جمعه 

2 سپتامبر 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

28ى گەلاوێژ لە مێژووى خەڵکى کوردستاندا

28ى گەلاوێژ لە مێژووى خەڵکى کوردستاندا
بێهروز ئه‌رده‌ڵان

هەموو پێکهاتە و چین و توێژەکانى خەڵکى ئێران لەدژى دەسەڵاتى نیزامى پاشایەتى راپەڕین و بە موقاوەمەت و دانى هەزاران قوربانى سەرکەوتنیان بە دەست هێنا و توانیان رژیمى پەهلەوى بەرەو زبڵدانى مێژوو بەڕێ بکەن. لەڕاپەرینى گەلانى ئێراندا خەڵکى کوردستان لەپێشەوەى راپەرین بوون و ببوونە پێ٠Žشەنگ بۆ خەبات و راپەرینى باقى ناوچەکانى دیکەى ئێران، هۆیێکى سەرەکى بوون بۆ رووخانى رژیمى ماف پێشێلگەرى پەهلەوەى. گەلى کورد دڵخۆش بوون بەوەى ئێرانێکى ئازاد و کوردستانێکى بەختیار دەبینن، ئەو پەڕى هەوڵ و کاریان دەکرد

کە بە بێ توندوتیژى و لەرێگەى ووتووێژەوە بگەنە ئەو هەل و مەرجەى کە ساڵهاى ساڵە موبارەزەیان بۆ کردووە و قوربانیان بۆ داوە. بەسەرنجدان بە ڕاپەرین و یەکریزى خەڵکانى ئێران و وادە و بەڵینیەکانى خومەینى و باقى ئەحزابە سەرانسەرییەکانى دیکە، نوێنەرانى خەڵکى کوردستان، ووتووێژیان لەگەڵ خومەینى و رژیمەکەى دەست پێکردوو و لەو بارەوە چەندین جار ووتووێژیان کرد کە بێجگە لەکات کوشتن و چەواشەکارى نەبێت، ئاکامێکى بەدواوە نەبوو. بەڵام لەو ماوەیە دا دەسەڵات بەدەست شوراکانى خەڵکەوە بوو و کار بۆ ئەوە دەکرا کە رێکەوتن بێنە ئاراوە و دامودەزگاکانى رژیم وەک ئەرتەش و ژاندارمرى لەکوردستان نەکەونە شە٠ لەگەڵ خەڵکى کوردستان، بەڵام چەندین جار شەڕ و تێک هەڵچوون لەنێوان خەڵک و ئەو بەشە لەئەرتەش و ژاندارمرى هاتە ئاراوە و ئەوانە زەنگێکى مەترسیدار بوون بۆ شەڕ و بەرایێک بوون بۆ ئەوەى جاریکى دیکە کوردستان داگیر بکەنەوە.
لەگەڵ شەڕ فرۆشتنى ئەو هێزانە بە خەڵکى کوردستان و بیانوو دروستکردن بۆ دەسەڵاتى خومەینى تا هێرش بکاتە سەر خەڵکى کوردستان، لەناووچەکانى دیکەى ئێرانیش هێرش بۆ سەر حیزب و ئازادیخوازان و تەشەکول و زانستگاکان ئەنجام ئەدرا. کار و کردەوەکانى دەسەڵاتى خومەینى خوێن رێژ، هەر لەدواى چەند رۆژ بە دەسەڵات گەیشتنى، بەرەبەرە روون دەبۆوە و لەپێناو قایم کردنى دەسەڵات و گەیشتن بە بەرنامەى لەپێش دارێژراویان دا، سەرکووتى کۆبوونەوەى ژنانیان لەتاران کرد و چەندین کەسایەتى حیزبی و سەربەخۆى سیاسیان حوکم دا و ئێعدام کرد.
خومەینى هەموو داواکانى خەڵکى کوردستانى رەد کردەوە و بۆ داگیر کردنەوەى کوردستان و چەسپاندنى حوکمى، چەندین بیانووى داتاشی و لەسەر ئەو بناغە هێرشی بۆ سەر کوردستانیش دەست پێکرد. لەشکرکێشى هێزى ئەهریمەنى خومەینى بۆسەر خەڵکى کوردستان لە28ى گەلاوێژ دا بەچەند هۆ بوو. دروستکردنى شەڕى نێوان تورک و کورد و شیعە و سوننى لەشارى نەغەدە یەکێک لەپیلانەکانى دەسەڵاتداران بوو بۆ بەدەست هێنانى بیانوویێک هەتا پاسدارە جینایەتکارەکان ڕەوانەى کوردستان بکەن.
ناوەندە هەواڵیەکانى رژیم هەموو هەواڵەکانى کوردستانیان چەواشە دەکرد و بە ئیشتیاى خۆیان بڵاویان دەکردەوە تا هەستى خەڵکى باقى ناوچەکانى دیکەى ئێران لەدژى خەڵکى کوردستان و بزوتنەوە مافخوازانەکەى بورۆژێنن. بیانووەکانى دیکەى خومەینى و دارودەستەکەى بۆ هێرش کردنەسەر کوردستان ئەمانە بوون. گرتن و بە بارمتەگرتنى کۆمەڵێک ژنى موسڵمان و موحەجەبە لەمزگەوتى جامیعەى سنە. خومەینى بەو هۆیەوە کە خەڵکى کورد کۆمەلێک ژنى موسڵمانى لەمزگەوتى جامیعەى شارى سنە بە بارمتەگرتووە، فەرمانى بە هەموو هێزە چەکدارەکان دا کە بۆ نەجاتدانى ئەو کۆمەڵە ئافرەتە هەوڵ بدەن. خومەینى خوێن مژ کە شارەزاى جوغرافیای کوردستان نەبوو، تەنانەت فەرمانى بە هێزى دەریایی دا کە لەو هێرشە دا بەشدار بن.
لەدواى یەکەم هەڵبژاردنى بەناو مەجلیسى خوبرەگان، خومەینى لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نوێنەرانى مەجلیسەکەى گووتى: کوردستان ئاڵۆزە ئێمە ئازادیمان داوە بە خەڵک و حیزب و رۆژنامەکان، بەڵام ئەوان کەڵکى نابەجێى لێ وەردەگرن و بە جێگەى پێزانین لەو ئازادییە، پاسدارەکان سەردەبڕن و دەسترێژى دەکەنە سەر ژن و منداڵەکان. سنووریان بەرووى دژمن دا کردۆتەوە و لەگەڵیان هاودەنگ بوون. هەر بۆیە لەمەودوا ئازادییان لێ وەردەگرینەوە و دەبێ هەر زوو سەرکووت بکرێن و بە ووتەى خۆیان ئاسایش سەقامگیر بکەن.
28ى گەلاوێژ کە رۆژى فەرمانى جیهاد لەدژى کوردە، بەقسەکردنى خومەینى لەرادیۆوە دەستى پێکرد و راگەیاندنى هێرشەکە بۆ سەر کوردستان چووە قاڵبی هێرشێکى هەمە لایەنەوە. وەک لەسەرەوە ئاماژەى پێدراوە پێشتریش ژاندارمرى و چەند شوێنێکى ئەرتەش لەم لاولا تەقەیان لەخەڵک دەکرد و شەهیدیان دەکردن. بە هێرشی بەرینى هێزى خومەینى و دارودەستەکەى بۆسەر کوردستان و تۆپ باران و گوللەباران کردنى ناوچەکانى کوردستان خەڵکى بە دیفاع و خۆراگرى کوردستان چوونە سەنگەرەوە و لەپاوە دیفاع و شەرێکى قارەمانانەیان لەبەرانبەر ئەرتەش و ژاندارمرى بەرێوە برد. هاوکات لەدواى راگەیاندنى فەرمانى جیهاد لەدژى خەڵکى قارەمان و مافخوازى کوردستان، بەهەزاران پاسدار هاتنە کوردستان و بێرەحمانە دەستیان کرد بە کوشتارى خەڵک و دەستیان لەژن و منداڵیش نەدەپاراست. هێزى ئەرتەش و پاسداران بە جۆرها چەک تەیار کرابوون و کلیلى بەهشتیان درابوویە. خەڵخاڵى جینایەتکار کە لەلایەن خومەینیەوە دەسەڵاتى تەواوى پێدرابوو وەک حاکم شەرع هاتە کوردستان و لەدەسپێکى جینایەتیدا لەکرمانشان دەیان تێکۆشەرى سیاسی و خەڵکى بێ دیفاعى ئێعدام کرد.
هێرشی هێزەکانى رژیم بۆ سەر کوردستان بەرادەیێک وەحشیانە بوو کە 16 کەس لەدەرەجەدار و ئەفسەرانى ئەرتەش چیتر نەیانویست لەریزەکانى رژیمدا بمێنەوە و دەستیان لەکار کێشاوە، بەڵام خەڵخاڵى لەدادگایێکى سەحراییدا دواى چەند چرکە هەموویانى بە گولەباران مەحکووم کرد و بۆ چاوترسێن کردنى هێزەکەى لەدواى گوللەباران کردنى ئەو 16 کەسە، 7 کەسی دیکەشی لە نیزامیەکانى خۆى بە هۆى سەرپێچى لەبڕیار ئێعدام کرد، هەتا بە تەواوى مل کەچى بریاراتى رژیم بن و لەکوشتنى خەڵکى کوردستان سڵ نەکەن. لەرۆژى 30ى گەلاوێژ، هەزاران پاسدار و ئەرتەشی لەشارەکانى ئێرانەوە هاتنە کوردستان و چوونە ناو لەشکرى 28 تا بۆ هێرش کردنە سەرشارى سنە و شکاندنى هێزى خۆراگرى خەڵکى کوردستان ئامادە بن. بە دستپێکى هێرش بۆسەر ئەو شارە و باقى شارەکانى کوردستان، موقاوەمەتى بێوێنەى خەڵکى کوردستان گەیشتە ئەو پەڕى خۆى و لەهەر بەرەیێکى شەردا چۆکیان بە هێزى دژمن دادا و قارەمانانە بەرگرییان دەکرد. کوردستان بە تێکڕا بووە مەیدانى خۆراگرى جەماوەر و بە هەموو چینەکانیەوە لەخەبات دژى سەرەڕۆیی ئاڵان. تێکۆشەرانى دەفتەرى مامۆستا کە دواتر لەسازمانى خەبات ى کوردستانى ئێران خۆیان بینیەوە، گەورەترین حەماسەیان خوڵقاند و خۆراگرانە لەبەرانبەر هێزى زۆروبۆرى رژیمى تازە بەدەسەڵات گەیشتووى خومەینى راوەستاوون. ئەگەرچى زۆرێک لەناوچەکانى کوردستان کەوتە ژێر رەکێفى هێزەکانى خومەینیەوە، بەڵام ئەوەندە ماوەى نەبرد کە بە رابوونى خەڵک و هێزى پێشمەرگەى کوردستان ئەو دەورەیە لەداگیرکارى کۆتایی پێهات.
لەدواى وەشاندنى زەربى گورجووبڕى تێکۆشەرانى دەفتەرى مامۆستا و سازمانى خەبات ى کوردستانى ئێران لە10ى مانگى خەزەڵوەرى 1358 دا لەهێزى خومەینى و تێکشکاندنى پاسدار و چڵکاوخۆرەکان، خومەینى هاتەدەنگ و پەیامى ئاشتى نارد بۆ خەڵکى کوردستان و گووتى: میللەتى کورد من دەنگى ئێوەم بیست. ئەو پیلانەى خومەینى بۆ خەڵکى کوردستان و سازمانى خەبات زۆر روون بوو هەر بۆیە ژیرانە بەرپەرچیان داوە و پشتیان بەو قسانە نەبەست و بێجگە لەخۆ ئامادەکردن بۆ هێرشێکى بەرینى رژیم بۆ سەر کوردستان شتێکى دیکەیان تێدا نەدەدى. لەو رێکەوتەوە، بەو لاوە ئەوە نیزیک بە 30 ساڵە خەبات درێژەى هەیە و درێژەى دەبێ و هەتا سەرکەوتنى یەکجارى ئەو رێگە دەپێووین .
جێگەى خۆیەتى لەیادى 29 هەمین ساڵیادى فەرمانى جیهادى خومەینى بۆسەر خەڵکى بێتاوانى کوردستان ریزەکانمان رێک بخەین و هەموو پێکەوە بۆ ئازادى و رزگارى و رووخانى ئەو رژیمە تێبکۆشین.

16 سال و 3 ماه و 8 روز و 15 ساعت و 42 دقیقه پیش از این

28ى گەلاوێژ لە مێژووى خەڵکى کوردستاندا

28ى گەلاوێژ لە مێژووى خەڵکى کوردستاندا


صفحات ویژه وب سایت

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمێدیا، ناوه‌ندێکی ڕاگه‌یاندنی و ڕۆشنبیری کوردییه که نزیکه‌ی ١٥ ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ له خه‌بات و تێکۆشان.

 

په‌یوه‌ندی گرتن