٨ی مارس له ٢٤ کاتژمێر دا.
جه‌لال خۆشکه‌لام
ئێمه ته‌نها له‌ڕۆژی ٨ی مارس دا، که به‌ڕۆژی جیهانی ژنان ناسراوه ماف و ئازادی و پێویستیه‌کانی ژنانمان وه‌بیردێته‌وه و ڕێزی لێ ده‌گرین. ته‌نها ڕۆژێک بۆ دوان و پیرۆزی بۆ ژنان به‌س نیه، به‌ڵکو زهرویهت و ئازادی ژن، ته‌وه‌ری باسێکی چڕ‌و پڕ و هه‌وڵ و خه‌باتی ڕۆژانه‌ی ده‌وێ که به‌درێژایی ساڵ، ئه‌م باسه له‌ده‌رون و هه‌ستی خۆمان دا شی بکه‌ینه‌وه و له‌سه‌ری بدوێین.
ئه‌م باسه ده‌بێ به‌رده‌وام شیکاری بۆ بکرێ و به‌کرده‌وه‌ش هه‌نگاوی جدی و چاره‌نووس سازی بۆ هه‌ڵبێ. هه‌ر که‌س له‌لای خۆیه‌وه، له ماڵی خۆیه‌وه په‌یامی ئازادی و یه‌کسانی ڕابگه‌یه‌نێ، ده‌سه‌لات و حکومه‌ت ناچار بکرێ تا کاری جدی و پڕ خزمه‌ت به‌مه‌به‌ستی پێگه‌یاندنی کۆمه‌ڵگایه‌کی یه‌کسان و پێشکه‌وتوو بکات.
له‌بیرمان نه‌چێ، که کێشه‌ی ژن و نایه‌کسانی له‌به‌ینی ژن و پیاو دا له هه‌موو شوێن و گۆشه‌و که‌نارێکی دنیادا هه‌بووه و هه‌یه، ئه‌مه به‌و مانایه نایه که کێشه‌و نایه‌کسانیه‌کان هاوسه‌نگ و هاو واتان له میلله‌ت و کۆمه‌ڵگایه‌که‌وه بۆ میلله‌ت و کۆمهکگایهکی تر، به‌ڵکو به‌پێی قه‌واره و پێشکه‌وتن و ڕاده‌ی زانیاری گه‌لان ئه‌م باسه ده‌گۆڕدرێ. له‌ناو میلله‌تانی پێشکه‌وتن خواز دا باس له یه‌کسانی کار و ئابووری ژنان ده‌کرێ و گرفتی ڕۆژانه‌ی ئافره‌تان باسی لێوه ده‌کرێ و چاره‌سه‌ری بۆ ده‌دۆزرێته‌وه. له‌وڵاتانی تریش دا، له‌ناو میلله‌تانی تریش دا باس له‌سه‌ر هه‌ندێ له‌گرفت و مافی ساده ده‌کرێ، که هه‌زاران له‌مپه‌ر و به‌ربه‌ستی بۆ ده‌دۆزنه‌وه و له‌چوارچێوه‌ی سۆز و وه‌فاو عاتیفه‌دا، ئه‌م گرفته سه‌ره‌کیه ده‌شارنه‌وه. کورد ووته‌نی عه‌شایریانه چاره‌سه‌ری فه‌ردی بۆ ئه‌م ته‌وه‌ره ده‌دۆزنه‌وه. له دڵسۆزی و وه‌فاداری و خۆشه‌ویستی ئافره‌ت ده‌دوێن، تا ئافره‌تان کاریان له‌ماڵه‌وه بێت و، ئه‌رکیان په‌روه‌رده‌کردن و به‌ڕێوه‌بردنی کاره‌کانی ماڵ بێت. سۆز‌و وه‌فاداری ڕه‌گه‌زی مێینه له‌لای پیاوان به‌ده‌رفه‌تێک سودی لێوه‌رده‌گیرێ بۆ هێشتنه‌وه و ده‌رنه‌که‌وتنی ئافره‌ت له ده‌ره‌وه‌ی خێزاندا، له‌کار و ئه‌رکی کۆمه‌لایه‌تی ناو کۆمه‌ڵگه‌دا، له‌پێگه‌و جێگه‌و ماف و داخوایهکانیان دا. پێشکه‌وتن و ئازادی ئافره‌تانیش به‌ده‌رکه‌وتن و کارکردن و خۆده‌رخستنیان له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا دێته ئاراوه. ئه‌م عاتیف و سۆزه، ئه‌م جۆره شیکردنه‌وه له عاتیفه‌ی ژنان لای پیاوان ئافره‌تانی کۆیله‌و بێ ده‌سه‌ڵات کردوه، ناچاری کردوه که په‌یوه‌ست بێ به کۆمه‌ڵگای پیاو سالاری. به‌چه‌شنێ که‌پیاوان خۆیان ده‌بێ ماف و ئازادی ژنان دیاری که‌ن و ڕێگه‌و پێگه‌و سنووری مه‌ودای تێکۆشانیان بۆ دیاریکه‌ن. له‌وه‌ڵامی هه‌موو داخوازی و داواکاری و پێشێلکاریه‌کی ئافره‌تانیش دا، یه‌کێک له خاڵی خۆپاراستنمان ئه‌وه‌یه که بڵێین، کێشه‌ی ئافره‌تان له‌هه‌موو دنیا دا هه‌یه، به‌ڵکو شتێک نیه که‌ته‌نیا لێره‌و له‌کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌بێ. ئه‌مه چاره‌سه‌ر نیه بۆ کێشه‌ی ئافره‌ت.
ماف و ئازادی ئافره‌تان، له‌گه‌ڵ به‌ڕه‌ڵایی به‌راورد ناکرێ و جیاوازی زۆری هه‌یه. ژنان شتێکی زیاتر له‌مافی یه‌کسانی و به‌رابه‌ری له‌نێوان ژن و پیاودا داوا ناکه‌ن. هه‌ر ئه‌وه داوا ده‌که‌ن، هه‌ر ئه‌وه ده‌خوازن که بۆ پیاوان ڕه‌وایه و بۆ ئافره‌تانیش ناڕه‌واو بڤه‌یه. ئه‌گه‌ریش بێت و ئافره‌تێک باس له‌م ته‌وه‌ره بکات، به بێ ئه‌ده‌ب و بێ حه‌یا له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت و جێگه‌و پێگه‌ی ده‌که‌وێته به‌ر توانج و هێرش و....هتد،ه‌وه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه که ئایه پیاو بۆ ده‌بێ نه‌هێڵێ ژنان هه‌مان ماف داوا بکه‌ن که خۆیان هه‌یانه؟ بۆ ده‌بێ ئهوههمان ماف و داخوازیه که ژنان باسی لێوه ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ به‌ڕه‌ڵایی تێکه‌ڵ بکرێ؟
ڕه‌گه‌زی پیاو هه‌میشه به‌گومانه‌وه له ئافره‌ت و هه‌لسوکه‌وته‌کانی ده‌ڕوانێ، پێی وایه که له‌ماڵ دورکه‌وته‌وه و تێکه‌ڵاوی کاری ئیداری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ببێ، تووشی خراپه‌کاری و سوکی ده‌بێ. پێی وایه که ئافره‌ت ده‌بێ هه‌میشه چاودێری بکرێ و کۆنترۆڵ بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی تووشی هه‌ڵه نه‌بێ. ئه‌مه‌ش بۆته هۆکارێک بۆ به‌رگری کردن له بزوتنه‌وه و که‌م ئه‌همیه‌تی کێشه‌و مافی ئافره‌تان. تا له‌ئه‌نجام دا ئافره‌تانی لاواز و بێ ده‌سه‌لات دروست ده‌بن که‌باوه‌ڕیان به خۆیان و داخوازی و ویسته‌کانی خۆیان لاواز ده‌بێ و پیاوانی هه‌میشه برسی و چاوبڕیش ئه‌و هه‌له ده‌قۆزنه‌وه و ژن ده‌که‌نه قوربانی. ژنان به‌زۆر هه‌ڵس و که‌وتیان پێده‌کرێ و له‌سه‌ر ویست و داخوازی پیاو ده‌جوڵێنه‌وه، فێری ئه‌وه ده‌کرێن کا نا، نابێ، نه‌خێر هه‌رگیز نه‌بیستن. به‌زۆر بهشو ده‌درێن، هاوسه‌ریان بۆ ده‌دۆزرێته‌وه. ژنانێک نایه‌نه مه‌یدانه‌وه، که له بڤه‌کان بدوێن و به‌باوه‌ڕێکی به‌رزو پته‌وه‌وه بێنه ده‌ره‌وه‌ی ماڵ و له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا به‌ده‌نگی به‌رز بدوێن. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌نیه که نین هه‌ن به‌ڵام که‌من، ئه‌وه‌شی که هه‌یه جێگه‌یان نابێته‌وه، قسه‌یان وه‌رناگیرێ، گوێیان لێ ناگیردرێ، وه‌ک داخوازی که‌مینه و چه‌ند تاقم و گروپ چاویان لێده‌کرێ.
کۆمه‌ڵگای کورده‌واری ئێمه تاکو مافی ئافره‌ت وه‌کو زه‌روریه‌تی کاری ئه‌مڕۆ چاو لێنه‌کا، تاکو هه‌وڵی جدی بۆ وه‌ده‌سهێنانی مافی ئافره‌ت نه‌دا، هه‌رگیز پێشکه‌وتن و گه‌شه به‌خۆیه‌وه نابینێ. به‌ڵکو له‌چوارچێوه‌ی بازنه‌یه‌کی داخراوی زه‌مانه‌دا خول ده‌خوا و له‌کۆمه‌ڵگای ده‌رکی و پێشکه‌وتن خواز به‌دور ده‌بێ. کۆمه‌ڵگا هه‌رگیز پێشکه‌وتن به‌خۆیه‌وه نابینێ، که ژن توانا و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نه‌بێ که‌بڵێ نا، نه‌خێر. ژن و مافه‌کانی ده‌بێ له‌چوارچێوه‌ی قسه و باسی عه‌یبه و نابێ دا بێته ده‌رو به‌ره‌و یه‌کسانی و به‌رابه‌ری به‌روه‌و ڕوو بێ. ده‌بێ بیر له میکانیزمی کارکردن و به‌ربه‌ستکردنی تاوان و چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان بکرێته‌وه. میکانیزمێک که فکر و داخوازی کۆمه‌ڵگه‌و لایه‌نی نێگه‌تیڤی داب و نه‌ریته چهسپاوهکانمان بگۆڕێ.
نابه‌رابه‌ری و چه‌وسانه‌وه‌ی ژنانیش ته‌نها له‌کوشتن و ئازاردانی جنسی و به‌زۆر بهشودانیان دا به‌رجه‌سته نابێته‌وه، به‌ڵکو هه‌ر جۆره هه‌لسوکه‌وتێک دژی ژن سزا‌و په‌روه‌رده و تێگه‌یاندنی ده‌وێ، تاکو ئافره‌تان به پشتیوانی کۆمه‌ڵگه و ده‌سه‌ڵات بێنه مه‌یدانی خه‌بات و تێکۆشانه‌وه. ده‌سه‌ڵات ده‌بێ بوێرانه ڕۆڵی لێ پرسینه‌وه و سزادانی یاسایی دیاری بکات و له‌مافی ئافره‌تان درێخی نه‌کات تاکو ئافره‌تان به‌پێی یاسا‌و مافه‌کانیان داخوایهکانیان به‌رجه‌سته که‌ن و هه‌وڵ بده‌ن بۆ یه‌کسانی و ئازادی ژن.