بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە کە لە تەشکیلاتی ناوخۆی سازمانی خەبات پێمان گەیشتوە، لقی یەکیمی دادگای بەناو ئینقلابی سەقز داواکاری ئازادکردنی مەرجداری حەسەن بەهاری، بەندکراوی سیاسی تەمەن ۵۸ ساڵ و باوکی ۶ منداڵی ڕەتکردووەتەوە. ئەم بڕیارە نادادپەروەرانە لە کاتێکدا دراوە کە ناوبراو دۆخی تەندروستی زۆر خراپە و بەهۆی تووشبوونی بە دیسکی قورسی مل، دەستی چەپی لەکارکەوتووە و پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی بەپەلە هەیە.
حەسەن بەهاری دوای تێپەڕاندنی ۵ ساڵ زیندانی تەعزیری لە زیندانی ناوەندی سەقز، ئێستا ماوەی سزاکەی بە پابەندی ئەلیکترۆنی لەژێر چاودێریی ماڵەوەدا بەسەر دەبات. ناوبراو کە پێشتر بە تۆمەتی سیاسی سزای ۱۲ ساڵ و ۷ مانگ زیندانی بەسەردا سەپابوو، لە ئێستاداکاتدا بەدەست نەخۆشی شەکرە و پەستانی خوێنی بەرزەوە دۆخی تەندروستی ناجێگیرەو ڕێگریگرتن لە چارەسەرکردنی، مەترسییەکی جیدی لەسەر ژیانی دروستکردووە.