ئاوردانهوهێکی خێرا له راپه‌ڕینی ٢٢ی رێبه‌ندانی ١٣٥٧ و ده‌رئه‌نجامه‌کانی، به‌شی دووهه‌م و کۆتایی.
رێـبوار حوسێنی
رێـبـوار حسێنی
له درێژایی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆر و ناراهوای نیزامی ویلایه‌تی فه‌قیه دا ، چین و توێژه کانی وڵات سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که له ژیر باری گرانی بێ به‌شی و دوور له هه‌ر چه‌شنه ئازادێکی سیاسی و فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی، له ژێر سێبه‌ری ره‌شی ده‌سه‌ڵاتی نیزامیی وسه‌رکوت و تۆقاندن دا له هه‌ل و ده‌رفه‌ت و دهلیوهێک گه‌راون تا بتوانن ده‌نگی مه‌زڵومانه و حه‌قخوازانه‌ی خۆیان به‌رز وه‌که‌ن و ده‌ورووبه‌ر له وه‌زع و هه‌ل ومه‌رجی خۆیان ئاگاده‌ر وه‌که‌ن و، له‌دژی دژبه‌رانی ئازادی و مافه‌کانیان ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕن و تاودهنه خه‌بات و راپه‌ڕین .
ئه‌م هه‌ست و سۆزه زۆر تر له لای چینی رووناک‌بیر و خوێنداوار و خوێندکارانی کۆمه‌ڵگا خۆێ نواندوه. ناره‌زایه‌تیه خوێندکاریه‌کان و چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نی له‌م راستایه‌دا، هه‌ر ده‌م له ئارادا بوه و هه‌یه. سه‌ره‌ڕای خه‌بات و تێکۆشانی ره‌وا و ئازادیخوازانه‌ی گه‌لی کورد له پێناو خاشه‌بڕ کردنی ناڕه‌وایی و دواکه‌وتوویی و دیکتاتۆری له ئێران‌دا که به درێژایی ته‌مه‌نی ئه‌م ده‌سه‌لاته ناڕه‌وا و حوکمی سهرهنێزهیه له گۆڕێ بوه وهه‌یه،بۆ هاتنه مه‌یدانی خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانێ له‌گه ڵ ئه‌م رژیمه دا، بانگی ئازادی سه‌رداوه و داوای له هه‌موو گه‌لانی ئێران کردوه که له دژی سه‌ره‌ڕۆییه‌کانی نیزامی ئاخوندی بێنه مه‌یدانی تێکۆشان. ناڕه‌زایه‌تیه جه‌ماوه‌ری و کرێکاری و خوێندکاریه‌کان، له ئارادا بوون و له هه‌ر ده‌رفه‌ت و هه‌ل و مه‌رجێکی شیاودا خۆێ نواندوه . به‌ڵام هه‌موو جاران به شێوه‌ێکی دڕندانه له لایه‌ن رژیمه‌وه سه‌ر کوت کراوه و به‌شێکی به‌رچاو له چالاکان و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و حه‌ره‌که‌ته شۆڕشگێڕیانه، گیراون و شکه‌نجه و ئیعدام کراون و وه‌ک پێویست باس و خواسته‌کانی ئه‌م حه‌ره‌که‌ته ئازادیخوازانانه نه‌گه‌یشتوونه به‌ر دیده و گوێ ئازادیخوازان و پشتیوانانی خه‌بات بۆ رزگاری و دابین کردنی ئاشتی و دیموکڕاسی . ئه‌گه‌ر که‌م تا کورتیکیش گه‌یشتبن، هێنده سه‌رنج راکێش و به‌رده‌وام نه‌بوون که له ده‌ر و دوور به هێند بگیرێن و دیفاعیان لێ بکرێ و لایه‌نی زۆردار و ماف پیشێلکار ههلسڵمێتهو ه و حه‌زه‌ر بکا .
هه‌مومان باش له‌بیرمانه که له کاتی بانگه‌واز بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری ده‌وره‌ی ده‌یه‌م دا چۆن کاندیداتۆره‌کان ، له‌لایه‌ن مه‌جمه‌عی تهشحیسی مهسڵهحهتهوه له که‌و بێژن و هێڵک دران و ته‌نیا ئه‌وانه به کونی ئه‌و بێژنگ و که‌وانه‌دا نه‌چوونه خوار که مۆره و کاربه‌ده‌ستی جێگای باوه‌ڕی ده‌سه‌ڵات بوون. کاندیداکان که‌وتنه بانگه‌شه‌کردن و ته‌بلیغات . ئه‌وه‌ی که له بانگه‌شه‌ی پاڵیوراوان بۆ ده‌وره‌ی ده‌هه‌می سه‌رۆک کۆماری له گه‌ڵ ده‌وره‌کانی تر جیاواز بوو ئه‌وه بوو که ئه‌وانه‌ی پاڵیورابوون له مونازهرهکانیان دا له سه‌ر تهلهفزینهکانی رژیم، سه‌ره‌رای دانی قه‌ول و به‌لێنی به خه‌لک له مه‌ڕ چاک کردنی باری نالهباهی وڵات له هه‌موو باره‌کانه‌وه ، که‌وتنه سه‌ر زه‌م و بانگه‌شه‌ی دژ به یه‌ک و له قاودانی کرده‌وه‌ی یه‌کتر که، چۆن به قازانجی خۆیان و که‌س و کاریان، گه‌نده‌ڵی و ئیحتکاریان کردوه و چۆن له سه‌ر سه‌روه‌ت وسامانی خه‌لک و وڵات به که‌یفی خۆیان و به قازانجی خۆیان و ده‌ست و پێوه‌نده نزیکه کانیان حه‌یف و مه‌یلیان کردوه . هه‌ر کام له‌به‌ر خۆیانه‌وه بۆ لای خۆی رای کێشاوه ، وه‌ک ده‌ڵێن سه‌رچۆپی بده‌ی به گامێشێ بۆ کادێنێی راده‌کیشێ! ئه‌مه‌ش له وانی رووداوه. ئه‌گه‌ر چی هه‌موویان هه‌ر یه‌ک قوماش و سه‌ر و قونی یه‌ک کلاش بوون و هه‌ن، به‌ڵام به‌م کاره‌یان ته‌قه‌ڵه‌کانیان بۆ خه‌لک و رای گشتی ده‌رکه‌وتن و ئیتر ئه‌و ته‌لیسمه شکا و جادوی ئاخوندی دجاڵ، به‌تاڵ بوه‌وه و ده‌مامکی روحانیه‌ت و په‌یڕه‌وانی ئیمامی جه‌ماران و رۆحی خودا، دڕا و رووی راستی نیزامی عه‌دڵی ئیلاهی بۆ هه‌موان ده‌رکه‌وت!، لێره‌دا راستی و ره‌وایی خه‌باتی خه‌باتگێرانی دژی ویلایه‌تی موتڵه‌قه‌ی فه‌قیه،( به‌رچاوترینی هه‌مووان خه‌باتی ره‌وای گه‌لی کورد له ماوه‌ی ٣٠ ساڵی رابردوودا)، بۆ ههرموان ده‌رکه‌وت . ئیتر بۆ دژبه‌ران و خاوه‌ن باوه‌رانی نه‌یاری ئه‌م ده‌سه‌ڵات و کاربه‌ده ستانه زیاتر ده‌ر که‌وت که ، ده‌نگ دان و پشتیوانی کردن له هه‌ر کام له‌وانه که کاندیدای سه‌رۆک کۆماری بوون، پشتیوانی و ده‌نگ دانه به ناره‌وایی ، گه‌نده‌ڵی، سه‌روه‌ت و سامانی خه‌لک و وڵات به تالان بردن، په‌ره‌پێدان به ئاژاوه و دواکه‌وتوویی ، دژایه‌تی پیشکه‌وتن و ئاسایش و ئاوه‌دانی و ته‌کامول و هه‌ڵدانی کۆمه‌ڵگا له بواره‌کانی زانستی ، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، فه‌رهه‌نگی و سه‌رئه‌نجام ژیر پێنانی ماف و ئازادیه‌کانی کۆمه‌ڵ و تاک و مانه‌وه و درێژه‌دان به ده‌سه‌ڵاتی ره‌ش و دیکتاتۆریی ویلایهتئ فه‌قیه. هه‌ر بۆیه بۆ جاری چه‌نده‌م زۆربه‌ی نیزیک به ته‌واوی گه‌لی خه‌باتگێڕ و ئازادیخوازی کورد، هه‌ڵبژاردنی ته‌حریم کرده‌وه و ئاماده نه‌بوو ده‌نگ بدا به پڕۆژه و به‌رنامه ی ده‌سه‌ڵاتێک که له‌ودا ماف و ئازادیه‌کانی مرۆڤ پیشێل بکرێن و یاساکانی مرۆڤ کوژی و کاولکاری و ئاژاوه‌گێڕی و ترساندن و تیرۆر و بێعهدالهتیه کۆمه‌لایه‌تیه‌کان، شه‌رعییه‌تیان پێ بدرێته‌وه . بۆ هه‌ر مرۆڤێکی برێک خاوه‌ن لێکدانه‌وه‌ی سیاسی و تێروانین و شناخت له‌سه‌ر هه‌ل و مه‌رجی حه‌ساسی ئه‌م نیزام و ده‌سه‌ڵاته ، ده‌بێ روون بووبێته‌وه که هه‌ر ده‌رئه‌نجامێکی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه مادام به پێچه‌وانه‌ی ویست و به‌رنامه‌ی له پێشدا داڕژاوی نیزامی ویلایه‌تی فه‌قیه بێ، له لای ئیمامی ئومه‌ت و کارگێڕان و پارێزه‌رانی نیزامی ویلایه‌تی فه‌قیه‌وه، مه‌ردووده و سانسۆر ده‌کرێ و له لایه‌ن مقامی رههبهریهوه په‌سند ناکرێ و به هه‌ر شیوه‌ێک بێت به‌ری پێده‌گیرێ و پیشێل ده‌کرێ. بچوکترین ده‌لیلیش ئه‌وه‌یه که له وه‌ها هه‌ل و مه‌رجێک دا که ئیران به نیازی ده‌ست راگه‌یشتن به چه‌کی ناو‌کی و په‌ره‌پێدانی نیزام و سیاسه‌تی ویلایه‌تی موتڵه‌قه‌ی فه‌قییه له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا و، ئه‌م تێروانین و سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ش ده‌بێ په‌یره‌وانی بێخه‌وشی خه‌تی ئیمام و ته‌ره‌فدارانی ده‌سه‌ڵاتی ریبه‌ری به‌ڕێیانه‌وه به‌رن و که‌سانی رادیکاڵ ومیانهڕهو و ئیساح ته‌ڵه‌ب و له‌م قه‌بیله و قوماشه ،ترسی سازان له گه‌ڵ شه‌یتانی گه‌وره و دژمنانی ئیسلام و ئینقلابیان لیده‌کرێ و له بایه‌خ و ئه‌رزشه مهعنویهکانی دیفاعی موقه‌دده‌س و پیرۆزیه‌کانی ده‌هه‌ی فه‌جرو زاڵ بوون و سه‌رکه‌وتنی خوێن به سه‌ر شمشێردا، که‌م ده که‌نه‌وه و، له ئاکام دا په‌ره به هه‌ستی مرۆڤ دوستی و کۆتایی هێنان به شهر و ئاژاوه ده‌ده‌ن وئهمنییهت و ئاسایش بۆ ناوچه و گه‌لانی ناوچه‌که و جیهان ده‌گێڕێته‌وه!. ئه‌وانه‌ی که کاندیدای هه‌ڵبژاردن بوون، هه‌موویان به توندرۆ و میانه‌ره‌و و ئیسلاح ته‌له‌ب و ریفۆڕم خوازه‌وه، سوێند خوارد‌و و تۆبه‌کاری خانه‌قای ویلایه‌تی موتله‌قه‌ی فه‌قیه بوون و هه‌ن و نه‌یان ده‌ویست و ئێستاش نایانه‌وه‌ێت که ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و ده‌سه‌ڵات و یاساکانی ویلایه‌تی فه‌قیه بکه‌ویته خه‌ته‌ر و زه‌ره‌رمه‌ند ببێ . ئه‌وه‌ی هه‌موان ده‌یان ویست، ته‌نیا و ته‌نیا ده‌سڵات و قودره‌ت و خۆرانان بوو به‌سه‌ر ئه‌وی تردا ، هه‌وڵه‌کان هه‌موو هه‌ر بۆ ئه‌وه بوو که زیاتر له سۆنگه‌ی یاسا و بڕیاره‌کانی نیزام و ئیمام و ریبهریدا، به‌سه‌ر چاره نووسی نادیار و پڕ له ره‌نج و کوێره‌وه‌ری گه‌لانی بنده‌ستی وڵات دا حوکم بکه‌ن و له سه‌ر کوت و ئه‌زیه‌ت و ئازاردان و کپ کردنی هه‌ر ده‌نگیکی ئازادیخوازیدا، خاوه‌ن بریار و ده‌سه‌ڵات بن و له پێناو مانه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتیان دا زیاتر خوێن بڕێژن و وڵات به‌ره‌و وێرانی به‌رن و گه‌لان زیاتر بخه‌نه ژێر پێ و له سه‌ره‌تاییترین مافه‌کانیان ئهوندی تریش بێ به‌شیان بکه‌ن وبه‌ر له هه‌ر چه‌شنه ئازادێک بگرن. ئاکامی هه‌ڵبژاردنه‌کان هه‌ر وه‌ک چاوه‌روان ده‌کرا، به هۆی کزیکاری وژێر پێنانی هه‌موو ئوسولهکانی یاسای هه‌ڵبژاردن له لایه‌ن تاقمی توند رۆوه که کاندیداتۆرهکهیان ، پاسدار مه‌حمودی ئهحمهدینژاد بوو، هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی ئه‌م شه‌خسه شه‌رانگێز و ماجه‌راجوو و بێبه‌ش له مه‌نتیق و سیاسه‌ت وشعوری کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌ی لێکه‌وته‌وه که تا ئێستا ئه‌م که‌ون و کائیناته، له نیزامی کۆماری ئیسلامی ئاخوندی‌دا نه‌بێ، به خۆیه‌وه نه‌دیوه و نای نیبێ. هه‌ر دوابه‌دوای راگه‌یاندنی ئاکامه‌که، لایه‌نه‌کانی سه‌رنه‌که‌وتووی فێڵکێکراوی وه‌ک : موسه‌ویی وکهڕروبی ، که ئاخوند،، خاته‌می سه‌رۆک کۆماری دوو ده‌وه‌ر به‌ر و ئاخوند ره‌فسنجانی، سه‌رۆکی مه‌جمه‌عی ته‌شخیسی مه‌سه‌ڵه‌حه‌تی نیزامیش،، پشتیوانیان بوون و هه‌ن، ناره‌زایه‌تیان ده‌ر بڕی و ئه‌م کرده‌وه‌ی تاقمی به‌رانبه‌ری خۆیان به دوور که رێ و شوێن و عورف و عاده‌تی هه‌ڵبژاردن له‌قه‌له‌م دا و، بۆ یه‌که‌م جار باسیان له ژێر پێنانی مافی هاووڵاتیان کرد و به دژی دیموکراسیان ناوزه‌دکرد و داوایان له ده‌نگده‌رانی خۆیان کرد که بۆ نیشاندانی ناره‌زایه‌تی و دیفاع له ده‌نگه‌کانیان، بێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان و ده‌نگ هه‌ڵبڕن. به‌ڵام به شێوه‌ێک که ده‌وله‌تی ئیسلامی و نیزامی ویلایه‌تی فه‌قیه بێ رێزیان پێ نه‌کرێ و نه‌خرێنه قۆناغێکی بڤه‌وه!. په‌ندێکی فارسی هه‌یه که ده‌ڵێ : ( سبب خیر شود عدو گر خدا خواهد). دهلیوهێک که زۆر له مێژ بوو چین و توێژه‌کانی له مهنگهنهدراوی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م نیزامه کۆنه په‌رست و توتالیتاره، لێی ده‌گه‌ران و چاوه‌ڕوانیان ده‌کرد تا به و هۆیه‌وه رق و بێزاری خۆیانی تیدا ده‌ر ببڕن و ده‌نگی ناره‌زایه‌تی به‌رزکه‌نه‌وه و کرده‌وه دزیوه‌کانی رژیم و کاربهدهستاکانی به تێکرا، له قاو بده‌ن و هاواری سێ ده‌یه کپکراویان بگه‌ێننه گوێی کۆڕ و کۆمه‌ڵه مرۆڤ دۆسته‌کانی جیهان و داوای ماف و ئازادیه‌کانیان بکه‌ن ، تا به‌و هۆیه‌وه کۆتایی به شه‌وه‌زه‌نگی بێبه‌شیان بێنن و رۆژی روناکی رزگاری خۆیان و وڵاتیان ببین، ده‌ست که‌وت و وه‌ک بینیمان و ده‌یبینین رۆژ له دوای رۆژ زیاتر په‌ره‌ده‌ستێنێ و ئه‌و خوێن و گیانانه‌ی له‌م باره‌وه پیشکه‌ش به باره‌گای ئازادی و رزگاری گه‌لانی ئیران کران و ده‌کرێن، کۆمه‌لانی خه‌لکی راپه‌ڕیو هه‌روا به هاسانی ده‌ستیان لێ هه‌ڵناگرن و ده‌یان کهنه شه‌واو و ئاودێری باغی ئاوت و ئاره‌زوه‌کانیان. ئه‌م ناره‌زایه‌تی و راپه‌ڕینه‌ی نه‌ته‌وه جیاجیاکانی ئێران به هه‌موو چین و توێژه‌کانیانه‌وه ، ژیله‌مۆی بن خۆله‌مێشی کرده‌وه و هه‌ڵس و که‌وتی ده‌یان ساڵه‌ی ئه‌م نیزامه ته‌ریک کهوتوهوهیه له هه‌مبه‌ر ماف و ئازادیه‌کانیان و له سۆنگه‌ی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌وه وا گهشاوتهوه و تین و په‌ره‌نگی ستاندوه و خه‌ریکه ده‌بێته بڵێسه و گڕکانێکی وا که نیزامی ویلایه‌ت و ئاخوند و عابا و عه‌مامه‌ی تێدا ده‌بێته قه‌ره‌بروت.
ئه‌وه‌ی که زۆرتر مه‌به‌ستی باسه‌که‌یه ئه‌وه‌یه که ئه‌م راپه‌ڕین و ناره‌زایه‌تی یه‌ی که ناویان ناوه حه‌ره‌که‌تی سه‌روز و به زاهیر ئه‌وانه‌ی له هه‌ڵبژاردن دا له به‌رانبه‌ر پاسدار ئه‌حمه‌دی نژاد دا شکستیان خوارد ، رابه‌ری ده‌که‌ن، له دوو به‌شی ته‌وا و لێک جیاواز، به‌ڵام دژ به ده سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تی پاسدار ئه‌حمه‌دی نژاد پێک هاتوه. به‌شی یه‌که‌م و سه‌ره‌کی و جێگای متمانه ومایه‌ی دڵ خۆشکه‌ری ئه‌م حه‌ره‌که‌ته، له هه‌ستی پیرۆز و شۆڕشگێری چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێران به هه‌موو نه‌ته‌وه و ئایین و مه‌زهه‌ب و خه‌ت و رێبازه جۆراوجۆره‌کانیانه‌وه هه‌ڵقوڵیوه که خاونی ره‌گ و ریشه‌ی خه‌باتگێڕی له دژی زۆرداری و ملهوڕیه له پێناو هێنانه گۆڕی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌ل سالاری و دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگایه‌یکی ئازاد و دیموکرت که له‌ودا ماف و ئازادیه‌کانی تاک و کۆمه‌ڵی تێدا پارێزراوبێ و شان به شانی ده‌سه‌ڵاته پێشکه‌وتو و دیموکراته‌کانی دنیا له پێناو گه‌شه و نه‌شه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌خته‌وه‌ردا، رێگای زانست و پیگهیشتن بگرێته به‌ر. ئه‌م به‌شه سه‌ر به خانه‌ی خه‌بات و تێکۆشانی ره‌وای سه‌رتاسه‌ریه به رێبه‌ری هێزو لایه‌نه خه‌باتکار و خۆراگره‌کانی که سێ ده‌یه له سه‌نگه‌ری خه‌بات بۆ وه‌دست هێنانی ماف و ئازادیه‌کانی گه‌لانی ئێران دا خه‌بات ده‌که‌ن که به‌داخه‌وه قه‌داسه‌ت و پیرۆزی و کارایی ئه‌م به‌شه، به هۆی هه‌ل و مه‌رج و قۆناغی تایبه‌تی ئیستا و ده‌سه‌ڵات و دڕنده‌یی رژیم له لاێک و لێک ترازان و لێک دووری دژبه‌رانی راسته‌قینه و سه‌ره‌کی رژیم له لایه‌کی تره‌وه، که‌وتۆته ژیر ته‌م و تۆمانی به‌شی دووهه‌م !. به‌شی دووهه‌می ئه‌م حه‌ره‌که‌ته، مێژوو سه‌رچاوه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رتای سه‌رهه‌ڵدانی کێشه‌ی نێوان مۆره و ده‌سه‌ڵاتدارانی سویندخواردووی وه‌فاداری ده‌وله‌تی ئیسلامی و نیزامی ویلایه‌ت که له سۆنگه‌ی ئاکامی ناره‌وای هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه و به‌رێوه‌به‌ران و رێبه‌رانی ئه‌م حه‌ره‌که‌ته تا ئه‌و ده‌م یاری وه‌فاداری نیزام و په‌یره‌وی سوێند خواردوی خه‌ت و رێبازی ئیمام بوون. که به دڵنیایه‌وه ئهگهرههرکام له‌وان ده‌نگی زۆرینه‌ی هێنابایه‌وه و ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆک کۆماری بگرتایه ده‌ست، له رابردودا چۆن بون ئه‌گه‌ر خراپترنهبان چاکتر نه‌ده‌بوون و کوفری دیموکراسی و مافی گهلانیشیان به ده‌مدا نه‌ده‌هات و نه‌ده‌که‌وتنه به‌ر له‌عنه‌ت و غه‌زه‌ب و تووڕه‌یی ئیمام و نیزام! هه‌ر بۆیه به شێوه‌ێکی تاراده‌ێک دیار بزاڤی ره‌وای گه‌لی کورد له کوردستانی ئێران دا به حه‌زه‌ره‌وه لێی ده‌ڕوانێ و تاوتوێێ ده‌کا . لایه‌نه سیاسیه کوردیه‌کان که رێبه‌ر و ئاڵاهه‌ڵگرانی ئه‌م بزاڤهن تا ئێستاش به‌ڕه‌سمی و وه‌ک پێویست له مه‌ڕی هه‌ڵوێستیان نه‌گرتوه و گه‌لی کوردیان بۆ به‌شداری گه‌رم و تێکرایی له‌م بزووتنه‌وه‌دا رێنوێنی نه‌کردوه. ئه‌گه‌رچی پشتیوانی له حه‌ره‌که‌ته‌که‌یان و هاندان و تهشویقکردنیان له سه‌ر ئه‌م ناڕه‌زایه‌تی و هه‌ڵوێستانه‌یان له دژی نیزام و ده‌سه‌ڵات، کارێکی موسبه‌ته و له قازنجی په‌ره‌گرتن و به‌ئاکام گه‌یاندنی ویست و داخوازیه‌کانی به‌شی یه‌که‌م دایه. ئه‌وه‌ی که جێگای سه‌رنجه و وه‌ک پیویستێکی سه‌رده‌م وبۆ قۆستنه‌وه‌ی هه‌له ههڵکهوتوهکه خۆی ده‌ر ده‌خا و له به‌رژه‌وه‌ندی جوڵانه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ری به‌گشتی و خه‌باتی ره‌وای گه‌لی کورد به‌تایبه‌تی دایه ئه‌وه‌یه که ، هێزو لایه‌نه سیاسیه خه‌باتگێڕه سه‌رانسه‌ری و کوردستانیه‌کان سه‌ره‌تا له ناوه‌ند وپلادفۆڕمێکی هاوبه‌شی گشت گیردا خۆیان رێکخه‌ن وبه‌دانانی گه‌ڵاڵه و به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش ئه‌م حه‌ره‌که‌ته بخه‌نه سه‌ر راسته رێێ خۆی و نه هێڵن ئه‌و هێز و توانا پڕ له جۆش و خرۆشه لێواو لێو له‌هه‌ست و سۆزه شۆڕشگێڕیه‌ی جه‌ماوه‌ری وه‌زاڵه‌هاتووی راپه‌ڕیو، هه‌روا بێ خه‌ت و نیشان و ستراتیژێکی نادیار، به‌کار بهێندرێ و به هۆی تێپه‌ڕ بوونی کات، توشی به‌ر به‌ست وکۆسپ ببێ و بهزایهو فیڕۆ بچێ. ده‌بێ ئۆپۆزیسێونی ئاشکرا که له‌ده‌روه‌ی وڵات له سه‌نگه‌ری خۆراگری دایه، به هه‌ر شێوه‌ێک که ده‌کرێ، سه‌ره‌ڕای پێوه‌ندی گه‌رم و به‌رده‌وام و رێنوێنیدا به کۆمه‌ڵانی راپه‌ڕیو، پێوه‌ندی به رێبه‌رانی به‌شی دووهه‌می ئه‌م بزوتنه‌وه‌وه بگرێ و له‌وه حاڵیان بکات که ئه‌وان به بێ قه‌بوڵکردنی سیاسه‌ت و داخوازیه‌کانی ئۆپۆزیسێونی سه‌ره‌کی و ره‌وای سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌یی و رێزدانان و باوه‌ڕ بوون به ماف و ئازادیه‌کانی تێکڕای گه‌لانی وڵات، ناتوانن به ئاکام بگه‌ن و ده‌بێ ئه‌م حه‌ره‌که‌ت و راپه‌ڕینه له‌و دوو فاقی و لێک نامۆییه قوتار بکرێ . به‌م جۆره ده‌توانن تاراده‌ێک هه‌م قه‌ره‌بوی رابردوویان وه‌که‌ن و هه‌م رێگای دووری خه‌بات و به‌رخودان بۆ گه‌یشتن به ئاوات و ئامانج نزیکتر وهخهن و هه‌وری ره‌ش و تاریکی دواکه‌وتویی وته‌ریک که‌وتنه‌وه له سه‌ر وڵات راماڵن.
بابه‌تێکی دیکه‌ی سه‌ره‌کی و به‌ر چاو که ده‌بێ هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بکرێ، چۆنیه‌تی هه‌ڵوێست و په‌یوه‌ندی گه‌لی کرد و بزاڤه ره‌واکه‌یه‌تی له هه‌مبه‌ر ئه‌م بزووتنه‌وه‌دا. بێ شک کورد به‌شێوه‌ێکی گشتی و وه‌ک گه‌ل،له‌و بزوتنه‌وه‌دا به‌شداره و له‌وکاته‌وه که ئه‌م حه‌ره‌که‌ته به شێوه‌ی ئاشکرا خۆی ده رخستوه چین و توێژه‌کانی کورده‌واری به تایبه‌ت توێژی خویندکار و رووناک‌بیر و چالاکانی مه‌ده‌نی و رۆژنامه‌نووسان، چالاکانه و به‌ر چاو به‌شدارن و زۆرترینی گریراو و ئه‌شکنجه کراوو ئیعدامه‌کانی ئه‌م دواییامه لهون پێک هاتوون و پێک دێن، که به‌داخه‌وه رێبه‌رانی به‌شی دووهه‌می ئه‌م حه‌ره‌که‌ته ناوێکیان لێنابه‌ن و خۆ له باس و خواسیان ده‌بوێرن. لایه‌ن و هیزه سیاسیه‌کانی کوردی که خاوه‌نی خه‌بات و تیکۆشانی بێ وچان و رووباری خوێنی شه‌هیدانن، به هۆی ناکۆکی و دووبه‌ره‌کی و لێکترازان و لێک دوور که‌وتنه‌وه، هه‌ر کام به جۆرێک له‌م بابه‌ته ده‌ڕوانێ و باسی لێوه‌ده‌کا. هه‌یانه هه‌ر له‌سه‌رتاوه نه‌ک هه‌ر به حه‌ره‌که‌تێکی موسبه‌تی داناوه، بگره رێبه‌رانی به‌شی دووهه‌می ئه‌م حهرکهتهشی به که‌سانی لایق وخهباتگێرناو زهد کردوون و رابردویانی به ئاوی شه‌وی شۆڕشگێڕبوونیان شۆردراونهوه!. هه‌شیانه هه‌م حه‌ره‌که‌ته‌که‌ی پێ شتێکی سه‌رتاسه‌ری نییه و هه‌م رێبهرهکانیشی پێ هه‌مان که‌سانن که له کاتی ده‌سه‌لاتداریان دا بوون و هیچ ئاڵ و گۆڕێکیان به‌سه‌ردا نه‌هاتوه و نایا. هه‌شیانه که حه‌ره‌که‌ت و بزوتنه‌وه‌که‌ی پێ شتێکی راست و ره‌وایه و پیی وایه که‌ده‌بێ گه‌لانی راپه‌ڕیو پشتیوانیان لێبکرێ و داوا ره‌واکانیان زیاتر به ده‌ره‌وه بناسێندرێ و پشتیوانی نێونه‌ته‌وه‌ییان بۆ په‌یدا بکرێ و بخرێته سه‌ر خه‌ت و ریلێکی وا که به‌ره‌و ئاسۆی رزگاری و به‌خته‌وه‌ری هه‌موو گه‌لانی وڵات رێگای خۆی بپێوی و له‌و سه‌ر گه‌ردانی و بێ رێبهرییهی ئیستا قوتار بکرێ و نهههیڵدرێ وه‌ک سه‌رده‌مانی سه‌رکه‌وتنی شۆڕش له‌دژی رژیمی پاشایاتی، له لایه‌ن که‌سانی فرسه‌ت ته‌ڵه‌ب و دژی ئازادی و دیموکراسیه‌وه، له رێی راستی خۆی هه‌تڵه بکرێ وبه‌رهه‌مه‌کانی به تاڵان ببرێته‌وه. به‌ڵام رێبه‌رانی به‌شی دووهه‌میشی پێ هه‌مان که‌سانن که له ده‌ورانی ده‌سه‌ڵاتدا بوون وله دژایه‌تی و به‌ر به‌ستکردنی ماف و ئازادیه‌کانی گه‌لانی وڵات دا خاوه‌ن بڕیار و باڵاده‌ست بوون و، ده‌بێ رۆژێک له رۆژان له دیوانی خه‌لک دا وڵامده‌ری کرده‌وه‌کانیان بن، ئه‌و ناکۆکی و دژایهتیهیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌لاتدارانی ئێستادا،پێ شه‌ڕه مه‌لۆتکه لهسهردهسهڵاتهو به‌س. هه‌رئێستا ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن سه‌رله‌نوێ بکرێته‌وه و ئه‌وان سهکهون، دروست به پێچه‌وانه‌ی ئێستایان ده‌جوڵێنه‌وه. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و جیاوازیانه له هه‌ڵوێست و بۆچوونی لایه‌ن و هێزه سیاسیه کوردیهداندا له هه‌مبه‌ر ئه‌م رووداو‌و ده‌رفه‌ته ره‌خساوه میژوویهدا، زه‌رووره‌ت و پێداویستێکی حاشا هه‌ڵنه‌گر خۆ ده‌نوێنێ که‌ئه‌ویش، له به‌ر چاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی گه‌ل و شۆرشه و ێر پێ نانی هه‌موو ناکۆکی و دووبه‌ره‌کیه‌کان و هه‌ستکردن به به‌رپرسی و نیشاندانی راستی و دڵسۆزیه بۆ گه‌ل و نیشتمان ووهفاداری به‌و خوێنانه‌ی له‌م پێناوه‌دا رژاون و ده‌رژێن. به‌راستی ئیتر ده‌بێ سه‌رکرده و به‌ر پرس و سه‌رکردایه‌تی حیزب و لایه‌نه کوردیه‌کان، ئهوراستیهیان له‌به‌ر چاو بێ که کۆمه‌ڵانی خۆراگر و تێگه‌یشتووی نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌وه‌زیاتر ئه‌و هه‌موو خۆ گنخاندن و هه‌ل به فیڕۆدان وهه‌ست نه‌کردن به به‌رژه‌وه‌نی گشتیه‌یان لێ قه‌بوڵ ناکه‌ن .هه‌موو به شیعار و له وتاردا داوا ده‌که‌ن که خزمه‌تکار و فیداکار و پارێزه‌ر و دابینکه‌ری ماف و ئازادیه‌کانی گه‌لن، به‌ڵام له کرده‌وه‌دا چوکترین هه‌نگاو هه‌ڵناگرن و سه‌نگه‌ری دژایه‌تی دژمنیان گۆڕیوه به سه‌نگه‌ری دژایه‌تی یه‌کتر . گه‌لۆ ئاخۆ کاتی ئه‌وه نه‌هاتوه که بیر له ئاشتهوایێکی گشتی وهکرێ و به‌هه‌موان زمان و گوتارێکی هاوبه‌ش له هه‌مبه‌ر ئه‌م قۆناغ و هه‌ل و مهررجه دا بخه‌نه کار و گه‌ل و خۆشیان له‌و سه‌رگه‌ردانی و دوارۆژ نایارهیهی که تێی که‌وتوون رزگار که‌ن و ده‌ین دار و موشکوڵهزمهی ره‌نج و ئازاری به‌ندکراوان و شه‌هیدانی گه‌ل نه‌بن؟. ئایا به‌راستی ده‌بێ تاکه‌ی ده‌وروبه‌ر و دۆستانی گه‌له‌که‌مان و پێداویستی و روودانی رووداوه‌کان و، له کۆتاییدا ده‌روون و ویژدانی شۆڕشگێڕی، ئه‌م هه‌ڵس و که‌وته گه‌ل و شۆڕش نهویستانهمان لێ قه‌بوڵ بکه‌ن؟. ئایا به‌راستی نه‌وه‌ی نوێ به خادیم و دڵسۆزیان ناوده‌به‌ن یان به نادڵسۆز و که‌مته‌رخه‌م و به‌رژه‌وه‌ند پاوانخواز؟. وڵامی ئه‌م پرسیارانه و چه‌ندین پرسیاری تری له‌م بابه‌ته، له لایه‌ن کێی و چۆن ده‌درێنه‌وه ؟ بۆ خۆی پرسیارێکن ، وڵامه‌کانیان لای هێز و لایه‌نه کوردیه‌کانه که هیوادارم به‌م زوانه وه‌ک پێویست بدرێنه‌وه و پرسایکهر وڵامی شیاوی خۆی وه‌رگرێته‌وه و قه‌ناعه‌تیان پێبکا و به‌داهاتووی شۆڕش و لایه‌نه شۆڕشگێڕه‌کان دڵخۆش بکات!.