راگەیندراوى سازمانى خەبات ى کوردستانى ئێران بەبۆنەى 29هەمین ساڵیادى فەرمانى جیهادى خومەینى لەدژى خەڵکى کوردستان
کومیتەى ناوەندى سازمانى خەبات ى کوردستانى ئێران
هاونیشتمانانى تێکۆشەر!
لەرۆژى 28ى گەلاوێژى 1358 کۆچى خۆرى خومەینى رێبەرى رژیمى تازە بەدەسەڵات گەیشتوو، فەرمانى جیهادى لەدژى خەڵکى کوردستان دەرکرد.
فەرمانى جیهادى خومەینى لەدژى گەلى کوردى موسڵمان بوو، ئەو گەلەى ستەمى نەتەوەیی و ستەمى ئایینى و مەزهەبی دەسەڵاتە یەک لەدواى یەکەکانى ئێرانى لەکۆنەوە لەسەر بووە.
گەلى کورد کە دڵخۆش بوون بەوەى لەدواى رووخانى رژیمى شا دەکەونە خێر و خۆشیەوە و مافە زەوتکراوەکانیان بە هاتنە سەرکارى دەسەڵاتى نوێ بۆ دابین دەکرێ، بەداخەوە کەوتنە بەر ستەمى چەند قات و لەرابردوو زیاتر کەوتنە بەر هێرش و پەلامارى دڕندانە.
دیارترین بەڵگەى ئەو پەلامار و ستەمە دڕندانەیە، فەرمانى جیهادى خومەینى و هێرشى بەربڵاوى پاسدار و چەقۆکێشەکان و هێزى بەکرێگیراوى خومەینى بۆسەر کوردستان بوو، کە لەئاکامى ئەو فەرمانەى خومەینى و هێرشی بەربڵاوى هێزى بەکرێگیراوى و هەروەها حوکمى قەرە قوشیانەى کاربەدەستانى ئەو رژیمە لەکوردستان دەیان لاو و پیر و ژن و منداڵى کوردستان کوژران و زیانى زۆر بە شار و دێى کوردستان گەیشت کە بە تێپەڕینى 29 ساڵ بەسەر ئەو فەرمانە شوومەدا ئاسەوارى زیانەکان و داڕمانى ئابوورى کوردستان بە روونى بەرچاو دەکەوێ.
فەرمانى جیهادى خومەینى لەدژى خەڵکى کوردستان خاڵێکى ڕەشە بەناوچاوانى ئاخوندانى دەسەڵاتدار و بۆ هەتاهەتایە لەمێژووى کورد و ئێران دا بە فەرمانێکى دژى مرۆڤانە و دڕندانە دەمێنێتەوە چین لەدواى چین رۆڵەکانى کورد یادى ئەو فەرمانە دڕندانە دەکەنەوە و نەفرەت دەنێرن بۆ خمینى و شوێن کەوتووان و بەکرێگیراوانى.
هاونیشتمانى ستەم لێکراو
بێگومان رۆژى 28ى گەلاوێژ رۆژى دەرکەوتنى سیماى ڕەشی ئاخوندان و هەستى دزێو و دژمنانەیان بەرانبەر گەلى کوردى موسڵمانە. جێگەى خۆیەتى لەبەرانبەریشدا گەلى کورد بیکاتە رۆژى توندوتۆڵ کردنى خەبات لەبەرانبەر رژیمى نگریسى ئاخوندى ئێران و لەهەمانکاتیشدا جێگەى خۆیەتى ئێمە هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکانى کوردستانى ئێران زیاتر هەست بە بەرپرسیایەتى بکەین و لەپێناوى یەکێتى و تەبایی و هاوکارى نێوانماندا هەنگاو هەڵگرین.
سازمانى خەبات ى کوردستانى ئێران لەبیرەوەرى رۆژى تاڵى 28ى گەلاوێژ و فەرمانى خومەینى خوێن مژ درود دەنێرێ بۆ روحى پاکى شەهیدانى رێگەى رزگارى و ئازادى و هەروەها سڵاو دەنێرێ بۆ زیندانیانى سیاسی تێکۆشەر کە لەبەرانبەر شکەنجەى جەلادەکانى رژیمدا قارەمانانە راوەستاون و بەخۆراگرى خۆیان دەیسەلمێنن کە فەرمانى جیهادى خومەینى و هەر نەوعە فەرمانێکى ستەمگەرانە و نائینسانى کارناکاتە سەر ورەى بەرزیان.
لەیادى 28ى گەلاوێژ دا سڵاو دەنێرین بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانى کوردستان و رێبوارانى رێگەى ئازادى کوردستان و ئێران و دڵنیان لەوە کە رژیمى ملهورى ئاخوندى بەراپەرین و خەباتى خەڵکى ئێران و کوردستان دەرووخێ و دەسەڵاتى دیموکراتیک و پارلەمانى لەئێراندا جێگیر دەبێ و گەلى ستەم لێکراوى کورد لەسایەى ئازادیدا بە ماف و داوا رەواکانى دەگا.
بروخێ رژیمى خومەینى
سەرکەوێ خەباتى حەقخوازانەى گەلانى ئێران لەدژى ستەم و بیعەداڵەتى