کەناڵی ١٢ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، دوای ڕاگەیاندنی گەمارۆ دەریاییەکە لەلایەن ترەمپەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل بڕیاری داوە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی ئەو بڕیارە و دۆخی ناوچەکە ئەنجام بدات.هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییە سیاسییەکان، ئیال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سپای ئیسرائیل، فەرمانی بە تەواوی هێزەکان کردووە کە بچنە حاڵەتی ئامادەباشیی دەستبەجێوە. ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" لە زاری سەرچاوە سەربازییەکانەوە گواستوویەتییەوە کە سپا دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی ڕێکارە جەنگییە ڕێکخراوەکان، کە ئەمەش ئاستێکی بەرزی ئامادەکارییە و زۆرجار پێش دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان ڕادەگەیەنرێت.ئەمە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند هێزی دەریایی ئەمریکا دەستبەجێ دەست دەکات بە ڕێگریکردن لە هەر کەشتییەک کە بیەوێت بچێتە ناو گەرووی هورمز یان لێی بێتە دەرەوە.