ماردین زاهدی
هەشتی مارس ڕۆژێکی زۆر گرنگە لە مێژووی پەرەگرتن و ڕەوتی پەرەو پێش چوونی مرۆڤایەتی. جیاوازی بایۆلۆژی و جەستەیی ژنان, بوەتە هۆی ئەوەی کە کەسانێکی بیرکورت بە چاوی کەم و لاواز بیانبینن. ئافرەتان بەردەوام تێڕوانینی کەسانی پلەی دوویان لە کۆمەڵگا تووش بووە و ئەوەش رێ خۆشکەر بووە بۆ زۆڵم و جەورێکی زۆر لە لایەن کەسانی هەلخواز کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان کەڵکیان لێ وەرگرتووە.
بەڵام بەپێچەوانەوە بەردەوام کەسانێک چ ژن و چ پیاو، بوونیان هەیە و لە بەرانبەر زۆڵم و زۆری وەستاون و داوای مافی خۆیان کردووە. ئەوە ڕوونە لە تەواوی کۆمەڵگاکاندا چالاکی و خەبات بە مەبەستی دژایەتی و رووبەڕوو بوونەوەی زاڵم و نا دادپەروەری کراوە و لە پێناوەش دا کەسانێک دەبنە قوربانی و ئەبن بە بناغەیک بۆ بزاڤێک کە سەدان ساڵ و بەردەوام بۆ دەستەبەرکرانی مافە رەواکان سوودی لێ وەردەگیرێت. سەرچاوەی ۸ی مارس و قوربانی دان بۆی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۱۸٥۸ و سەرکوتی ئەو ژنانەی کە بە بۆنەی هەڵاواردنی ڕەگەزایەتی لە شاری نیۆیۆرکی ئامریکا ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی و بە دەستی هێزی پۆلیس تووشی سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجە بوون. هەروەها لە ساڵیادی ئەو تاوانکاریەدا و لە ساڵی ۱۹۰۸ پاش مانگرتنی ژنان بەبۆنەی مووچەی کەم و جیاوازی ڕەگەزایەتی و کاری قورس کە بەدەر لە پۆتانسیێلی جەستەییان بوو, دەستیان دا بە مانگرتن و بەداخەوە تووشی وەڵامێکی زۆر دڕەندانەو دژە مرۆڤی بوون و لەو کارگەیەدا زیندانی کران و پاشان کارگەکەیان سووتاند کە بەداخەوە ۱۲۹ کەس تێیدا گیانیان سپارد و بوو بە یەکێک لە لاپەڕە ڕەش و قێزەونەکانی مێژوو. بەدڵنیاییەو ئەوە تەنیا زۆڵمێک نەبووە کە بەرامبەر ژنان کراوەو بە درێژایی مێژوو ژنان لە زۆربەی دۆخەکانی ژیاندا تووشی ئەو ڕەفتارە نا مرۆڤانە بوونەوە. لە شەڕی نەتەوەیی و هەتا شەڕە جیهانییەکان مەترسی دەست درێژی، بەکارگرتنی نایاسایی، لێدان و ئاڵشت، سەوداو بەردەو کەنیز و دەیان بارودۆخی نالەباری دیکەیان بەسەر هاتووەو بەردەوام زۆڵم و زۆری لەڕادەبەدەریان لێ کراوە.
لە ساڵی ۱۹۱۱ یەکێک لە ئەندامانی ئافرەتانی سوسیالیستی بە ناوی کلارا زێتکین لە ووڵاتی ئاڵمان بۆ یەکەم جار پێشنیاری ناساندنی ۸ی مارسی وەکوو ڕۆژی جیهانی ژنان پێشنیار کرد و پاشان لە ساڵی ۱۹·· ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بەفەرمی بۆ ڕێز گرتن لە جێگای ژن و هەوڵ و تێکۆشانیان بۆ گەیشتن بە مافەڕەواکانیان بەفەرمی ئەو پێشنیارەی پەسەند کرد و هەتا ئەمڕۆ لەو ڕۆژەدا هەزاران کۆڕ و کۆنفرانس لە شار و ناوچە جیاجیاکانی تەواوی جیهان بەڕێوە دەچێ.
ئافرەتان لە کوردستان و ئێران خراپتر لە شوێنانی دیکەی جیهان و تەنانەت لەم سەردەمەشدا توشی دەیان جۆرە سەرکوت و چەوسانەوە دەبن و هیچ مافێکیان لەپێش چاو ناگیرگێت. ئەوەی ڕوونە لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیش هەروەها ئەو ڕەوتە لە جێگەی خۆیدا بوو و حەمەڕەزاشا خۆی خاوەنی چوار ژن بوو کە هیچ بنەمایکی دیموکراتیک و سەردەمانەی تێدا نەبوو و بە دواکەوتنی ڕێبازی باوکی کە بە لاسایی کردن لە مستەفا کەماڵ (ئاتاتورک) سەرۆک کۆماری تورکیە لە ژێر ناوی بەڕۆژ کردنی ووڵات هێرشی کرد سەر خەڵک و هەوڵی بۆ سڕینەوەی حیجاب دا. پاش ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی و بەدەسەڵات گەیشتنی حکومەتی نامەشروعی ئاخوندی ڕێبازی یاسا دژە ژنەکان درێژەی پێ دراو خومەینی لە مەدرەسەی فەیزیەی قۆم لە کەمتر لە دوو هەفتە پاش دەست گرتنی ووڵات, حوکمی حیجابی زۆرەملێ داو ڕایگەیاند کە ژنان نابێ بەبێ حیجاب بڕۆنە سەر کاری خۆیان. خومەینی زۆر بە ڕوونی زانکۆکان کە ببون بە مەتەرێزی بەرگری لە بڵاو بوونەوەی بیرۆکە چەق بەستووەکانی ولایەتی فەقیە و لاوانی وەکوو بۆمبی خوشەیی ناو دەبرد و وەک مەترسیکی گەورە بۆ سەر حکومەکەی دژایەتیانی دەکرد. هەر بۆیە یەکەم ڕۆژی هەشتی مارسی ساڵی ۱۳µ· کە بوو بە ڕۆژێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەو بڕیارە, بۆیە کۆبوونەوەی لاوانی لە زانکۆی تاران بە توندی سەرکوت کرد و شەقامی بەهارستانی کردە شانۆێک بۆ دەستپێکی سەرکوتی ژنان و ئاپارتایدی ڕەگەزایەتی لە ئێران. ئەو ناڕەزایەتیانە یەک هەفتە درێژەی کێشاو چینی خوێندکاری قوتابخانەو خوێندنگاکانی دیکەشی پێ زیاد بوو کە دەسەڵاتی ئاخوندی لەسەر هێرشەکانی خۆی بەردەوام بوو و لەجیاتی وەڵامی بەجێگە، سەرکوت و لێدان و دەستبەسەر کردنی پەیڕەو کرد. لەو ڕۆژەوە تا ئیستە دژایەتی ڕژیم لەگەڵ ژنان بەردەوام درێژەی بووە و دابین کردنی یاسا دژە ژنەکان و پروپاگندەی میدیاکانی ڕژیم پاڵپشتێک بوو بۆ ئەوەی کە حکومەت پەرە بدات بە ڕەوا بوونی توند و تیژی ئەو کەسانەی کە بەرژەوەندی خۆیان لە کۆمەڵگای پیاو سالار دەبینن.وەک دەزانن جێگە لەقکردنی و سڕینەوەی ئەو کەلتورانه زۆرتر بە دەستی لاوان و چینی خوێندکار دەبێ و بە تێپەڕبوونی دەیەکان توانراوە زۆرێک لەو هەڵاواردنە ڕەگەزایەتیە لە کۆمەڵگای مەدەنی بسڕنەوە و بەرانبەر بەو کەسانەی سەر بە حکومەت و هەلخوازانی کۆنە بیر بەستنەوە.
ڕێکخراوانی پەیوەندی دار بە مافی ژنان تەواوی هەوڵی خۆیان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی دەسەڵات ئەدەن و دەبینین کە چەندین ساڵە بە تۆمەتی جۆراوجۆر ئەو کەسایەتیانە له زیندان دەکەن و توشی فشاری دەروونی و ڕەوانیان دەکەن.
لە ئێران بە بۆنەی داواکاریە ڕەواکانیان تۆمەتی بێ بنەمایان بۆ هەڵدەبەسترێت و توشی دادگاکانیان دەکەن و لە زیندانیش بەبۆنەی سیاسیی بوونیان هیچ پێڕاگەیشتنێکیان پێ ناکەن و سوکایەتیشیان پی دەکرێ کە ئەوەش بووەتە هۆی هەڵاتنی زۆرێک لە ئافرەتانی بلیمەت لە بوارەکانی زانست و وەرزش و هۆنەر و هتد و پەنابردنیان بە پێچەوانەی مەیلی خۆیان بۆ ووڵاتانی دیکە. لە کوردستانیش بە بیانوی ژینگە پارێزی و وانەبێژی و ماف ویستی تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزب و لایەنە ئۆپۆزسیونەکانیان لێ ئەدەن و ڕەوانەی زیندانیان ئەکەن.بەڵام بە دڵخۆشییەوە لاوانی ڕووناکبیر ماندوو نەناسانە چ ژن و چ پیاو بە درێژەپێدانی ڕێگەی چالاکی بۆ دەستەبەرکردنی مافی بەرانبەری ژنان و پیاوان لە هەوڵ و تێکۆشان ناوێستن و بۆ گەیشتن بەو ئامانجە تەواوی هەوڵی خۆیان ئەدەن. توێژی لاوان بە پەیڕەو کردنی بنەمای هاومافی لە نێوان ژنان و پیاوانی کۆمەڵگا بە چالاکیەکانی خۆیان هەوڵی گەیاندنی دەنگی ئافرەتانی چەوساوەی دەستی ئاخوندان بە جیهان ئەدەن تا ئەو دیاردە و بەڵایانەی کە لە ژێر ناوی ناموس و بە مڵکی خۆ زانینی ژنان لە ئێران و کوردستان نەمێنێت و ڕوانگەی مرۆڤایەتی جێگە و پێگەی ژنان بگەڕێنێتەوە بۆ کۆمەڵگاکەمان.
بەدڵنیاییەوە تا ئەو کاتەی رژێمی ئاخوندی ئێران لەسەر کار بێت ئەو هیواو ئامانجە نایەتە دی و تەنیا ڕێگای ڕزگاری، لەناو بردنی یەکجاری ئەو رژێمەیە. ئەزموونی کۆماری ساڵی ٥٧ هۆکارێکە بۆ دووپات نەکردنەوەی ئەو مەینەتیانەی کە زیاتر لە ٤٣ ساڵە بەسەر ژنان و خەڵکانی دیکەی ئێران دێت و دەبێ لاوان یارمەتیدەر و هاندەری میلەت بن بۆ هەڵبژاردنێکی دروست کە هەم مافی ژنانی تێدا ڕەچاو بکرێت و هەم مافی تەواوی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگای تێدا دیاری بکرێت و تا ئێران و کوردستان بە پاڵپشتی و یارمەتی ژنانی ئازا و بوێر و بلیمەت هەرچێ زووتر بگاتە ئاستی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی جیهان و ئەو هەلوومەرجەی کە شایانی خۆیەتی.