یادی سەروەران


سەروەرانی گەل شەهیدان جەلال سلێمانی و جەلال فاتمی

بەهاری زەنوێرو جێژنی بولبولی دەم بە بلوێر هات.
بەهار دیمەنی زەوی دەڕەنگێنێ، بولبولیش لەسەر تۆڵی نەرم خۆ ڕادەژێنێ، بە بەهارو ئەو دیمەنە ڕەنگینە هەڵدەخوێنێ، بە گوڵانەوە دەگەڕێ، هەرساتە لە هەوایەك دەخوێنێ و بە هەوایەك هەڵدەپەڕێ. كوێ خۆش بوو، دڵی لێی خۆش بوو لێی دەمێنێتەوە، چ لاپەڕەیەكی لە دیمەنی پێ جوان بوو دەیخوێنێتەوە، لەسەر لێوی جۆ باران بە سەر نەخشینی و كلكی ڕەنگینی ئەڵا جوقێنێ دەكات. بە دەسماڵی كلكی ئاوەنگی ڕومەتی گوڵان دەسڕێ و بە دندوكی بچووكی بۆ غونچەی ساوا پس پس دەكاو بزەی دێنێ. ئەو ئەویندارە بەڵام بە ئاوازو ساز ئەویندارە، دڵ بریندارە تا كوێستان گوڵی ما، لە وێیەوە كە زریانی پاییز، وشووی لێ كرد خۆ ناگرێ، لە گەڵاڕێزان دەترسێ و پێی وایە هەموو زەرد و ڕەنگاو ڕەنگێك دەوەرێ. نە لەسەر تەرمی وەریوی گوڵ دەوێستێ و نە لە پرسەی بنەماڵەی پێنج گوڵدا هاوبەشەو نەپەژارە دایدەگرێ ونە ئاگری دووری گوڵ لە دڵی دەگرێ، تا گوڵ هەیە بولبول هەیە، كە گوڵ هەڵوەری ئەویش لەگەڵ مەلان دەبێتە كۆچەر و دەڕواو ئاوڕ ناداتەوە، یاری كۆن و شیعر و ئاوازی لە بیر دەباتەوە. بولبول ئەویندارە، تا بەهارەو گوڵ دیارە نە دڵی داخ بووە بە ئەوین ونە لە مەرگی یاریدا دەكەوێتە شین. نە بۆی لە قوڕ دەنیشێ و نە پەژارەی دووری دەكێشێ. ئەوینداری بە ڕاستی پێشمەرگەی كوردستانن كە وەك پەروانە خۆ لە دەوری كوردستان دەگێڕن. بە باوەڕی شۆڕشی كوردستان دەسووتێن و دادەمرن، پەپولەی گیان لە سەردەست و بولبولی دەم بە سروود و هەڵبەست و هەڵۆی بە سام وسەربەستن. پارێزەری نیشتمانن و بە گیانیان ئەوینداری گوڵ نین ئەوینداری نیشتمانن بە دیار نیشتمانەوە هەن تا بە یەكجار سەر دەنێنەوە. یاری وان گوڵزاری كوردستان نییە، كوردستان یاری وانە، نە بەهار شیرینتری دەكاو نە بە پاییزو زستان بە چاو دەبێزرێ. ئەو كوردستانە یاری بە ئەمەكی كوردەواریە كە بە كوردستان هەڵدەخوێنن و سەری لە پێناو دادەنێن. شلكە لاوی كورد كە باڵای نەو نەمامیان لە نەمامی باغی ساوا نامێنێتەوەو چاوی گەشیان نێرگی ڕەش دەبەزێنێ. باڵای خۆیان لە مەیدانەكانی خەباتدا ڕادەنێن، تا نەمامێكی كوردستان لار نەبێتەوە. نێرگسی چاویان بۆ هەتا هەتایە لێك دەنێن كە نێرگسی كوێستانی كوردستان نە شفڕێ، سینەیان دەكەنە پاردە لە بەرانبەر داگیركەرانی نامەرددا، لەشی بە خوێن شەڵاڵیان لە بن بەرد، بەردی كوردستان دەكەوێ و خوێناوی تێكەڵ بە گوڵاوی ئاوی لەشیان، داری ئازادی پاراو دەكا، لەگەڵ لای لایە بەگوێ دادەدرێ. بولبولی سرودن و پەروانەی فیداكارین و هەڵۆی پارێزگارین و وردو درشتیان كێوی خەباتن و لوتكەی بەرزی ئاواتن. ڕیزەكانی خەباتی كوردەواری، پڕن داوخوازی مێرمنداڵ كە دڵیان پڕە لە هەستی نیشتمان پەروەری، تیغی دەبانن و خۆ لە كالان دا ڕاناگرن. كاروانی شەهیدانی خەبات ڕازاوەیە، بە شلكە لاوی لە خۆ بردوو كە بە حەماسەیان ماندوان دەحەسێنەوە و تەزیوان دەبوژێنەوەو بەزیوان هەڵدەبڕنەوە. لەوانە باسی دوو شلكە لاوی كوردستان و دوو پاڵەوانی مەیدانی خەبات دەكەین، كە بە دڵی گەرمی پڕ لە حەماسە و هەستی شۆڕشگێریەوە هاتنە ناوڕیزی خەباتی خوێناویەوەو بە كۆڵێك ئاواتی ڕزگاری گەل و ئازادی كوردستان سەربەستی و سەربەخۆییەوە، ڕێبازی خەبات و موبارزەیان گرتەبەر، ئەو دوو لاوە كە هاو ناوو هاو باوەڕبوون و دڵیان بە یەك دەكراوە، دەروازەی شەهادەتیان بە یەكەوە لێ كراوە. شەهید جەلال سلێمانی كوڕی حەمە ڕەسوڵ، لە دێی میراوای ژورو لە ناوچەی بانە لە دایك بوو، دوو ساڵە بوو كە باوكی ڕەنجدەری چاوی بە یەكجاری لێكناو چوار كوڕی لە دوا بەجێما، كە شەهید جەلال سێهەمیان بوو. مامەكانی داژداریان كردن. شەهید جەلال لە شەش ساڵیدا چووە قوتابخانەوە تا دەورەی ڕاهنمایی درێژەی بە خوێندن دا، لە پاشان هێندێ هەل و مەرج بەری لە درێژەدانی بە خوێندن گرت. لە یەكەمی ڕەشەممەی (1364)هاتە ناو ڕیزەكانی سازمانی خەباتەوە. دوای ڕاهێنان و بارهێنان نێردرایە ناو لقی شەهیدانی ساوان، سەر بە مەڵبەندی یەک.
شەهید جەلای فاتمی : كوڕی شەریف، لە دێی سونجی ناوچەی بانە لە دایك بوو. لە شەش ساڵیدا چووە قوتابخانەو سەرەتای خوێند، پاشان لە (5)ی خەزەڵوەری (1364)دا هاتە ناو ڕیزەكانی سازمانەوە. دوای ئەنجامدانی دەورەی فێرگە، نێردرایە ناو لقی(شەهیدانی ساوان)سەر بەمەڵبەندی یەک. لە شەڕی قەبەغڵوی سەقز وسیوچی بانە لە ساڵی (1365)ی هەتاوی دا زۆر قارەمانانە بەشداری كرد وا كە بەتەواوی خۆی دیاری كرد. تا ئەو جوتە لاوە كە هیواو هومێدی هەڤاڵان بوون.لە شەوی 5ی پوشپەڕی (1365)لە مزگەوتی (زەربەنێ)ی ناوچەی بانە بە گوللەی ناپاكانی خۆفرۆش لە میحرابی مزگەوتەكەدا بەجووت پێكران وگیانی پاكیان بۆكۆڕی شەهیدانی سوور خەڵاتی كوردستان فڕی وتەرمی پیرۆزیان لەگەڵ،گۆڕی شەهید تەها سوور و شەهید كەریم زەربەنێ و شەهید هەڵمەت و شەهید نوریان ئاوەدان كردووە و لایوان لە گۆڕستانی زەربەنێ نێژران.

هەزاران سلاو لە گۆڕی رووناك وگیانی پاكیان بێ ورێیان كوێر نەبێتەوە
(مامۆستا پەژار)

ڕێکه‌وت: 2022-06-26 07:22:32
به‌شی: ( شه‌هیدان )



TAGS/ یادی,سەروەران
TITLE/یادی سەروەران


خوێنه‌ران له کاتی گه‌ران بۆ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ توانیویانه‌ ئه‌و نووسینه بدۆزنه‌وه‌

یادی ** سەروەران ** یادی سەروەران **