ماردین زاهدی
لە سەرووبەندی نزیکبوونەوەی یادی دوو ساڵەی شەهید کرانی ژینا ئەمینی دا، کە بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی رژیمی ئێران و بەبیانووی رەچاو نەکردنی حیجابی زۆری و رێسا داسەپاوەکانی ئەو دەسەڵاتە خوێنڕێژە، بوو بە قوربانی، بەپێویستم زانی هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەو ماوەیەو هەروەها، هەڵگیرسانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، خەسارناسی، ئاکام، ئامانج و دەرئەنجامەکانی بکەم.
شۆڕشی ژینا، لەپڕێکدا هەڵنەگیرساو لەڕاستی دا شەهید کرانی ژینا ئەمینی، ئاگری توڕەیی ٤٤ ساڵ زوڵم و زۆری دەسەڵاتدارانی رژیمی ئاخوندی ئێران بوو کە لەژێر ناوی دین و پاراستنی دین دا، تەنگیان بە هاووڵاتیان لەئێران و کوردستان هەڵچنیوەو حیجابیان کردۆتە بیانویەک بۆ سەرکوتی ژنان و زەوت کردنی ئازادیە تاکەکەسیەکانی کۆمەڵگە.
دەکرێ بڵین شۆڕشی ژینا، مەزن ترین شۆڕش پاش دەسەڵاتداری رژیمی ئاخوندی بوو، وە ئەو دەسەڵاتەی هەتا لووتکەی ڕووخان برد و ئەگەر پلان و ئاژاوەگێڕیەکانی ئەو لایەن و کەسانە کە مانەوەی خۆیان لەمانەوەی رژیمی ئێران دا دەبینن نەبوای، رەنگە پرۆسەی رووخان بە ئامانج بگەیشتاو ئەمڕۆ کۆمارێکی دیمۆکراتیک لەوڵات دا جێگیر بکرا. هەرچەند کە شۆڕشی ژینا وێڕای تەبلیغاتی نەیاران و هەوڵ بۆ نەهێشتنی، ئێستەش لەئارادایەو وەک وترا، خەبات تا گەیشتن بە ئازادی بەردەوام دەبێ.
شۆڕشی ژینا، لەکاتێکدا هەڵگیرسا کە بابەتی ژنان و مافی ژنان ترێندێکی جیهانی بوو، وە پاش چەندین ساڵ هەڵاوسان، زۆر و نابەرابەری و ناحەقی کردن لەگەڵ ژنان دا، چاوکراوەیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوە هۆی ئەوەی ئەو کلتورە نەشیاوە زۆر کەمڕەنگ بێت و ئەو دیاردەیە بەرەو نەمان بڕوات. بۆیە لەوەها کاتێکدا، بابەتی مافخوازی ژنان لەشۆڕشی ژینا دا، وەک ئێپیدێمی زۆر خەیرا هەموو جیهانی گرتەوەو ئەوە دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ ناساندنی باشتری ناوەرۆکە دژە خەڵکیەی رژیمی ئێران و ئەو زۆڵم و زۆرەی بە ئافرەتانی دەکات، بە هەموو جیهان و کاردانەوەکەشی گەلێک زۆر بوو. بەجۆرێک کە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، لەلاپەڕەی زۆربەی هەرەزۆری سێلیبریتیەکان و کەسایەتیە بەناوبانگەکانی جیهان دەبینرا. ئەوە دەسکەوتێکی زۆر بەنرخ بوو وە سەلماندی کە دەنگی مافویستی ژنان لەئێران بە هەموو جیهان گەیشتوە. بەڵام بەداخەوە کە ئەو دەسکەوتە مەزن و گرنگە، هەوڵ درا لەباری گشتی و خەڵکی، دەرچێت و هەندێک کەس بەنیاز بەوون خاوەنداریەتی ئەو شۆڕشە بکەن و بەناوی خۆیانەوە لەقاوی بدەن. لەکاتێکدا کە شۆڕش هی خەڵکەو کەس مافی ئەوەی نیە خۆی بە خاوەنی بزانێ و ئەگەر ئەو روانگە جوانە کە لەنووسینەکانی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی دا هاتووەو سازمانی خەبات پێی پێبەندە، رەچاو و پەیڕەو بکرا، بەدڵنیاییەوە هاوکاری و تەباییەکان زۆر بەجێگەتر و خەڵک پەسەندتر دەبوو.
خاڵێکی دیکە کەدەبێ ئاماژەی پێ بکرێت، بابەتی بەلاڕێدا بردنی ئەو شۆڕشە لەژێر ناوی هاوکاری لەگەڵ کەسانێک وەک پەهلەویەکان بوو کە خۆیان بەدۆستی میللەت و دژمنی رژیمی ئێران ناو دەبەن، بەڵام بەپێچەوانەوە، کوڕی پاوشای رووخاوی پێشووی ئێران هەم باوکی و هەم خۆی، دژمنی کۆن و ئێستەی میللەتن و رابردوویەکی پڕ لە دژایەتی و باوڕنەبوون بە مافی نەتەوەکانی ئێران و سەرکوت و کوشتار دژ بە هاووڵاتیان لەئێران و بەتایبەت لە کوردستان بووە. کەسانێک کە نەک ئەوەی قازانجی خەڵکیان لەبەرچاو نیە، بەڵکوو بۆ گەیشتنی خۆیان بە دەسەڵات و ڕێگری کردن لەدامەزرانی سیستەمی دیموکراتیک لەئێران دا، حازرن هەموو شۆڕشێکی ڕەوا بکەن بە قوربانی ویستە ناحەزەکانیان.
یەکێک لە یەکەمین هەوڵەکانی رژیم بۆ کپ کردنی دەنگی خەڵک، هەوڵ بۆ سازدانی دووبەرەکێ لەنێوان باوڕمەندان بە دینی ئیسلام و خەڵکی دیکە بوو، بەو مەبەستەش ناوی ئەو شۆڕشە مافخوازانەیان بە هەوڵ بۆ خۆ ڕووتەو کردنی ژنان برد، کە لەلایەن مامۆستایانی ئایینی نیشتمان پەروەر، جوابێکی پڕ بەپێست پێی درایەوەوە نەک پیلانەکەیان وەدی نەهات، بەڵکوو مزگەوتەکان بە ڕێبەری مامۆستایانی نیشتمان پەروەر، بوون بە مەتەرێزی بەرخۆدان بۆ پشتگیری لەمافی ژنان و ئازادی خەڵک لەدەستی ئەو دەسەڵاتە.
شۆڕشی ژینا، زۆر بەباشی سەلماندی کە توانای ژنان لەئێران و بەتایبەتی لەکوردستان لەچە ئاستێکدایەو تەنانەت وێڕای چەندین ساڵ سەرکوت لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕژیمی پەهلەوی و ئاخۆندی، نەک نەیتوانیوە ئازادیخوازی لەناخی ژنان دا بکوژێت، بەڵکوو ژنان سەلماندیان کە دەتوانن ڕێبەر و پێشەنگی ئەو بزاڤە بن. هەروها وێڕای هەوڵی دەیان ساڵەی ئەو دوو ڕژیمە بۆ هەڵگیرسانی ئاژاوەگێڕی و شەڕی نەتەوە، ڕەگەز و باوڕ لەنیوان نەتەوەکانی ئێران دا، بینیمان کە ڕووناکبیری جیلی نوێ و لاوانی زانا، وای کردوە کە لەهەموو شار و ناوچەکانی ئێران دا، یەکیەتی و تەبایی و هاودەنگی قسەی یەکەمی دەکرد و خەڵک بە هەر بیر و باوڕێکەوه تەنیا ئامانجیان ڕزگار بوون لەدەستی ڕژیمی مرۆڤ کوژی ئاخوندی بوو. لێرەدا ئاماژەدانی بە گرنگ دەزانم، باسی ئەوە بکەم کە شۆڕشی ژینا چی لێهاتووەو ئاکام و ئامانجی ئەو هەموو شەهید و قوربانیە بوەتە چی. لەراستی دا ئەوەی کە ئێمە ناوی ئەو شۆڕشە بە شۆڕشی ژینا یان ژن، ژیان، ئازادی، ناودەبەین، بەواتای ئەوە نیە کە پێش و پاش ئەو شۆڕشە هیچ بۆ ئازادی ئێران و کوردستان نەکراوە یان ناکرێت. بەڵکوو ئەو ناو لێنانە بەواتای ئەوەیە کە شۆڕش لە ئێران و کوردستان ڕۆیشتوە قۆناغێکی تر و وەرچەرخانێکی مێژوویی بەسەریدا هاتووەو رووناکبیری پیاوان و لێهاتووی ژنان و هاوکاریان لەگەڵ یەکتر دا زۆر پتەوتر لەپێش دەرڕواتە پێشەوە.
شۆڕش بۆ ئەوە ناکرێت کە ئەمڕۆ یا سبەی من بەرهەمەکەی ببینم و یەکێک لەتایبەتمەندیەکانی ئێمەی پێشمەرگە ئەوەیە کە هەر چرکەو دەقەیەک ئامادەین بۆ هاوتەریبی لەگەڵ شۆڕش لەهەر هەلوومەرجێک دا و ئەوەی لەئێمەدا نامرێ، هۆمێد و هیواو خولیای ئازادیەو بۆ هەر پێشمەرگەو خەڵکی ئازادیخوازێکیش خەبات، هەتا گەیشتن بە ئازادی بەردەوام دەبێ. چونکە ئێمەی خەباتی، تا ستەممان لەسەرە رێی خەباتمان لەبەرەو ئەوە بوەتە باوڕێک و تێکەڵ بە گیانمانە.
ئێستەش لەسەرووبەندی دووهەم ساڵی شەهید کرانی ژینا ئەمینی دا، دەزانین کە خەڵکی ئازادیخواز لەهەموو مەجال و دەرفەتێک بۆ هەڵگیرساندنی دووبارەی شۆڕش کەڵک وەردەگرێت و هیچ بەربەستێک ناتوانێ ڕێگری لەڕەوتی ئازادیخوازی بکات. چونکە خەڵک بۆیان بەتەواوی ئاشکرایە کە کەس ناتوانێ هیچ رەوتێک لەو حکومەتە بگۆڕێت. وەک لەم مەودا کەمەی کە پزشکیان کرا بە مۆرەی بەناو سەروک کۆمار و مۆرەگەردانی رژیمی بە خاوەن خۆی ناوبرد، هیچ نەگۆڕاو لەداهاتووش دا هیچ لەدڕندەیی و چەق بەستووی دەسەڵات ناگۆڕگێت و تەنیا رێگەی عەلاج، رووخاندنیەتی. رووخاندنێک کە دەتوانێ پاش دەیان ساڵ، تاڕادەیەک سوکنایی بداتەوە بەدڵی خانەوادەو دایکانی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و کۆتایی هاتن بەچاوەڕوانی دایکانێک کە بە دیتنی منداڵیان سۆما بۆ چاوە پڕ لەفرمێسکەکانیان دەگەڕێتەوە. بەدڵنیاییەو تەمەنی نەگریسی ئەو رژیمە دژە مرۆڤە لەکۆتایی دایەو هیوادارم هەموو ئازادیخوازان بە ئاواتی دڵیان بگەن و بتوانن وڵات و نیشتمان بە ئازادی و ڕزگاری ببینن.