رۆژی شەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥، شاری ئارهاوس لە وڵاتی دانمارک شایەتی چالاکییەکی ناڕەزایەتی بوو کە لەلایەن لایەنگرانی سازمانی موجاهیدینی خەلق و کۆمیتەی دانمارکی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانەوە ڕێکخرابوو.
بەشداربووانی ئەم چالاکییە بە بەرزکردنەوەی دروشم و بەنێر، ناڕەزایەتی توندی خۆیان بەرامبەر بە شەپۆلی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لە ئێران و سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی ڕژیمی ئێران دەربڕی.
خۆپیشاندەران بە ئاماژەکردن بە زیادبوونی سزاکانی لەسێدارەدان لە ئێران، داوای
ڕاگرتنی دەستبەجێی "ماشێنی کوشتار"ی دەسەڵاتی ئاخوندیان کرد. هەروەها
داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد کە بەرامبەر بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بێدەنگ نەبن و هەنگاوی کردەیی دژی ئەنجامدەرانی
ئەو سەرکوتکارییانە بنێن.
ئەم چالاکییە کە بە ئامانجی گەیاندنی دەنگی دادخوازیی خەڵکی ئێران و زیندانیانی سیاسی بە ڕای گشتیی جیهان بەڕێوەچوو، بە پێداگری کردنەوە لەسەر بەردەوامیی خەبات تا ڕووخانی ڕژیم و بەدەستهێنانی ئازادی و دیموکراسی لە ئێران کۆتایی هات.