دوشنبه 

5 سپتامبر 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

ڕه‌خنه‌ شێواندن (به‌شی چواره‌م- گشتی)

ڕه‌خنه‌ شێواندن (به‌شی چواره‌م- گشتی)
جه‌لال خۆشکه‌لام

زنجیره‌ وتارێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی گشتی له‌خۆ ده‌گرێ، هه‌ندێ له‌و وتارانه‌ تایبه‌ت ده‌بن به‌ کۆنگره‌ی ٤ی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران.

ڕه‌خنه‌ گرتن له‌ که‌م و کوڕی و شکسته‌کانی سیاسه‌تی کوردی، به‌شێکه‌ له‌ پرۆسه‌ی گۆڕان به‌گشتی و له‌هه‌مان کاتیش دا دۆزی سیاسی کوردی به‌ره‌و پێشکه‌وتن و نوێ خوازی ده‌با. ڕه‌خنه‌ به‌لای منه‌وه‌ تێکده‌ر و دروسکه‌ری نیه‌، به‌ڵکو ڕه‌خنه‌ هه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌ و بریتیه‌ له‌ ده‌ربڕینی ده‌نگی ناڕازی، تاک یان کۆمه‌ڵێک دژ به‌ ده‌سه‌ڵات یان هه‌ر لایه‌نێکی تر.

سنور دانانێکی زه‌ق و دیاریکراو بۆ ڕه‌خنه‌ ئه‌سته‌مه‌، چونکه‌ ئه‌م چه‌مکه‌ ده‌که‌وێته‌ خانه‌ی نێگتیڤ دژ به‌ ده‌سه‌ڵات و ئه‌و که‌سه‌ی که‌ ڕه‌خنه‌که‌ی ئاڕاسته‌ ده‌کرێ. هه‌ربۆیه‌ش ئه‌م چه‌مکه‌ زۆر به‌ئاسانی ده‌توانرێ بشێوێنری و بێ ئه‌همیه‌ت بکرێ، به‌تایبه‌تیش له‌ ناو کۆمه‌ڵی کورده‌واری ئێمه‌دا. تێکه‌ڵاوبوونی ڕه‌خنه‌ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ بنه‌مایه‌کی ناشارستانی و دژی ئینسانی و نامه‌نتق، که‌ له‌ ڕاستی دا خواست و مانایی ڕه‌خنه‌ و ڕه‌خنه‌گر پێک ناهێنێ، له‌ناو ئێمه‌دا زه‌ق و به‌رچاوه‌. ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌زمانه‌ی پێخۆشه‌ ئافه‌رین و ده‌سخۆشیانی بۆ ده‌نێرێ و ئه‌وه‌شی جوێن و ڕه‌فتاره‌ ناشیرینه‌که‌ی ئاڕاسته‌ ده‌کرێ ، تێنه‌گه‌یشتوانه‌ ناوی ڕه‌خنه‌ی تێکده‌ر و ڕوخێنه‌ری بۆ داده‌‌ڕێژێ.
جوێن دان و سوکایه‌تی کردن بۆسه‌ر جه‌سته‌و شه‌خسیه‌تی تاکێک یان کۆمه‌ڵێک هه‌رگیز په‌یوه‌ندی به‌ ڕه‌خنه ‌و ڕه‌خنه‌گره‌وه‌ نیه‌، به‌ڵکو ئه‌مه‌ نیشانه‌ی بێده‌سه‌ڵاتی و که‌م توانایی فکری ئه‌و که‌سانه‌یه‌ له‌‌به‌رامبه‌ر دژبه‌ره‌کانیان د ا به‌کاری ده‌هێنن، جا ئه‌و دژبه‌ره‌ ده‌توانێ شه‌خسێک بێ یان به‌ ده‌سه‌ڵات وکۆمه‌ڵێک بێ.
ئه‌وانه‌ی که‌ پێیان وایه‌ ڕه‌خنه‌گرتن بریتی یه‌ له‌ به‌کارهێنانی هه‌‌ڕه‌شه‌ و کرداری خرراپ و چاوترساندن دژ به‌که‌سانی تر، له‌هه‌ڵه‌یه‌کی نه‌فسی و ده‌رونیدا بۆ هه‌میشه‌ خول ده‌خۆن و هه‌رگیزا و هه‌رگیزیش سود ناگه‌یه‌نن به‌ کۆمه‌ڵ و پرۆسه‌ی پێشکه‌وتن و به‌ره‌و شارستانی بوونی کۆمه‌ڵ و مافی تاک. ئه‌مانه‌ مینی زیان و دوژمنداری ده‌چێنن و له‌ ژێر پێ و سه‌ر ڕێچکه‌ی خه‌ڵکی هه‌ژار و نه‌خوێنده‌وار و لێقه‌ومایش دا به‌ ئاسانی ده‌ته‌قنه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ش له‌ناو هه‌موو گه‌لانی دنیا دا مێژووی ئه‌و که‌سانه‌ هه‌میشه‌ به‌شکستی و نه‌هامه‌ت ده‌مێنێته‌وه‌ و مێژووی ڕه‌خنه‌گریش که‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی لا مه‌به‌ست بێ به‌ سه‌رکه‌وتویی و ڕێزه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌.
شێواندنی ڕه‌خنه‌ به‌م شێوازه‌ی که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسم کرد لای ئێمه‌ باوه. وایان کردوه‌ که‌ خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات له‌ ناوی ڕه‌خنه‌ بترسن، چونکه‌ ئه‌وان هه‌موو کردارێکی نه‌رێنیان پێ ڕه‌خنه‌یه‌. ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆکارێکی سه‌ره‌کی بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گری لای ئێمه‌ سه‌رکه‌وتوو نه‌بن و دژایه‌تی بکرێن.
شێواندنی ڕه‌خنه‌ش ته‌نها دوو لایه‌ن لێی سودمه‌ندن، یه‌که‌میان ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ن که‌ به‌ناوی ڕه‌خنه‌وه‌ بازرگانی ده‌که‌ن. شێواندنی واتا و چه‌مکی ڕه‌خنه‌ش‌ پیشه‌ی که‌سانێکی نه‌زان، نامه‌نتق، هه‌لپه‌رست و ئاژاوه‌گێڕ و چڵکاو خۆری ئه‌م لایه‌ن و ئه‌و لایه‌نن. هه‌ندێک جارانیش پیشه‌ی به‌کرێگراوانی ئه‌م دوژمن و ئه‌و دوژمنن. ئه‌وان له‌م بارودۆخه‌ سودمه‌ندن. کوردایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و ..، هتد لایان هێنده‌ی فلسێک قیمه‌ت و به‌هایی نیه‌.
دووه‌میشیان به‌شێک له‌ ده‌سه‌ڵات و لایه‌نی نادیموکراتیکی کۆمه‌ڵ لێی سودمه‌ندن. ئه‌و به‌شه‌ش به‌ پاره‌خۆر و کورسی په‌رست و تینوی ده‌سه‌ڵات مه‌شهورن. به‌زۆریش هه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ن له‌ ده‌سه‌ڵات که‌ ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌ گه‌نده‌کاری و گه‌نده‌ڵی و پره‌نسیپی نادیموکراتی. ئه‌وان چه‌شنی مێش و قالۆچه‌ وان، هه‌ر له‌فه‌زای بۆگه‌نیودا ده‌توانن وه‌حه‌سێن و پشوو بده‌ن، قه‌ت له‌ فه‌زایه‌کی سازگار و خاوێن دا ناتوانن بژین و بوونیان نیه‌. شێواندنی ڕه‌خه‌ن و جوێن دان به‌م و به‌و، سوکایه‌تی کردن له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانه و ئه‌وانیش بارودۆخه‌که‌ بۆ لای خۆیان ده‌قۆزنه‌وه‌، له‌خوایان ده‌وێ، که‌سی نه‌زان و فریوخۆر، ناتێگه‌یشتوو، دڵ پڕ له‌قین جوێن بدا، سوکایه‌تی بکا، جا ئه‌م جوێن دان و سوکایه‌تی کردنه‌ به‌ خۆیان بێ یان به‌ که‌سانی تر.
لایه‌نێکی تری که‌ به‌‌ڕای من گرنگه‌ بۆ سه‌رکه‌وتنی ڕه‌خنه‌و ، گه‌‌ڕانه‌وه‌ی ڕه‌خنه بۆ ڕێڕه‌وی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕه‌خنه‌گر ده‌بێ، سه‌لمێنه‌رانه‌ ڕه‌خنه‌ بگرێ و دوکومێنت و به‌ڵگه‌ و پشتیوانی باوه‌‌ڕ پێکراو بۆ ڕه‌خنه‌کانی وه‌ده‌ست بێنێ. ئه‌رکی ڕه‌خنه‌ گره‌ که‌ ئه‌و باسه‌ی هێناویه‌ته‌ گۆڕێ، به‌باشی شیکاری و ئاماده‌کاری بۆ بکا و ڕویه‌کی ڕاسته‌قینه‌ و دڵسۆزانه‌ نیشانی کۆمه‌ڵ و ده‌سه‌ڵات و هه‌رکه‌س و کۆمه‌ڵێکی تری که‌ هه‌یه‌ نیشان بدا.
له‌ناو سیاسه‌تیش دا نه‌توانراوه‌ به‌ گشتی ڕاهێنان و بارهێنان بۆ که‌سایه‌تی و ئه‌ندامانی بزوتنه‌وه‌ سیاسیه‌کان بکرێ. هه‌ر بۆیه‌ش جۆره‌ ترسێک له‌ نێوان که‌سایه‌تی و لایه‌نی سیاسی دا به‌رامبه‌ر به‌ ڕه‌خنه‌گر دروست ده‌بێ. که‌ ئه‌مه‌ش خۆی که‌خۆی دا به‌رهه‌می جوتیاری ڕه‌خنه‌گر بێ که‌ڵک ده‌کا‌ و سودی لێوه‌ر ناگیرێ. کادیران و ئه‌دامان ده‌بێ ئه‌و جۆره‌ حه‌ساسیه‌ته‌، به‌رامبه‌ر به‌ ڕه‌خنه‌ وه‌لا بنێن، ده‌بێ وا بیر بکه‌نه‌وه‌ که‌ هێزی سیاسی کارکه‌ر و دڵسوز هه‌میشه‌ ڕه‌خنه‌ی لێده‌گیرێ و، هه‌ر ئه‌وانیشن که‌ ده‌بێ ڕه‌خنه‌که‌ قبوڵ بکه‌ن و خۆ ئاماده‌ بکه‌ن بۆ چاک کردن و نه‌مانی شکسته‌کانیان. به‌‌ڕای من یه‌که‌م کار بۆ چاک کردنی ئه‌م بارو دۆخه‌ و نه‌مان و داخستنی ئه‌م بازاڕه‌ی که‌ به‌ ناوی ڕه‌خنه‌وه‌ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵ دا هه‌ڵ ده‌سوڕێ ئه‌م هه‌نگاوه‌یه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات ده‌بێ به‌ جورئه‌ته‌وه‌ هه‌نگاوی بۆ هه‌ڵبنێ و کاری له‌سه‌ر بکا.

15 سال و 1 ماه و 5 روز و 3 ساعت و 41 دقیقه پیش از این

ڕه‌خنه‌ شێواندن (به‌شی چواره‌م- گشتی)

ڕه‌خنه‌ شێواندن (به‌شی چواره‌م- گشتی)


صفحات ویژه وب سایت

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمێدیا، ناوه‌ندێکی ڕاگه‌یاندنی و ڕۆشنبیری کوردییه که نزیکه‌ی ١٥ ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ له خه‌بات و تێکۆشان.

 

په‌یوه‌ندی گرتن