. هەروەها ئەو دەسەڵاتە هەوڵی ئەوەی دەدا خۆی بكاتە دەمراستی پرسی وەڵاتانی ئیسلامی و لە پاڵ ئەوانەدا كار لەسەر دامەزرانی دەسەڵاتێك لەسەر بنەمای بیری ئاخوندان لە ناوچەكە و یەكدەست كردنی شیعەكان و باڵادەست كردنیان بدات. لە دوای 42 ساڵ لە دیاری كردنی رۆژی قودس، هەڵسەنگاندنێك بۆ ئاخرین رۆژی هەینی رەمەزانی ئەو ساڵ و بۆنەی قودس و لە هەمووی گرینگتر وتارەكەی خامنەیی پێویستە و ئەوەی تۆزێك بەدواداچوون بۆ رووداوەكانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست بكات چەند خاڵی بە روونی بۆ دەردەكەوێ كە: رژیمی ئاخوندی وێڕای ئەوەی 42 ساڵە بەناو كار بۆ پشتیوانی لە فەلستینیەكان دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش گروپ و تاقمی چەكداری جیاجیای لە فەلستین دروست كردووە و  پشتیوانی لێ كردوون. ئەگەر چی رژیم توانیویەتی بە دروست كردنی تاقم و دەستەی جیاجیا لە فەلستین دەوری لەو ناوچەدا هەبێ، بەڵام لە كەس شاراوە نیە دەوری رژیم لە فەلستین دا نێگاتیو بووەو رێگر بووە لە ئاشتی و ئارامی لە نیشتمانی فەلستینیەكان و بووەتە هۆی دابەش بوونی توانای فەلستینیەكان و لە دەست دانی هەل و دەرفەتەكان.  كەوایە پشتیوانیەكانی رژیم لە فەلستین نەك قازانجی نەگەیاندووە بەڵكوو پرسی فەلستینیەكانی ئاڵۆزتر و چارەنووسی خەڵكی ئەو وەڵاتەی لێڵ و ناروونتر كردووە، هاوكات داهاتو سەرمایەی خەڵكی ئێران كە بۆ گروپە فەلستینیەكان خەرج كراوە، بووەتە هیچ و بە فیرۆچووە.

رژیم لە بازنەیەكی بەرینتردا هەوڵی دا بە دروست كردنی تاقم و گروپی تیرۆریستی دژایەتی ئیسراییل لە سنوورێكدا قەتیس نەمێنێتەوە و بۆ ئەو مەبەستە سوپای قودسی دروست كرد و لەو رێگەشەوە یارمەتی گەیاندووە بە حیزبوڵا و بەشێوەی جیاجیا دەستێوەردانی لە وەڵاتانی ناوچەكەدا دەست پێكردوە. ئەو رژیمە ئەگەر چی كۆمەڵێك هەنگاوی لە رێگەی حیزبوڵا و گروپەكانی هاوشێوەی ناوە بەڵام زیانی گەورەی بە لوبنان و ژێرخانی ئابووری ئەو وەڵاتە گەیاندوە، هەروەها بە سەرمایەی خەڵكی ئێران ئەو جەنگانەی هەڵدەگیرسان و وێرانیەكانی باشووری لوبنانی قەرەبوو دەكردەوە. ئەو رژیمە كاری زۆری كردووە لەسەر كۆدەنگی وەڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی بۆ دژایەتی ئیسراییل و ئامادەبووە خەرج و هەزینەی زۆر بۆ ئەو بابەتە بكات. بەڵام رژیمی ئاخوندی هیچ كات نەیاتوانیوە ببێتە جێی متمانەی وەڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی.

 ئەو وەڵاتانە هەر زوو لە نیەت و ناوەرۆكی پیلانەكانی رژیمی ئاخوندی تێگەیشتن. هەر بۆیە رژیم نەیتوانیوە پێوەندیەكی دۆستانەی لەگەڵ وەڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی هەبێ. ئەوەی وەڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لەو رژیمە نیگەران كردووە، دەستێوەردان لە وەڵاتەكانیان، دروست كردنی دەستەو تاقمی نزیك بە خۆی، نانەوەی ئاژاوە بۆ پەرەپێدانی بیری ئاخوندی و سازكردنی دەسڵاتێك لە ناوچەكەدا لەسەر بنەمای بیر و هزری بۆگەنیوی ئاخوندان. ئەوەی لە 42  ساڵەی رۆژی قودس دا زۆر جێی سەرنج بوو ئەوە بوو كە ئەو رۆژە لەلایەن خەڵكی ئێرانەوە پێشوازی لێ نەكرا، رژیم بە هەموو ناوەند و ئورگانە تایبەتەكانی نەیتوانی ئەوندە خەڵك بێنێـتە سەر شەقامەكان كە لە تەلەفزیۆنەكانی نیشانی بدات.

 ئەگەر چی رژیم رایگەیاند  لەبەر شەپۆلی چوارەمی كرۆنا رۆژی قودس بەرێوەنەچووە. بەڵام هەموومان ئەو راستیە دەزانین رژیم نەك بۆ نەخۆشی كرۆنا هیچ هەنگاوێكی نەناوە، بەڵكوو خامنەیی كرینی واكسینی كرۆنای بۆ ئێران قەدەغە كرد و هەموو بۆنەكان بەتایبەت ناشتنی كوژراوەكانیان (قاسم سلێمانی و موحسینی فەخریزادە) بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری خەڵك بەرێوەبردووە. لەلایەكی دیكە وتارەكەی ئاخوند خامنەیی وەلی فەقیهی رژیم بۆ رۆژی قودس بوو كە دەكرێ بەتایبەتی پەنجە لەسەر چەند خاڵی داندرێ ئەویش بریتین لە: خامنەیی لە پەیامەكەیدا بۆ رۆژی قودس پێش هەمووی هەوڵی دا وەڵامی تۆمارە دەنگیەكەی زەریف و رەخنەكانی بداتەوە كە ناوبراو رەخنەی زۆری گرتبوو لە كاركردی قاسمی سلێمانی و كاركردی سیاسی رژیمەكەی لە ناوچەكەدا كە بەناوی (مەیدان) هێنابوویە گۆڕێ.

 ناوبراو بە پێچەوانەوە كاركردی قاسم سلێمانی و تاقمەكانی نزیك لە رژیمی بە گرینگ زانی. خامنەیی جارێكی دیكە و بگرە توندتریش پێداگری لەسەر دژایەتی ئیسراییل و لەناوچوونی ئەو وەڵاتە كردوە. ناوبراو هەروەها كۆمەڵێك دەستەواژەی پێشووی وەكوو داگیركاری ئیسراییل، ناوەرۆكی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسراییل، لەناوچوونی حەتمی فەرهەنگ و تەمەدونی رۆژئاوا، گۆرانی هێز بە قازانجی جیهانی ئیسلام، بەردەوامی مقاومەت و پێشنیاری بەرێوەچوونی ریفراندۆم و گشتپرسی لە ناوچەكانی فەلستین، كردەوە. رێبەری رژیمی ئاخوندی هەروەها پێداگری لەسەر ئەوە كردووە كە رژیمەكەی بۆ پاراستن و بەهێزكردنی گروپە سەربازی و فكریەكان لە چوارچێوەی (مقاومەتی ئیسلامی) لە ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی ئیسلامی دا كردووە. هەروەها پێداگری لەسەر خەباتی نەپساوە لەگەڵ ئیسراییل و رەت كردنەوەی پێشنیاری ئاشتی لەسەر ئەساسی دوو دەوڵەت و هەروەها دژایەتی وەڵاتی ئیسراییل كردەوە. خامنەیی لە كاتێكدا پێداگری لەسەر دژایەتی ئیسراییل و بەردەوامی گروپە سەربازی و فكریەكانی سەر بەو رژیمە دژ بە ئیسراییل دەكاتەوە، كە لە ناوچەكەدا تووشی كێشەیەكی گەورە بووەتەوە و رۆژانە لە وەڵاتی سوریە هێزەكانی لەلایەن ئیسراییلەوە دەكرێنە ئامانج و رژیمەكەیشی نەك نەیتوانیوە وەڵامی هێرشەكانی ئیسراییل بداتەوە، بەڵكوو لە باس كردن و ئاشكرا كردنی زیانەكانیشی خۆی بواردووە. لەلایەكی دیكە رژیمی ئاخوندی لە چوار دەیەی رابردوودا بە قەد ئێستا گۆشەگیر و لە پەراوێزدا نەبووە، وەڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی لە چوارچێوەی پەیمانی ئیبراهیم یەك لە دوای یەك پەیمان و دۆستایەتی لەگەڵ ئیسراییل دەبەستن و ئیسراییلیش تا دێ زیاتر و زیاتر هێژموونی و دەستكراوەیی لە ناوچەكەدا زیاد دەكا. خامنەیی لە كاتێكدا باس لە ریفراندۆم بۆ فەلستینیەكان دەكات كە لە ماوەی زیاتر لە 32 ساڵی دەسەڵاتداریەكەیدا رێگەی بە هیچ جۆرە گشتپرسی و ریفراندۆمێك لە ئێران نەداوەو  هەر جۆرە داوایەكی خەڵكی ئێرانیشی بە ئاگر و ئاسن وەڵام داوەتەوە. وەلی فەقیهی رژیم لە كاتێكدا فرمێسكی تیمساح  بۆ فەلستینیەكان دەرێژێ كە رۆژانە خەڵكی ئێران لەلایەن دەسەڵاتەكەیەوە دەچەوسێندرێنەوە و خەڵكی ئەو وەڵاتەی تووشی دەیان كێشە و قەیرانی كۆمەڵایەتی و ئابووری كردووە.

 رۆژی قودس و پرسی فەلستین بوونەتە دەستەچیلەیەك بۆ رژیمی ئاخوندی كە بتوانن پیلانی نامرۆڤانەی خۆیان لە خۆرهەڵاتی ناوەراست بەرێوەبەرن. لە هەر وەڵاتێك رژیم و تاقم و گروپەكانی نفوزیان كردبێ تووشی بشێویی و ئاڵۆزی بووەو خەڵكێكی زۆر بوونەتە قوربانی. خەڵكی ئێرانیش كە رژیمەكەی خامنەیی داهاتوو و سەرمایەكانیان بۆ كاری گێرەشێوێنی و ئاژاوەگێڕی لە وەڵاتان و بەناو دژایەتی ئیسراییل خەرج دەكات، رۆژ لە دوای رۆژ برسیتر و هەژارتر دەبن و دەسەڵاتی ئاخوندانیش ئامادەنین هیچ هەنگاوێك بۆ چارەسەری دۆخی خەڵك هەڵگرن، هەر بۆیە بوونی رۆژی قودس و قسەكانی خامنەیی ریاكاریەكی روون و ئاشكرایە و لە پرسی فەلستین دا ئاخوندان خەنەیان رنگی نەماوەو پیلانەكانیان بۆ ئێرانیەكان و خەڵكی ناوچەكەش روون بووەتەوە.

ڕێکه‌وت: 2021-05-09 20:20:52
به‌شی: ( ڕامیاری )
عه‌لی به‌هرامی



TAGS/ رۆژی,قودس,و,ریاكاریەكانی,خامنەیی
TITLE/رۆژی قودس و ریاكاریەكانی خامنەیی


خوێنه‌ران له کاتی گه‌ران بۆ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ توانیویانه‌ ئه‌و نووسینه بدۆزنه‌وه‌

رۆژی ** قودس ** رۆژی قودس ** و ** رۆژی و ** قودس و ** رۆژی قودس و ** ریاكاریەكانی ** رۆژی ریاكاریەكانی ** قودس ریاكاریەكانی ** رۆژی قودس ریاكاریەكانی ** و ریاكاریەكانی ** رۆژی و ریاكاریەكانی ** قودس و ریاكاریەكانی ** رۆژی قودس و ریاكاریەكانی ** خامنەیی ** رۆژی خامنەیی ** قودس خامنەیی ** رۆژی قودس خامنەیی ** و خامنەیی ** رۆژی و خامنەیی ** قودس و خامنەیی ** رۆژی قودس و خامنەیی ** ریاكاریەكانی خامنەیی ** رۆژی ریاكاریەكانی خامنەیی ** قودس ریاكاریەكانی خامنەیی ** رۆژی قودس ریاكاریەكانی خامنەیی ** و ریاكاریەكانی خامنەیی ** رۆژی و ریاكاریەكانی خامنەیی ** قودس و ریاكاریەكانی خامنەیی ** رۆژی قودس و ریاكاریەكانی خامنەیی **