یادی سەروەران



یادی سەروەری گەل شەهید عابید فەیزیان









هەموو ئاكارێكی گەلی كوردی بەشخوراوی خاك دابەشكراو، هەموو ئاكارێك لە شۆڕشی كوردستانی ئێران نیشانەی لێبڕان و پاكی و كوردایەتیەكی بێخەوشە. چەند ورد دەبینەوە لە ڕیزی شۆڕشەكەماندا و لە كردەوەی شۆڕشگێڕەكانمان، سەرمان سوور دەمێنێ لەو هەموو دڵسۆزییەی شۆڕشگێڕ و خەڵكی شۆڕش ڕاگرەكان لە كوردستانی كوێستاندا، هەر لەو كاتەشدا خەریكی شایی مەرگین لە خۆشیان، شكور بۆ خوا ئێمە لە كوردستانی كوێستاندا، واین كە كوردایەتی بۆ كوردایەتی، واتە خەبات بۆ ڕزگار بوونی گەلی كورد لە ستەمی بێگانەی چەوسێنەر دەكەین نەك بۆ دەسەڵات، نەك بۆ ڕازیكردنی لایەك لە داگیركەرانی كوردستان، كوردایەتیمان دەست پێكرد بۆ سەربەرزی گەلی كورد. بڕوانە پیری شەست ساڵەو حەفتا ساڵە لە ڕیزی پێشمەرگە گیان لەسەر دەستكاندایە. بڕوانە لاوی شانزە ساڵە كە وەك بروسكە دێن و دەچن لە شاخ و كێوی كوردستان تیغی دەبانن و لە كالاندا خۆ ناگرن، بە كەس دانامركێن. شۆڕش هی تێكڕای خەڵكی كوردستانە. جا بڕوانە لە لایەكی ترەوە پیرە دایكان دەبینن دێن و دەچن بە دەوری پێشمەرگەی نازداری بێ نازدا، كە نازی شۆڕشی كوردستانیان بڕی، نازی دایكی بە ئیمان خستووە، بە قوربانیان دەبن و لە دەوریان دەگەڕێن، ها وەرە بڕوانە ڕیزی خەباتی خوێناوی، دەبینی شلكە لاوی بە ئیمان و بە بڕوا چۆن بوونە حەماسەی شۆڕش، بوونە بەرامی هێرش نوخشەی داهاتی خەباتن، نوخشەی خێر و هاتن، وەرە بڕوانە جا دڵ پڕكە لە بڕوا بە سەركەوتن، وەك ڕۆڵەی شیرینی كوردستان، هەر چەند بە تەمەن منداڵ و كاڵن، بەڵام بە سام و هەڵمەت ڕوستەمی زاڵن.... جا وەرە بۆ وێنە دەست بەرین یەكێك، لە خونچە تازە پشكوتووەكانی باخچە ساواكەی سازمانی خەبات، بە هێواشی و بێلێكردنەوە ڕایكێشینە بەر دەمی خۆمان، پەیمانی خەبات تازەكەینەوە كە تا ماویین خۆنەفرۆشین و بە گەزە جاوی ناپیاوی دانە پۆشین. كێیە ئەو گوڵە نەپشكوتووەی كە ئەمڕۆ گوڵی مەجلیسانە؟ ئەو كاك عابید فەیزیانە، پێشمەرگەكانی هێزی شەهید سەید خەلیل ڕۆژی 14/پوشپەڕی/1363بە مەبەستی گرتنی مۆڵگەی پاسدارەكانی خومەینی لە پشتی (دێی سیچان) لە چوار كیلۆمەتری شاری بانە، بە یادی شەهید عەلی مەلایی وەڕێ كەوتن كاك عابید فەیزیان یەكێك بوو لە داوخوازانی بەشداری لەوكارە شۆڕشگێڕانەدا. پێشمەرگەكان بە پێی بەرنامەیەكی ڕێك و پێك دوای یەك سەعات شەڕ، وەك با دەهاتنە سەر مۆڵگەی دوژمن و گرتیان، لەو هێرشەدا تەنیا زیانی پێشمەرگە، ئەو لاوە بە جەرگە، ئەو بێچووە شێرە بوو، كە بە گوللەی دوژمنانی كوردستان خوێنی پاكی بوو بە سەنەدێكی تر، لەسەر سەدان هەزار پەسەندی ڕەوای شۆڕشەكەمان.









شەهید عابید فەیزیان كوڕی سۆفی عەبدوڵا لە ساڵی 1346 دا لە شاری بانە لە بنەماڵەیەكی كاسب لە دایك بوو، تا پێنجی سەرەتایی خوێند، لەبەر شۆڕشی خەڵكی ئێران، پاشان شەڕی دا سەپاوی كوردستان بۆی نەكرا درێژە بە خوێندنەكەی بدات. لە ساڵی 1360 كە بینی كوردستانی خۆشەویست دەسووتێ و دەبرژێ بە ئاگری دوژمنانی قین لە دڵ و گەلی كورد بێ بەزەییانە كوشتار دەكرێ، هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگەكانی سازمانی خەباتەوە و دوای ماوەیەكی ڕاهێنان و بارهێنان چووە ناو هێزەوە، زۆر بە ئەمانەت و دروستكاری، كاری پێشمەرگایەتی بە ئەنجام دەگەیاند. شەهید عابید لە زۆربەی شەڕەكاندا بەشداری كرد تا لە ڕۆژی 14/4/1364 لە گرتنی پایەگای پاسدارندا، بە پلەی شەهیدانی كوردستان گەیشت. هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهید عابید و شەهیدان بێت






 
 
ڕێکه‌وت: 2022-07-05 08:00:21
به‌شی: ( شه‌هیدان )



TAGS/ یادی,سەروەران
TITLE/یادی سەروەران


خوێنه‌ران له کاتی گه‌ران بۆ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ توانیویانه‌ ئه‌و نووسینه بدۆزنه‌وه‌

یادی ** سەروەران ** یادی سەروەران **