بوونى ناوەندێک بۆ لاوان تا چەند پێویستە لەم قۆناغەدا!!!
عەلى بەهرامى
[email protected]
مەبەست لە نووسینى ئەم بابەتە خستنە رووى هەل و مەرجى لاوان و کێشەکانیان لە کۆمەڵگاى ئێران بە گشتى و کوردستانى ئێران بەتایبەتە کە لە ئێستادا هەست بەوە دەکرێ دەستەیێک لە لاوانى شۆرشگێڕ و دڵسۆز بە هەل و مەرجى لاوان لە ریزەکانى سازمانى خەبات ى کوردستانى ئێران لە هەوڵى ئەوەدان ناوەند یا رێکخراوێک بۆ لاوان دامەزرێنن
تا لەو رێگەوە بتوانن زیاتر خزمەت بە لاوى کورد لە کوردستانى ئێران بکەن و سازمان بدرێن بۆ ئەوەى لە داهاتوودا کەسانێکى بەرپرس بن لە بەرانبەر نەتەوە و نیشتمانیان دا و بە بەرنامە و گەڵاڵەى باش بەرەو رووى کێشەکانیان بنەوە.
وەک ئامارەکان نیشان دەدەن زیاتر لە 68 لە سەدى رێژەى زیاد بووى خەڵکى ئێران لە دوو دەیەى ڕابردوودا لە ژێر 30 ساڵ تەمەندان و نزیک بە 25 ملوێن خەڵکى ئێران ئەو لاوانەن کە تەمەنیان لە نێوان 15 تا 34 ساڵە و بە هۆى نەبوونى بەرنامەیێکى باش بۆ لاوان و پشت گوێ خستنى ویست و داواکانیان لەلایەن دەسەڵاتى ئاخوندیەوە و لەلایێکى دیکەوە سیاسەتى تێکدەرانەى ئەو رژیمە لە وەڵاتانى دراوسێ و پشتیوانى ترۆریزم و هەوڵدان بۆ وەدەست هێنانى چەک و چۆڵى ناوکەیی کە بەوبۆنەوە 3 بڕیارنامەى ئەنجومەنى ئاسایش بۆ ئابڵوقەى رژیم پەسەند کراوە، هەروەها ئابڵوقەکانى ئەمریکا و ئوروپا، هەل و مەرجى کۆمەڵگاى ئێران بە تێکڕا و لاوان بەتایبەت بە شێوەیێکى بەرچاو لە خراپى دایە.
ئەو کێشانەى لە کۆمەڵگاى ئێراندا هەن کە بەشێکى زۆرى رووبەرووى لاوان دەبێتەوە بەم شێوەن:
1ـ نزیک بە 80 لەسەدى لاوان ڕەبەنن (مجرد) و نەک هەر ناتوانن خانەوادە بەرێوە بەرن، بەڵکوو ناتوانن خۆشیان بەخێو بکەن. رێژەى ئەو پیاو و ژنانەى کە هاوسەرگیریان نەکردوە لە 25 بۆ 29 ساڵ لە زیاد بوون دایە. بە شێوەیێک کە ئەو رێژە لە ژنان دا لە 8 لە سەد بۆ 25 لەسەد و لە پیاواندا لە 20 لەسەد بۆ 40 لە سەد بەرەو سەرچووە.
رێژەى ئەو پیاوانەى کە تەمەنیان لە 20 تا 29 ساڵە و لەگەڵ خانەوادەکانیان دەژین لە 50 لەسەد لە ساڵى 1984دا گەیشتۆتە 75 لەسەد لە ساڵى 2005 دا، لە ژنان دا ئەو رێژەیە لە 20 لە سەد بۆ 48 لەسەد زیادى کردوە. بەرەو سەرچوونى تەمەن شتێکى باشە و دەکرێ دواخستنى هاوسەرگیرى و پێکهێنانى خانەوادە بەهۆى خوێندنەوەبێ بەڵام بە ڕبەن مانەوە دەردەسەرى نوێ لە گەورە ساڵیدا دروست دەکا. دەکرێ دواخستنى پێکهێنانى خانەوادە کاردانەوەیێک بێ لە بەرانبەر داب و نەریتى هاوسەرگیرى، چوونکە کڕینى خانوو و خەرجى خانەوادە لە بەرەو سەرچووندایە. لەلایێکى دیکەوە ئەو کێشە و گرفتانە بوونەتە هۆى ئەوەى رێژەى تەڵاق لە ئێراندا بەرەو زیاد بوون بچێ و رێژەى هاوسەرگیرى و تەڵاق خەریکە لێک نزیک دەبێتەوە کە لە شارێکى وەک تاران ئامارى تەڵاق زیاتر لە 40 لە سەدە.
2ـ بێ هومێدبوون، شکاندنى هەست، دروست کردنى ترس و سەرلێ شێواوى و بێ ناوەرۆکى بۆتە هۆى تێکدانى لاو، لەگەڵ پەیدابوونى رێگەى نوێى پێوەندى، زۆرێک لە داب و نەریتەکانى کۆن کەم رەنگ بوونەتەوە و یا گۆڕانیان تێدا دروست بووە یا داب و نەریتى نوێ لە کۆمەڵگادا جێ یان گرتۆتەوە، لەگەڵ ئەوانەدا هەژارى و بێ توانایی لە گەیشتن بەو رێگە نوێ یانە، بونەتە هۆى ناهومێدى لە ناو لاواندا.
لەلایێکى دیکەوە گۆشەگیر کردنى لاوان کە داهاتووى کۆمەڵگان، شوێنەوارى خراپى زۆرى هەیە، هەوڵى لاوان بۆ وەدەست هێنانى هەل و مەرج و جێ و رێى باشتر لە کۆمەڵگادا بێ ئاکام بووە و بەربەستى زۆریان بۆ دروست بووە، لە ئاکامدا توانا و هێزێکى زۆر لە کۆمەڵگادا بە فیرۆ دەچێ. هەروەها بە هۆى بەشدار نەکردنیان لە ئابوورى وەڵات، بێ سەر و بەرەیی لە بازارى کار، نەبوونى هەلى کارى چاک، شوغڵى خراپ و نابەجێ، بەسترانەوەى خانەوادە بەشێکى دیکەن لە دروست بوونى ناهومێدى لە لاواندا. لەلایێکى دیکەوە بێ رێزى و توند و تیژى بووە بە یەکێک لە کێشەکان لە هەڵسووکەوت لەگەڵ لاوان، کە ئەو شێوە هەڵسووکەوتانە بە گشتى دەبنە هۆى تیکگیران و لە ئاکامدا تاوانى لێ دەکەوێتەوە. بە پێى ئامارى رێکخراوى پزیشکى رژیم، 42 لە سەدى ئەوانەى دەچنە لاى پزیشکى قانوونى لە شەر و تێکگیران دا پێکراون. بە پێى تازەترین ئامار خانەوادە، مەکتەب و هاورێ دەبنە هۆى دروست بوونى رەفتارى ناشیرین لە لاودا. هەروەها ترس و دڵەڕاوکێ یەکێکى دیکە لە کێشەکانى لاوانە کە لەلایەن خانەوادە و دەسەڵاتدارى ئاخوندانەوە لە ناخیاندا پێک هاتووە، لاوانى ئێرانى ناتوانن بە دڵى خۆیان ماوەى لاویەتیان ببەنە سەر و بەردەوام ترس لە گیران و زیندانى کردن لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانى رژیم لە دڵى هەموو لاوێک دا هەیە و بە ترسەوە دەچنە پارک، سەیران و گەران.
3ـ بێکارى، کە سەرچاوەى زۆربەى کێشەکانە بە زۆرى لە نێوان لاوانى خوێندەوار و دەرچوانى زانکۆدا دەبیندرێ. بە پێى ئامارەکانى رژیم رێژەى بێکارى لە نێوان 20 تا 25 لەسەدە. بە پێى قسەى کارناسان راستى ئەوەیە کە رێژەى بێکارى لاوان لە ئێران لە تەمەنەکانى سەرەتاى لاوى تا 24 ساڵ 34 لەسەدە و لە نێوان 25 ساڵ تا 29 ساڵ زیاتر لە 16 لەسەدە.
زیانەکانى بێکارى، ئاسان نەبوون بۆ بەشدارى لە بەشى ئابوورى، لە گەڵ زیاد بوونى کێشەى لاوان ئەنجامدانى کارى خراپ، ئاکامەکەى تێکچوونى رەوتى ژیان، زیاد بوونى تاوان و جینایەت، ئیعتیاد و تێکچوونى شیرازەى کۆمەڵگاى لێدەکەوێتەوە.
بەو شێوەیە لاوان ڕوو لە (کارى ڕەش) وەک قاچاخى مەوادى موخەدیر، هەڵسووڕان لە باندە خرابکارەکان... کە دەبێتە هۆى بەلارێدا بردنى کۆمەڵگا و مەترسیێکە کە لەگەڵ بێکارى دروست دەبێ و هەڕەشەیە بۆ سەر داهاتووى لاوان.
4ـ ئیعتیاد، بۆتە یەکێک لە دەردەجەرگ بڕەکانى کۆمەڵگا، کە ئێخەى زیاتر لە 5 ملوێن کەسى لە ئێران گرتۆتەوە، لە مانگدا زیاتر لە 500 تا 700 تۆن تریاک و جۆرەکانى دیکەى مەوادى موخەدیر لە ئێراندا بەکار دەهێنرێ. هەروەها بە پێى ئامارى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان ئێران بەرزترین رێژەى موعتادى هەیە و زیاتر لە 30 لەسەدى موعتادانى ئێران ئەو لاوانەن کە لە ژێر 20 ساڵ تەمەن دان و 47 لەسەدى موعتادان لە نێوان 25 تا 40 ساڵیان تەمەنن و زیاتر لە 65 لەسەدى موعتادە زیندانیەکان لە 1 تا 5 منداڵیان هەیە، 60 لەسەدى زیندانیەکانى ئێران تاوانبارانى مەوادى هۆشبەرن، زۆرترین کات بۆ پەیدا کردنى ئەو مەوادە 20 دەقیقەیە. لە ئێراندا لە هەر یەک دەقیقە یەک موعتاد دەمرێ و لە رۆژدا تەرمی 10 تا 12 کەسى موعتاد دەدۆزرێتەوە، 18 تا 24 لەسەدى بە کارهێنانى مەوادى موخەدیر بە دەرزیە و ئاکامەکەى تووشبوون بە نەخۆشى ئیدزە.
رۆژنامەى لوس ئانجلس تایمز لە زمان کچێکى لاو دەنووسێ کە رژیمى ئێران قسە لە خەبات دژ بە مەوادى موخەدیر دەکا بەڵام بۆخۆى خەریکى موعتاد کردنى لاوانە بۆ ئەوەى بێ دەنگیان بکا. سەربازێکى 21 ساڵان بەو رۆژنامە دەڵى٠Ž: ئێمە هیچ کارێکمان نیە و نازانم لە دواى تەواو بوونى سەربازى چ کارێک بکەم. ناوبراو دەڵى٠Ž، لاوان بۆ ژیان پێویستیان بە کارە بەڵام چوونکە کار نیە، دواى مەوادى موخەدیر دەکەون.
5ـ (فەحشا) بەپێى ئامارەکانى رژیم تەنیا لە شارى تاران نزیک بە 200 تا 300 هەزار کەس هەیە، و یەکێک لە شانازیەکانى رژیمى ئێران دامەزرانى (خانە عفاف) و فرۆشتنى ژن و کچى لاوى ئێرانى بە وەڵاتانى دەوروو بەرى کەنداوى فارسە. بە پێى ئامارەکان ئەو کچ و ژنانەى لە ماڵ هەڵاتوون زۆرترین کێشەى فەرهەنگى و ئابوورى و رەوانیان تەجروبە کردوە و تەنیا شتێک لەو کاتەدا کە ئەوان بیرى لێ دەکەنەوە هەڵاتن لە دەست ئەو هەل و مەرجەیە. بە پێى ئامارەکان لە نێوان 147 ژنى سەرشەقام، 60 لەسەدیان لە تەمەنى 13 تا 20 ساڵى تووشى بەدرەوشتى بوون. ئامارى ئەو کچانەى هەڵاتوون تەنیا لە شارى تاران، ساڵى 1380 لە چاو ساڵى 1379 لە 1200 کەس بۆ 5000 هەزار کەس زیادى کردوە و ئەو رێژەیە لە ساڵى 81 گەیشتۆتە 6000 هەزار کەس و تەمەنى کچانى تووش بوو لە ساڵى 1379 لە 16 ساڵ و لە ساڵى 1382 بە 13 ساڵ گەیشتووە. لەو رێژە 27/7 لەسەد لە شەقامەکاندا ماڵیان کردۆتەوە و ژمارەیێکیان لە پارک و بەشێکیش پەنایان بردۆتە ماڵى دۆست و رەفێقەکانیان. بە زۆرى ئەو کچانە لە بەر ئەوەى نەچنەوە بۆ ماڵ، پەنا دەبەنە بەر شەقام و لەش فرۆشى دەکەن. بە پێى ئامارى رێکخراوى بێهزیستى رژیم نزیک بە 23 لەسەدى ئەو کچانە لە تەمەنى منداڵى دا بە زۆر کارى جێنسیان لەگەڵ دەکرێ و 12 لە سەد لەلایەن کەسانى نزیکى وەک خزمەکانیانەوە ئەو کارەیان لەگەڵ کراوە.
لەلایێکى دیکەوە زۆربەى کوڕە لاوەکان بە هۆى نەبوونى کار و خراپى وەزعى ماددى بۆ پێکهێنانى خانەوادە، لەگەڵ ژنانى سەرشەقام کارى جێنسى دەکەن.
6ـ نەخۆشی رەوانى یا خەمۆکى کە بە داخەوە رێژەیێکى بەرین لە لاوانى ئێران تووشى ئەو حاڵەتە بوون، هۆیێکى گرینگى نەخۆشى رەوانى بێ ئاکامی و باوەڕ نەکردن بە لاوانە، ڕەش بینى سەبارەت بە داهاتوو، دروست کردنى ناکۆکى لە نێو لاوان دایە.
بێ هەستى بۆ بەرێوەبردنى کار، بیرکردنەوەى خراپ، زیادەڕەوى لە ناسیندا و ترس و دڵەڕاوکێ لە نیشانەکانى خەمۆکین، کە ژمارەیێک تەنیا لەلایەنى نگتیڤ دەبینن.
نیشانەکانى کێشەى دەرونى و خەمۆکى پێکەوە گرێدراون، کە کاردانەوەیان هەیە لە سەریەکتر، هەروەها میرات هۆیێکى دیکەى تووش بوون بەو حاڵەتەیە. 90 لە سەدى ئەو کەسانەى کە بەگوومانن تووشى نەخۆشى ئەفسوردگى دەبن. هەروەها ئامارى تووش بوون بە خەمۆکى لە کچاندا زیاتر لە کوڕانە و سەرەکیترین هۆ بێ ئاکامیە. ئەگەر خەمۆکى ببێ بە نەخۆشى، دەبێ بە مشاورە لەگەڵ رەوانشناس رێگەچارەى بۆ دانرێ و هەوڵ بدرێ ئەو ڕەش بینى و گومانانەى لا بڕەوێتەوە.
7ـ نەخۆشیەکانى لەش کە بەرچاوترینیان نەخۆشى ئیدزە.
بۆچى لاوان زیاتر لە هەمووان زیاتر تووشى ئەو نەخۆشیە دەبن؟ خراب بە کارهێنانى مەوادى موخەدیر بە زۆرى لە سەرەتاى 20 ساڵیەوە دەست پێ دەکا، هۆکانى بە کارهێنانى مەوادى موخەدیر جۆراوجۆرن لەوانە، ترس، خەمۆکى، ناکۆکیى خێزانى، کێشەى ئابوورى، بێکارى یا ئەوەى کەس و کار کەمتەرخەمیان لەگەڵ دەکەن.
لە لێکۆڵینەوەیێکدا کە ساڵى 1387سەبارەت بە خراب بەکارهێنانى مەوادى موخەدیر ئەنجام درا، نیشانى دا کە سێ یەکى ئەو لاوانەى مەواد بە کاردێنن، کاتێکە کە دەستەیێک لە لاوانى هاوتەمەن کۆدەبنەوە، یان زۆرێک لەو کەسانە هاورێى موعتادیان بووە.
تووش بوون بە نەخۆشى ئیدز لەوکەسانەى کە مەوادى ئیکستاسى بە کاردێنن.
لێکۆڵینەوەکان دەریان خستوە کە ئەو لاوانەى ئیکستاسى بە کاردێنن هەوڵ دەدەن پێوەندى جێنسى لەگەڵ یەک بگرن.
بە گشتى ئەو هۆیانەى مەترسى تووش بوون بەو نەخۆشیە لە لاواندا زیاد دەکا بریتین لە:
1ـ سەفەر و دوورکەوتنەوە لە خانەوادە (زۆرێک لە لاوان بۆ پەیدا کردنى کار یا خوێندن لە شار و خانەوادەى خۆیان دوور دەکەونەوە بۆیە لە چاو ئەو لاوانەى لە ناو خاو و خێزانى خۆیاندان و چاودێریان دەکرێ، مەترسى تووش بوونیان لە سەرە. بەتایبەت ئەگەر ئەو مەسەلە لە رووى ئاگاهیەوە نەکرابێ و ڕاوێژى لە سەر نەکرابێ و گوێ نەدرابێ بە تێبینیەکانى تەندروستى، ئەگەرى تووش بوون بە HIV زیاتر دەبێ و لە گەرانەوە بۆ خانەوادە مەترسى تووش بوونى هاوسەرەکانیشان هەیە.
2ـ گۆڕان لە شێوەى بەکار هێنانى مەوادى موخەدیر و بەکارهێنان بە شێوەى دەرزى.
3ـ خراپى بارى ئابوورى و کۆمەڵایەتى، ( بەتایبەت بێکارى، لەو لێکۆڵینەوە ساڵى 1387دا دەرکەوتووە کە 32 لە سەدى موعتادانى ئێران بێکارن)
4ـ بەرەو سەرچوونى تەمەنى هاوسەرگیرى بە هۆى کێشەى ئابوورى و کۆمەڵایەتى.
5ـ کاردانەوەى خراپ بەکارهێنانى ڕاگەیێنە گشتیەکانى وەک ماهوارە و ئینتێرنێت لە ژیانى لاواندا.
8ـ هەڵاتنى مێشکەکان، کاردانەوەى کۆبوونەوەى هێزى زانست و لێکۆڵینەوەکان لە چەند شوێنى تایبەتى جیهان، جیاوازى لە نێوان وەڵاتانى گەشەسەندوو و دواکەوتوو رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێ، و دەبێتە هۆى ئەوەى کە پەرەسەندنى ئابوورى لە وەڵاتە دواکەوتووەکان لە دابەزیندا بێ، چوونکە شک لەوەدا نیە کە شەرتى بوونى ئابووریێکى چاک و پێشکەوتوو، پێویستى بە هێزى زانست و بیرکردنەوەیە کە بتوانى٠Ž زانستى سەردەم بۆ خستنەگەڕى سەرچاوەکانى وەڵات بە کاربێنێ.
هێزە رۆژئاواییەکان بەتایبەت ئەمریکا، لەگەڵ ڕاکێشانى سەرچاوە ژێرزەمینیەکانى وەڵاتان، لە هەوڵى ڕاکێشانى هێزى مرۆیی پسپۆریش دان، و بۆ ئەو مەبەستە بە چەندین رێگەى سیاسى، ئابوورى، کۆمەڵایەتى، هانى خوێندکاران و پسپۆران دەدن بۆ مانەوە لە ئەمریکا. بە پێى ئامارەکان لە ساڵانى ڕابردوودا لە 125 خوێندکارى ئێرانى بەشدار لە ئولمپیادى زانستى کە توانیویانە پلە و جایزە وەدەست بێنن، 90 کەسیان مانەتەوە و لە زانکۆکانى ئەمریکا بەردەوام بوون لە خوێندن.
ئەو زەرەرانەى بە هۆى هەڵاتنى مێشکەکان لە ئێران دەکەوێ چەندە؟
بە پێى لێکدانەوەى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان هەر وەڵاتێک پێویستە لە نێوان 15 تا 20 هەزار دولار خەرج بکا تا خوێندکارێک ببێتە پسپۆر. بەو پێ یە مەسەلەى هەڵاتنى مێشکەکان زیاتر لە 8 تا 11 ملوێن دولار زەرەرى لە ئێران داوە.
هۆى هەڵاتنى مێشکان شتێکى دیارە، لە ئێراندا کەمترین کار بۆ بەرەو پێشچوونى نوخبەکان نەکراوەو نەبوونى فەزاى ئازاد واى کردوە باشترین خوێندکارەکان وەڵات جێ دێڵن و نەگەرێنەوە لە حاڵێکدا ئێران بۆ خۆى زۆرى پێویست بەو کەسانەیە، بەڵام زۆر بە هاسانى لە دەست دەچن.
بە سەیرکردنى ئامار و ژمارەکان زیاتر دەردەکەوێ کە لە نێوان ئەو وەڵاتانەى کە بەهۆى کارئاسانى لە بارى خوێندن و لێکۆڵینەوە، ئێرانیە خوێندەوارەکانیان بۆ لاى خۆیان ڕاکێشاوە، ئەمریکا و کانادا لە پلەى یەکەم و دووهەم دان.
لێکۆڵینەوەکان وانیشان دەدەن کە زیاتر لە 45 لەسەدى ئێرانیەکانى دانیشتووى ئەمریکا مەدرەکى کارناسى یا فەوقى کارناسیان هەیە. لە نێوان سێ ملوێن ئێرانى کە لە دەرەوەى ئێران دەژین، 1/2 ملوێن کەس لە ئەمریکا، 200 هەزار کەس لە کانادا، 180 هەزار کەس لە بریتانیا، 110 هەزار کەس لە ئاڵمان، 100 هەزار کەس لە فەرانسە، 90 هەزار کەس لە سوئێد، 70 هەزار کەس لە ئوسترالیا و باقى وەڵاتەکانى دیکە نیشتەجێن.
9ـ ناهومێدى سیاسى، بەشدارى نەکردن لە هەڵبژاردن، بەشدارى نەکردن لە رێ پێوانەکان، نەبوونى ئامانج بۆ چالاکى حیزبی و ... وەک نیشانەکانى ناهومێدى سیاسی لاوان ناو دەهێندرێن. لاوان خراونەتە پەراوێزەوە، و خۆیان لەلا بێ توانایە لە بڕیاردانى گەورە لە کۆمەڵگادا و خۆیان و مافى دەنگەکانى خۆیان پێ کەمە و لە چالاکى سیاسى خۆ دەبوێرن، هەرچەند دەکرێ هێندێکیان بتوانن بەشدارى بکەن لە کارە سیاسیەکاندا بەڵام کارئاسانیان بۆ ناکرێ.
هەروەها دەتوانین ناهومێدى لە سێ بەشى ( تاک، ناوەندى، گەورە) لێکبدەینەوە. ناهومێدى بە شێوەى گەورە ئەوەیە کە لە کۆمەڵگادا تاقمەگەلێک دروست دەبن کە لە بڕیارە گەورەکاندا بێ هەڵوێستن و بە گشتى ئەوندە خۆیان بە کەم دەزانن کە پێ یان وایە بەشدارى کردنیان لە بڕیارە گەورەکاندا حیسابی بۆ ناکرێ.
ناهومێدى بەشێوەى ناوەندى، بەشدارى نەکردن لە دەستە کۆمەڵایەتیەکان، پێوەندى نەگرتن بە دەر و جیران یاخود بێکارى دەبنە هۆى دروست بوونى ئەو حاڵەتە. ژیان لە شار و نەبوونى خانووى خۆى، ئەو کەسانە خۆیان لە چاو کەسانێک کە خانوویان هەیە بێ تواناتر ببینن، لە ئاکامدا بەشدارى ئەو کەسە لە چارەسەرى کێشەکانى گەڕەک کەم دەکاتەوە.
لە ناهومێدى لە کەسەکان، دەتوانین ئیشارە بکەین بە نەبوونى پێوەندى تاک، گۆشەگیرى، خەمووکى، خۆکوشتن، بە لارێدا چوون. بێکارى، نەبوونى هەلى چاک بۆ هاوسەرگیرى و پێکهێنانى خانەوادە، رێگە خۆش دەکا بۆ بەلارێدا چوون لە نێوان لاواندا.
ئەوەى پێشتر باسمان کرد وەزعى کۆمەڵگاى ئێران بە گشتى و لاوان بەتایبەت بوو، ئێستا پێویستە باس لەسەر لاوانى کوردستان و هەل و مەرجى نالەبارى ژیانیان بکرێ.
بە پێى ئامارى رژیم لە ئوستانى کوردستان (یەک ملوێن و 450) هەزار کەس و ئوستانى کرماشان (یەک ملوێن و 788) هەزار کەس، ئوستانى ئیلام ( چوارسەد و 77 هەزار)هەزار کەس، ئازەربایجانى رۆژئاوا (دوو ملوێن و 496)هەزار کەس، هەر چەند ئەوانە ئامارى ساڵى 1375ى کۆچى خۆرین بەڵام لە راستیدا ئەو ئامارانە دوورن لە راستى و تا ئێستا لە ئێراندا ئامارێکى راست و دروست سەبارەت بە رێژەى کورد لەو وەڵاتەدا نەدراوە و ئەو ئامارە نارەسمیانەى لە لاوە دەدرێن، ناتوانرێ زۆر پشتیان پێ ببەسترێ.
ئەوەى لە پێشدا باس کرا، نیشاندانى کێشەى لاوان بوو لە ئێران، بەڵام ئایا ئەو کێشانەى لە ناوچەکانى دیکەى ئێران بۆ لاوان هەیە لە کوردستانیش هەر بەو شێوەیە؟، بە هۆى ئەوەى کە کوردستانى ئێران لە کاتى رژیمى خومەینى و رژیمەکانى پێش ئەویش بە بەردەوامى پشت گوێ خراوە و هەمیشە ناوچە کوردنشینەکان لە ناوچە هەرە بێبەشەکانى ئێران بووە و دانیشتوەکانى بە هاووەڵاتى دەرەجە 2 و 3 حیسابى بۆ کراوە و بە بەردەوامى بە شک و گومانەوە چاوى لێ کراوەو دەکرێ و لە دام و دەزگا گرینگەکاندا هیچ جێگەیێکیان پێ نەداوە. لەلایێکى دیکەوە نەبوونى بازارى کار و نەبوونى کارخانە و شوێنى پێشەسازى گەورە و بەرچاو کە وەڵام دەرەوەى داواکانى خەڵکى کوردستان بە گشتى و لاوان بەتایبەت بێ، بوونەتە هۆى ئەوەى کە کوردستان کێشەیێکى زۆر بەتایبەت لە ئێستادا رووى تێ بکا و خەڵکەکەى لەو پەڕى بێ دەرەتانیدا بژین و خەڵکى کوردستان بە زۆر بۆ بژێو و کار روو لە ناوچەکانى دیکەى ئێران، وەک چوونە کوڕەخانەکان یا خود لە شیرکەتى بیناسازى دا کار دەکەن، نەک ئەوەى بتوانن یا رێگەیان پێ بدرێ لە کارخانە و شوێنە سەنعەتیەکاندا کاریان دەست کەوێ.
هەروەها ئەوانەى نەچوونەتە ناوچەکانى دیکەى ئێران و هەر لە کوردستاندا ماونەتەوە، یا خەریکى خوێندن یا ئەوەى کە کارى قاچاخى دەکەن کە رۆژانەى وەک دەبیستین هێزە سەرکوتگەرەکانى رژیمى ئێران دەسترێژ دەکەنە سەر کۆڵبەران و ئەو لاوانەى خۆیان بەو کارانەوە خەریک کردوە و بە بەردەوامى لێ یان شەهید و بریندار دەکرێ.
ئەوەى کە لە هەموو ئەوانە زیاتر جێگەى داخە ئەوەیە کە لە نێو لاوانى کوردستاندا بەکارهێنانى مەوادى هۆشبەر پەرەى سەندوە کە هۆى پەرەسەندى ئەو مەوادە لە نێو لاواندا دەگەرێنەوە بۆ هەوڵى دام و دەزگاکانى رژیم کە و لە رێگەى مۆرەکانیانەوە رێژەیێکى زۆر لە لاوانیان تێوە گلاندوە بە شێوەیێک کە زۆرێک پێى دەڵێن ئەنفالى سپى.
مەبەست لە پەرە پێدانى مەوادى موخەدیر و بێکارى و هەژارى لەلایەن دەسەڵاتى ئاخوندانەوە چى بوو؟
بیرکردنەوە و سیاسەتى ئاخوندى هەر لە سەرەتاى هاتنە سەرکاریان لەگەڵ ناڕەزایەتى کۆمەڵگاى ئێران بە گشتى و لاوان لە ئێران و کوردستان بەتایبەت بەرەو ڕوو بوو لاوانى کوردستان لە پێش ڕوخانى رژیمى شایەتى وەک هێزێکى ئازادیخواز لە کۆمەڵگادا چالاکیان دەکرد بۆ رووخانى شا و هاتنەدیی ئازادى، بەتایبەت لە کوردستان لاوان ئەوندە خوێن گەرم و بەجۆش بوون کە پشتیوانیان لە هەر بزوتنەوەیێکى ئازادیخوازى دەکرد و هەر ئەوە بووە هۆى ئەوە ببنە پێشرەوى لاوانى باقى ناوچەکانى ئێران.
لە دواى سەرکەوتنى شۆرشى گەلانى ئێران و بە دەسەڵات گەیشتنى رژیمى ئاخوندى و و لە سەرەتاوە هەڵوێستە فێڵاویەکانى سەبارەت بە مەسەلەى نەتەوەیی کورد و لە دوایی دا هێرشە سەربازى و پروپاگەندەییەکانى بۆ سەر خەڵکى کوردستان، لاوان پێش هەموو چینەکانى دیکەى کۆمەڵگا کەوتنە خۆ و لە بەرانبەریاندا بێ هەڵوێست نەبوون و زۆربەى فیداکاریەکانى ئەو ماوەیە لەلایەن لاوانەوە کرا و بۆ پارێزگارى لە نیشتمان و بەرنگار بوونەوەى هێزەکانى رژیم لە زۆربەى ناوچەکانى کوردستان پێشیان بەو هێزانە گرت. لە راستیدا لاوانى کورد بە درێژایی شۆرشى مافخوازى ئەو گەلە، سوتەمەنى شۆرش بوون و بە هەزاران لاوى کورد لەو پێناوەدا خوێنیان رژاوە.
لاوى کورد نەک هەر لە بەرەکانى شەڕى پاریتیزانى پێشرەو و فیداکار بوون، لە دواى داگیرکردنەوەى کوردستان لەلایەن رژیمى دژ بە کوردى خومەینیەوە، دەورێکى بەرچاویان بینى لە پشتیوانى کردنى شۆرش لە شار و دێ کانى کوردستان و دەنگ و داواکانى شۆرشیان بە کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان دەگەیاند و بەربەستى گەورە بوون لە پەرەسەندنى سیاسەتە چەوتەکانى رژیم لەو ناوچانە.
رژیم کە دەیبینى کە لە ناو کۆمەڵانى کوردستان و بەتایبەت لە ناو لاواندا هیچ پێگەیێکى نیە و بەردەوام بەرنگارى هەیە لە بەرانبەر سیاسەتەکانى دا، بە هیچ شێوەیێک ئامادە نەبوو بۆ ئاسوودەیی و خزمەتگوزارى کوردستان هەنگاو هەڵگرێ و یەکێک لە سیاسەتەکانى هێشتنەوەى خەڵکى کوردستان بوو بە هەژارى و برسیەتى بۆ ئەوەى خەڵک سەرى خۆى داخاو بە دواى بژێوى رۆژانەى خۆیەوە بێت.
لەلایێکى دیکەوە بەوەوە نەوەستاو لە رێگەى دەست و پێوەند و مۆرەکانیەوە بە دەیان جۆر مەوادى موخەدیرى هێنا کوردستان و هەرزان فرۆشى کرد و پەرەى پێدا. قسەیێک لە ناو خەڵکدا باوە کە دەڵێن محەممەدى رەحیمى ئوستاندارى رژیم لە کاتى سەرۆک کۆمارى ئاخوند رەفسەنجانى دا لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانى بەرپرسانى رژیمدا بە شانازیەوە دەڵێ: من چەکم لە دەست لاوانى کورد وەرگرت و تریاک و مەوادى موخەدیرم بە دەستیانەوە دا.
هەر بە پێى ئەو باسانەى کە لە پێشدا کران لاوان پێویستیان بە ناوەندێکە یارمەتى دەر و هاوکاریان بێ بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانەى تێى کەوتووە. و لێرەدا باسێک لە چۆنیەتى پێکهاتە و کارەکانى بکەین.
دامەزرانى ناوەندى لاوان لە ئێستادا و ئەرکەکانى دەبێ چی بێ؟
لێرەدا دێینە سەر ئەوەى کە ئەرکى ئێمە لە حاست ئەو کێشانەى بۆ لاوانى وەڵاتەکەمان هاتۆتە پێش چیە و پێویستە بۆ داهاتوو چ رێگەیێک بگرینە بەر کە نەک هەر رێگە لە تەشەنە و زەرەرى زیاتر لەو بارەوە بگرین بەڵکوو هەوڵ بدەین بۆ ریشە کێش کردنى کێشەکانى لاوان و کۆمەڵگا بەگشتى.
دیارە پێش ئەوەى ئێمە بیرلە دامەزرانى رێکخراو یا ناوەندێکى لەو جۆرە بکەینەوە دەبینین کە چەندین ناوەند و رێکخراوى دیکە لایەن حیزب رێکخراوە کوردستانیەکانى دیکەوە دامەزراون و ئێستا بە پشتیوانى حیزبەکان لە چالاکی دان. دەبێ چ کەلێنێک لە خەباتى ئەو رێکخراوانەدا هەبێ کە ئێمە بمانەوێ بە دامەزراندنى ئەو ناوەندە پڕى بکەینەوە.
لە دەرەجەى یەکەم دا و لەم هەل و مەرجەدا پێویستە ئەو ناوەندە هەوڵ بدا بۆ بەرەو سەربردنى زانیارى لاوانى ناوخۆى سازمانى خەبات لە سەر ویست و داواکانیان و بە شێوەیێکى باش رێکیان بخا کە تا ئێستا لەو بارەوە هەنگاوێکى باش و بەرچاو هەڵنەگیراوە.
هەروەها پێویستە جیاواز لەو لاوانەى لە چوارچێوەى سازمانى خەباتدان، رێکخەرى ئەو لاوانەیش بێت کە بە دەر لە سازمانى خەباتن و لەو بارەوە پانتایێکى فکرى و کارى هەبێ و لەو بارەوە سنوورێک نەبێ، هەوڵ بدا بۆ گەشە پێدانى هەستى نەتەوەیی لە لاواندا بەتایبەت ئەو لاوانەى لە وەڵاتانى ئوروپایی دان، هەروەها کۆمیتە و بەشەکانى دیارى بکرێ.
لە کاتێکدا کە هەل و مەرجى پۆلیسى باڵى بە سەر کوردستاندا کێشاوە و بنکە و بارەگاى ئەو رێکخراوە لە دەرەوەى سنوورەکانى کوردستان دەبن، دەتوانى٠Ž چ کارێکى بەرچاو و گرینگ بۆ لاوان بکا؟ بە بینینى ئەو بەڵایانە کە لاوانى کوردستانى گرتۆتەوە رێکخراوى لاوان دەبێ هەموو هێز تواناى بخاتە گەر بۆ ئاگادار کردنەوەى ئەو لاوانەى کە بە هەر ناو و شێوەیێک تووشى کێشەکان بەتایبەت مەوادى موخەدیر هاتوون و بە پێى توانا هەوڵ بدا لە بنکەکانى دا رێ و شوێن دیارى بکا بۆ چاک کردنەوەى موعتادان و بارهێنانیان لە خزمەت بە دۆزى رەواى نەتەوەکەمان و یا بە هاواریانەوە بچێ، هەروەها لاوان لە سیاسەتە دژە گەلیەکانى رژیم ئاگادار بکاتەوە و هاندەریان بێ و پشتیوانیان لێ بکا. لەلایێکى دیکەوە بتوانى٠Ž پەل بهاوێژێ بۆ زانکۆ و خوێندنگاکان و کارى رێکخراوەیی پەرە پێ بدا و رێ نیشاندەرى لاوان بێ بۆ وەدیهێنانى ماف و ئازادیەکانیان و رێگە خۆشکەر بێ بۆ ئەوەى لاوانى خوێندەوار لە کار و ئەرکەکاندا دەوریان هەبێ.
بۆ دامەزرانى ئەو رێکخراوە پێویستە هەر لە سەرەتاوە کۆمیتەیێکى ئامادەکارى چ لە باشوورى کوردستان چ لە وەڵاتانى ئوروپایی پێک بێ و بە هاوکارى یەک کار بکەن بۆ بەستنى کۆنگرەى یەکەم لە کوردستان و هانى ئەو لاوانەى کوردستانى ئێران کە لە باشوورى کوردستان نیشتەجێن بدەن کە بەشدارى لەو کارە پیرۆزەدا بکەن.
بەو هومێدەى پەلە بکرێ لە دامەزراندنى ئەو رێکخراوە و لاوانى کوردیش چالاکانە بەشدارى بکەن و خزمەت بکەن بە چینى لاو و پارێزەرێکى راستەقینەى لاوان بن.