جمعه 

2 سپتامبر 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

کورته‌ییک له‌ داستانی‌ شه‌‌ڕی‌ جێژنی‌ قوربان

کورته‌ییک له‌ داستانی‌ شه‌‌ڕی‌ جێژنی‌ قوربان
بابه‌ شێخ حسینی‌

کورته‌ییک له‌ داستانی‌ شه‌‌ڕی‌ جێژنی‌ قوربان، یا شه‌‌ڕی‌ 10ی‌ خه‌زه‌ڵوه‌ری‌ 1358ی‌ کۆچی‌ خۆری‌ له‌ شاری‌ بانه‌
ماوه‌یێک پێش ئێستا، برای‌ به‌‌ڕێز کاک ڕێبوار حسینی‌، بابه‌تێکی‌ له‌ژێر ناوی‌ با(ڕاستیه‌کان نه‌شێوێنین) نووسیوه‌ و له‌ سایتی‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵات و خه‌بات مێدیا بڵاوی

کرده‌وه‌. دیاره‌ کاک ڕێبوار به‌شێکی‌ سه‌ره‌کی‌ بابه‌ته‌که‌ی‌ له‌سه‌ر کتێبی‌ بیره‌وه‌ریه‌کانی‌ دوکتور خه‌لیقی‌، و بێ حورمه‌تی‌ کردنی‌ ناوبراو به‌ خه‌ڵکی‌ به‌شه‌ره‌فی‌ ناوچه‌ی‌ بانه‌ نووسیوه‌و هه‌ر بۆ به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی‌ قسه‌کانی‌ دوکتور خه‌لیقی‌ باسی‌ شه‌‌ڕی‌ 10ی‌ خه‌زه‌ڵوه‌ر و قاره‌مانی‌ پێشمه‌رگه‌کانی‌ ده‌فته‌ری‌ مامۆستا (سازمانی‌ خه‌باتی‌ کوردستانی‌ ئێرانی‌) له‌وجه‌نگه‌ که‌م وێنه‌دا کردوه‌.
دوای‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌که‌ی‌ کاک ڕێبوار به‌پێویستم زانی‌ وه‌ک پێشمه‌رگه‌ییک که‌ ڕاسته‌وخۆ و له‌ نزیکه‌وه‌ شاهیدی‌ شه‌‌ڕی‌ سه‌رپردی‌ بانه‌و له‌ناوبردنی‌ گاردی‌ جاویدان بووم، هێندێک زانیاری‌ بخه‌مه‌ ڕوو. دیاره‌ له‌سه‌ر کاک خه‌لیقی‌ هێندییک بیره‌وه‌ریم هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌ پێویستم زانی‌ له‌ داهاتوودا ده‌ینووسم، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ که‌سێک که‌ خۆی‌ به‌‌ڕوناکبیرو زانا ناو ده‌هێنێ‌، نابێ‌ بێ‌ حورمه‌تی‌ و بێ‌ ڕێزی‌ به‌خه‌ڵکی‌ هه‌رکام له‌ ناوچه‌کان و شاره‌کانی‌ کوردستان بکا.
دیمه‌سه‌ر مه‌به‌ستی‌ سه‌ره‌کی‌ که‌ ئه‌ویش شه‌‌ڕی‌ سه‌رپردی‌ بانه‌و له‌ناوچوونی‌ گاردی‌ جاویدان، (سپای‌ قودس)ه‌، بۆباشتر ڕوون کردنه‌وه‌ی‌ باسه‌که‌م، تۆزێک ده‌گه‌‌ڕێمه‌وه‌ دواوه‌. له‌دوای‌ هێرشی‌ هێزه‌کانی‌ ڕژیمی‌ ئێران به‌ فه‌رمانده‌ی‌ چه‌مران و گیرانه‌وه‌ی‌ یه‌ک له‌دوایه‌کی‌ شاره‌کانی‌ کوردستانی‌ ئێران، له‌ هاوینی‌ ساڵی‌ 1358ئێمه‌ ئاواره‌ بووین و ڕوومان کرده‌ کوردستانی‌ عێراق و له‌خوار شاری‌ ماوه‌ت له‌کوردستانی‌ عێراق نیشته‌جێ‌ کراین. ئه‌وخانه‌واده‌ و ئه‌و که‌سانه‌ی‌ له‌و ئوردوگایه‌ بوون به‌ ئاواره‌یی‌ و ده‌ربه‌ده‌ری ناره‌حه‌ت بوون به‌تایبه‌ت لاوه‌کان ئه‌و لاوانه‌ی‌ که‌ ماڵ و منداڵیان و که‌س و کاریان له‌وێ نه‌بوو. له‌مانگی‌ ڕه‌زبه‌ردابو ئێمه‌ چه‌ند که‌س له‌ولاوانه‌ که‌ بریتی‌ بوون له‌ عومه‌ری‌ زارعی‌ کوڕی‌ حاجی‌ عبدالله‌ قاوه‌چی‌، صدیق رستمی‌ کوڕی‌ حاجی‌ محمدی‌ روسته‌می‌، خۆسره‌وی‌ عبدالله‌ خان احمدی‌ و من (نووسه‌ر) که‌ هه‌ر چوارمان خه‌ڵکی‌ ناوچه‌ی‌ بانه‌ بووین به‌سواری‌ تاکسییک له‌ ماوه‌ته‌وه‌ چووینه‌ قه‌ڵاچوالان ، به‌وه‌ی‌ که‌ عه‌ریفێکی‌ پۆلیس به‌ناوی‌ عوسمان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ سوار ببوو، سه‌یته‌ره‌کان لێیان نه‌ده‌پرسین ، که‌ گه‌یشتینه‌ قه‌ڵاچوالان ڕاننده‌ی‌ ئه‌و تاکسیه‌ ماشینێکی‌ بۆ گرتین و تا که‌ناروێی‌ سه‌روو بردینی‌ له‌ که‌ناروێی‌ سه‌روو به‌ ڕاسته‌ رێگه‌دا، به‌پێیان ڕێکه‌وتین و گه‌یشتینه‌ پێچه‌کانی‌ سه‌روو که‌ناروێ، له‌ناکاو چه‌ند ماشینی‌ سه‌ربازیی‌ عێراقی‌ ده‌رکه‌وتن سه‌ره‌تا ترساین له‌وه‌ی‌ که‌ بمان گرن یان بمان گێڕنه‌وه‌، ماشینه‌کان وێستان به‌رپرسه‌که‌یان که‌ ئامر فه‌وجی‌ چوارتا بوو و دابه‌زی‌، دیاره‌ پێشتر و له‌یه‌که‌م جار که‌ له‌گه‌ڵ مامۆستا مه‌لا سمایلی‌ مرۆی‌ هاتمه‌ کوردستانی‌ عێراق له‌ چوارتائه‌و ئامر فه‌وجه‌م دیبوو، وه‌رگێڕێکی‌ له‌گه‌ڵ بوو لێ ی‌ پرسین بۆکوێ‌ ده‌چن گوتم بۆ ئێران گوتی‌ باشه‌ ئێمه‌ ده‌تان گه‌ێنینه‌ سنوور، که‌سوار جیبه‌که‌ بووین سه‌رهه‌نگ سمکۆ عه‌لی یار که‌ ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان ده‌ژی‌ له‌جیبه‌که‌دا دانیشتبوو، دیاره‌ دوایی‌ زانیم که‌ فه‌رمانده‌ی‌ فه‌وجه‌که‌ بۆ به‌‌ڕێ‌ کردنه‌وه‌ی‌ سه‌رهه‌نگ سمکۆ عه‌لی یار، ده‌چێته‌وه‌ سنوور. پێشتر کاک سمکۆم ده‌ناسی‌ زۆری‌ پێ‌ نه‌چوو گه‌یشتینه‌ پاسگای‌ سوره‌دزی‌ له‌سه‌ر سنوری‌ کوردستانی‌ عێراق ، دنیا ورده‌ ورده‌ تاریک ده‌بوو. ئێمه‌ش له‌پاسگای‌ سوردزه‌وه‌، به‌ره‌و دێی‌ چۆمان له‌سه‌ر سنوور ڕێکه‌وتین، له‌‌ڕێگه‌دا سه‌رهه‌نگ سمکۆ پێی‌ ووتم له‌ماڵان من به‌ناوی‌ ڕه‌حمان بانگ بکه‌ بانه‌زانن من کێم، شه‌و چووینه‌ ماڵی‌ حاجی‌ محمودی‌ چۆمان و په‌زیرایی‌ کوردانه‌یان لێ کردین.
به‌یانی‌ کاک سمکۆ به‌ره‌و بێژوێ‌ به‌رێ‌ که‌وت و ئێمه‌ش به‌ره‌و دێی بڵه‌سه‌ن و کانی‌ بیی‌ رێکه‌وتین له‌ده‌وروبه‌ری‌ سالوک له‌گه‌ڵ ئه‌و ژماره‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ی‌ که‌ پێشتر هاتبوونه‌وه‌، و فه‌رمانده‌که‌یان محمودی‌ عبدالله‌ ئاغای‌ سالوک بوو، یه‌ک که‌وتین و ده‌ستمان کرد به‌ گه‌‌ڕان و ته‌نانه‌ت شه‌وێکیش به‌ مه‌به‌ستی‌ زه‌ربه‌ت دان له‌ دژمن چووینه‌ ناوشاری‌ بانه‌و له‌ کوره‌ خشته‌ی‌ قاقه‌وه‌ ته‌قه‌مان له‌ پادگان کرد، که‌ ئه‌و ته‌قه‌ کردنه‌ش بۆخۆی‌ داستانێکی‌ هه‌یه‌و جارێکه‌ له‌باس کردنی‌ ده‌گه‌رێم.
نازانم کام ڕۆژه‌ بوو، به‌ڵام ده‌زانم پێش له‌ 10ی‌ خه‌زه‌ڵوه‌ر بوو شه‌وه‌که‌ی‌ له‌دێی‌ نه‌مه‌شیر له‌ناوچه‌ی‌ بانه‌ نانمان خوارد و بۆ خه‌وتن هاتینه‌ دێی‌ زێویه‌، که‌ له‌ نزیک قۆخانه‌، له‌وێ بووین که‌چه‌ند پێشمه‌رگه‌و ژماره‌ییک هێزی‌ به‌رگریمان پێ‌ زیاد بوو، به‌رپرسه‌کان که‌بریتی‌ بوون له‌ محمود عبدالله‌ ئاغاو مام ئه‌حمه‌دی‌ ئه‌مینی‌ و چه‌ند که‌سێکی‌ دیکه‌ که‌ پێم وایه‌ ڕه‌حیم حاجی‌ فه‌ره‌جیش له‌گه‌ڵ بوو. به‌رنامه‌ی‌ شه‌‌ڕو که‌مین دانانیان له‌سه‌ر جاده‌ی‌ بانه‌ سه‌رده‌شت بو هێزه‌کانی‌ ڕژیم دانا. جاده‌که‌ له‌دێی‌ زیویه‌وه‌ دوو سه‌د مترێک دووره‌ هه‌ربه‌و مه‌به‌سته‌، ده‌مه‌وبه‌یانی‌ هه‌موو پێشمه‌رگه‌کانیان وه‌ئاگاهێناو دابه‌شیان کردین به‌چه‌ند ده‌سته‌ و پێ یان ڕاگه‌یاندین که‌ ئه‌گه‌ر ماشینی‌ ئه‌رته‌شی‌ به‌ جاده‌دا تێ‌ په‌‌ڕی‌ لێ‌ یان ده‌ده‌ین، دیاره‌ ئه‌و کات بێ‌ سیم له‌کاردا نه‌بوو که‌ ده‌ستووری‌ ده‌ست پێ‌ کردنی‌ عه‌مه‌لیاتی‌ پێ‌ بدرێ‌، بۆیه‌ قه‌راره‌که‌ به‌وشێوه‌درا که‌ به‌ته‌قاندنی‌ یه‌که‌م گولله‌ی‌ نارنجه‌ک ئه‌نداز شه‌‌ڕ ده‌ست پێ‌ ده‌کاو ئه‌و براده‌ره‌ش که‌ نارنجه‌ک ئه‌ندازه‌که‌ی‌ پێ‌ بوو، عومه‌ری‌ زاری‌ بوو.
هه‌موومان له‌ به‌رزاییه‌کانی‌ پشت پێچه‌کانی‌ نێوان دێی‌ زێویه‌ و سه‌یسارم که‌ پێ یان ده‌ڵه‌ن پێچه‌کانی‌ که‌ڵه‌کی‌ خه‌زایه‌ن دامه‌زراین، من له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ییک به‌ناوی‌ ڕه‌سوڵ، که‌خه‌ڵکی‌ که‌شه‌نه‌ یان مه‌ریجه‌ڵان بوو و پێ‌ یان ده‌گووت ڕه‌سوڵه‌ چکۆل له‌سه‌نگه‌رێدا له‌نزیک سه‌نگه‌رکه‌ی‌ صدیق رۆ٠ستمی‌ و خوسره‌و عبدالله‌ خانی‌ ئاڵوت ، که‌له‌ تاشه‌به‌رد دروستمان کردبوو، جێگیر بووین. ماوه‌یێک دوای‌ هه‌تاو که‌وتن که‌ له‌بیرم نیه‌ دروست چ سه‌عاتێک بوو، له‌لای‌ بانه‌وه‌ ماشینی‌ ئه‌رته‌شی‌ ده‌رکه‌وتن ئێمه‌ هه‌ر چاوه‌رێ‌ بووین یه‌که‌م نارنجه‌ک ئه‌نداز به‌نیشانه‌ی‌ ده‌ست پێ‌ کردنی‌ شه‌‌ڕ بهاوێژرێ‌، به‌ڵام کۆتایی‌ به‌ دوایین ماشینی‌ ستوونه‌که‌، که‌ زیاتر له‌ 70 ماشین بوو هات، هه‌واڵێک له‌ته‌قه‌ی‌ نارنجه‌ک ئه‌نداز نه‌بوو، ئه‌وچوار که‌سه‌ی‌ که‌ پێکه‌وه‌ بووین له‌ سه‌نگه‌ره‌کانمان هاتینه‌ ده‌رو نه‌مان ده‌زانی‌ چی‌ بکه‌ین، پێ‌ مان ناخۆش بوو ئه‌و ستوونه‌ی‌ دژمن به‌بێ‌ عاره‌ق ده‌رچێ، بۆیه‌ دوای‌ ستوونه‌که‌ که‌وتین له‌ به‌رزاییه‌که‌وه‌ ته‌قه‌مان له‌ ماشینه‌کانی‌ ئاخری‌ ستوونه‌که‌ کرد و زۆر ناشاره‌زایانه‌ به‌ قه‌راغ جاده‌که‌دا به‌ره‌و شه‌خص (چاک)ی‌ دێی‌ (گش که‌سه‌)، به‌ته‌قه‌کردن ڕۆیشتین که‌ به‌خۆشیه‌وه‌ یه‌کێک له‌ماشینه‌ ئه‌رته‌شیه‌کان یا له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ڕاننده‌که‌ی‌ پێکرابوو، یان له‌ترساندا، ماشینه‌که‌ی‌ که‌وته‌ پرده‌که‌ی‌ نزیک دێی‌ (گش که‌سه‌) له‌سه‌ر جاده‌ی‌ سه‌رده‌شت. دوای‌ هێندێیک چه‌رمه‌سه‌ره‌و ته‌قه‌کردنی‌ چه‌ند هیلکۆپته‌رێک له‌ ئێمه‌ و ئامبولانسی‌ ستوونه‌که‌ نه‌فه‌ره‌کانی‌ ماشینه‌ وه‌رگه‌‌ڕاوه‌که‌ی‌ هه‌ڵ گرته‌وه‌. دوای‌ ڕۆیشتنی‌ هێزه‌کانی‌ دوژمن، به‌هیوای‌ ده‌ستکه‌وتنی‌ چه‌ک چووینه‌ سه‌ر ماشینه‌ ئه‌رته‌شیه‌که‌ به‌ڵام باره‌که‌ی‌ لوبیا و برینج و خوارده‌مه‌نی‌ بوو، نازانم کام له‌براده‌ران بوو چووه‌ ناودێی‌ گش که‌سه‌و چه‌ند ئێستری‌ هێناو برینج و لوبیاکانمان بارکرد و به‌هاوکاری‌ چه‌ند دۆستێک به‌ره‌و قه‌ڵای‌ خه‌بات و شاوه‌ران که‌ له‌نزیک دێی‌ بله‌کی یه‌ ڕه‌وانه‌مان کردن. دوای‌ ئه‌و کاره‌ بۆ نیوه‌‌ڕۆ چووینه‌ ماڵی‌ خودا لێ خۆش بوو، فه‌قێ‌ ڕه‌سوڵی‌ گش که‌سه‌ و به‌پێ‌ ی‌ ناسیاوی‌ خانه‌واده‌گی‌ و دۆستایه‌تی‌ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌بوین ڕێزی‌ زۆریان لێ گرتین و هه‌نگوین و ڕۆنه‌که‌ره‌ییکی‌ باشیان داینێ‌، دوای‌ نان خواردن خواحافیزیمان له‌ فه‌قێ‌ ڕه‌سوڵی‌ ڕه‌حمه‌تی‌ وکوڕه‌کانی‌ و خانه‌واده‌ی‌ به‌‌ڕێزی‌ کردو گه‌‌ڕاینه‌وه‌ سه‌رجاده‌ی‌ ئه‌سلی‌ و ماشینه‌که‌مان ئاورداو، هه‌رله‌سه‌ر جاده‌که‌ ته‌کبیرمان کرد چی‌ ی‌ بکه‌ین، چۆن براده‌ران وه‌دۆزین، هومێدبڕاو بووین له‌ دۆزینه‌وه‌ی براده‌ران بۆیه‌ قه‌رارمان دا بچینه‌ ناوشاری‌ بانه‌، له‌سه‌ر جاده‌که‌ وێستاین و یه‌که‌م ماشین هات وده‌ستمان لێ ڕاگرت که‌ وێستا حاجی‌ ملا علی‌ ئیمام جومعه‌ی‌ شاری‌ بانه‌ له‌ ده‌ورانی‌ شا بوو، له‌وکاته‌دا که‌ ئێمه‌ ماشینه‌که‌مان ڕاگرتبوو دیسانه‌وه‌ هێلکۆپتر هات و ڕوداوێکی‌ سه‌یر ڕوی‌ دا، که‌ به‌باشی‌ نازانم بیگێڕمه‌وه‌. دوای‌ رۆیشتنی‌ هێلکۆپتێره‌که‌ و هێور بوونه‌وه‌ی وه‌زعه‌که‌ به‌حاجی‌ مه‌لا عه‌لیمان ووت مه‌به‌ستمانه‌ بچینه‌ ناو شاری‌ بانه‌، هه‌رچه‌نده‌ فه‌رموویان بۆ من جێگه‌ی‌ مه‌ترسیه‌ و ناکرێ‌، سه‌رئه‌نجام موافقه‌تی‌ کرد و سواربووین تا نزیک شاری‌ بانه‌و ده‌مه‌و ئێواره‌ چووینه‌ ناوشار و هه‌موومان چووینه‌ ماڵی‌ دۆستێک، دوایی‌ صدیق رۆسته‌می‌ و خسرۆ ئه‌حمه‌دی‌ چوونه‌وه‌ ماڵی‌ خۆیان و من و ڕه‌سوڵ له‌و ماڵه‌ دۆسته‌ ماینه‌وه‌.
به‌کورتی‌ ئێمه‌ له‌وڕۆژه‌وه‌ له‌شاری‌ بانه‌دا ماینه‌وه‌ تا10ی‌ خه‌زه‌ڵوه‌ر و پێش جێژنی‌ قوربانی‌ ساڵی‌ 1358 که‌ به‌‌ڕێز مامۆستا شێخ عزالدین فه‌رمانی‌ به‌ خه‌ڵکی‌ کوردستان دا بۆ ڕۆژی‌ جێژنی‌ قوربان بچنه‌ سه‌ر گۆرستان و هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ش به‌‌ڕێز مامۆستا سید جه‌لال الدین حسینی‌، له‌ گۆرستانی‌ سلێمان به‌گ له‌ نزیک بانه‌ چووه‌ ناو کۆبوونه‌وه‌ی‌ خه‌ڵک که‌ ژماره‌یێکی‌ زۆر له‌ خه‌ڵکی‌ بانه‌ له‌ سلێمان به‌گ بوون و سوخه‌نڕانی‌ بۆ کردن.
چه‌ند شه‌وبووکه‌ پێشمه‌رگه‌و هێزی‌ به‌رگری‌ ڕوویان له‌شاری‌ بانه‌ کردو له‌ ماڵه‌کان دامه‌زران. ئێمه‌ ئه‌وچه‌ند که‌سه‌ی‌ که‌ماوه‌یێک بوو له‌ ناو شاردا بووین زۆرجار پێکه‌وه‌ چالاکیمان له‌دژی‌ هێزه‌کانی‌ ڕژیم به‌هاوکاری‌ شه‌هید عوسمانی‌ عه‌به‌ ئاغه‌ل و براده‌رێکی‌ دیکه‌ که‌ ئه‌ندامی‌ ته‌شکیلاتی‌ ده‌فته‌ری‌ مامۆستا بوو ده‌کرد، که‌ له‌به‌ر باری‌ ئه‌منیه‌تی‌ ناوه‌که‌ی‌ ناهێنم. له‌ نیوه‌رۆی‌ ڕۆژی‌ 10ی‌ خه‌زه‌ڵوه‌ر، هه‌واڵ به‌ ئێمه‌ گه‌یشت که‌ له‌پێچه‌کانی‌ هه‌ژده‌ دۆڵان شه‌ر ده‌ستی‌ پێ‌ کردوه‌و له‌که‌وپێچیش شه‌‌ڕ له‌ئارادایه‌، پێشمه‌رگه‌و هێزی‌ به‌رگری‌ له‌ماڵه‌کان هاتنه‌ده‌ر، ئێمه‌ که‌له‌ گه‌‌ڕه‌کی‌ خوار سینه‌مای‌ ڕه‌حمان خان - گه‌‌ڕه‌کی‌ خواروو بووین. ڕووبه‌‌ڕووی‌ دوو تانگ و جیبێکی‌ فه‌رمانده‌یی‌ بووینه‌وه‌ که‌ له‌ پادگانه‌وه‌ به‌یارمه‌تی‌ هێزه‌که‌یان له‌ که‌وپێچ ده‌چوون و توانیمان له‌ نزیک ماڵی‌ حه‌مه‌ سه‌قزی‌ یه‌کێک له‌ تانگه‌کان بگێرینه‌وه‌ بۆ پادگان. دوای‌ رۆیشتنی‌ تانکه‌کان زیاتر له‌ بیست که‌س کۆبووینه‌وه‌و سوار ماشینێکی‌ مینی‌ بووس بووین که‌ خاوه‌نه‌که‌ی‌ جه‌لالی‌ سه‌عه‌رووت بوو تا به‌ره‌و که‌وپێچ بچین، به‌ڵام نه‌مان توانی‌ بگه‌ینه‌ که‌وپێچ چونکه‌ سه‌ره‌تای‌ ستوونه‌ ئه‌رته‌شیه‌که‌ ده‌رکه‌وت، بۆیه‌ به‌ناچاری‌ گه‌‌ڕاینه‌وه‌ و له‌سه‌ر پردی‌ بانه‌و حه‌وشه‌ی‌ دوخانیات و شیرکه‌تی‌ نه‌وتی‌ کۆن و ده‌وروبه‌ری‌ سه‌نگه‌رمان گرت، ئه‌وبراده‌ره‌ی‌ که‌ به‌رپرسی‌ به‌شێک له‌ ته‌شکیلاتی‌ ده‌فته‌ری‌ مامۆستا شێخ عزالدین له‌ بانه‌ بوو، تفه‌نگێکی‌ ویزی‌ پێ‌ بوو، فه‌رمانی‌ دامه‌زران و سه‌نگه‌ر گرتنی‌ به‌ پێشمه‌رگه‌کان ده‌دا، که‌ له‌ناکاو ماشینی‌ ئه‌رته‌شی‌ گه‌یشته‌ سه‌رپردی‌ بانه‌و ئیتر شه‌‌ڕێکی‌ توند ده‌ستی‌ پێ‌ کرد، ئه‌و براده‌ره‌مان نه‌ی‌ توانی‌ به‌ره‌و کۆڵانه‌کان بێت و خۆی‌ خسته‌ جۆگه‌ییک له‌ نزیک پرده‌که‌ و زۆری‌ نه‌مابوو بکوژرێ‌. له‌ماوه‌ی‌ یه‌ک سه‌عاتدا به‌شی‌ هه‌ره‌زۆری‌ ئه‌وهێزه‌ 600 تا 700 که‌سیه‌ی‌ دژمن له‌ناوچوون و ژماره‌ییکیان به‌دیل گیران و زیاتر له‌ 70 ماشین سوتێندران، که‌وه‌ک کاک ڕێبوار نووسیویه‌ ته‌نیا ئه‌و تانگه‌ی‌ که‌ پێشتر له‌ پادگانی‌ بانه‌وه‌ به‌هاواری‌ هێزه‌که‌ چوو بوو توانی‌ بگه‌‌ڕێته‌وه‌ پادگان.
من شاهیدی‌ ئه‌وجه‌نگه‌ بووم ، ته‌نیا چه‌ند براده‌ری‌ حیزبی‌ دیموکرات له‌و شه‌‌ڕه‌ دا به‌شدار بوون، بۆ مێژوو ده‌ڵێم که‌ ژماره‌یان له‌ پێنج که‌س زیاتر نه‌ده‌بوو چه‌ند که‌سیان ئێستا له‌ناو خۆی‌ ئێراندان، دیاره‌ ئه‌وکات حیزبی‌ دیموکرات ئاته‌ش به‌ستی‌ ڕاگه‌یاندبوو، هه‌ر دوای‌ ئه‌وشه‌‌ڕه‌ قاره‌مانانه‌، شه‌هید دوکتور قاسملو،له‌ووت وێژ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی‌ که‌یهان گوتی‌ ئه‌وجینایه‌ته‌ی‌ شاری‌ بانه‌، حیزبی‌ دیموکرات نه‌ی‌ کردوه‌. به‌‌ڕه‌حمه‌تی‌ خودا شادبێ برای‌ گه‌وره‌ و فه‌رمانده‌ی‌ لێهاتوو شه‌هید کاک عبدلکریم فه‌رمانده‌ی‌ ئه‌وده‌سته‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ بوو که‌له‌ که‌وپێچ بوون و کاک حسین حسینی‌ یان لێ شه‌هید بوو که‌ مامۆستای‌ مه‌دره‌سه‌ بوو.
شتێکی‌ سه‌یر که‌ له‌و شه‌‌ڕه‌دا له‌بیرمه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ براده‌رێک به‌ناوی‌ محه‌مه‌د ناسراو به‌ محه‌مه‌دی‌ مینه‌ درێژ که‌ له‌ بیمارستان کاری‌ ده‌کرد به‌ئامبولانسێکی‌ بیمارستانه‌وه‌ هات، من له‌نزیک میوه‌ فرۆشێک له‌نزیک سینمای‌ ره‌حمان خان بووم هات بۆلام و پرسی‌ پێ کردم و گوتی‌ ده‌چم برینداره‌کان دینم و ئه‌وه‌ کارێکی‌ ئینسانیه‌و پێویسته‌، هه‌رچه‌ند پێم ووت جارێکه‌ مه‌چو٠Ž شه‌‌ڕ گه‌رمه‌ بوێسته‌، به‌گوێی‌ نه‌کردم. ئه‌وه‌بوو چووه‌ ناو هێزه‌که‌ی‌ دژمن و دوای‌ قه‌یرێک ئانبولانسه‌که‌ سووتا و کاک محمه‌د قۆڵێکی‌ بریندا بوو که‌ گه‌‌ڕایه‌وه‌، به‌گاڵته‌وه‌ پێم گووت کاک محه‌مه‌د نه‌م گووت مه‌چۆ، ئه‌وه‌ شه‌‌ڕه‌. هه‌روه‌ها کاک سه‌یفه‌الله‌ که‌ دووچه‌رخه‌سازی‌ هه‌بوو ناسراو به‌ سه‌یفه‌ی‌ حه‌مه‌گێره‌و براده‌رێک به‌ ناوی‌ خه‌لیلی‌ ده‌روێش به‌ گاری‌ ( عه‌ره‌بانه‌ی‌ ) حه‌مباڵی‌ وه‌ک خێر کوژراوه‌کانیان کۆ ده‌کرده‌وه‌و ده‌یان بردنه‌ بیمارستان.
هه‌ربه‌دوای‌ ئه‌وشه‌‌ڕه‌ قاره‌مانانه‌دا بوو خومینی‌ ڕایگه‌یاند خه‌ڵکی‌ کوردستان من ده‌نگی‌ ئێوه‌م بیست و ئاگربڕی‌ ڕاگه‌یاند. به‌ڵێ‌ له‌وجه‌نگه‌دا، ده‌وری‌ سه‌ره‌کی‌ و ئه‌ساسی‌ ته‌نیاو ته‌نیا پێشمه‌رگه‌ی‌ سازمانی‌ خه‌بات گێڕاویانه‌ و هیچ لایه‌نێکی‌ دیکه‌ ده‌وریان نه‌بووه‌ تیایدا. به‌ڵگه‌یێکی‌ دیکه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو دیله‌کانی‌ دژمن که‌ نزیکه‌ی‌ 25 که‌س بوون له‌ژێر ده‌ستی‌ سازمانی‌ خه‌بات دا بوون.
بۆ سه‌لماندنی‌ ئه‌و ڕاستیه‌ش، ده‌یان به‌ڵگه‌ی‌ دیکه‌م هه‌یه‌. به‌وهیوایه‌ی‌ توانیبێتم به‌شێک له‌‌ڕاستیه‌کانی‌ جه‌نگی‌ که‌م وێنه‌ی‌ 10ی‌ خه‌زه‌ڵوه‌ر، که‌به‌‌ڕۆژی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ سازمانی‌ خه‌باتی‌ کوردستانی‌ ئێران ناسراوه‌ بخه‌مه‌‌ڕوو. جه‌نگێک که‌ 8 پێشمه‌رگه‌ی‌ قاره‌مانی‌ سازمانی‌ خه‌باتی‌ تێدا شه‌هید بوو. ئه‌وه‌ی‌ نووسیومه‌ ڕاستیه‌و بێ‌ گومان ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌وڕۆژه‌یان له‌بیربێ‌ و له‌ ڕوداوه‌کاندا بووبن ده‌یسه‌لمێنن.
تێ‌ بینی‌/
ئه‌و ستوونه‌ی‌ که‌ ئه‌و ڕۆژه‌ی‌ له‌ نزیک دێی‌ زیویه‌ تووشی‌ هاتین و له‌بانه‌وه‌ به‌ره‌و سه‌رده‌شت ده‌چوو، هه‌رئه‌و ستوونه‌بوو که‌ جارێکی‌ دیکه‌ له‌سه‌رده‌شته‌وه‌ گه‌‌ڕایه‌وه‌ بۆ بانه‌و ته‌فرو توونا کرا.

16 سال و 3 ماه و 12 روز و 7 ساعت و 53 دقیقه پیش از این

کورته‌ییک له‌ داستانی‌ شه‌‌ڕی‌ جێژنی‌ قوربان

کورته‌ییک له‌ داستانی‌ شه‌‌ڕی‌ جێژنی‌ قوربان


صفحات ویژه وب سایت

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمێدیا، ناوه‌ندێکی ڕاگه‌یاندنی و ڕۆشنبیری کوردییه که نزیکه‌ی ١٥ ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ له خه‌بات و تێکۆشان.

 

په‌یوه‌ندی گرتن