راپۆرتى سکرتێرى گشتى بۆ پڵۆنیومى چوارەمى کومیتەى ناوەندى سازمانى خەبات ى کوردستانى ئێران
سکرتێرى گشتى
کێشە جیهانییەکان لە دواى پڵۆنیومى سێهەم چەندین ئاڵوگۆر لە وەزعى سیاسی جیهانى و ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەراست رووى داوە. یەکێک لەو ئاڵوگۆڕانە، هەوڵى دەوڵەتى ئەمریکا بۆ جێگیرکردنى مووشەکى دژە مووشەک لە ئووروپای شەرقیە. ئەو روداوە واى کردووە روسیەش بکەوێتە هەوڵ و
کاردانەوەى هەبێ لەبەرانبەر ئەمریکا دا، لەو پێوەندییە دا دەوڵەتى روسیە لە لایێک بە رێگەى دیپلۆماسی و و رەخنە و ئیعتراز لە دەوڵەتى ئەمریکا و لە لایێکى دیکە بە نزیک بوونەوەى زیاتر لە چین و بە چەندین رێکەوتنى هاوکارى سەربازى و دیفاعى، لەنێوان دا هەروەها هەوڵ بۆ دروست کردنى بەرەیێک لەگەڵ وەڵاتانى کۆنە ئەندام لە یەکێتى شورەوى رابردوو، وەک وەڵاتى روسیەى سپى و قەزاقستان، وەڵامى ئەمریکاى داوەتەوە.
بەو مەترسیانەى روسیە لەئەمریکاى هەیە، روسیە بە راشکاوى دژایەتى سیاسەتەکانى ئەمریکا دەکا و تەنانەت دژایەتى ئابلۆقەى نوێی ئەنجومەنى ئاسایش لە دژى رژیمى ئاخوندى دەکا و لەماوەى رابردوو دا رێکەوتنى هێزەکانى (متعارف) لەئورووپا کە لەساڵى 1990 لە نێوان کۆمارەکانى شورەوى و پەیمانى وەرشۆ ئیمزا کرا کە تییایدا بەرهەم هێنانى تانک و فرۆکە و چەکى قورسی لەئورووپا دا سنووردار دەکرد، هەڵوەشاندەوە و لەوپەیمانە هاتە دەر بە بیانووى ئەوەى ئەمریکا مووشەکى لەئورووپا جێگر کردوە. هەڵوێستە نوێ کانى دەوڵەتى روسیە بۆتە هۆى نیگەرانى ئەمریکا و ئەگەرى سەرهەل٠٠Žدانەوەى جەنگى ساردى نزیک کردۆتەوە، ئەگەرچى روسیە ئەو هێز و توانایەى رابردووى نییە، بەڵام بە رێکەوتن و هاوپەیمانى لەگەڵ چین دەتوانێ وەزنەیێکى قۆرسی هەبێ لەبەرانبەر ئەمریکا. دەوڵەتى ئەمریکاش بە هەست کردن بەو راستیانە لەماوەى چەند حەوتووى رابردوو دا نزیکى زیاتر لە دەوڵەتى چین دەکا و تەنانەت چەند ئیمتیازى بازرگانى و سیاسی داوە بەو وەڵاتە. ئیمتیازى سیاسی ئەوەیە کە دەوڵەتى چینى دڵنیا کردۆتەوە پشتیوانى لە تایوان ناکا بۆ جیابوونەوەى یەکجارى لە چین. لەو پێوەندییە دا دەبێ سەردانى رابێرت گێتسى وەزیرى بەرگرى ئەمریکا بۆ وەڵاتى چین لە 15 و 16ى خەزەڵوەر بەگرینگ بزانین. لە لایێکى دیکەوە چەند بەرپرسی ئەمریکایی رایانگەیاندوە هەر چەند ئابووریی چین گەشە بستێنێ، ئامریکا زیان نابینێ و هەر لەو چوارچێوە دا بەرپرسانى ئابوورى ئەمریکا خۆشحاڵى خۆیان بە گەشەسەندنى ئابووریی چین دەربڕیوە. ئەو لێدوانانە جیاوازى هەیە لەگەڵ لێدوانەکانى رابردووى بەرپرسانى ئەمریکایی. بەرپرسانى ئەمریکایی لەرابردوو دا لەگەشە سەندنى ئابوورى لە چین دا نیگەرانیان دەردەبڕى.
بێگومان سووربوونى دەوڵەتى روسیە لەوەى کە دەبێ بەشی زیاترى هەبێ لە کێشە سیاسیەکاندا وەزعێکى واى دروست کردووە کە جیهان بەرەو نائارامى زیاتر بروا. ئەگەر روسیە و ئەمریکا نەتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن. دەبێ چاوەروانى ئاڵۆزتر بوونى وەزع بین و سەرلەنوێ شاهیدى دوو جەمسەرى (دوو قوتبى) بوونى جیهان بە سەر بەرەى شەرق و غەرب دابینەوە.
2ـ کێشەى ئەتۆمى لە جیهان و لە ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەراستدا تا دێت بەرەو ئاڵۆزى و قووڵ بوونەوەى زیاتر دەروا. لەکاتێکدا کێشەى ناوکەیی رژیمى ئاخوندى چارەسەر نەکراوە، وەڵاتانى عەرەب لە کەنداوى فارس و ووڵاتى میسریش لەهەوڵدان دامەزراوەى ئەتۆمى دامەزرێنن و سەرۆک و بەرپرسانى ئەو وەڵاتانە بە راشکاوى ئەوەیان راگەیاندووە، پەرەگرتنى گەڵاڵە ناوکەییەکان لە ناوچەکەدا، مەترسیێکى گەورەى دروست کردووە، هەروەک وەزیرى تایبەت بەئیستراتژیکى ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئەو دیاردەیە نیشانەى ئاخرى زەمانە و دەرخەرى کێشەى زیاتر لە ناوچەکە و پەیدابوونى جەنگى گەورەیە، هەروەک جورج بوش سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاندوە، ئەگەر کێشەى ئەتۆمى رژیمى ئێران چارەسەر نەکرێ، دەبێ چاوەروانى روودانى جەنگى جیهانى سێهەم بین.
جەنگى دژە تیرۆر
وەک ئاشکراییە تیرۆر کێشەى گەورەى جیهانییە و سەرەراى هێرشی هەمەلایەنەى دەوڵەتە خاوەن هێزەکانى جیهان بۆ سەر ترۆریزم و هاتنى هێزە فرەرەگەزەکان بۆ ئەفغانستان و عێراق و روبەروبوونەوەى بەکردەوە لەگەڵ ترۆریستان، ئەو کێشە بۆتە گرێکوێرى جیهانی ، هەرچەندە بنکەى ئاشکراى ترۆریستان لە ئەفغانستان دا نەماوە، بەڵام تاقمە ترۆریستەکان لەو وەڵاتە و لە عێراق و ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەراستدا لە هەڵسووران و خرابکارى دان.
گومان لەوەدانییە کە جەنگى دژە تیرۆر ئامانجەکانى بە تەواوى نەپێکاوە و لەجەنگى دژە تیرۆر هاوکارى خەڵکى ئەو وەڵاتانەى ترۆریست لانەى تێدا کردوون بە جیددى لەبەرچاو نەگیراوە. پێویستە بەهاوکارى هێز و لایەنە میانەرەوەکان و دۆزینەوەى رێگەى نزیک بۆ لەناوبردنیان، هەوڵ بۆ لەناوبردنیان بدرێ. لە لایێکى دیکەوە، ئەو راستیەش نابێ لەبەرچاو نەگرین کە رژیمى ئاخوندى ئێران لە بوونى ترۆریست و تاقمە ترۆریستەکان قازانج دەبینێ و راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پشتگیرى لەلایەن و دەستە ترۆریستەکان دەکا. بەو پێیە رێگەیێکى دیکەى لەناوچوونى ترۆریستى جیهانى هەوڵ دانە بۆ لەناوبردنى سەرچاوە سەرەکییەکانیان، واتە رژیمى ئاخوندى ئێران و رژیمە هاوشێوەکانى. هەر بۆیە تا رژیمى ئاخوندى دەسەڵاتى بەسەر ئێران و ئەو گشتە سەرمایە گرانبهایانە دا هەبێ، گرانە ترۆریسمى جیهانى کۆتایی پێ بێ و بێ توانا بکرێ.
کێشە نەتەوەییەکان لەخۆرهەڵاتى ناوەراست دا
چارەسەر نەکرانى کێشەى قەومى و نەتەوەیی و سنووریەکان لە ناوچەی خۆرهەڵاتى ناوەراستدا یەکێکى دیکە لەو دیاردە مەترسی دارانەیە کە ناوچەکەى لەوەزعى نائارام دا هێشتۆتەوە هەرچەندە ئەو کێشانە بەرادەى کێشەى ئەتۆمى گەورە و مەترسیدار نین، بەڵام چارەسەرنەکرانیان و مانەوەیان وەک ئەوەى ئێستا دەیبینین، بێ گومان رێگە لەدامەزراویی و پێش کەوتن دەکرێ و بە هەوێنێک بۆ سەرهەڵدانى جەنگ و دواکەوتوویی دەمێنێتەوە، بە تایبەت کێشەى فەلستین و ئیسرائیل کە کێشەى گەورەى خۆرهەڵاتى ناوەراستە و هەموو کات لە تەقینەوە و ئاڵۆزبوونە بە شێوەى بەرینتر لەئێستا نزیکە.
لەمەڕ کێشەى فەلستین ئاشکرایە رژیمى ئاخوندى دەورێکى خراپ دەگێرێ و رێگرە لەوەى ئەو کێشەیە، بەئاسانى چارەسەر بکرێ و بەبەردەوامى لە هەوڵى ئاژاوەگێرى لە نێوان لایەنە فەلەستینیەکاندایە و هەر لەو پێوەنددە دا دەسەڵاتدارانى رژیم زۆر بە جیددى و بەرنامە دژایەتى کۆبوونەوەى (ئاناپۆلیس)یان کرد کە لە ئەمریکا بەسترا، ئەوە سەرەراى ئەوەى کە تێکراى ووڵاتانى عەرەب تەنانەت سوریە بەشدارى ئەو کۆبوونەوە گرینگەى کرد.
بەڵام لەبەشی هەرە زۆرى وەڵاتانى ناوچەکە دەسەڵاتەکان هەتا هەتایین و کەمتر گۆرانیان بەسەر دا دێ، مەگەر بە ئینقلابی سەربازى . یەکێک لەسیاسەتە نوێیەکانى ئەمریکا ئەوە بوو بە جەنگ لەگەڵ ترۆریست هەوڵ بدەن بۆ ئەوەى دیموکراسی لەناوچەکەدا جێگیر بێ، بەڵام تا ئیستاش لەو وەڵاتانە دەسەڵاتداران کەللە رەقى دەکەن و بەردەوامن لەحوکم کردنیان بە شێوەى دیموکراسی.
دەسەڵاتى ئاخوندەکان لە ئێران لەگەڵ ئەوەى لە ناوخۆ دا بەرەورووى بەرین ترین ئیعترازات و نارەزایەتى جەماوەرى و چین و توێژەکانى کۆمەڵگا وەک ماموستایان، کرێکاران، خوێندکاران و ژنان و باقى توێژەکانى دیکە بۆتەوە، لە مەیدانى سیاسەتى جیهانیشدا، لەسەر پێداگرى و سووربوون لەسەر گەڵاڵە مەترسیدارە ئەتۆمیەکان و سووربوونى لەسەر پەرەپێدانیان کەوتۆتە بەر ئابلۆقەى ئابووریی و چەندین هەرەشەى دیکە، هەروەها لەپێوەند بە پشتیوانى لەترۆریزمى جیهانى و کۆمەگ کردن بە تاقمە ترۆریستیەکان لەلوبنان و عێراق و ئەفغانستان، کەوتۆتە بەر بایکۆتى جیهانى و رەخنەى تێکراى دەوڵەت و ناوەندە جیهانییەکان. دەسەڵاتدارانى رژیم بەو حاڵەش سوورە لەسەر درێژەدان بە سیاسەتى قەیران خوڵقێنى لە دەرەوە و لە ناوخۆشدا سیاسەتى دژمنکارى و نامرۆڤانەى لە راست خەڵک وەکوو ئێعدام و سەرکوت و شکەنجە و زیندانى ئازادیخوازان و لاوانى شۆڕشگێر درێژە پێ دەدا و لەگەڵ پێداگرى لەسەر بەرنامە مەترسیدارە ئەتۆمیەکەى دەست لە کاروبارى وەڵاتان و پشتیوانى لە ترۆریزمى نێودەوڵەتى دەکا. بەداخەوە رژیمى ئاخوندى بەو سیاسەتە دژمنکارانەى بەرانبەر بە خەڵکى ئێران و بەو هەڵوێستە دزێوانەى بەرانبەر کۆمەڵگاى جیهانى توانیویە بە پشت بەستن بە داهاتی دەیان میلیارد دولارى لە فرۆشی نەوت و بە پشت بستن بەهێزى بەکرێگیراو سەرکوتگەرى لەسەر دەسەڵات بمێنێ و درێژە بە نارەوایی و بێ عەداڵەتى بدا، لەگەڵ ئەوەى رژیمى ئاخوندى توانیویە درێژە بە دەسەڵاتى بدا، ئەوەش روونە کە سەرئەنجام خەباتى ئازادیخوازانەى خەڵک بەسەر دەسەڵاتى ملهۆرانەى ئەو رژیمە دا سەرکەوتوو دەبێ و ئاخوندەکان تا سەر ناتوانن درێژە بە زوڵم و چەوسانەوە بدەن. ئەو راستیەش لەخەباتى بەردەوامى جەماوەرى ئێران و نارەزایەتیە بەرینەکان لەشارە جیاجیاکانى ئێران و کوردستان دەردەکەوێ.
بێ گومان بۆ لەناوچوونى رژیمى سەرەرۆى ئاخوندى چەکى گەورەو و هەرە کارامە، یەکێتى و تەبایی لە نێوان تێکرایی هێز و لایەنە مووخالیفەکانى رژیمى ملهورى ئاخوندیە. ئەو یەکیەتیە لە لایێک دەبێتە سەرەتایێک بۆ سەرهەڵدانى یەکجارى جەماوەریی و لە لایێکى دیکەش، دەبێتە هۆى راکێشانى پشتیوانى کۆمەڵگاى جیهانى. هەر بۆیە سازمانى خەبات ى کوردستانى ئێران، باوەرى وایە، تەنیا چەکى پێش کەوتن و سەرکەوتن یەکیەتى و تەبایی و هاوکارى هێز و لایەنە سیاسیە شۆڕشگێرەکانە کە ئەو هەنگاوە بە نرخە دەبێتە هۆى هاندانى خەڵکى وەزاڵەهاتووى ئێران و کوردستان.
6ـ جووڵانەوەى کورد لە کوردستانى ئێران
جووڵانەوەى کورد لەکوردستانى ئێران لەهەل و مەرجێکى حەستەم دایە، بە داخەوە هێز و لایەنە سیاسیەکوردستانییەکان تووشی کێشە و ناکۆکى و لێک جیابوونەوە هاتوون. ئەو ئینشعاب و لێکدابرانانەش بۆتە مایەى دڵساردى خەڵک و دواکەوتنى جووڵانەوەى کورد.
لە کاتێکدا دەبوو هەموو پێکەوە بۆ لەناوچوونى رژیمى ئاخوندى و تێکۆشان لەپێناو ئامانجەکانى گەل، یەکگرتوویی و هاوکاریمان بکردایەتە بەردى بناخەى کارەکانمان، کێشە و ناکۆکى باڵى بەسەر هێز و لایەنە سیاسیەکاندا کێشاوە کە ئەوە بێجگە لە قازانج بۆ دژمن و زیان بۆ گەلى کورد هیچ ئاکامێکى دیکەى نییە.
تەنیا جێگەى دڵخۆشی ئەوەیە کە لەگەڵ دڵساردیى خەڵک لەناکۆکیەکانى نێوان لایەنە سیاسیەکان کەم رۆژ هەیە لەشار و ناوچەکانى کوردستاندا لەبەرانبەر رژیمى ئاخوندیدا، نارەزایەتیى جەماوەریی و خوێندکارى و کرێکارى سەرهەڵنەدا، ئەو نارەزایەتیە جەماوەریانە دەسەڵاتدارانى رژیمى لە کوردستاندا خستۆتە مەترسیەوە.
سازمانى خەبات ى کوردستانى ئێران لە هێز و لایەنە سیاسیەکانى کوردستانى ئێران داواکارە، هەوڵ بدەن بۆ ئەوەى کێشەکانیان لە رێگەى دانیشتنەوە کۆتایی پێ بێنن و سازمان و حیزبە کوردستانییەکان بۆ پێک هێنانى بەرەریێکى کوردستانى سەرکەوتووانە هەنگاو هەڵ گرن و تێبکۆشن.
((سازمانى خەبات ى کوردستانى ئێران))
لە دواى کونگرەى سێهەم بە گشتى و پلینۆمى سێهەم، سازمانى خەبات تا ئەندازەیێک بەرەوپێش چوونى بەرچاوى بووە لە مەیدانى کارى تەشکیلاتى دا لە ناوخۆى کوردستان، ئال و گۆرى بەرچاو بەدى دەکرێ، هەرچەند ئەو ئاڵ و گۆرانە وەک پێویست نین و تا ئێستاش بە پێى چاوەروانیەکان نەبوون، پێویستە سازمانى خەبات و کادرە تەشکیلاتیەکان لەو پێناوە دا هەنگاوى جیددى و بە پەلە هەلگرن. بۆیە داواکارین کادرە تەشکیلاتیەکان و ئەندامانى سازمان و هەموو دڵسۆزان لەپێناو بەرەوپێش بردنى ئەرک و کارە سازمانى و تەشکیلاتیەکاندا هەوڵى جیددى بدرێ.
جێگەى خۆشیە لەدواى کونگرە ئەرک و چالاکیەکانى کومیتە و ئەندامانى سازمان لەدەرەوەى کوردستان بە تایبەت و چەند مانگى رابردوو گۆرانى پۆزەتیڤى بە خۆوە بینیوە و ئەندامان و لایەنگرانى سازمان دانیشتوو لە وەڵاتانى نوروێژ و سوئید و کانادا بە شێوەیێکى کاریگەر کار و چالاکى سیاسی و تەبلیغى ئەنجام دەدەن، کە هیوادارین ئەو هەڵسوورانانە زیاتر پەرە بگرێ و کومیتەکان و دڵسۆزانى سازمان لە ووڵاتانى دەرەوە، چالاکانەتر هەڵسوورێن.
لەپێوەند بە کارە تەبلیغیەکاندا سازمان نەیتوانیوە وەک پێویست کارى بەرچاو ئەنجام بدا، هەر چەندە لەچەند رۆژى رابردوودا بە نوژەن کردنەوەى دام و دەزگاکانى رادیو دەنگى خەبات تواندراوە بەرنامەکانى رادیو دەنگى خەبات ى کوردستانى ئێران بۆ مەوداێکى دوورتر و بە شێوەێیکى باشتر بنێردرێ و جیاواز لە سایتى ئینترنتى سەرەکى سازمان لەدەرەوەى کوردستان، بە هەوڵ و ماندوو بوونى ئەندامانى سازمان سایتێکى دیکە بە ناوى (خەبات میدیا) بە شێوەیێکى رێک و پێک و سەرەنج راکێش کەوتۆتە کار، پێویستە سازمان لە داهاتوو دا کاربکا بۆ بەرەوپێش بردنى کارى تەبلیغى و هەوڵ بدرێ بۆ دامەزراندنى کاناڵى تەلەڤیزیۆنى ئاسمانى . هەر لەوپێوەندییە دا لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانى سازمان داواکارین یارمەتى مادى سازمان بدەن بۆ ئەوەى بتواندرێ ئەو ئەرکە پێویستە لەزووترین کات جێ بە جێ بکرێ.
هیوادارین پلینۆمى چوارەم بتوانێ بریارى بە جێ و گەڵاڵەى باش پەسەند بکا.
لە کۆتایی دا دەڵێین، سازمانى خەبات پشتیوانى لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەکا و هەڕەشەکانى تورکیە و رژیمى ئێران بۆ سەر هەرێمى کوردستان مەحکووم دەکا و لەچەندین راگەێیندراو دا پشتیوانى خۆى لەحکوومەتى هەرێمى کوردستان و خەڵکى کوردستانى عێراق دەربریوە. دیارە چاک وایە پارتى کرێکارانى کوردستان، وەزعى هەرێمى کوردستان و ئەو هەل و مەرجە حەستەمە و رێگەچارەکانى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان دەربرى لەبەرچاو بگرێ.