گەندەڵى ئابوورى لە ئێران گەیشتۆتە کوێ؟
عهلی بههرامی
گەندەڵى نەخۆشیێکى کوشەندەیە کە زۆربەى وەڵاتانى دوونیا بە تایبەت رۆژهەڵاتى ناوەراست پێوە دەناڵێنن و بۆتە هۆى فەلەج کردنى ئابوورى خەڵکى ئەو وەڵاتانە.وەڵاتى ئێرانیش بە هۆى نەزانى و بێ تەجروبەیی و دواکەوتوویی و نەزانى سەرانى رژیمى دەسەڵاتدار،بەو نەخۆشیەوە دەنالێنێ و بە گشتى گەندەڵى ریشەى لە
دامودەزگا و ناوەندەکانى داکوتاوە و بە تایبەت گەندەڵى ئابوورى، و بەرەو سەرچوونى لە ڕادەبەدەرى گەندەڵى بەرپرسانى رژیم خەڵکى وەزاڵە هێناوە و جەماوەرى ئێران بە گشتى و خەڵکى چەوساوەى کوردستان بەتایبەتى بەو نەخۆشیەوە دەناڵێنن چوونکە هەر لە سەرەتاى دەسەڵاتى رژیمەوە کوردستان وەک ناوچەیێکى جەنگى بووە و نەبوونى ئاوەدانى و پەرە نەدان بە ژێرخانى ئابوورى ئەو بەشە لە ئێران، واى کردوە کە لەم هەل و مەرجەى ئێران تێى کەوتووە وەزعى کوردستان لە باقى بەشەکانى دیکەى ئێران خراپترە.لە ماوەى ڕابردوودا ڕاگەێندرا کە ڕاپۆرتێکى 500 لاپەڕەیی لەلایەن (کومیسیونى ئەسلى نەوەدى قانوونى ئەساسى رژیم) لە بارەى گەندەڵى ئابوورى کۆکراوەتەوە رۆژى 3ى بانەمەڕ خراەوەتە بەر دەستى سەرانى رژیم و رۆژى سێ شەممە 10ى بانەمەڕى 1387ى کۆچى خۆرى خرایە بەردەستى نوێنەرانى مەجلیسى رژیم تا قسە و باسى لە سەر بکرێ، بەڵام لە مەجلیسى ئیرتجاع دا ئەو ڕاپۆرتە نارەزایەتى لێ کەوتەوە، هۆى نارەزایەتیەکەش ئەوە بوو کە لەو 500 لاپەڕە تەنیا 8 لاپەڕەى بە وان گەیشتوە ئەویش هێندێ باسى سەرەتاییە، ناوەرۆکى ئەو ڕاپۆرتە تا ئێستاش بە نهێنى ماوەتەوە.
گەندەڵى لە رژیمى ئاخوندیدا لە داهاتى نەوت سەرچاوە دەگرێ کە هەمیشە جێى شک و گومان و بووە بە زمانێکى دیکە ناروونى لە کۆکردنەوەى داهاتەکانى نەوت، یەکێک لە سەرچاوەکانى جێى گومانى ڕاى گشتى لە سەر دەسەڵاتداران لە ئێرانە.
رۆژنامەى سەرمایە لە ڕاپۆرتێکدا، رۆژى چوارشەممە 11ى بانەمەڕ بڵاوى کردەوە، رێژەیێکى زۆر لە داهاتى نەوتى ئێران لە ساڵى 1386دا چارەنووسى دیار نیە، لەم نووسراوەدا هاتووە کە کۆى داهاتى نەوت لە ساڵى 1384 تا 1386 بە پێى ئامارى بانکى ناوەندى رژیم، 195 ملیارد دولار بووە، بەڵام لە ماوەى ئەو دوو ساڵەدا کۆکراوەى خەرجی کارەکانى بودجەى ساڵانەى حکومەتى نۆهەم، کە خراوەتە حیسابی شیرکەتى نەتەوە، لە 132 ملیارد دولار زیاتر نەبوە، جیاوازى نێوان (195 ملیارد دوڵار داهات و 132 ملیارد خەرجى) 63 ملیارد دولارە کە نەخراوەتە حیسابی داهاتەوەو کەس ئاگادارى چۆنیەتى خەرج کردنى نیە.
رۆژى چوار شەممە 28ى خاکەلێوە سەرۆک کۆمارى رژیم، ددانى بەوەدا نا کە تاقمى مافیایی لە دامودەزگاکانى بەرێوە بردنى رژیم هەن و گوتى ئەو تاقمانە ئەوندە بەهێزن کە نفوزیان کردۆتە ناو شوینى یاسا دانان و کار و بارەکان بە قازانجى خۆیان دەبەنە پێش.
بە ووتەى ناوبراو ناوەندەکانى کۆکردنەوەى ماڵیات، تۆمار کردنى بەڵگەنامەکان، بانکەکان، و زۆربەى لە ناوەندە فەرمیەکانى رژیم بوونەتە هۆى ئەوەى کەڵکى نابەجێ لە دامەزراوە حکومەتیەکان وەر بگێرێ. هاوکات لەگەڵ ئەو قسانەى سەرۆک کۆمارى رژیم لە بارەى بەرەو سەرچوونى گەندەڵى ئابوورى لە رژیمدا و ئەو نهێنی پارێزیانەى کە لە بارەى ڕاپۆرتە 500 لاپەڕەییەکەوە دەکرێ شک و گومانەکانى لە سەرانى رژیمى زیاتر کردوە.
بە پێى ڕاپۆرتى رێکخراوى نێودەوڵەتى (شەفافیەت)، رژیمى ئاخوندى ئێران لە بارەى ڕێژەى گەندەڵى لە نێوان 180 وەڵاتدا کە لێکۆڵینەوەیان لە سەر کراوە، لە ریزى 131 مین وەڵاتدا جێگەى گرتوە، و لە ۆرژهەڵاتى ناوەڕاست دا، بە بەراورد لەگەڵ دراوسێکاندا، رژیمى ئاخوندى ئێران لە ڕیزى گەندەڵترین دەسەڵاتى ناوچەکەدایە، بۆیە بە پێى ڕاپۆرتى رێکخراوى نێودەوڵەتى شەفافیەت، لە بارەى ڕێژەى گەندەڵى، ئێران 99 پلە لە خوار قەتەرەوەیە، و 97 پلە لە خوار ئەماراتى یەکگرتووى عەرەبیەوەیە، 71 پلە لە خوار کوەیتەوەیە، 67 پلە لە خوار تورکیە و 59 پلە لە خوار عەرەبستانەوەیە.
ئەم رێژانە دەرخەرى ئەوەیە کە تا چەندە گەندەڵى ریشاژۆ بووە لە ناو دامودوزگاکانى رژیم دا و کار دانەوەى بووە لە سەر کۆمەڵگا و هەر کەسەو بە دواى قازانجە تاکە کەسیەکانى خۆیەتى و قازانجە نەتەوەیی و گشتیەکان پشت گوێ خراوە و کارێکى کردوە کە زیاتر لە 30 لە سەدى خەڵکى ئێران لە ژێر خەتى هەژاریدان و بێکارى لە ئێران بەوپەڕى خۆى گەیشتوە و زۆربەى لاوانى ئێران بێکارن و تەنانەت دواى خوێندن بێکار دەبن و ئەوەش لە بارى ئابووریەوە گەورەترین زەرەر بە قازانجە گشتیەکان دەگەیێنێ. بە گشتى لە ئێراندا لە ئاخوند جەماعەت زیاتر کەس لە ئابوورى دەوڵەمەندى ئێران هیچى پێ ناگات و باقى چین و تووێژەکانى ئێران لە فەقر و بەد بەختى دا دەژین.