جمعه 

2 سپتامبر 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

کوا به‌هارى دڵ؟

کوا به‌هارى دڵ؟

مامۆستا سه‌ید جه‌لال الدین حوسێنى (په‌ژار)
ئه‌ى نیشتمانى خۆشه‌ویست! چه‌نده‌ جوانى، چه‌نده‌ ره‌نگینى، پاییزت له‌ به‌هار نامێنێه‌وه‌، جستانت به‌ رووپۆشى سپى شه‌رم و شکۆى لێ ده‌بارێ.
ئه‌ى نیشتمان! ئه‌ونده‌ جوانى و له‌ به‌ر دلانى، له‌ کۆنه‌وه‌ هه‌ر ده‌ستدار ده‌تبا و بێ ده‌ست ده‌بێ تێ هه‌ڵ روانن.

ئه‌ى نیشتمان! رۆڵه‌ بێ ده‌سته‌کانت له‌ تۆ بێ به‌شن، ده‌سه‌لاتدارانى چاوچنۆک بوونه‌ خاوه‌نى تۆ.
ئه‌ى نیشتمانى خۆشه‌ویست! چه‌نده‌ نه‌خشین و چه‌نده‌ ره‌نگینى و چه‌نده‌ له‌ به‌ر دلان شیرینى، به‌لام ئه‌ونه‌خش و نیگاره‌ و ئه‌و دیمه‌ن و گوڵزاره‌، به‌رچاو و زار و چاوه‌زارى خستووى.
ئه‌ى نیشتمان! گشت به‌رد و شاخ و ده‌شت و بیابانت، زێر٠ و زیو و بژیوه‌، به‌لام ئه‌و هه‌موو پێز و پیته‌ ده‌ترسم دوور له‌ گیانتان، سه‌رى خۆت و رۆڵه‌کانت بخوا.
ئه‌ى نیشتمان! رۆژێک بوو که‌ زیندوو شین و رۆرۆیان بۆ دانیشتوانى گۆر٠ستان ده‌کرد. دایک ده‌یگوت: رۆڵه‌رۆ، کۆرپه‌ى جوانم رۆ، شۆر٠ه‌ لاوم رۆ. باوک ده‌یگوت: رۆڵه‌رۆ، قاره‌مانم رۆ، وره‌ى گیانم رۆ. کور٠ ده‌یگوت: باوکه‌ رۆ، باوکى پاکم رۆ، گه‌وره‌ى چاکم رۆ. برا ده‌یگوت: برا رۆ پشتیوانم رۆ، پاڵه‌وانم رۆ. به‌لام ئێستێ له‌ گۆرستانى شین و ره‌نگین ده‌نگى شه‌پۆر٠ و شین دێ.
ده‌نگى گریانى به‌بین دێ. ده‌نگى رۆڵه‌رۆ و باوکه‌رۆ و دایکه‌رۆ و هه‌موو که‌س رۆ دێ. ده‌نگى گریانى مردوان بۆ زیندوان دێ. رۆڵه‌ى ده‌ربه‌ده‌ره‌ و باوکى ده‌سته‌ سه‌ره‌. دایکى ئاواره‌ و منداڵى له‌ هه‌نده‌رانه‌. ئێستێ مردوو ده‌ڵێن بێ که‌س خۆم. ئێستێ مردوو ده‌ڵێن وه‌جاخ کوێر خۆم. کوا ماڵ و حاڵم و کوا کور٠ و کاڵم و کوا ژن و منداڵم و کوا براو و باوکم و کوا خوشک و دایکم. ئاى خۆزگه‌ ده‌مزانى چیان لێ به‌ سه‌ر هات و کوێوه‌ چوون و به‌ چی چوون؟
ئاى دژمن! ئه‌و که‌تنه‌ت کرد؟ ماڵت کوێر کردمه‌وه‌ و خێرت بر٠یمه‌وه‌ و وه‌چه‌ت بر٠یمه‌وه‌؟
نیشتمانى ئازیز! تۆ زۆر چاکتر ده‌زانى که‌ هێندێ له‌ رۆڵه‌کانت سووکن و باى دراو ده‌یان باو له‌ ووشتووى هه‌ر٠ه‌شه‌ ده‌ترسن.
مه‌ردانه‌گى بۆ مردوه‌کانته‌ که‌ ماڵى خۆیان به‌ جێ ناهێڵن. خۆیان له‌ خاکى نیشتمان هه‌ڵکێشاوه‌، وایان خۆ له‌ ناو جه‌رگى تۆ خزاندوه‌ به‌ ئامان و زامان ده‌ست له‌ تۆ به‌رناده‌ن. نابینى لوولاکیان له‌ خاکى پاکى تۆ ئاخنیوه‌. ده‌میان به‌ سنگى تۆوه‌ ناوه‌ و کر٠کر٠اچکه‌ى گوێ یان له‌ گڵى پاکى تۆ ئاخنیوه‌ که‌ هه‌موو زانستێکیان له‌ رێى تۆوه‌ پێ بگات. بر٠یاریانه‌ له‌گه‌ڵ تۆ، که‌ له‌ تۆدا ژیاون و له‌ تۆدا نێژراون، هه‌تا هه‌تایه‌ له‌ ئامێزى گه‌رمت نایه‌نه‌ده‌ر.
جا نیشتمانى خۆشه‌ویست! بۆیه‌ به‌ رازاوه‌یی به‌هار و گه‌شاوه‌یی گوڵى تۆ دڵى من نارازێته‌وه‌ و گوڵى هیوام ناپشکوێ، که‌ هه‌ر چه‌ندى جوانتر بی چاوچنۆک زۆرتر ته‌مات تێ ده‌که‌ن و رۆڵه‌کانت زۆرتر له‌ تۆ دوور و هه‌ناسه‌ سارد ده‌ژین. زۆربه‌ى رۆڵه‌ زیندوه‌کانت سووک بوون و بوونه‌ پووش به‌ ده‌م باوه‌. ته‌نیا مردوه‌کانن که‌ به‌ جێت ناهێڵن. بۆیه‌ منیش دڵم مردوه‌ که‌ هاوره‌نگى مردووى به‌ غیره‌ت بێ نه‌ک زیندووى بێ غیره‌ت.
نیشتمانى خۆشه‌ویست! چه‌ندى تۆ ره‌نگینى ئه‌من ئه‌ونده‌ خه‌مگینم، هه‌تا لێت ده‌روانم په‌ژاره‌ دڵم داده‌گرێ که‌ ده‌بینم بارى قورسى داگیرکه‌ر شانت داده‌گرێ. جا ئه‌وا ئه‌رکى خۆم به‌ جێ ده‌هێنم که‌ به‌ جوانیى دیمه‌نت هه‌ڵ خوێنم. به‌لام ده‌بێ در٠کى ده‌ردى دڵى خۆم له‌ په‌نا گوڵ و گوڵزارى تۆدا بچێنم. ده‌ڵێن گوڵ بێ در٠ک نابێ. ئه‌وه‌ تۆ و گوڵزار و گوڵ، ئه‌وه‌ش من و در٠کى ده‌رده‌ دڵ
پێرۆز بێ نیشتمان، که‌ ئه‌وا هات به‌هارى تۆ
پێرۆز بێ به‌رگى نوێ و گوڵى نوێ، کوا به‌هارى دڵ؟
نه‌رمان و شاخى تۆ بووه‌ گوڵزارى بێ بژار
دڵ کوا گوڵى، که‌ در٠کى خه‌مانه‌ بژارى دڵ؟
بارانى ئاوى ژین بوو، سر٠ى بارى لێوى تۆ
بارانى شادیێک نه‌بوو، بۆ لێو به‌بارى دڵ
فرمێسکى شادى ده‌تکێ له‌ئه‌شکه‌وت وخارى تۆ
زووخاوى داخه‌ دێ له‌ ده‌مى پر٠ جه‌خارى دڵ
سروه‌ به‌ زارى خونچه‌ گه‌یى زوو گه‌شایه‌وه‌
سروه‌ى هیوا له‌ کوێیه‌ که‌ بدرێ له‌ زارى دڵ
خۆرى به‌هارى دای له‌ له‌شى شین و زینده‌وار
تیشک بژێشکه‌ دیار نیه‌ بۆ ده‌رده‌دارى دڵ
خه‌مڵى به‌ کۆر٠ى سوێسن و نێرگس بنارى تۆ
سووتاوى بێ به‌هاریه‌ ده‌شت و بنارى دڵ
دڵ ویستى کۆچه‌رى بێ له‌گه‌ڵ که‌وبوارى تۆ
په‌رژینى در٠کى خه‌م بوو که‌نه‌ى دا بوارى دڵ
نایێمه‌ سه‌یرى دیمه‌نى گوڵزارى ناسکت
نه‌ک لێى درێ هه‌لاوى کڵى کڵپه‌دارى دڵ
گوڵزارى و گوڵت ده‌نوێنێ به‌بێ ژمار
من چیم بێ بۆ تۆ جوێ له‌ خه‌مى بێ ژمارى دڵ
داده‌گرێ کۆڵى چاتره‌ و گوڵ رێبوارى تۆ
داده‌مرێ بێ گومان کڵ و کۆى رێبوارى دڵ
ئاواره‌ بێ ده‌واره‌ له‌ گوڵزار و جێ هه‌وار
سینه‌م ده‌واره‌ چش له‌ دڵم ها ده‌وارى دڵ
ئاوا بێ شار و گوند و که‌ژ و جێ هه‌وارى تۆ
با هه‌ر په‌کوو په‌کووی بێ په‌پووى جێ هه‌وارى دڵ
ده‌کرێ له‌ زه‌رد و ماهێ بنوسم به‌ خوێنى دڵ
تا یادگارى من بێ له‌گه‌ڵ شوێنه‌وارى دڵ؟
(ئه‌ى نیشتمان له‌ کۆنه‌وه‌ مات و په‌ژارى تۆم
مات و په‌ژارى تۆیه‌ وه‌کوو من هه‌ژارى دڵ)
ماوه‌ت ٧ى خاکه‌لێوه‌ى ١٣٦٦ ک خ

15 سال و 7 ماه و 24 روز و 13 ساعت و 56 دقیقه پیش از این

کوا به‌هارى دڵ؟

کوا به‌هارى دڵ؟


صفحات ویژه وب سایت

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمێدیا، ناوه‌ندێکی ڕاگه‌یاندنی و ڕۆشنبیری کوردییه که نزیکه‌ی ١٥ ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ له خه‌بات و تێکۆشان.

 

په‌یوه‌ندی گرتن