بانگه‌واز... با رۆژی 28 گه‌لاوێژ وه‌ک رۆژی خۆڕاگری، به‌رگری و یه‌کیه‌تیی خه‌ڵکی کوردستان ، رێزی لێ بگیری
30 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له رۆژی 28 گه‌لاوێژدا، رێژیمی تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی ئێران، به فتوای خومه‌ینی، هێرشێکی نیزامیی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی کرده سه‌ر کوردستان و شه‌ڕێکی ناڕه‌وای به دژی خه‌ڵکی مافخوازی کوردستان، راگه‌یاند.
هاوکات له‌گه‌ڵ هێرش بۆ سه‌ر کوردستان، هێرش بۆ سه‌ر ده‌سکه‌وته‌کانی راپه‌ڕینی 57، به تایبه‌تی هێرش بۆ سه‌ر چاپه‌مه‌نییه‌کان له تاران و به‌شه‌کانی دیکه‌ی ئێرانی، ده‌ست پێ‌کرد. گه‌لی کورد که له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌رکاری رێژیمی تازه‌وه خوازیاری چاره‌سه‌ری سیاسی و هێمنانه بوو، هه‌موو هه‌وڵی خۆی خستبووه گه‌ڕ تا له رێگای دیالۆگ و خه‌باتی مه‌ده‌نی و سیاسییه‌وه به‌رگری له مافه‌کانی بکا، به راگه‌یاندنی ئه‌م فتوایه، که‌وته سه‌ر دوو رێیانێکی سه‌خت و بڕیارێکی مێژویی: ته‌سلیم بوون یان خۆڕاگری له به‌رانبه‌ر شه‌ڕێکی داسه‌پاو و نه‌خوازراو و نابه‌رابه‌ردا؟
خه‌ڵکی کورد و هێزه سیاسییه‌کانی کوردستان سه‌ره‌ڕای هه‌موو ناته‌یاری و نائاماده‌ییه‌که‌وه، یه‌کده‌نگ و یه‌کپارچه، بڕیاری داکۆکی له مافی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌قی ئینسانیی خۆیان هه‌ڵبژارد. به‌مجۆره و به‌م بڕیاره، ویست و ئیراده‌ی مێژوویی خه‌ڵکی کوردستان بۆ رزگاری، حه‌ماسه‌یه‌کی ئه‌وتۆی خوڵقاند و یه‌کیتییه‌کی سه‌رانسه‌ریی ئه‌وتۆی هێنایه سه‌ر شانۆی سیاسیی کوردستان که سی ساڵ سه‌رکوت، قه‌ڵاچۆکردن، کوشت‌وبڕ و تاڵان و بڕۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران، نه‌ک هه‌ر نه‌یتوانیوه ئیراده‌ی ئه‌م گه‌له تێک بشکێنێ، به‌ڵکوو شانازی، غورور و سه‌ربه‌رزیی به‌و گه‌له به‌خشیوه و رۆژی 28 گه‌لاوێژی کردۆته رۆژێکی نه‌ته‌وه‌یی و مێژوویی له خۆڕاگری و به‌رگریدا.
ئێستا دوای سێ ده‌یه په‌لامار و هێرشی نیزامی، ئێعدامی به‌کۆمه‌ڵی تێکۆشه‌ران و لاوانی ئه‌م گه‌له، قه‌تڵی عام و کاولکردنی دێهاتی کوردستان، کردنی شه‌قام و کۆڵانی شاره‌کان به پادگانی هێزی داگیرکه‌ر و تۆپباران و بۆمبارانی شوێنی ژیان و مووچه و مه‌زرای خه‌ڵک، کوشتار و تیرۆری چالاکوانان و رێبه‌رانی سیاسی، درێژکردنی ده‌ستی تاوان و شه‌ڕ و جینایه‌ت بۆ هه‌موو شار و لادێ و ته‌نانه‌ت بۆ ماڵانی خه‌ڵکی کوردستان، بووه به سیاسه‌تی به‌رده‌وامی ئه‌م رێژیمه. به‌ڵام ئه‌مڕۆ گه‌لی کورد پشت ئه‌ستوور به ئه‌زموونی 30 ساڵ خه‌بات و به‌ره‌نگاری، وشیارتر له رابردوو، خه‌باته‌که‌ی به شێوازی جۆراوجۆر له پانتایی کوردستاندا په‌ره پێداوه و هاوسۆزیی زیاتری گه‌لانی ئێران و جیهانی بۆلای خۆی، راکێشاوه. کۆماری ئیسلامی‌یش دژایه‌تیی زۆرتری خه‌ڵکی ئێران و ته‌ریک که‌وته‌یی بێوێنه‌ی جیهانی و ئالۆزی و ناکۆکیی ناوخۆیی بووه‌ته نه‌سیبی.
پاش تێپه‌ر بوونی سی ساڵ به سه‌ر ئه‌م رۆژه مێژووییه‌دا، جێگه‌ی خۆیه‌تی که هه‌موو تێکۆشه‌رانی کوردستان، هه‌م بۆ ئاشناکردنی نه‌سله نویێیه‌کان به‌م هه‌ڵوێسته نه‌ته‌وه‌ییه‌ی ئه‌وکات و هه‌م بۆ په‌ره‌پێدان و به‌هێزکردنی یه‌کڕیزی و یه‌کگرتوویی له نێو ریزه‌کان و سه‌نگه‌ره‌کانی خه‌بات و به‌رخۆدانی کۆڵنه‌ده‌رانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان دا، ئه‌م رۆژه وه‌ک خۆڕاگری، به‌رگری و یه‌کێتیی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، بناسێنن. پێویسته وێڕای رێزگرتن له شه‌هیدانی کوردستان و رۆڵی پێشڕه‌وانه‌یان له‌خه‌بات به دژی رێژیمی دیکتاتۆر و کۆنه‌په‌رستی ئێران دا، هاوخه‌باتیی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی کوردستان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی سه‌رانسه‌ری له هه‌لومه‌رجی ئێستا دا که خه‌ڵکی راپه‌ڕیو له سته‌م و دیکتاتۆری و بێ مافی هاتوونه سه‌رشه‌قامه‌کان و به شێوه‌یه‌کی دڕندانه سه‌رکوت ده‌کرێن، پێشان بده‌نه‌وه. خه‌باتی مافخوازانه‌ی گه‌لی کورد له ساڵوه‌گه‌ڕی 28ی گه‌لاوێژدا پێویسته به هێز و وزه‌یه‌کی تازه‌وه به‌ره‌وڕووی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی بێته‌وه و له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی به زیانی رێژیمی ده‌سه‌ڵاتدار و به قازانجی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی پێکهاتووه، بۆ ناساندن و چه‌سپاندنی زیاتری ویست و داخوازه‌کانی گه‌لی کورد له ئاستی ئێران و جیهاندا که‌ڵک وه‌ربگرێ.
له سیهه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی 28 گه‌لاوێژ و شه‌ڕی داسه‌پاو و به‌رگریی جه‌ماوه‌ریی خه‌ڵکی کوردستاندا :
بۆ رێزگرتن له شه‌هیدان و قوربانیانی 30 ساڵ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کی سته‌ملێکراو، بۆ ده‌ربڕینی بێزاری له شه‌ڕی داسه‌پاو و کرده‌وه‌ی دژه مرۆڤانه‌ی کۆماری ئیسلامی، بۆ پێداگری له‌سه‌ر ویستی ئازادی، دێمۆکراسی و مافی مرۆڤ بۆ هه‌موو هاونیشتمانان، بۆ رێزگرتن له یه‌کێتی و خۆڕاگریی خه‌ڵکی کوردستان و بۆ ده‌ربرینی هاوپێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌باتی هه‌موو خه‌ڵکی ئێران و پشتیوانی له داخوازه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی دێمۆکراسی‌خوازی و دژه دیکتاتۆریی ئێستا، راده‌گه‌یه‌نین و داوا ده‌که‌ین که:
ـ رۆژی 28 گه‌لاوێژ بکرێته رۆژی خۆراگری، به‌رگری و هاوپێوه‌ندیی خه‌ڵکی کوردستان.
ـ له‌و رۆژه‌دا هه‌موو خه‌ڵکی شار و دێهاتی کوردستان و کوردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، رێز له 3 ده‌یه خه‌بات و خۆراگریی گه‌لی کورد دژی کۆماری ئیسلامی بگرن و ئیعتیراز و بێزاریی خۆیان له‌م رێژیمه به هه‌ر شێوه‌یه‌ک که ده‌توانن ده‌رببرن.
له حیزب و رێکخراوه سیاسی‌یه‌کان و که‌سایه‌تییه خه‌باتگێڕه‌کانی ئێرانیش داوا ده‌که‌ین بۆ رێزگرتن له 30 ساڵ خه‌بات و خوڕاگریی خه‌ڵکی کوردستان و قوربانیدانی ئه‌م گه‌له له پێناوی ئازادی و دێموکراسی و مافه ره‌واکانی خۆیان و هاونیشتمانانیاندا، دا پشتیوانی له‌م بانگه‌وازه بکه‌ن.
بژی ئازادی و دێمۆکراسی، مه‌رگ و نه‌مان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران
سه‌رکه‌وتووبێ خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان و هاوپێوه‌ندی و هاوخه‌باتیی گه‌لی‌کورد له‌گه‌ڵ گه‌لانی دیکه‌ی ئێران
کۆمیته‌ى ناوه‌ندى
سازمانى خه‌بات ى کوردستانى ئێران
٢٤ى گه‌لاوێژى ١٣٨٨