بەڕێوەچوونى رى و رەسمى پێنجى خەرمانان لەبنکەى مەرکەزى سازمانى خەبات ى کوردستانى ئێران
رۆژى سى شەممە 5ى خەرمانان 1378 ى کۆچى خۆرى 26/8/2008، رى و رەسمێکى بەشکۆ لە ساڵۆنى بنکەى مەرکەزى سازمان لەشارۆچکەى تۆبزاوا ناحیەى ( رزگارى) سەربە پارێزگاى هەولێر بەئامادەبوونى ئەندامانى رێبەرایەتى سازمان و ژمارەێیک لە کادرو پێشمەرگەکان و خانەوادەکانى نیشتەجێ لەکەمپى سازمان و ئەندامان و لایەنگرانى سازمان لە هەولێر و دەوروبەرى بەڕێوەچوو.
سەرەتاى رى و رەسمەکە بەخوێندنەوەى چەند ئایەت لەقورئانى پیرۆز لەلایەن بەڕێز سارۆ حسێنى و فاتیحەیێک بۆ رۆحى شەهیدانى سازمان و رێگەى ئازادى و بەخێرهاتنى میوانەکان لەلایەن کاک سەید کامیل نورانى فەرد،بەڕێوەبەرى رآ و رەسمەکە دەستى پآ کرد. بەڕێز و تێکۆشەر کاک بابەشێخ حسێنى سکرتێرى گشتى سازمان بەووتارێکى سیاسى گرینگ کۆڕەکەى رازاندەوە، لەووتارەکەى سکرتێرى گشتى دا ئاماژە بە پێویستى دامەزراندنى سازمانى خەبات کەتوانى رێبەرایەتى بەشێکى بەرچاو لە جەماوەرى کورد بکاو لە مقاومەت و بەربەرەکانى رژیمى ملهوڕى ئاخوندى دەورێکى کاریگەر و بەرچاوى هەبآ کرا، سکرتێرى گشتى سازمان لەبەشێکى دیکە لە ووتارەکەیدا، داواى لە هێزو لایەنە سیاسیە ئێرانى و کوردستانى کرد کەبۆ بەرەنگاربوونەوەى رژیمى ملهوڕى ئاخوندى یەکبگرن تا بەهاوکارى و تەبایى بتوانین رژیمى ملهوڕى ئاخوندى بەچۆک دابنێن، بەپشتیوانى چینە جیاجیاکانى جەماوەر ئازادى بۆگەل و نیشتمان دابین بکەین.
لەو رآ و رەسمە نەتەوەییەدا ووتارى کومیتەى ناوەندى سازمان لەلایەن کاک بێهروز ئەردەڵان ئەندامى کومیتەى ناوەندى، ووتارى کومیتەى ئافرەتان لەلایەن، خوشکە شیلان محمدى، پەیامى پیرۆزبایى سازمانى موجاهیدینى خەڵقى ئێران، لەلایەن کاک عەلى بەهرامى خوێندرایەوە. هەروەها ناوى ئەو هێزو لایەنە سیاسیە کوردستانیانەى کە پەیامى پیرۆزباییان بەبۆنەى 28مین ساڵیادى دامەزراندنى سازمانەوە ناردبوو، لەگەڵ چەندین پەیامى پیرۆزبایى دیکە خوێندرایەوە. هونەرمەندان، حیشمەت لوڕستانى، ئەندامى سازمان و هونەرمەند، خالید زیرەک و چەند هونەرمەندى دیکە بەگۆرانى و سرود کۆڕەکە رازایەوە و لەدوابەشى ئاهەنگەکە بە هەڵ پەرکآ و گۆرانى رێز لە 28 مین ساڵیادى دامەزرانى سازمان گیرا.