پنج‌شنبه 

29 ژوئن 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یارمەتی ئەمریکا پێویستە، بەڵام دژی هەر جۆرە دەستێوەردانێکی لایەنە دەرەکییەکانین

یارمەتی ئەمریکا پێویستە، بەڵام دژی هەر جۆرە دەستێوەردانێکی لایەنە دەرەکییەکانین
دیمانه

سازدانی: محەمەد جەمشیدی
کوردستان راپۆرت: ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان تاچەند سوودی لە فشارەکانی نێودەوڵەتی بۆسەر کۆماری ئیسلامی وەرگرتووە؟
بابەشێخ حوسێنی: بەهۆی ئاشکرابوونی گەڵاڵە ئەتۆمییەکەی رژێم لەلایەن هێزێکی سەرانسەریی (سازمانى موجاه٠ید٠ین)، فشارەکان بۆسەر رژێم توندتر بۆوە، تائێستا سێ بڕیارنامە لەدژی رژێم دەرچووە، کە هەنگاو بە

هەنگاو ئابلۆقەی لەسەر رژێم تەنگ کردۆتەوە. ژمارەیەک لە بانکەکانی رژێم ئەوانەی کە سەروکاریان لەگەڵ گەڵاڵەی ئەتۆمی هەیە و هەروەها بوونەتە خەزێنەی ترۆریستان بایکوت کراون. چەند شیرکەتی گەورەی پەرەپێدانی مەیدانی نەوتی لەئێران وەکو شیل و رپسول و تۆتاڵ، ئێرانیان جێ هێشتووە و ئامادەنین کە لە ئێران سەرمایەگوزاری بکەن و لەبەر رژێم خۆیان فیدا بکەن. هەروەها کۆماری ئیسلامی بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک و مانەوەی لەسەر دەسەڵات، تێکۆشەرانی سیاسی بە پەتی سێدارەدا دەکا و ئێعدام لە ئێران گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی. بێگومان ئەوەش کاردانەوەی سازمانەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ و دەوڵەتە بەشەردۆستەکانی بەدواوە بووە و لەو بارەوە چەندین جار مەحکومیان کردووە. ئێستا دەستی هێزە سەرانسەری و کوردستانییەکان ئاوەڵاتر بووە و دەتوانین لەجاران زیاتر بەجیهانیان بگەێنین و باشتر لە جاران گوێمان بۆ دەگرن. بەڵام بەداخەوە هێزە سیاسییەکان بۆخۆیان لەناو خۆیاندا رێکوکۆک نین. ئەگەر هەمووان بتوانین ببینە خاوەن پلاتفۆرمێکی هاوبەش، زەمینەکە زۆر لەبارە و دەتوانین هیواداربین کە فشارە نێونەتەوەییەکان و هێزی بزوێنەری کۆمەڵگا، رژێم بەرەو فەوتان دەبا و تێیدا هەمووان قازانجی لێ دەکەین.


کوردستان راپۆرت: چ خوێندنەوەیەکتان بۆ رۆڵی ئەمریکا لە گۆڕانی سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێراندا هەیە؟


بابەشێخ حوسێنی: ئێمە هەمیشە پشت دەبەستین بە خەباتی خەڵکانی ئێران و پێمانوایە ئەوە هێزی جەماوەرییە رژێم دەگۆڕێ و چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن. یارمەتی ئەمریکا پێویستە، بەڵام دژی هەر جۆرە دەستێوەردانێکی لایەنە دەرەکییەکانین.


کوردستان راپۆرت: رایەک هەیە دەڵێت ئەڵمانیا و فەڕەنسا جوڵانەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کۆنتڕۆڵ دەکەن، یان لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندی ئابووری خۆیان هاریکاری کۆماری ئیسلامی دەکەن، ئەمە تاچەند راستە و چ ئاکامێکی لێ چاوەڕوان دەکرێت؟


بابەشێخ حوسێنی: ئەڵمان و فەڕەنسا بەدوای قازانجی خۆیانەوەن. هەتا خۆیان نەکەونە مەترسی و قازانجەکانیان هەڕەشەی لێ نەکرێ، دەنگ هەڵنابڕن. راستە ئەودوو وڵاتە لەبەر دۆستایەتی تیجاری و بازرگانی، هێزە شۆڕشگێڕەکان ئەخەنە لیستی تیرۆرەوە و لە زیندانیان دەئاخنن و داراییەکانیان دەبەستن، بەڵام ئەبێ ئەوە بزانین کە ئەو کارانەیان مەسلەحەتیانەو هەرکات قازانجیان لەو وڵاتانە نەما ئەوا بەپێچەوانەوە دەجووڵێنەوە.


کوردستان راپۆرت: گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چ سوودێکی بۆ کورد هەیە؟


بابەشێخ حوسێنی: هەتا ناوچەکە بەرەو ئاشتی و دیموکراسی بڕوا بەقازانجی کوردە. عێراق کە پێشتر بەدەست دیکتاتۆرێکەوە دەیناڵاند و زیندانێک بوو بۆ دانیشتووانی، ئێستا جیاوازی هەیە. لە دەستووردا مافی نەتەوەکان چەسپاوەو فیدرالیزم کە سیستەمێکی دیموکراتیکە، پەسەند کراوە. ئەوەش قازانجی بۆ کورد زۆر بووەو بەشێک لە مافەکانی مسۆگەر بووە. کێشەی ئێرانیش و فەڵەستین هەتا زوو حەل بێ، باشترە بۆ کورد. گومانی تێدانییە گۆڕانەکان لە ناوچەکە خێران و بە گورجی رژێمە تۆتالیترەکان دەفەوتێن و فەوتانی ئەو سیستەمە چەق بەستووانەش، سوودە بۆ کورد و جیاواز لە کورد نەتەوەکانی دیکەش دەتوانن قازانج لەو گۆڕانانە بکەن.


کوردستان راپۆرت: کاریگەری هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی رۆشنبیری و وشیاری نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان چۆنە؟


بابەشێخ حوسێنی: هەرێمی کوردستان لە هەموو بارێکەوە بۆتە پێشەنگ و مەکۆ بۆ باقی خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستان. بێگومان ئەگەر ئەم هەرێمە ئازاد نەکرابا روحیەی نەتەوەیی بەم شێوەی ئێستا نەدەبوو. ئازادبوونی ئەم هەرێمەو بەرقەرارکردنی دیموکراسی تێیدا، بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات و خوێنە. بەخۆشییەوە بارودۆخی کوردستان لەئاستێکدایە نەک کاریگەری لەسەر کوردەکانی باقی پارچەکانی دیکەی کوردستان داناوە و حاستی رۆشنبیری بەرز کردوونەتەوەو تەجرەبەی زۆری لێ وەرگیراوە، بەڵکو لە ناوچەکەشدا لەباری ئازادی و دیموکراسی و حکومەتی یاساوە بێ وێنەیە. رۆژانە سەدان گۆڤارو رۆژنامە بەزمانی پاراوی کوردی بڵاودەبنەوە و چەندین دەزگا تەلەڤیزیۆن و رادیۆ کاردەکەن، بێگومان ئەوانە کاریگەری زۆریان لەسەر رۆشنبیرکردنی تاکی کورد داناوە.


کوردستان راپۆرت: پێوەندی دیپلۆماسی هەرێم و تاران تاچەند بەربەستی بۆ دروست کردوون؟


بابەشێخ حوسێنی: لە هەرێمی کوردستان حکومەت هەیە. حکومەتیش دەبێ قازانجی خەڵکەکەی بپارێزێ. دۆستایەتی نزیک لەنێوان هەریەک لە تاران و تورکیاو سورییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ئارادایە. بە خۆشحاڵییەوە تا ئێستا دۆستایەتی حکومەتی کوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتانە، لەسەر حسابی لاوازکردنی ئێمە نەبووە. حکومەتی هەرێم بێگومان دەبێ پێبەندی ئەو دۆستایەتی و نزیکییە بێ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئێمەیش پێویستە بارودۆخی هەرێم لە بەرچاو بگرین و قازانجی بپارێزین.


کوردستان راپۆرت: خەباتی چەکداری ئێوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان فاکتەرێکی فەرامۆشکراوە یان ئەم راگرتنە بەشێوەیێکی کاتییە؟


بابەشێخ حوسێنی: ئێستا لەبەر بارودۆخی ناوچەکە خەباتی چەکداری بەچاک نازانین و هەردەم هەڵ رەخساو و بارودۆخ خۆش بوو، ئێمە خەباتی چەکداری بە کارێکی رەواو باش دەزانین لە بەرانبەر ئەو رژێمە ملهوڕەدا.


کوردستان راپۆرت: پەتای لێکترازان و جیابوونەوەکان زۆربەی حزب و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی گرتۆتەوە، هۆیەکان و رێگاکانی چارەسەرکردنی ئەم گرفتانە چین؟


بابەشێخ حوسێنی: جیابوونەوە و لێکدابڕان لەمێژە لەنێو حزبە کوردستانییەکاندا باوە، بەتایبەت حزبەکانی کوردستانی ئێران. ئەگەر چاو بە مێژووی لێکترازانەکاندا بخشێنین، بۆمان دەردەکەوێ کە زۆربەی جیابوونەوەکان لەوکاتانەدایە کە هەلومەرج ناسکە، دیارە ئوردوگانشینیش کاریگەری خراپی هەیە لە سەر جیابوونەوەکان، لایەنێکی دیکەی جیابوونەوەکان یەکتر قبوڵ نەکردنە و نەبوونی رۆحیەی دیموکراسییانەیە لەناو سەرکردایەتی سازمان و حزبەکاندا.


کوردستان راپۆرت: ئایا یەکگرتنەوەی حزب و لایەنە دابەش بووەکان نەبۆتە شتێکی مەحاڵ؟


بابەشێخ حوسێنی: بەبڕوای من هیچ شتێک مەحاڵ نییە.


کوردستان راپۆرت: سەبارەت بە بەرەی کوردستانی ئاماژە بەوە دەکرێ کە خەڵک لەم بوارەدا ناهومێد کراون، ئایا هیچ هەنگاوێک بەدی دەکرێ بۆ گەڕانەوەی ئەو هیوایە؟


بابەشێخ حوسێنی: ئێمە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران هەمیشە هەوڵمان داوە بەرەیەک پێکبهێندرێ کە تێیدا هەموو لایەنە سیاسی و شۆڕشگێڕ و کەسایەتییە سیاسییەکان بەشداربن، داوامان پێکهێنانی بەرە لە زووترین کاتدا بووە، لەو پێناوەدا هەوڵی زۆرمان داوە و سەردانی لایەنە سیاسییەکانمان کردووە. تەنانەت بەڕێز دکتور سامان شاڵی سەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە ئەمریکا هەوڵی زۆری دا و کۆبوونەوەیەکی لە هەولێر بۆ رێکخستن کە بەداخەوە بێ ئەنجام بوو، بە هۆی جیابوونەوەکان لەم هەلومەرجەدا، بڕێک حەستەمە پێکهێنانی بەرە، بەڵام نابێ بێ هیوابین بە نزیکی لەگەڵ یەک، ئاواتە خوازم بارودۆخێکمان بۆ بڕەخسێ کە دڵی خەڵکەکەمان خۆش کەین.


کوردستان راپۆرت: مافەکانی گەلانی بندەستی ئێران ئایا لە رێگای ریفۆرم و دیالۆگەوە دەستەبەر دەکرێن یان زەبرو فاکتەری نیزامی رۆڵی زیاترە؟


بابەشێخ حوسێنی: مێژووی تاریک و رەشی رژێمی ئاخوندی نیشانیداوە کە نە ریفۆرم قبوڵ دەکاو نەلایەنگری دیالۆگە، من باوەڕم وایە و سیاسەتی سازمانی خەباتیش ئەوەیە کە تا رژێمی ویلایەتی فەقیە لەسەرکار بێ مافەکانی گەلانی بندەست ناێینە دی، ئەوە دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکرات و پەرلمانییە کە مافی گەلانی بندەست بەڕەسمی دەناسێ.


کوردستان راپۆرت: چاودێرانی سیاسی دەڵێن ئەمریکا کورد وەک ئامێرێک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکار دێنێ، ئەمە تاچەند راستە و هەڵوێستی ئێوە لەمبارەوە چییە؟


بابەشێخ حوسێنی: من ئەوە بەدوور دەزانم کە ئەمریکا ئەو کەڵکە لەهێزە سیاسییەکانی کوردستان وەربگرێت، ئەگەر ئەمریکا لانی شەڕی لەگەڵ ئێرانی گرتەبەر، حەز دەکەین وەزعی ئێران وەک عێراقی لێ نەبێت و ئێران و جەماوەرەکەی زیان نەبینن.


کوردستان راپۆرت: ئەو چەند ملیۆن دۆلارەی کە دەگوترێ ئەمریکا بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی تەرخان کردووە، ئایا گەیشتۆتە دەستی ئۆپۆزسیۆنەکان و ئەم هاوکارییە ماددییانە تاچەند کاریگەرییان لە خێراکردنی جوڵانەوەکان دەبێت؟


بابەشێخ حوسێنی: منیش وەکو ئێوە ئەو هەواڵەم بیستووەو بەس، ئێمە هیچ یارمەتییەکمان وەرنەگرتووە، ئاگاداری ئەوە نین.


کوردستان راپۆرت: تاچەند پشتیوانی لە قایمکردنی پێگەی حکومەتی کوردی دەکەن؟


بابەشێخ حوسێنی: وەک ئاماژەم پێداوە حکومەتی کوردستان بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و رەنج و فیداکاری ملیۆنان خەڵکی کوردستانە، پێویستە هەموومان وەک بیلبیلەی چاو پارێزگاری لێ بکەین.


کوردستان راپۆرت: پژاک و چالاکییە نیزامییەکانی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟


بابەشێخ حوسێنی: دیارە ئەوانیش لە ئێستادا وجوودیان هەیە و دەبێ هەر هێزێکی سیاسی رەچاوی بارودۆخەکە بکات.







16 سال و 1 ماه و 9 روز و 17 ساعت و 23 دقیقه پیش از این

یارمەتی ئەمریکا پێویستە، بەڵام دژی هەر جۆرە دەستێوەردانێکی لایەنە دەرەکییەکانین

یارمەتی ئەمریکا پێویستە، بەڵام دژی هەر جۆرە دەستێوەردانێکی لایەنە دەرەکییەکانین


صفحات ویژه وب سایت

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمێدیا، ناوه‌ندێکی ڕاگه‌یاندنی و ڕۆشنبیری کوردییه که نزیکه‌ی ١٥ ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ له خه‌بات و تێکۆشان.

 

په‌یوه‌ندی گرتن