جمعه 

2 سپتامبر 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

مامه‌ڵه‌ کردن له‌گه‌ڵ جواداخوازان له‌ قه‌واره‌دا (به‌شی سێهه‌م- گشتی)

مامه‌ڵه‌ کردن له‌گه‌ڵ جواداخوازان له‌ قه‌واره‌دا (به‌شی سێهه‌م- گشتی)
جه‌لال خۆشکه‌لام

زنجیره‌ وتارێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی گشتی له‌خۆ ده‌گرێ، هه‌ندێ له‌و وتارانه‌ تایبه‌ت ده‌بن به‌ کۆنگره‌ی ٤ی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران.

هه‌ندێک جاران قه‌واره‌ و هێزی سیاسی تووشی قه‌یران و جوداخوازی و له‌ت بوون ده‌بن. هۆکاره‌کانی ئه‌م جوداخوازی و له‌ت بوونانه‌ش له‌قه‌واره‌یه‌که‌وه‌ بۆ قه‌واره‌یه‌کی تر جیاوازه‌. هه‌ندێک جاریش چه‌ند چه‌مک و هۆکارێکی هاوشێوه‌ و ته‌با له‌نێوان قه‌واره‌کاندا به‌دی ده‌کرێ، ئه‌ویش ده‌گه‌‌ڕێته‌وه‌ بۆ لاوازبوونی ڕۆحی هاوکاری و کارکردن پێکه‌وه‌. ئه‌مه‌ش واده‌کا که‌ متمانه‌و باوه‌‌ڕنه‌بوون به‌یه‌ک و کاری یه‌کتری له‌نێوان ڕێبه‌ری و به‌ده‌نه‌دا دروست ببێ.

سه‌ره‌نجام خاڵی هاوبه‌ش و په‌یوه‌ندی له‌نێوان ئه‌ندامانی قه‌واره‌ دا ده‌شێوێ و بوار و توانایی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان له‌خودی قه‌واره‌دا ده‌چێته‌ ده‌ر. هیچ یاسا و قانونێکی ده‌ره‌کی له‌ناو جه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵی کورده‌واریدا بوونی نیه‌، تا بتوانێ کێشه‌ی قه‌واره‌ی سیاسی به‌شێوه‌یه‌کی گونجاو چاره‌سه‌ر بکات. چوونکه‌ ده‌سه‌ڵاتی قه‌واره‌ زاڵ بووه‌ به‌سه‌ر ئه‌و پره‌نسیپ و یاسایانه‌ی که‌ له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا بوونیان هه‌یه‌. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ک له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ زۆربه‌ی قه‌واره‌ی سیاسیه‌کانی کوردستان بێجگه‌ له‌باشوور، دوورن له‌ جه‌ماوه‌ر و خاک و نه‌ته‌وه‌ی خۆیان.
به‌داخه‌وه‌ له‌ بارودۆخێکی ئاوا هه‌ستیار دا، بواری چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ ناوخۆیه‌کان به‌ گفتوگۆکردنێکی کراوه‌ و دیموکراسیانه‌ و هه‌وڵدان بۆ نه‌مانی ناکۆکی نێوانیان ڕۆژ به‌ ڕۆژ ته‌سکتر ده‌بێته وه‌ و بارودۆخه‌که‌ ئاڵۆزتر ده‌بێ. به‌شێوه‌یه‌ک که‌ ته‌نها زمانی هه‌‌ڕه‌شه‌و چه‌ک و ...هتد ئه‌م کێشه‌ ناوخۆیانه‌ یه‌کلا ده‌کاته‌وه‌. به‌شێک له‌ هه‌وڵدان و ڕاگه‌یاندن و چالاکی قه‌واره‌ی ماوه‌ و جواداخواز ته‌رخان ده‌کرێ بۆ چه‌واشه‌کاری و سه‌لماندنی کێ هه‌قه‌ و کێ ناهه‌قه‌، یان کێ ڕه‌سه‌نه‌ و کێیان کۆپی یان جودا خوازه‌.
نا دروست مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌م باسه‌دا، له‌ناو شه‌قامی سیاسی کوردی دا بۆته‌ جێگه‌ی بێزاری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک به‌گشتی. کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک یه‌کگرتن و یه‌کڕیزی قه‌واره‌ی سیاسی کوردیان ده‌وێ، خۆ ئه‌گه‌ریش جوادابوون ڕووی دا، هێورکردنه‌وه‌ و لێک تێگه‌یشتن و جوان مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌م باسه‌یان ده‌وێ نه‌ک هه‌ڵکوتانه‌ سه‌ر یه‌ک و ناته‌بایی و ئاژاوه‌.
هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێدا، نه‌بوونی پرنسیپێکی گشتی بۆ چۆنیه‌تی کارو خه‌باتی قه‌واره‌ له‌ ناو کۆمه‌ڵگایی کورده‌واریدا، وای کردوه‌ که‌ ئه‌م کێشانه‌ بۆ هه‌میشه‌ به‌ نیوه‌ چڵی و ناحه‌لکراوی بمێننه‌وه‌. ئه‌م زامه‌ بۆ هه‌میشه‌ به‌بێ تیماری له‌ جه‌سته‌ی قه‌واره‌ نابێته‌وه، هه‌میشه‌ زامه‌کان کولاوه‌ و قوڵ و جێگه‌ی داخن. له‌ووڵاتانی پێشکه‌وتوو خاوه‌ن یاسا و ئه‌زموون پرنسیپ، یاسایی تایبه‌ت به‌قه‌واره‌ هه‌یه‌. یاسایی قه‌واره‌ ڕێگره‌ له به‌رده‌م خراپ مامه‌ڵه‌کردن له‌ کێشه‌ ناوخۆییه‌کان. هه‌رئه‌م یاسایه‌ش سنوور داده‌نێ له‌به‌رده‌م هه‌ردوو لادا و بڕیاری کۆتایی له‌سه‌ر کێشه‌ هه‌لپه‌سێردراوه‌کان ده‌ر ده‌کا.
هه‌موو ڕێکخراو، سه‌ندیکایی کۆمه‌ڵایه‌تی و قه‌واره‌ی سیاسی له‌سه‌ره‌تاوه‌ بۆ دامه‌زراندن و مۆڵه‌تی کار کردنیان به‌پیێی ئه‌م یاسا تایبه‌تیه‌ ده‌بێ که‌ بۆ قه‌واره‌دارێژراوه، خۆ ئه‌گه‌ر بێت و قه‌واره‌یه‌ک هه‌ڵگری ڕێبازێک بن که‌ زیان به کۆمه‌ڵ بگه‌یه‌نێ و دژی پرنسیپی دیموکراسی و مافی ئازادی فه‌ر د و کۆمه‌ڵ بێ، ئه‌وا ئه‌م یاسایه‌ توانای ڕێگه‌ پێ نه‌دانی کار و خه‌باتی سیاسی له‌ناو کۆمه‌ڵدا ده‌بێ. ئه‌گه‌ریش ڕۆژێ له‌‌ڕۆژان کێشه‌ی ناوخۆیی و جوداخوازی ڕووی دا، ئه‌وا زۆ به‌ئاسانی توانایی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ ناوخۆیه‌کانی ده‌بێ.
زۆرێک له‌کێشه‌ گشتیه‌کانی قه‌واره‌ی کوردی له‌گه‌ڵ قه‌واره‌ی جوداخوازان، له‌سه‌ر ناوی قه‌واره‌، زۆرینه‌ و که‌مینه له‌قه‌واره‌دا، مافی شه‌رعی بوون و ناشه‌رعی بوون له‌ قه‌واره‌دا...هتده‌. ئه‌م کێشانه‌ش زۆر به‌ئاسانی به‌ بوونی یاسایه‌کی تایبه‌تی بۆ قه‌واره‌ی سیاسی چاره‌سه‌ر ده‌کرا، جا کامیان به‌دڵی ده‌بێ یاخوود نابێ ئه‌وه‌ به‌لای کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکه‌وه‌ گرنگ نابێ. به‌م شێوه‌ ‌قه‌واره‌ی کۆن و تازه‌ش ناچار ده‌بن ڕێز له ماف و داخوازی یه‌کتر بگرن . یان دژایه‌تیان نه‌بێ له‌گه‌ڵ یه‌کتری دا.
له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی سیاسی کوردی دا، وه‌ها یاسایه‌ک بوونی نیه‌، ئه‌وه‌ی که‌ هه‌یه، داخوازی وگله‌یی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکه، که‌ هه‌ندێ جار فشار ده‌خاته‌ سه‌ر قه‌واره‌ که‌ نه‌رمی له‌به‌رامبه‌ر یه‌کدا بنوێنن. یان لانیکه‌م که‌ دۆستایه‌تی و کاری هاوبه‌شیش ناکه‌ن، یه‌کتر به‌دوژمن و خیانه‌ت کار نه‌زانن. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ک، له‌لایه‌کی تریش زروف و بارودۆخی قه‌واره‌ی کوردی له‌ ڕۆژهه‌ڵات له‌ژێر ده‌ست و ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دایه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌وانیش ڕێگه‌ ناده‌ن، که‌ کێشه‌ی ناوخۆیی قه‌واره‌ کوردیه‌کان به‌شه‌‌ڕی ناوخۆ کۆتایی پێبێ. بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین چاره‌سه‌ری کاتی بۆ کێشه‌ی جوداخوازی له‌ناو قه‌واره‌دا، یان له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی کوردی دا هه‌یه‌. ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ کاتیانه‌ش واده‌که‌ن که‌‌ڕێگه‌ی ده‌رگای کرانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌یه‌کتردا به‌داخراوی بمێنێته‌وه‌ و به‌ربه‌ست دروست بکات له‌به‌رامبه‌ر کاری هاوبه‌ش و خه‌باتی هاوبه‌ش دا.
به‌داخه‌وه‌ له‌ ئێستا دا چه‌ندین جوادبوونه‌وه‌ و لێک ترازان له‌ناو قه‌واره‌ کوردیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا ڕوویان داوه‌. ئه‌مه‌ له‌کاتێک دایه‌ که‌ زه‌روریه‌تی به‌ره‌ی کوردستانی و لێک نزیک بوونه‌وه‌ له‌یه‌کتری بۆ ئێستامان پێویسته‌. هه‌ربۆیه‌ش هه‌وڵ و خه‌باتی هه‌موو لایه‌کمان بۆ لێک نزیک بوونه‌وه‌ و داڕمانی کێشه‌ ناوخۆیه‌کان له ‌نێوان یه‌کتری دا گرنگ و پێویسته‌. گرنگه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئێستا ڕێڕه‌وی خه‌بات و تێکۆشانمان به‌ چه‌مکی یه‌کگرتن و کاری هاوبه‌ش دا تێده‌په‌‌ڕێ. پێویسته‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ قه‌واره‌کان دوای جوادابوونه‌وه‌ش، مێژوویه‌کی هاوبه‌ش له‌ کارکردن و تێکۆشان به‌یه‌کیانه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌. ئه‌م مێژووه‌ هاوبه‌شه‌ نابێ بشێوێنری، ناشبێ بازرگانی پێوه‌ بکرێ، به‌ڵکو ده‌بێ هۆکارێک بێ بۆ کاری هاوخه‌باتی و نزیک بوونه‌وه‌ له‌یه‌کتری.
نه‌رمی نواندن و ڕێزگرتن له‌ بیرو داخوازی یه‌کتری گرنگه‌. به‌ده‌نه‌ی قه‌واره‌کان پێویسته‌ ده‌ورێکی باڵایان هه‌بێ له‌ هێورکردنه‌وه‌ و باش مامه‌ڵه‌کردن له‌ بارودۆخکه‌. به‌ده‌نه‌ی قه‌واره‌ ده‌توانێ هه‌نگاوی جدی و چاره‌نووس ساز له‌م مه‌سه‌له‌دابنێ. سه‌رکردایه‌تی قه‌واره‌ی سیاسیش ده‌بێ له‌‌ڕێگه‌ی دان پیانان به‌ ویست و داخوازی یه‌کتری هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانیان بنێن و ڕێگر نه‌بن له‌به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌رکردنیان. ڕق و توڕه‌یی و یه‌کتر سوک کردن ده‌وا نیه‌ بۆ زامه‌ ناوخۆیه‌کان، به‌ڵکو هه‌ڵوێست نواندنی ئاشتیانه‌ و له‌خۆبردوی و نه‌رمی نواندن له‌به‌رامبه‌ر یه‌کتری دا ده‌توانێ لێکمان نزیک بکاته‌وه‌ و خاڵی هاوبه‌ش و کاری هاوبه‌ش له‌نێوانمان دا به‌رهه‌م بێنێ. قه‌واره‌ی سیاسی ده‌بێ به‌ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و ده‌سکه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی هه‌نگاو بنێ، ئه‌مجا له‌پێناو به‌رژه‌وه‌نی حزبی. به‌م پێیه‌ش دورکه‌وتنه‌وه‌ و دژایه‌تیکردن له‌گه‌ڵ یه‌کدا، له‌ پله‌یی مه‌سئولیه‌تمان که‌م ده‌کاته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و داخوازی نه‌ته‌وه‌یمان.
با واز له‌کلتوری دژایه‌تی و یه‌کتر سوک کردن بێنین. با حه‌ساسیه‌تمان به بوونی یه‌کتر نه‌بێ. چونکه‌ کلتورێکی له‌و شێوه‌ فێری درۆ و خۆشاردنه‌وه‌مان ده‌کات له‌به‌رامبه‌ر ویست و داخوازیه‌ گشتیه‌کان و ته‌نانه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیه‌ حزبیه‌کانیشماندا. وه‌ختایه‌ک کۆمه‌ڵێک له‌ لایه‌نێک له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌ک به‌ژدار ده‌بێ، کۆمه‌ڵه‌که‌ی تر به‌ده‌لیلی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و لایه‌نه‌یان قبوڵ نیه‌ به‌ژداری کۆبوونه‌وه‌ نابن. به‌ئاشکراش ده‌ری ناخه‌ن که‌ ئه‌مه‌ هۆکاری به‌ژدار نه‌بونیانه‌، به‌ڵکو په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر شاردنه‌وه‌ی ڕاستی له‌ جه‌ماوه‌ر.
دژایه‌تی کردن له‌گه‌ڵ خۆیی، یان هاوسه‌نگه‌رانی جوداخواز، یان جوداخوازان له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی پێشویان هیچ سودێکمان پێ ناگه‌یه‌نێ غه‌یری زه‌ره‌د و مه‌سره‌فکردنی وزه‌یی خه‌بات و تێکۆشانمان. ئه‌و وزه‌و خه‌بات و تێکۆشانه‌ی که‌ له‌و پێناوه‌ دا مه‌سره‌ف ده‌کرێ، جێگه‌ی زۆر که‌لێن و قوژبنی کاریگه‌ر دژ به‌ دوژمن ده‌گرێ. هه‌ریه‌ک له‌‌ڕێگه‌ی خۆیی و به‌پێی به‌رپرسیاریه‌تی و توانایی خۆیی ده‌توانێ هه‌وڵ بدا بۆ هێورکردنه‌وه‌ و ئاشبوونه‌وه‌ و لێک تێگه‌یشتن که‌ دووربێ له‌ توندوتیژی و زمانی هه‌‌ڕه‌شه‌.


15 سال و 2 ماه و 5 روز و 19 ساعت و 8 دقیقه پیش از این

مامه‌ڵه‌ کردن له‌گه‌ڵ جواداخوازان له‌ قه‌واره‌دا (به‌شی سێهه‌م- گشتی)

مامه‌ڵه‌ کردن له‌گه‌ڵ جواداخوازان له‌ قه‌واره‌دا (به‌شی سێهه‌م- گشتی)


صفحات ویژه وب سایت

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمێدیا، ناوه‌ندێکی ڕاگه‌یاندنی و ڕۆشنبیری کوردییه که نزیکه‌ی ١٥ ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ له خه‌بات و تێکۆشان.

 

په‌یوه‌ندی گرتن