جمعه 

2 سپتامبر 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

مامۆستا شێخ جه‌لال حوسێنى له‌دیمانه‌یه‌کى تایبه‌تدا

مامۆستا شێخ جه‌لال حوسێنى له‌دیمانه‌یه‌کى تایبه‌تدا

شێخ جه‌لالى حوسێنى یه‌کێک له‌که‌سایه‌تیه‌ شۆر٠شگێره‌کانى رۆژهه‌لاتى کوردستانه‌، پیاوێکى ئایینیه‌ و له‌مێژ ساڵه‌ دژ به‌ رژیمى کۆمارى ئیسلامى خه‌بات ده‌کات و بۆ مافى نه‌ته‌وایه‌تى گه‌له‌که‌ى تێده‌کۆشێ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌س له‌مامۆستایانى هاوبیرى له‌دواى شۆر٠شى سه‌رانسه‌رى گه‌لانى ئێران و له‌گه‌ڵ ده‌سپێکى سیاسه‌تى نامرۆڤانه‌نه‌ و کوردکوژى کۆمارى ئیسلامى (سازمانى خه‌بات ى کوردستانى)ى دامه‌زراندووه‌

تایبه‌تمه‌ندى ئه‌و رێکخراوه‌یه‌ له‌رۆژهه‌لاتى کوردستان ئه‌وه‌یه‌ که‌ یه‌که‌م رێکخراوى سیاسییه‌ که‌ باوه‌رى به‌ بنه‌ماکانى ئایینى ئیسلام هه‌یه‌ بۆ دابین کردنى مافى نه‌ته‌وایه‌تى کورد تێده‌کۆشی و دژ به‌ کۆمارى ئیسلامییه‌ ته‌نانه‌ت جگه‌ له‌رووخانى ئه‌و رژیمه‌ و هاتنه‌ سه‌رکارى نیزامێکى فیداراڵى دیموکرات ته‌نانه‌ت له‌پێره‌وه‌که‌شی داهاتووه‌، که‌ دانووساندن و گفتگۆش له‌گه‌ڵ ئه‌و رژێمه‌ى ر٠ه‌ت کردۆته‌وه‌ له‌لایه‌کى تر سازمانى خه‌بات به‌ ر٠ێکخراوێکى سیاسی دێنى ناژمێردرێ، چونکه‌ مه‌سه‌له‌ى نه‌ته‌وایه‌تى و ده‌رد و مه‌ینه‌تى کورد ئه‌ساسی تێکۆشان و خه‌باتى به‌رده‌وامیه‌تى له‌م قۆناغه‌دا و زیاتر خۆى به‌ ئامانجه‌کانى کۆمه‌ڵه‌ى(ژ.ک) له‌سالانى دوورى سه‌ده‌ى رابردوو ده‌به‌ستێته‌وه‌ مامۆستا شێخ جه‌لال حوسێنى له‌گه‌ڵ سیاسه‌توانیه‌که‌ى شاعیرێکى به‌ توانا و نووسه‌رێکى زمان پار٠او، کوردى زانێکى سه‌رکه‌وتووه‌. ئه‌و لایه‌نه‌ ئه‌ده‌بییه‌ى خه‌باتى مامۆستا با بۆ دیمانه‌ێکى تر بێت.
ئه‌حمه‌د سه‌فا
پرسیارى ١ـ ژیانى بنه‌ماڵه‌ى و شوینى له‌ داێک بوون و خویندن به‌ گشتى و ده‌ره‌جه‌ى خویندن و مه‌لایه‌تیمان بۆ باس بکه‌؟
وه‌لامى ١ـ ناووم جلال الدین حوسه‌ینیه‌ کور٠ى خوالێ خۆش بوو زاناى خوا په‌رست شێخ صاڵحى واژه‌یى به‌رزنجه‌ییم رۆژى جمعه‌ ٢٦ ره‌جه‌بى ١٣٤٦ کۆچى ى مانگى له‌ گه‌ره‌کى خوارووى شارى بانه‌ له‌ داێک بووم له‌ شه‌ش حه‌وت ساڵیدا نراومه‌ به‌ر خوێندن له‌ خزمه‌ت باوکى ره‌حمه‌تیم دا قورئان و فارسى و به‌راییه‌کانى نه‌حوو و سه‌رفم خوێندوه‌ دواى کۆچى باوکم چوومه‌ فه‌قێیه‌تى، چى عیلمى له‌ مه‌دره‌سه‌کانى کوردستان ده‌خوێندران من خویندومن له‌ ناوچه‌کانى بانه‌ و سه‌رده‌شت و موکوریان و مه‌هاباد و شنۆ و لاجان و پشده‌ر و مه‌ریوان خوێندومه‌ و ئیجازه‌ى مه‌لایه‌تیم له‌ خواڵى خۆش بوو زاناى به‌ ناوبانگ مامۆستا مه‌لا باقرى مه‌ریوان وه‌رگرتووه‌ ساڵێک له‌ ناوچه‌ى بۆکان مه‌لا بووم دوایى هاتمه‌وه‌ شارى بانه‌ سه‌ر ئه‌و مزگه‌وته‌ که‌ باوکى ره‌حمه‌تیم ته‌دریس و ئیمایه‌تى لێ ده‌کرد.
٢٤ ساڵ ته‌دریسم کردوه‌ ناتوانم پله‌ بۆ خۆم دیارى که‌م ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانم که‌ شاگرد و فه‌قى لێم رازى بوون و تا ئه‌ندازیێک له‌ ناو مه‌لایان دا به‌ر چاو بووم.
پرسیارى ٢ـ پێوه‌ندى سیاسى و هۆى سه‌رهه‌ڵدانى بیرى نه‌ته‌وه‌یى جه‌نابت چى بووه‌؟
باوکى ره‌حمه‌تیم وه‌ک زۆرینه‌ى خه‌ڵکى کوردستان، په‌هله‌وى و حکومه‌ته‌که‌ى ناخۆش ده‌وێست به‌ هه‌موو بزوتنه‌وه‌یێکى چکۆڵه‌ى کوردیش وه‌ک بزوتنه‌وه‌ى سویسنه‌کانى به‌رى سه‌رده‌شت دڵخۆش بوو. رووداوه‌کانى شێخ مه‌حمودى له‌ پشتى کتێبان که‌ نووسییوه‌ به‌رێزه‌ وه‌ به‌ مه‌لیکى ناو ده‌برد و دامت سگوته‌ى بۆ نووسیوه‌ ئه‌وه‌ له‌ سه‌ر دڵى ئێمه‌ شوینه‌وارى کوردایه‌تى ى داده‌نا.
پرسیارى ٣- میژوی ژ.ک، چونیه‌تى پیوه‌ندى، شوینی پیوه‌ندی، ده‌ورت له‌ ژ.ک، ئه‌و که‌ سانه‌ى که‌ ده‌ت ناسین، بیوگرافی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى که‌ له‌گه‌ڵت بوونمان بۆ باس بکه‌؟
کۆمه‌ڵه‌ى ئازادى خوازى کوردستان ١٣١٧کوچى خورى ١٩٣٨زاینى پێک هێندرا بوو له‌ ١٣٢٠ کوچى خورى ١٩٤١زاینى کرا به‌ کۆمه‌ڵه‌ى ژینه‌وه‌ى کورد ژ،ک. کومه‌له‌ ژ، ک له‌ سه‌ر چوار کۆڵه‌که‌ دانرا بوو، ئیسلامه‌تى، کوردایه‌تى، شارستانیه‌ت، سولح و ئاشتى، به‌ شیوه‌یێک که‌ هه‌موو قانوون و مه‌رام نامه‌کانى له‌گه‌ل شه‌ریعه‌تى مقدسى ئیسلام ته‌تبیق ده‌کرى ئه‌مجار ده‌خرێته‌کار. کومه‌له‌ ژ.ک پر به‌ پێستى کورده‌وارى بوو ده‌ى توانى با نامۆیى تێکر٠اى گه‌لى کورد بهێنیته‌ ریزى موباره‌زه‌ و خه‌باته‌وه‌ بۆ رزگاریى کوردستان و گه‌له‌که‌ى، چونکه‌ هه‌مه‌موو ویسته‌کانى گه‌لى کوردى تێدا بوو.
به‌هارى ١٣٢٤کوچى ى خورى له‌ بانه‌وه‌ چوومه‌ موکریان که‌ چووم باس هه‌ر باسى کۆمه‌ڵه‌ ژ.ک بوو، به‌را نوینى ى مامۆستا شیخ عزالدین و خوا لى خۆش بوو حاجى ره‌حماناغاى ئیلخانى زاده‌ (موهته‌دى) ئاماده‌ بووم بچمه‌ کومه‌له‌ ژ، ک وه‌. له‌گه‌لأ دوو فه‌قێى رفیقم سید تاهیرى شه‌ریفى واژه‌یى و مه‌لا صالح خور٠خور٠ه‌یى چووینه‌ بۆکان بۆ لاى مه‌لا عبدالله‌ى حه‌سار باسى کۆمه‌ڵه‌ ژ.ک ى بۆ کردین و حه‌وت سوێندى داین: سوێند به‌ خودا و قورئان و پێغه‌مبه‌ر (ص) و شمشیره‌که‌ى حه‌زره‌تى عومه‌ر و چه‌ند سوێندى تر که‌ له‌ بیرم نه‌ماوون، زۆر شادمان بووین که‌وتینه‌ دنیایێکى تره‌وه‌. فه‌قیێکى ١٧ ـ ١٨ ساڵه‌ بووم، جۆى له‌ دڵسۆزى بۆ کورد و بۆ کۆمه‌ڵه‌ ژ.ک و باس کردنى کوردایه‌تى، هێچ ده‌ورێکى ته‌شکیلاتى و پا سپێراووم نه‌بووه‌، ته‌نیا بیوگرافى ى دوو رفیقه‌که‌م ده‌توانم بڵه‌م: سید تاهیرى شه‌ریفى ده‌ستى له‌ خوێندن هه‌ڵگرت دانێشت خه‌رێکى کاسبى بوو دوایى له‌ سوێرویى ره‌به‌ت مه‌لا و که‌شاوه‌رز بوو ١٣٣٨ کۆچى ى خۆرى که‌ له‌ سه‌رانسه‌رى کوردستان ده‌وڵه‌تى شا خه‌ڵکى گرت سه‌ید تاهیریش گیرا و دواى نزیک به‌ چوار ساڵ به‌ نه‌خۆشى ئازاد کرا و دواى سا چوار ساڵ فه‌وتى کرد، مه‌لا صالحى خور٠ خور٠ه‌ییش له‌ ناوچه‌ى سه‌قز مه‌لا بوو رژیمى ئاخوندان زۆریان بۆ هێنا که‌ هاوکاریان بکا، نه‌ى کرد، ناچار ده‌ستى له‌ مه‌لایه‌تى هه‌ڵگرت و له‌ سه‌قز دووکانى دانا واش له‌ کۆڵى نه‌بوونه‌وه‌ له‌ زیندان دا به‌ شکه‌نجه‌ شه‌هیدیان کرد.
پرسیارى ٤ ـ بوونى ژ.ک به‌ حیزبى دیموکرات هۆکه‌ى، روانگه‌ى جه‌نابت له‌و کات دا، له‌گه‌لأ ح د ک که‌وتن، چالاکى، هاورا یانت، شوێن و پله‌ت له‌حیزبدا؟
ژ.ک نه‌کراوه‌ به‌ حیزبى دیموکرات به‌ڵکو حیزبى دیموکرات دارێژراوێکى تایه‌به‌ت بوو به‌ به‌رنامه‌ى کوردستان له‌گه‌لأ به‌رنامه‌ى ته‌ورێز ده‌بوو یه‌ک بن. کۆمه‌ڵه‌ ژ.ک رێبازێکى جیاواز بوو له‌گه‌لأ وێستى شووره‌ویه‌کان نه‌ده‌هاته‌وه‌، من هێچ کات سه‌ر به‌ حیزبى دیموکرات نه‌بووم گه‌نجێکى ١٧ ساڵه‌ بووم وه‌ک زۆران له‌ قولایى کاره‌که‌ و ئاڵوگۆره‌که‌ نه‌ده‌گیشتم هه‌ر له‌ سه‌ر باوه‌رى ژ.ک بووم و چالاکیێکى ره‌سمیم نه‌بووه‌ تا شوێن و پله‌م ببا.
پرسیارى ٥ ـ کاتى پێک هێنانى کۆمار له‌ کوى بوویت؟ رات چ بووه‌؟ له‌و یه‌ک ساڵه‌ ى ته‌مه‌نى کۆمار جه‌نابت چکاره‌ بووى؟
کاتى پێک هاتنى کۆمار له‌ دیا حه‌مامیانى بۆکان فه‌قا بووم له‌ به‌هارى ٣٥ دا به‌ فه‌قیێه‌تى چوومه‌ مزگه‌وتى بازارى مه‌هاباد زۆرم هاتووچووى ده‌فته‌رى رۆژنامه‌ى کوردستان ده‌کرد بۆ لاى سید محمدى حه‌میدى و مه‌لا حه‌سه‌نى قزڵجى، شیعرم داده‌نا بۆم ده‌بردن ده‌سته‌ شیعریکى سه‌ره‌تاییانه‌یان له‌ رۆژنامه‌ى ژماره‌ ٦١ دا بۆ چاپ کردم، هیچ کاره‌ نه‌بووم
پرسیارى ٦ ـ رات له‌سه‌ر کۆمار و تێک چوونى کۆمار چییه‌؟
کۆمارى کوردستان ماناى گه‌یشتنى ئه‌و گه‌له‌ به‌ مافى خۆ به‌رێوه‌بردن، بۆ که‌سێک که‌ خوازیارى ئازادیى گه‌له‌که‌ى با پێک هاتنى کۆمار زۆر خۆشه‌ هیچى ناگاتى به‌لام جه‌ماوه‌رى کوردستان به‌ مفادى کۆمه‌ڵه‌ ژ.ک دڵخۆش تر بوون و ئه‌ویان به‌ خۆماڵى تر ده‌زانى، زۆرى پا نه‌چوو زۆران له‌ وانه‌ى که‌ به‌ گه‌رمى له‌ کۆمه‌ڵه‌ ژ.ک دا هه‌ڵده‌سووران پاشه‌کشه‌یان کرد به‌ تایه‌به‌ت که‌ له‌ به‌هارى ٢٥ دا هه‌واڵى کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى شووره‌ویان له‌ ئازه‌ربایجان بیستبوو کۆماریان به‌ با پشتیوان زانیبوو که‌ به‌ هومیدى پشتیوانى ى ئه‌وان کۆمار پێک هاتبوو، ناهومیدى که‌وتبوه‌ دڵى زۆران، ته‌نانه‌ت هێندا ئه‌رکانى حکومه‌تى کۆماریش که‌وتبوونه‌ چاره‌سه‌رى کارى خۆیان. پێشه‌واى ره‌حمه‌تیش له‌ بیرى چاره‌سه‌رى کارى میلله‌ته‌که‌ دا بوو وه‌ک پێشه‌وه‌رى نه‌رۆیشت، چه‌ندى بۆى کرا هه‌وڵى دا که‌س زیان نه‌بینێ هه‌رچه‌ند به‌ به‌ڵێنى رژیمى شا دڵنێا نه‌بوو به‌لام پێى وابوو ئه‌گه‌ر بر٠وا خه‌ڵکیى زۆر له‌ ناو ده‌چن پێى نه‌چوو دژمنى با عه‌هد گرتى و له‌ دادگاى بێداد دا موحاکه‌مه‌کرا قاره‌مانانه‌ وێستا به‌ ئه‌ندازه‌یێک که‌ به‌ره‌جه‌نگێکى خوێناویى چه‌ند ساڵه‌ ئه‌وه‌نده‌ ووره‌ى دژمنى با نه‌ده‌شکا و خۆى و گه‌لى کورد ئه‌وه‌نده‌ پێى سه‌ربه‌رز نه‌ ده‌بوون. روحى خۆى و هه‌موو شه‌هیدانى کۆمار شاد.
پرسیارى ٧ ـ چالاکى سیاسى و نه‌ته‌وه‌یى له‌ سالانى حکومه‌تى موسه‌دیق و ده‌ورت له‌و سه‌رده‌مه‌ چ بووه‌؟
دواى میللى کردنى نه‌وت موسه‌دیق ده‌ى ویست نیزامى سه‌ڵته‌نه‌تى ى ئێران بکا به‌ مه‌شرووته‌ى راست، حکومه‌تى ئێران ببێته‌ حکومه‌تێکى پارله‌مانى و له‌ ژێر ده‌سه‌لاتى دیکتاتۆریى شا ده‌رى بهێنا شا ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ مه‌جلیسه‌وه‌ مه‌جلیس سه‌ر به‌خۆ با له‌ بر٠یار دان دا، موسه‌دیق نه‌ى ده‌ویست شایه‌تى نه‌مینا و نه‌ى ده‌ویست نیزامى ئێران بکاته‌ کمونیستى به‌لام حیزبى تووده‌ ده‌ستى کرد به‌ شیعارى کمونیستى و ئه‌مریکا و ده‌وڵه‌ته‌ سه‌رمایه‌داریه‌کانیان دا چڵه‌کاند و ئه‌وانیش خۆکه‌وتن به‌ سه‌ر له‌شکر زاهیدى کودتا و ئینقلابیان کرد له‌ دژى موسه‌دیق و ئیسلاح خوازان، شایان دواى هه‌لاتن گێر٠اوه‌ سه‌ر ده‌سه‌لات شیعاره‌ ناوه‌خته‌کانى حیزبى تووده‌ نه‌یان هیشت به‌رنامه‌ى موسه‌دیق بێته‌ جا و تووشمان نه‌با به‌ تووشى نیزامى ویلایه‌تى فه‌قیهه‌وه‌. ئاڵووگۆرێک ئه‌گه‌ر ببوایه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ هه‌موو ئێران ده‌بوو، منى فه‌قى و ده‌رس خوێن تووده‌ نه‌بووم تا تێکه‌لأ به‌و دروشم و شیعارانه‌ بم خۆ باسێکیش له‌ کوردایه‌تى له‌ ئارادانه‌بوو.
پرسیارى ٨ ـ چالاکى و پێوه‌ندیت له‌گه‌لأ بزووتنه‌وه‌ى چه‌کدارى ٤٦ ـ ٤٧ له‌ کوردستانى ئێران هه‌بووه‌؟
به‌ر له‌ ئینقلاب جاى ئیعتماد و باوه‌رى هه‌موو موخالیفانى شا بووم زۆر نهێنیان له‌ لامن ده‌درکاند و رژیمى شا منى به‌ موخالیفى خۆى و دۆستى دژمنانى خۆى ده‌زانى و ته‌بلیغاتى کوردایه‌تى، دژایه‌تى رژیمى شام ده‌کرد به‌ سه‌روو، ده‌روو، بۆ ده‌رباز کردنى قاچاغان به‌ پێى توانا هه‌وڵم ده‌دا به‌لام له‌گه‌لأ هێچ حیزبێک نه‌بووم.
پرسیارى ٩ ـ چالاکى سیاسى له‌ سه‌روده‌مى ر٠اپه‌رینى گه‌لانى ئێران و ده‌ورى جه‌نابت له‌ بانه‌ تا شه‌ر له‌گه‌لأ کۆمارى ئیسلامى چى بووه‌؟
کاتی که‌ راپه‌رین له‌ ئێران له‌ دژى رژیمى شا ده‌ستى پێ کرد و ر٠اپه‌رینه‌ که‌ له‌ شاره‌کانى غه‌یره‌ کورد بوو به‌ راپه‌رینى جه‌ماوه‌رى، ده‌بوو له‌ کوردستانیش ر٠اپه‌رین جه‌ماوه‌رى با. له‌ کوردستان چه‌ند مه‌لایێک که‌ به‌ئینقلابى و کورد و ناخۆشه‌ویستى رژیمى سه‌ڵته‌نه‌تى ناسرا بوون، که‌وتنه‌ پێش خه‌ڵکى ئازادى خوازه‌وه‌. من یه‌کێک بووم له‌و مه‌لایانه‌ که‌ به‌ ئینقلابى و نارازى ده‌ناسرام و شیعرى میللى و ئینقلابیم ده‌نووسى و ده‌که‌وته‌ ده‌ست لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى کوردستان. خه‌ڵکى بانه‌ له‌و هه‌له‌ زێرینه‌دا چاوه‌روانى من بوون که‌ بکه‌ومه‌ پێشیان و ر٠اپه‌رین له‌ ناوچه‌ى بانه‌ ده‌ست پا بکا. ئه‌وه‌ بوو له‌ به‌ خاک سپاردنى دوو لاو هه‌ردووک به‌ ناوى ناسر که‌ له‌ ژێر ته‌راکتۆر دا یه‌کیان مرد ئه‌وى تریان قسورى ژاندارم بووه‌ هۆى مردنى، شه‌وا بردماننه‌ گۆرستانى سڵمان به‌گ، دواى به‌ خاک سپاردنیان قسه‌م بۆ خه‌ڵک کرد و دواى قسه‌کانى من جه‌وانه‌کان ده‌ستیان کرد به‌ درود گوتن و شیعاردان تا ناو شار. دوایى ر٠اپه‌رین نه‌پساوه‌، ده‌هاتنه‌ به‌ر ده‌رگاى ماڵى من و پیشیان ده‌که‌وتم و وتارى پر حه‌ماسه‌ و ئاورینم ده‌دا. ر٠اپه‌رین به‌ شێوه‌یێک گه‌رم و گور٠ بوو که‌ بانه‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌کانى ترى کوردستان گه‌رم تر بوو هه‌ر زوو چه‌کمان هێنا ناو شار.
که‌ مه‌ترسى ى ئه‌وه‌کرا که‌ رووداوى پاوه‌ له‌ بانه‌ ته‌کرار بێته‌وه‌ ئاماده‌ باشمان راگه‌یاند تا دڵنێا بووین که‌ به‌رنامه‌یێکى وه‌ک به‌رنامه‌ى پاوه‌ له‌ بانه‌ ناکرا له‌ ئارادا با، ئه‌مجار شارمان ئاسایى کرده‌وه‌.
خه‌ڵکه‌ به‌ شه‌ره‌ف و ئازاکه‌ى بانه‌ به‌ هه‌موو چینه‌کانیه‌وه‌ له‌ ته‌زاهورات ورا پێوان و ده‌ربر٠ینى ئاڵوگۆر خوازى به‌ دلأ به‌شدار بوون و، هاوده‌نگى و هاو ده‌ردیان له‌گه‌لأ شاره‌کانى کوردستان ده‌کرد. که‌ هیزه‌کانى رژیم له‌ سه‌رده‌شت و سه‌قز و بۆکان و سنه‌ ته‌قه‌یان له‌ خه‌ڵک کرد و خه‌ڵکیان کوشت، بۆ هه‌موو شاره‌کان به‌ ژماره‌یێکى زۆره‌، ده‌چووین و له‌ هه‌موویان قسه‌م بۆ خه‌ڵک ده‌کرد. له‌ یادمه‌ که‌ بۆ سه‌رده‌شت نزێک به‌ هه‌شتا ماشین چووین و ژماره‌یێک کلاشینکۆف و ده‌مانچه‌شمان پا بوو. هه‌واڵى گه‌رم و گور٠ى و رێک و پێکى ى به‌رنامه‌ى ر٠اپه‌رین له‌ بانه‌، به‌ هه‌موو ناوچه‌کان گه‌یشتبوو. له‌ زۆر جیگاى کورده‌واریه‌وه‌ خه‌ڵک بۆ بینینى گه‌رم و گور٠ى و رێک و پێکى ر٠اپه‌رینى خه‌ڵکى بانه‌ ده‌هاتن. ئه‌وه‌ى له‌ ده‌ستم هات کردم هێچ به‌ چاو لێ که‌ریى له‌ جنابى مامۆستا شێخ عزالدین نه‌بووه‌ وه‌ک یاسین سه‌رده‌شتى ده‌نووسێ، ئه‌وى کردوومه‌ له‌ریا کوردایه‌تى و حه‌ق په‌رستى دا و له‌ سه‌ر باوه‌ر بووه‌ و ئه‌وى له‌ مه‌ولا له‌ ده‌ستم با، له‌ سه‌ر باوه‌ر٠ ده‌با و منه‌تى له‌ سه‌رکه‌س نیه‌ ئه‌وه‌ش بۆیه‌ ده‌ڵه‌م که‌ نار٠ه‌وایه‌ له‌ زه‌حمه‌ت و کارى که‌س ته‌عبیرى خراپ بکرا ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵویسته‌ ناره‌وا و ناراستانه‌ من سارد ناکه‌ته‌وه‌ له‌ کارى ره‌واو پێویست. وا چاکه‌ که‌س له‌ نووسین دا چێو له‌ تاریکى نه‌کوتى.
تا دوایى هاتنى ر٠اپه‌رین و سه‌رکه‌وتنى ئینقلاب کۆبوونه‌وه‌ له‌ مزگه‌وتان ده‌وامى بوو که‌ شاپور به‌ختیار رۆیى و دوامین پێته‌کى شا و حکومه‌ته‌که‌ى بارى کرد خه‌ڵک به‌ هیوا بوون چى له‌ پادگان دایه‌ بکه‌ویته‌ ده‌ستیان، به‌لام من داوام له‌ خه‌ڵک کرد وا چاکه‌ پادگان ده‌ست لێ نه‌ده‌ین سوپاسى ئه‌و خه‌ڵکه‌ حه‌ق ناسه‌ى بانه‌ ده‌که‌م که‌ به‌ قسه‌یان کردم.
که‌سانى جێى باوه‌رم بۆ ئاگادارى له‌وا دا ناو فه‌رمانده‌ى گورهانه‌که‌مان که‌ ئه‌فسه‌رێکى سنه‌یى بوو له‌وا هێشته‌وه‌.
پێم وا بوو ده‌با راوه‌ستین جا دارى حکومه‌تى شا له‌ مه‌رکه‌زه‌وه‌ ببینین که‌ چۆن ده‌با هه‌ڵوێستى. من له‌ پاییزى زووه‌وه‌ به‌رپرسی شووراى شار بووم که‌ پێکمان هێنابوو، دواییش ناوه‌که‌ گۆرا بوو به‌مه‌سئولى کومیته‌. شاره‌وانى له‌ژێر ده‌ستى کومه‌یته‌ دابوو و ئه‌منیه‌تى شار ده‌پارێزرا. ته‌نانه‌ت ژماره‌یێک چه‌کدارمان نارده‌ سنه‌ بۆ پاراستنى ته‌له‌فیزیۆن و ئوستاندارى.
له‌ به‌هار دا چوومه‌ سنه‌ و داوام کرد له‌ده‌وڵه‌تى تازه‌ سازى خومه‌ینى که‌ چوارسه‌د بر٠نه‌ومان بداتێ، بۆ پاراستنى مه‌رز، حازر نه‌بوون بیده‌ن، هه‌ر٠ه‌شه‌م کرد که‌ پادگانى بانه‌ هه‌ڵده‌گرم و دێمه‌سه‌ر پادگانى سه‌قز، ئه‌ویش ده‌گرم، دواى نزیک به‌ سه‌عاتێک جوابی موافقه‌ت هاته‌وه‌، له‌هه‌نگى ژاندرمرى چوارسه‌د بر٠نه‌وى تازه‌م وه‌رگرت به‌ چل هه‌زار فیشه‌که‌وه‌، بردمنه‌ پادگانى بانه‌، دواى چه‌ند رۆژ به‌ پێى لیست دامنه‌ ده‌ست خه‌ڵکى دێهات.
له‌مانگى بانه‌مه‌ر٠دا له‌گه‌ڵ ژماره‌یێک مامۆستاى ئایینى و دۆستان به‌ مه‌به‌ستى ته‌بلیغ سه‌فه‌رێکى جنووبى کوردستان کرد، له‌سه‌قزه‌وه‌ بۆ سنه‌ و کامیاران و ره‌وانسه‌ر و جوانر٠ۆ و پاوه‌ و نودشه‌ و نه‌وسوود و دزڵى و مه‌ریوان له‌هه‌مووى قسه‌ى کوردایه‌تى و یه‌ک گرتووییم بۆ خه‌ڵکى ئه‌و ناوچانه‌ کرد. له‌هاوینى ئه‌و ساڵه‌ش دا سه‌فه‌رێکى ترم کرد، تا ره‌وانسه‌ر و وه‌له‌دبه‌گى رۆیشتین، به‌لام به‌هۆى ته‌قینه‌وه‌یێک له‌بازارى بانه‌ که‌ بریندار و کوژراوى لێ که‌وته‌وه‌ گه‌راینه‌وه‌.
له‌ ره‌مه‌زانى په‌نجا و هه‌شت دا به‌ نزیک حه‌فتا پێشمه‌رگه‌وه‌ چووم بۆ تیله‌کۆ بۆ سوڵحى نێوان که‌ شاوه‌رز و کۆنه‌ فئوداڵه‌کانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ که‌ چه‌په‌کان به‌ شه‌ر٠یان دابوون و ژماره‌یێک کوژراو له‌ هه‌ر دوک لا له‌ چایخانه‌که‌ى سا رایانى تیکاب مابوونه‌وه‌ و به‌ خاک نه‌سپێرابوون. له‌گه‌لأ ئه‌وه‌دا که‌ رژیم زانیبووى ئێمه‌ بۆ سوڵح چووین نه‌ک بۆ شه‌ر٠، هێزێکى زۆرى پاسدار هێنایه‌ سه‌رمان ناچار به‌ شه‌ر٠ بووین له‌گه‌ڵیان، ژماره‌یێکى زۆریان لێ کوژرا و گیرا فه‌رمانده‌که‌یان به‌ بریندارى گیرا و ئێمه‌ بێ زیان بوین ته‌نیا به‌ ته‌قینه‌وه‌ى فیشه‌کى خه‌شابێک برێندارێکى سووکمان بوو.
به‌و شه‌ره‌ بۆمان ده‌رکه‌وت که‌ رژیم سوڵح و ئاشتى و حه‌قى میلله‌تى کورد ناناسێ جا ئه‌مجار چه‌کى پادگانى بانه‌مان به‌ نیسبه‌ت که‌مى ى و زۆرى به‌سه‌ر ئه‌حزاب دا دابه‌ش کرد، ده‌فته‌رى مامۆستا شێخ عزالدینیش یه‌کێک بوو له‌و لایه‌نانه‌ و فه‌رمانده‌که‌ى پادگانمان جواب کرد.
پرسیارى ١٠ ـ شه‌ر٠ له‌گه‌ڵ کۆمارى ئیسلامى، هه‌ڵوێستى ئێوه‌، پێوه‌ندیتان به‌ لایه‌نه‌کان، پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ مامۆستا شێخ عزالدین، ر٠اى ئه‌و کات و ئێستات سه‌باره‌ت به‌ هێزه‌ سیاسیه‌کانى ئه‌وکات له‌ حیزب و کۆمه‌ڵه‌ تا ده‌فته‌رى مامۆستا شێخ عزالدینمان بۆ باس بکه‌؟
وه‌ک له‌پێشه‌وه‌ گووتم، له‌ره‌مه‌زانى ساڵى ٥٨ دا رژیم له‌ ئێرانشاى ناوچه‌ى تیله‌کۆ پیله‌ى به‌ ئێمه‌ گرت و شه‌ر٠ى پێ فرۆشتین، دواى شه‌رى به‌هارى سنه‌ ئه‌وه‌ دووهه‌م شه‌رێک بوو که‌ رژیم سه‌پاندى به‌سه‌ر کوردستان دا. له‌ ٢٨ى گه‌لاوێژ دا فه‌رمانى جیهادى خومه‌ینى بۆ سه‌ر کوردستان ده‌رچوو، هێرشی به‌رینى هێنا بۆ سه‌ر کوردستان. له‌ر٠استیدا موقاوه‌مه‌تێکى به‌رچاونه‌کرا، چونکه‌ هێزه‌کان یه‌ک هه‌ڵوێست نه‌بوون، چه‌پی مائۆیی و غه‌یره‌ و هه‌ریه‌که‌ له‌ هه‌وایێک ده‌ى خوێند، شیعار و پلاکارده‌کانیش دڵى خه‌ڵکى تا ئه‌ندازه‌یێک له‌موبارزه‌ و کوردایه‌تى سارد کردبوه‌وه‌. له‌ر٠استێدا هێزێکى بارهاتوو و سه‌رده‌رچوو نه‌بوو، به‌ربه‌ره‌کانیێکى ئه‌وتۆ نه‌کرا، شاره‌کانى کوردستان هه‌موو گیرانه‌وه‌، ته‌نیا بانه‌ و سه‌رده‌شت مابوون. مامۆستا شێخ عزالدین و دوکتور قاسملو و فوئادى مسته‌فا سوڵتانى هاتنه‌ بانه‌ دواى ماوه‌یێک به‌ره‌و سه‌رده‌شت رۆیشتن. پێمان وابوو هێزه‌کانى رژیم له‌ که‌لى خانه‌وه‌ بۆ بانه‌ هێرش دێنن، به‌لام له‌جاده‌ى قه‌ره‌ژدابانه‌وه‌(جاده‌ى مه‌ریوان) هێرشان هێنا، تا سێ چاره‌که‌ سه‌عات به‌ر له‌گه‌یشتنیان بۆ ناو شار له‌شاردابووم، له‌گه‌لأ ژماره‌یێک پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌و ئاواییه‌کانى رۆژاواى شار رۆیشتم. رژیم شارى گرته‌وه‌. مامۆستا شێخ عزالدین و دوکتور قاسملوو چوونه‌ لاى مام جلال و ئێمه‌ش په‌ر٠یینه‌وه‌ بۆ کوردستانى عێراق له‌گه‌لأ ژماره‌یێک له‌ خاوو خیزانى پێشمه‌رگه‌. پێویسته‌ بگوترێ که‌ زوتر له‌ سه‌ر داواى ده‌وڵه‌تى عێراق پێوه‌ندیمان به‌ ده‌وڵه‌تى عێراقه‌وه‌ گرتبوو.
دواى دامه‌زراندنى هه‌موو ماڵه‌ پێشمه‌رگه‌کان گه‌راێنه‌وه‌ وه‌لات هاورێکانى پێشوو کۆبوونه‌وه‌ و ژماره‌یێک خوازیارى پێشمه‌رگه‌یى به‌ ریزه‌که‌مان زیاد بوون، تا ئێمه‌ گه‌راێنه‌وه‌ رژیم ته‌واوى پادگان و پاسگاکانى له‌ زۆرینه‌ى ناوچه‌کان ئاوه‌دان کردبوه‌وه‌. گوردانى گاردى جاویدانى به‌ هه‌موو ناوچه‌کان دا وه‌ک مانۆر و هه‌ر٠ه‌شه‌ ده‌گه‌را ئه‌م شاره‌ و شارى ده‌کرد، تا له‌ رۆژى جیژنى قوربان ده‌هه‌مى خه‌زه‌ڵوه‌ر پێشمه‌رگه‌کانى ده‌فته‌رى مامۆستا شێخ عزالدین له‌ جاده‌ى سه‌رده‌شت بانه‌ له‌ دوو جێگه‌ لێ یان داو له‌ ده‌روازه‌ى شارى بانه‌ به‌ریان پا گرت نزێک به‌ حه‌فتا ئوتومبیلى ئه‌رته‌شى له‌وا له‌ کار خران و سووتان و ژماره‌یێکى زۆریان لى کوژرا و به‌ دیل گیرا هێندێک له‌ سه‌ربازه‌کانى ئه‌و گوردانه‌ گه‌یشتنه‌ پادگان. به‌ اقرارى چریکه‌ فیداییه‌کان ووجودى نیزامى له‌و شه‌ر٠ه‌دا هه‌ر ئى ده‌فته‌رى مامۆستا شێخ عزالدین بوو، ده‌فته‌رى مامۆستا هه‌شت شه‌هیدى دا و دیله‌کانى ئه‌و شه‌ره‌ تا ئازاد بوونیان له‌ ده‌ست ده‌فته‌رى مامۆستا دا بوون هێچ لایه‌نێکى تر شه‌هیدى نه‌بوو و هێچ دیلیان له‌ ده‌ست دا نه‌ بوو.
هه‌ڵوێستى من له‌ راست شه‌ر٠ى داسه‌پاو ئه‌وه‌ بوو که‌ ده‌با له‌ به‌رامبه‌رى دا موقاوه‌مه‌ت بکرا. کاتێک رژیم به‌ قودره‌ت ده‌نازى و حه‌ق ناناسا و ئاماده‌ى ووتووێژى ر٠است و حه‌ق خوازانه‌ نیه‌ و خه‌ڵک به‌ واجیبو لئیتاعه‌ بۆ وه‌لیى فه‌قیه‌ ده‌زانى و ئه‌مرى وه‌لیى فه‌قیه‌ به‌ ئه‌مرى خودا داده‌نێ له‌گه‌لأ ئه‌وه‌ دا که‌ ئه‌وه‌ ئیدعایێکى با بنه‌ره‌ته‌ و رۆپۆشه‌ به‌ سه‌ر دیکتاتۆرى وسته‌م و ناره‌وادا دراوه‌، ناکرا گوێى پا بدرا و واجبه‌ به‌ هه‌موو توانا به‌ربه‌ره‌کانى ى بکرا، ئه‌من که‌ مه‌لام و له‌ کۆنه‌وه‌ نیشتمان په‌روه‌رم و خه‌ون به‌ ئازادیى کورد و کوردستانه‌وه‌ ده‌بینم، به‌ پێویستى ده‌زانم بۆ به‌ربه‌ره‌کانى ى داگیر که‌رانى کوردستان له‌ زانستى دینى و میژوویى و نفوزى کۆمه‌لایه‌تیم که‌ڵک وه‌رگرم، واشم کردوه‌ و تا ماووم ئه‌وه‌ باوه‌ر٠ و ئه‌رکم ده‌با به‌ ویستى په‌روه‌ردگار.
ره‌فتارى من له‌گه‌لأ جه‌نابى مامۆستا شێخ عزالدین ره‌فتارى برایێکى به‌ ئه‌ده‌ب له‌گه‌لأ برا گه‌وره‌یێکى زانا و ئازا و خاوه‌ن ئه‌خلاق و رێزدار له‌لاى هه‌موو چینه‌کانى کوردستان بوو، ره‌فتارى شاگردێکى مه‌دره‌سه‌ى دینى له‌گه‌لأ مامۆستایێکى زاناى که‌م وینه‌ له‌ هه‌موو کوردستان دا بوو سه‌ره‌راى ئه‌وانه‌ پشتیوانى مه‌زڵوومان و دژ به‌ سته‌مگه‌ران بووه‌ و له‌ گوتنى ئه‌وه‌ى پێى حه‌ق بووه‌ باکى له‌ که‌س نه‌بووه‌. ئه‌و پێوه‌ندى و به‌راورده‌ له‌ رابوردودا و له‌ ئێستا دا وه‌ک یه‌که‌، به‌لام له‌ ته‌شخیسى چاکه‌ و به‌راووردى سیاسى و نه‌زه‌راتى ئاینى دا وا بووه‌ لێک هه‌ڵبر٠اوین ئه‌وه‌ش شتێکى سوروشتیه‌ ناکرا دوو برا له‌ هه‌مووشتێک دا وه‌ک یه‌ک بن.
له‌گه‌لأ زۆرینه‌ى رێبه‌رانى لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى کوردستان دۆستایه‌تى شه‌خسیم بووه‌ و هه‌یه‌ له‌ کاتى ده‌فته‌رى مامۆستا شێخ عزالدین و له‌ کاتى سازمانى خه‌بات دا هاوکاریى هه‌موو لایه‌نه‌ کوردستانیه‌کانمان کردوه‌.
پرسیارى ١١ـ پێوه‌ندیى جه‌نابتان به‌ مامۆستا شێخ عزالدین و ده‌فته‌ره‌که‌ى ــ کۆمه‌ڵه‌ ـ حیزبى دیموکرات ــ چریکى فدایى ــ ئه‌حمه‌دى موفتى زاده‌، چۆن بوو؟ هه‌روه‌ها راى جه‌نابت له‌ سه‌ر ئه‌وان له‌و کات دا؟
پێوه‌ندى و هاوکاریمان له‌گه‌لأ ده‌فته‌رى مامۆستا شێخ عزالدین دواى پێک هاتنى سازمانى خه‌بات به‌ره‌ردوام، دیاره‌ چه‌ندکه‌سیکیش له‌ ده‌فته‌ردا هه‌بوون ره‌فتاریان له‌گه‌لأ سازمانى خه‌بات باش نه‌بوو.
له‌گه‌لأ که‌سانێک له‌ کۆمه‌ڵه‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌کان دۆستایه‌تى شه‌خسیم بووه‌، له‌ شۆرشیدا حه‌زم کردوه‌ هاوکاریان که‌م هه‌رچه‌ند بیرو باوه‌ر٠مان لێک دوور بووه‌.
حیزبى دیموکرات چونکه‌ پیشونه‌که‌ى له‌ کۆمارى مه‌هاباده‌وه‌ بوو و حیزبێکى کوردستانى بوو هه‌رچه‌ند ئه‌ویش چه‌پ بوو به‌لام شه‌خسى قازى محمد بۆى ببوه‌ روپۆشێک، جه‌ماوه‌ر ئه‌وسله‌ى له‌ چه‌په‌کانى ترى ده‌کرد له‌وا نه‌ده‌کرد، خه‌ڵکى زۆرتر تا ئالا بوون. له‌ هه‌موو ناوچه‌کانى کوردستان دا ووجودى سیاسى و نیزامى ى بوو. به‌ پێچه‌وانه‌ى ئێستا ئه‌و ده‌م نێوانى حیزبى دیموکرات له‌گه‌لأ سازمانى خه‌بات زۆر خۆش نه‌بوو هیچ جۆره‌ هاوکاریمان نه‌بوو تا هه‌موومان ئاوا کراینه‌ ئه‌ودیو.
له‌گه‌لأ چریکه‌ فیداییه‌کان به‌ر له‌ ئینشعاب و دواى ئینشعاب هیچ هاوکارێمان نه‌بووه‌.
کاک ئه‌حمدى موفتى زاده‌ خودا لێى ببوورى که‌سێکى زانا و ئازا و دوور له‌ مادییات بوو خاوه‌ن باوه‌رى پته‌و به‌ ئیسلام و فیداکار له‌ریا دا بوو، ئازاد بوونى کوردستانى زۆر له‌لا مه‌به‌ست بوو به‌لام باوه‌رى به‌و ئاخونده‌ هه‌موو گیان درۆیانه‌ کرد بوو به‌ به‌ڵێنى ئه‌وان له‌ خه‌تى پانى موباره‌زه‌ى کوردستان چوه‌ ده‌ر. جستانى ٥٧ که‌ به‌ بۆنه‌ى شه‌هیده‌کانى شازده‌ى به‌فرانباره‌وه‌ هاته‌ بانه‌ ده‌ى گوت: (خودموختارى ها له‌ گیرفانم دا). به‌ شیعاره‌ ئایینیه‌کانى ئاخوندان و به‌ڵێنى خودموختارى فریوى خوارد. کاک ئه‌حمد هه‌موکارى له‌ سه‌ر بناغه‌ى ئیمان و باوه‌ر بوو خۆفرۆش و مادى نه‌بوو باوه‌رى به‌ رێى ر٠استى ئیسلام بوو. که‌ بۆى ده‌رکه‌وت ئاخوند نه‌ ئیسلامى ر٠استن و نه‌حه‌قى میلله‌تى کورد ده‌ناسن، دژیان بزووته‌وه‌ و چێى به‌ زیانى ئاخوندانى دین به‌ دنیا فرۆش بوو ده‌ى گوت، خستیانه‌ چاڵه‌ ره‌شى زیندانه‌وه‌، قاتیع ویستا له‌ به‌رامبه‌ر ر٠ێگه‌چه‌وت و با سه‌ره‌و به‌ره‌که‌ى ئاخوندان دا وه‌ک کێوه‌ سه‌ر به‌رزه‌کانى کوردستان راوه‌ستا، تا ده‌رزیى مه‌رگى به‌ شینه‌ییان لێ نه‌دا ئازادیان نه‌کرد، له‌ ده‌ره‌وه‌ى زیندان به‌ پله‌ى شه‌هاده‌ت گه‌یشت، هه‌زار ره‌حمه‌ت له‌ روحى به‌رزى.
پرسیارى ١٢ـ پێک هاتنى هه‌یئه‌تى نوێنه‌رایه‌تى ى خه‌ڵکى کورد (ده‌ور و ر٠او بۆچوونى، جه‌نابتان له‌و کات و ۆسه‌رده‌مه‌ دا چۆن بوو)؟
له‌ هه‌ر ناوچه‌یێکى کوردستانى ئێران که‌سێکو و دووکه‌سى ناسراو به‌ هه‌ستى کوردایه‌تى و تا ئه‌ندازیێک سه‌ر ده‌رچوو، بانگ کران بۆ مه‌هاباد له‌ سه‌ره‌تای خاکه‌ لێوه‌ى ١٣٥٨ کۆچى خۆرى دا. من و عبدالله‌ اقدامى له‌ بانه‌وه‌ چووین دیمان جه‌نابى مامۆستا شێخ عزالدین مامه‌ غه‌نى بلووریان و دوکتور قاسم لوو کاک سه‌لاحى موهته‌دى و غه‌فوورى حاجى سه‌عید، فوادى مسته‌فا سوڵتانى، کورى سمایل ئاغاى سمکۆ و سه‌ننارى مامه‌دى و ژماره‌یێکى ترى لێ بوون که‌ من هه‌موویانم نه‌ده‌ناسین. پێشنیارێکى هه‌شت ماده‌ییان دواى باس له‌ سه‌ر کردن نووسى، هه‌رچه‌ند ماده‌ى هه‌شت خاریج بوو له‌ رۆحى کۆبوونه‌وه‌که‌ وه‌رنگه‌ زۆران پا یان چاک نه‌بووبى به‌لام چه‌پى گه‌رى به‌ سه‌ر کۆبوونه‌وه‌که‌ دا زالأ بوو دژایه‌تى شاو ئه‌مریکا و ئه‌وى پا یان سه‌ر به‌وان بوو، ببوه‌ شیعارى ئه‌و رۆژانه‌ به‌ تایه‌به‌ت دواى رووداوى هه‌کارى. من هه‌ر فه‌ردێک بووم له‌و کۆره‌ دا وه‌ک نوێنه‌رى بانه‌ ده‌ور٠ێکى تایه‌به‌تم نه‌بوو.
پرسیارى ١٣ـ بۆ له‌گه‌لأ ده‌فته‌رى مامۆستا یه‌ک نه‌بوون، پێوه‌ندییتان له‌گه‌لأ هێزه‌ سیاسیه‌کانى ئه‌وکات چۆن بوو؟
ئه‌و کات ده‌فته‌رى مامۆستا دانه‌مه‌زرابوو من و زۆرێنه‌ى مه‌لاى ناوچه‌کان له‌گه‌لأ مامۆستا بووین ئه‌وده‌م ده‌فته‌ر و ده‌فته‌ر و به‌رپرس ئه‌حزاب ئاشکرا نه‌بوون تا پێوه‌ندیان پێوه‌ بگیرێ. له‌گه‌لأ که‌سانى به‌ر چاو ناسیاوى و دۆستایه‌تیم هه‌بوو.
پرسیارى ١٤ـ هۆى دامه‌زرانى سازمانى خه‌بات، دامه‌زرینه‌رانى کێ بوون، بۆ مامۆستا شێخ عزالدین له‌گه‌لأ سازمانى خه‌بات نه‌بوو؟
له‌ وه‌لامى پرسیاره‌کانى پێشوو دا گوترا که‌ هه‌رچى ئه‌حزابى کوردستان له‌ دواى ئینقلاب له‌ کوردستان دا کاریان ده‌کرد به‌ حیزبى دیموکراته‌وه‌ هه‌موو سوسیالسى بوون به‌ خه‌ت جیاوازیان بوو، خه‌ڵکى موسوڵمانى کوردستان به‌ بوونى مامۆستا شێخ عزالدین به‌رێبه‌رى راپه‌رین و رێبه‌رى هه‌یئه‌تى ووتوێژ دڵخۆش بوون حه‌زیان ده‌کرد که‌ له‌ کوردستان دا و له‌ ژێر ر٠ێبه‌رایه‌تى ى جه‌نابیان دا حیزب و رێکخراوێکى وه‌ک کۆمه‌ڵه‌ ژ.ک دروست با. ئه‌و رۆژه‌ که‌ له‌ کوردستان دا جه‌ماوه‌ر له‌گه‌لأ مامۆستا شێخ عزالدین بوون، ئه‌و حیزبه‌ له‌ تێکراى کوردستان دا دابین ده‌بوو و له‌و په‌رى هێز دا.
مامۆستا عبدالرحمان زه‌بیحى ساڵى ١٣٥٨ کۆچى خۆرى له‌ بێژوا ى ئالان مه‌تنى په‌یره‌و و پرۆگرامى به‌و جۆره‌ نووسى قه‌رار بوو که‌ دانیشن و ماده‌ به‌ ماده‌ له‌ سه‌رى بدوێن و ته‌سویب کرا و ر٠اى گه‌یێندرا، به‌لام که‌سانێک که‌ له‌ مامۆستا نزێک بوون به‌ حوججه‌تى ئه‌وه‌ که‌ مامۆستا ده‌بێ با لایه‌ن با و رێبه‌رى ئایینى ى کوردستان با جیاوازى بمینێ، مامۆستایان په‌شیمان کرده‌وه‌، ئێمه‌ هه‌ر نا هومید نه‌بووین که‌ به‌ڵکوو مامۆستا رازى با ئه‌و کاره‌ پێویسته‌ بکرا. له‌ ر٠استیدا بوونى رێکخراو و حیزبێکى ئیسلامى ى پێشکه‌وتن خواز و نه‌ته‌وایه‌تى ئێستیش پر٠ به‌ پێستى کوردستانه‌. به‌وه‌ نیه‌ که‌ رژیمى ئاخوندان و تاقمى ره‌شه‌کوژ له‌لاى ناشاره‌زایان، ئیسلامیان عه‌یبدار کردووه‌. کرده‌وه‌ى ئه‌وان له‌ سه‌ر ئیسلام نایێته‌ به‌ڵگه‌ له‌ ئینتخابات دا زۆرێنه‌ ده‌باته‌وه‌ و ده‌سه‌لات به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌گرا. ئه‌وه‌ دیکتاتۆرى نیه‌ که‌ که‌مایه‌سى ى، دژ به‌ باوه‌رى زۆرینه‌، ده‌مى زۆرینه‌ ببه‌ستى و مه‌یدانى قسه‌ و پێشنیارى نه‌دا و سوار ده‌سه‌لات ببا؟
که‌سایه‌تى ى مامۆستا شێخ عزالدین له‌ کوردستان دا کاتى گه‌رانه‌وه‌ى له‌ سه‌فه‌رى تاران و مولاقاتى خومه‌ینى، ده‌رکه‌وت که‌ چه‌نده‌ى ر٠ێز هه‌یه‌ له‌ لاى میلله‌ت، ئه‌و میلله‌ته‌ به‌ بوونى زانایێکى ئایینى و کورد په‌روه‌ر و میللى دڵخۆش بوون، که‌ هیچ کات کوردێکى دوور له‌ دین و یان زانایێکى دیندار و دوور له‌ مه‌سڵه‌حه‌تى میلله‌ت، ناگه‌نه‌ ئه‌و پله‌ له‌ خۆشه‌ویستى دا. ئه‌و دوو خاسیه‌ته‌یان له‌ مامۆستا شێخ عزالدین دا ده‌دا بۆیه‌ کیلومیترێکى له‌ به‌ر حه‌شیمه‌تى زۆر که‌ به‌ پیریه‌وه‌ ده‌هاتن به‌ دووسه‌عات بۆ نه‌ده‌بر٠درا. جه‌ماوه‌رى کوردستان دین و کوردایه‌تیان له‌ مامۆستا شێخ عزالدین دا ده‌دى بۆیه‌ ئه‌و ر٠ێزه‌یان لێ ده‌گرت، له‌ کوردستانى سته‌م لێ دراو دا که‌ خه‌ڵکه‌که‌ى په‌یره‌وى ئه‌و ئایینه‌ پاکه‌ن، حیزب و رێکخراوى دژ به‌ دین و حیزب و رێکخراوى دینى با ته‌وه‌جوه‌ به‌ نه‌ته‌وایه‌تى، که‌م نرخن. دینى ئیسلامى ر٠استى له‌ خودا په‌رستى و خۆو وره‌وشتى چاک و ژیانى خۆش بۆ هه‌مووان و یه‌کسانى ى ئینسانان ده‌دوێ. هه‌موو کارێکى چاک و به‌رنامه‌یێکى به‌ قازانج و با زیان به‌ مه‌رجى باوه‌ر به‌ خودا و له‌ به‌ر خودا، دینه‌. خۆ ئیسلام وه‌ک ئایینه‌کانى تر نیه‌ ته‌نگه‌ به‌ر و که‌م وکۆر٠ با، ئیسلام هه‌موو مه‌سله‌حه‌تێکى ئینسانى له‌ به‌ر چاو گرتووه‌. اجتماع ته‌نزیم ده‌کا له‌ بارى ده‌روونى و له‌ بارى کۆمه‌لایه‌تیه‌وه‌. دینى خودایه‌ و بۆ هه‌موو کۆمه‌ڵگاى ئینسانیه‌ت هاتوه‌.
که‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌مان ده‌دى، حه‌زمان ده‌کرد ئه‌و یه‌کپارچه‌ییه‌ که‌ له‌ ر٠اپه‌رین و له‌ سه‌رکه‌وتنى شۆرش دا دیمان هه‌ر بمێنى، خه‌ڵکى کوردستان له‌ یه‌ک به‌ره‌ى جه‌ماوه‌رى دا داواى مافى کورد بکا و به‌ دروشمى دژى دین زۆرینه‌ له‌ ریزى موباره‌زه‌ ده‌رنه‌کرین و پاڵیان پێوه‌ نه‌ندرى و رژیم لێ یان فریو دا بۆ لاى خۆیان به‌را.
تا هاوینى ١٣٥٩ له‌گه‌لأ ده‌فته‌رى مامۆستا ماینه‌وه‌ تا ئاخرى هاتینه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ که‌ جه‌نابیان حازر نین ئه‌و کاره‌ پێویسته‌ به‌ ناوى ئه‌وه‌ وه‌بکرێ، ژماره‌یێک له‌ پیاوانى ئایینى و شۆرشگێرانى خاوه‌ن ئیمان، سازمانى خه‌بات ى نه‌ته‌وایه‌تى و ئیسلامى کوردستانمان پێک هێنا و له‌ پینجى خه‌رمانانى ١٣٥٩ دا رامان گه‌یاند. پێک هێنه‌ران جوا له‌ من خوا لێ خۆش بووان مه‌لا خدرى عه‌بباسى، مه‌لا که‌ریمى سه‌ییادى، سید عبدالله‌ ئارام و چه‌ند که‌سى تر بوون. دواى ته‌سویب کرانى ماده‌کان، ئه‌ساسنامه‌ نووسرا. به‌ڵێ سازمانى خه‌بات راگه‌یێندرا ده‌ست کرا به‌ کارى ته‌شکیلاتى و کارى نیزامى ژماره‌یێکى زۆرى تا ئالان چالاکى و هه‌ڵوێسته‌کانى سازمان له‌ راگه‌ێندرا و دا به‌ ده‌ستى خه‌ڵک ده‌گه‌یشتن.
خاوه‌ن باوه‌رانى کوردایه‌تى ى خۆماڵى له‌ ده‌فته‌رى مامۆستا شێخ عزالدین و سازمانى خه‌بات دا جۆا له‌ ته‌بلیغاتى کوردایه‌تى و مه‌ردم دارى، له‌ بانه‌ و سه‌رده‌شت و دۆڵى مه‌هاباد و سه‌قز و بۆکان و سنه‌ و مه‌ریوان و کامیارن قارمانانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر دژمن راوستاوه‌ن. پێشمه‌رگه‌ى سازمانى خه‌بات له‌ سه‌رتا خوار ژیانیان یه‌کسانى بووه‌. له‌گه‌لأ ئه‌سیر زۆر به‌ ئینسانى ره‌فتار کراوه‌. له‌ بنکه‌کانى سازمانى خه‌بات دا ژیانى دیله‌کان له‌گه‌لأ ژیانى پیشمه‌رگه‌ جیاوازیى نه‌بووه‌. پێشمه‌رگه‌ى سازمانى خه‌بات ناوبانگى قارمانیان به‌ کوردستان دا بلاو بۆته‌وه‌، ده‌گێر٠نه‌وه‌ که‌ مام جه‌لال له‌ دیار دوکتور قاسملوو شانازى ده‌کا به‌ شه‌هید مامه‌ ریشه‌، دوکتور قاسملوو پیشمه‌رگه‌یێکى سازمانى خه‌بات له‌ به‌رامبه‌ر دا به‌ شانازى ده‌هێنیته‌وه‌. پێشمه‌رگه‌ى سازمانى خه‌بات به‌ په‌یره‌وى له‌ فه‌رمانده‌ ئازا و لى بووردوه‌کانیان نمونه‌ى قاره‌مانى بوون ده‌ستپاک و دڵپاک بوون.
جه‌نابى مامۆستا شێخ عزالدین که‌ بۆ خۆى ئاماده‌ى پێک هێنانى سازمانى خه‌بات نه‌بوو نه‌هاته‌ ناو سازمان.
پرسیارى ١٥ـ ر٠اتان له‌ سه‌ر هه‌ڵوێسته‌کانى ئه‌وکاتى مامۆستا شێخ عزالدین و که‌سایه‌تى ئه‌و و نزیکایه‌تى ى ئه‌و له‌ چه‌په‌کان چۆن بووه‌؟
مامۆستا شێخ عزالدین که‌سایه‌تیێکى ئه‌وه‌نده‌ به‌رز و به‌ویقارى هه‌بو له‌ جه‌وانیه‌وه‌، که‌ له‌ هه‌ر جێگه‌یێک بووبا له‌لاى مامۆستاکانى و ره‌فیق و خه‌ڵکه‌وه‌ زۆرى رێز لێ گیراوه‌، دوور بووه‌ له‌ هه‌موو خوو و ره‌وشتى نه‌شیاو دوور بووه‌ له‌ مادیات، له‌و په‌ر٠ى زرینگى و تێکۆشان دا بووه‌. به‌ فه‌قیێه‌تى خاوه‌ن ره‌ئى و نه‌زه‌ر بوو له‌ مه‌سائلى عیلمى دا. زانایه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتى کوردى و فارسى و عه‌ره‌بى و هه‌موو علوومى ئیسلامى و ته‌ئریخ دا قورئانى هه‌موو ئاگالێیه‌ و زۆر شاره‌زایه‌ له‌ ته‌فسیر دا. له‌ هه‌موو ژیانى دا با ته‌ماع و دلأ ئاوا ژیاوه‌، مه‌رایى ى به‌ ده‌وڵه‌ت و رژیمى شا نه‌کردوه‌. که‌ کرا به‌ ئێمام جومعه‌ خۆى هه‌ر ئاگاى لێ نه‌بوه‌، هێندى له‌ که‌سایه‌تیه‌ خاوه‌ن نفوزه‌کانى مه‌هاباد پێشنیاریان به‌ ده‌وڵه‌ت کردبوو حوکمى ئیمام جومعه‌یى بۆ هات چه‌ند سالأ که‌ ئێمام جومعه‌ بوو دوعاى بۆ شا نه‌کرد له‌ خوتبه‌دا. جستانى ٥٧ که‌ ژاندارم ته‌قه‌یان له‌ خه‌ڵکى بۆکان کرد و چه‌ند که‌سێکیان شه‌هید کرد مه‌لاکانى بۆکان حازر نه‌ببوون بۆ مه‌راسمى به‌ خاک سپاردنیان، ناردیان به‌ شوێن مامۆستا دا شه‌و هاته‌ بۆکان، سازمانى ئه‌منیت به‌یانى دێنه‌ لاى له‌ مزگه‌وت ده‌ڵه‌ن ده‌با سه‌عات شه‌ش ته‌رمه‌کان به‌رن بۆ گۆرستان مامۆستا ده‌ڵى: ئێوه‌ موسلسله‌کانتان قه‌ت رووى له‌ مه‌رز نه‌بووه‌ هه‌ر رووى له‌ سینگى میلله‌ت بووه‌، ئه‌وه‌ ئێمه‌ سه‌عات ده‌ جه‌نازه‌کان ده‌به‌ینه‌ گۆرستان کێ به‌رمان پا ده‌گرى با بیگرى. ئه‌مجار رێبه‌ریى راپه‌رینى ٥٧ ى کرد له‌ مه‌هاباد و دواى سه‌رکه‌وتنى شۆرش تا توانى نه‌ى هێشت براکوژى له‌ نیوان ئه‌حزاب دا ببا.
مامۆستا شێخ عزالدین له‌ بانه‌ له‌ داێک بووه‌ به‌ فه‌قیێه‌تى که‌وتۆته‌ ناوچه‌ى موکوریان واش به‌ هۆى ویقار و لێ هاتوویى و زانست و مه‌تانه‌تى خۆى ئه‌و هه‌موو ئیحترامه‌ى که‌سب کرد.
ئه‌مجار ئه‌و شه‌خسیه‌ته‌ى له‌ ر٠اپه‌رین دا ره‌نگێکى ترى گرت بۆیه‌ ئه‌حزابى سیاسى له‌و نزێک ده‌بووه‌نه‌وه‌، ئه‌ویش که‌ شه‌خسیه‌تێکى به‌رزى دینیى با لایه‌ن بوو، نه‌ده‌کرا ده‌ست به‌ که‌سه‌وه‌ بنا و دوورى له‌ خه‌ڵک بکا، خیرخواى میلله‌تى کورده‌ نه‌ مارکسیسته‌ و نه‌ سه‌رمایه‌ داره‌ موسوڵمانه‌ و عالمێکى ئایینى ى به‌رزه‌و سه‌ر به‌رزه‌ به‌کرده‌وه‌ و زانست و ئه‌خلاقى خۆى.
پرسیارى ١٦ـ پێوه‌ندى سازمانى خه‌بات له‌گه‌لأ هێزه‌ سیاسیه‌کان له‌ کاتى سه‌رکردایه‌تى به‌رێزتان دا یه‌ک به‌ یه‌ک باسى لێوه‌ بکه‌ن، چ کوردستانى و چ ئێرانى، چ هێزه‌ ئه‌سلیه‌کان و چ ئه‌وه‌ى ئینشعابیان کردوه‌؟
له‌ وه‌لامى پرسیاره‌کانى رابووردودا باسى پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ هێندێکان تا ئه‌ندازه‌یێک کرا. دواى ئه‌وه‌ که‌ له‌ وه‌لات ئاوا بووینه‌ کوردستانى ئه‌و دیو وورده‌وورده‌ تێکه‌ڵى له‌گه‌لأ حیزبى دیموکرات به‌ره‌وگه‌رمى رۆیى، له‌ کاتى ئینشعاب دا له‌گه‌لأ هه‌ر دووکیان دۆستایه‌تیمان هه‌بوو، له‌گه‌لأ رێبه‌رایه‌تى ى شۆرشگیر دراوسێ بووین دیدنى مان بۆ هاسان تر بوو.
له‌گه‌لأ حیزبى کمونیست هیچ هاتوو چۆمان نه‌بووه‌ و ئێستیش نیمانه‌ له‌گه‌لأ کۆمه‌ڵه‌ش هاتوو چوومان له‌ نیوان دا بووه‌ ئیستیش هه‌مانه‌.
له‌گه‌لأ سازمانى موجاهیدینى خه‌ڵق ده‌مێکه‌ دۆست هاوپیمانین.
پرسیارى ١٧ـ ده‌ورى سازمانى خه‌بات له‌ ر٠اپه‌رین ١٩٩١ باشورى کوردستان چى بووه‌؟
سازمانى خه‌بات به‌ر له‌ ر٠اپه‌رینیش دڵسۆزانه‌ هاو ده‌ردى خۆى ده‌ربر٠یوه‌ سه‌باره‌ت به‌و هه‌موو سته‌مه‌ى که‌ کورد لى ى کرا له‌ کوردستانى عێراق. له‌ ر٠اپه‌رین دا وه‌ک کورد ره‌فتارمان کردوه‌ و دڵسۆزى زۆریامان نواندوه‌ و خه‌ڵکى ناوچه‌ى رانیه‌ و پشده‌ر ئاگادرى به‌شیکن.
پرسیارى ١٨ـ ده‌ورى سازمانى خه‌بات له‌ شه‌ر٠ى ناخۆى باشورى کوردستان چى بوو؟
سازمانى خه‌بات وه‌ک باقى دڵسۆزانى کورد هه‌وڵى دا که‌ شه‌ر نه‌با و ر٠ابگیرا، به‌لام به‌قسه‌ى که‌سیان نه‌کرد هه‌ڵویستى ئعلامیمان گرت دژ به‌و شه‌ره‌.
پرسیارى ١٩ـ بۆ دانیشتى و بۆ راسته‌وخۆ دواى خۆت کوره‌که‌ت ده‌سه‌لاتى گرته‌ ده‌ست؟
من ئێستێش دانه‌نیشتووم، ئه‌ندامى ناوندیم. له‌ کونگره‌ى سا دا دواى ئاڵوگۆر له‌ به‌رنامه‌ دا و په‌سه‌ند کردنى بریاره‌کان، هه‌ڵبژاردن کرا و بابه‌ شێخى حوسه‌ینى له‌ من و له‌ هه‌موو کاندیداکان ده‌نگى زۆرتر هێناوه‌. ئینتساب و راسته‌وخۆ دانان له‌ سازمانى خه‌بات دانه‌ بووه‌. و له‌ سازمانى خه‌بات دا کاره‌کان به‌ راوێژ و به‌را و بۆچوونى تێکرایى ده‌کرا. و کۆنگره‌ى سیهه‌مى سازمانى خه‌بات ئه‌ندامانى به‌ هه‌ڵبژاردن دیارى کردوه‌ و له‌ داهاتووش دا هه‌ر به‌و شێوه‌ ده‌با.
پرسیارى ٢٠ ـ کورته‌ باسێکى کۆنگره‌کانى سازمان له‌ دامه‌زراندنى تا کاتى ده‌ست له‌ کار کیشانه‌وه‌ى، خۆتمان بۆ باس بکه‌؟ کى بوون؟ به‌رێوه‌ به‌ران له‌ کوا بوون؟ سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ درا به‌ کێ؟
کۆنگره‌ى یه‌که‌م له‌ ساڵى ١٣٥٩ کۆچى خۆرى له‌ قه‌لاى خه‌بات له‌ بله‌کى بوو کۆنگره‌ى دووهه‌م له‌ ساڵى ١٣٦٧ کۆچى خۆرى له‌ بنکه‌ى شیبانه‌ى پشتى رانیه‌ بوو و تا کۆنگره‌ى سیهه‌م من به‌رپرسى یه‌که‌مى سازمانى خه‌بات بووم کۆنگره‌ى سیهه‌م له‌ ناحیه‌ى رزگارى (تۆبزاواى) هه‌ولێر بوو کاک بابه‌شێخ حوسه‌ینى بۆ دبیر کلى سازمان هه‌ڵبژیردرا.
پرسیارى ٢١ـ ر٠اى ئێوه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و دابر٠انانه‌ به‌گشتى له‌ ناو هێزه‌کانى رۆژهه‌لات چییه‌؟
هۆى دابر٠ان له‌ هه‌ر حیزبێک تا ئه‌ندازیێک جیاوازه‌ له‌گه‌لأ حیزبێکى تر تا له‌ ناوه‌ وه‌بووین دو ئینشعاب له‌ حیزبه‌کان دا بوون هه‌ردووک ئینشعابیه‌کان چوونه‌ لاى رژیم، چریکى ئه‌کسه‌ریه‌ت و کۆنگره‌ى چواریه‌کانى حیزبى دیموکرات. نازانم بۆ چى ئه‌وه‌تى ئاواره‌ بووینه‌ ئه‌و به‌شه‌ى ترى کوردستان ئینشعاب زۆرن. هه‌رچى با هه‌مووى به‌ زیانى به‌ره‌ى موباره‌زه‌ و به‌ قازانجى دژمن ته‌واو ده‌با. ئێمه‌ ئارزوومان ئه‌وه‌یه‌ رۆژێک له‌تبووه‌کان یه‌ک بگرنه‌وه‌و هه‌موو لایه‌نه‌کان له‌ به‌ره‌یێکى پته‌ودا برایانه‌ بۆ قازانجى کوردستان یه‌ک بگرن.
پرسیارى ٢٢ـ به‌ر٠اى جه‌نابت بۆ به‌ره‌یێک پێک نایێ؟ چ کاریگه‌رێکى هه‌یه‌؟
زۆر هه‌وڵدراوه‌ به‌ره‌ پێک با و تا ئێستا با ئاکام بووه‌ سازمانى خه‌بات ئاماده‌ بووه‌ بۆ پێک هێنانى به‌ره‌ له‌گه‌لأ هاوسه‌نگه‌رانى دابنیشێ. ده‌ڵه‌ن ئیمتیاز خوازى نا هێڵا به‌ره‌ پێک با.





15 سال و 10 ماه و 19 روز و 16 ساعت و 28 دقیقه پیش از این

مامۆستا شێخ جه‌لال حوسێنى له‌دیمانه‌یه‌کى تایبه‌تدا

مامۆستا شێخ جه‌لال حوسێنى له‌دیمانه‌یه‌کى تایبه‌تدا


صفحات ویژه وب سایت

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمێدیا، ناوه‌ندێکی ڕاگه‌یاندنی و ڕۆشنبیری کوردییه که نزیکه‌ی ١٥ ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ له خه‌بات و تێکۆشان.

 

په‌یوه‌ندی گرتن