جیاکاری و ئیمتیازی "خۆییەکان
لە کاتێکدا ملیۆنان هاوڵاتی لە ئێران لەژێر فشاری فیلتەرینگ،
پچڕان و خاوی بێوێنەی ئینتەرنێتدا دەناڵێنن، ئاشکرابوونی پرسی "خەتە سپییەکان"
و "ئینتەرنێتی تایبەت" بۆ دەستەبژێرانی ناو دەسەڵات، شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی
لێکەوتووەتەوە. ئەمە تەنها کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو وێنەیەکی ڕوونی
جیاکارییەکی سیستماتیکە کە تێیدا مافی گشتی دەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی
بازنە تەسەکەکانی دەسەڵات.
دانپێدانان بە کەلێنە قووڵەکان
لێدوانە نوێیەکانی موحسینی ئەژەیی، سەرۆکی دەزگای قەزای ڕژێمی ئێران
سەبارەت بە بوونی "خەتە سپییەکان"، زیاتر لەوەی هەوڵێک بێت بۆ
دادپەروەری، وەک دانپێدانانێکی ناچارەکی بەو کەلێنە قووڵە دەبینرێت کە
ڕژێم لە نێوان خەڵک و دارودەستەکانی خۆیدا دروستی کردووە.
ئەژەیی لە کاتێکدا باس لە ئەگەری "سەرپێچی" و "بەدواداچوون" دەکات، کە جەماوەری
خەڵک لە ناوخۆی ئێراندا بۆ دەستگەیشتن بە سەرەتاییترین ماڵپەڕەکان، دەبێت پەنا
بۆ فیلتەرشێنی گرانبەها بەرن. بەڵام لە پشت پەردەوە، ڕێڕەوی جیاواز و هێڵی
بێسانسۆر بۆ کەسانی نزیک لە ڕژیمی ئاخوندی فەراهەم کراوە.
==================
ئینتەرنێتی تایبەت؛ بازاڕی نوێی گەندەڵی
ئەوەی ئەم دۆسیەیە زیاتر دەورووژێنێت، ڕاپۆرتەکانی پێدانی ئەم هێڵانەیە لە بەرامبەر
بڕە پارەیەکی خەیاڵیدا. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە "تەبعیزی دیجیتاڵی" لە ئێراندا تەنها
بڕیارێکی سیاسی نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ بازاڕێکی ڕانتی و گەندەڵییەکی ئاشکرا، کە
تێیدا ئیمتیازەکان بە "خۆییەکان" دەفرۆشرێنەوە.
=============
جیاکاری وەک سیاسەتێکی فەرمی
لە لایەکی ترەوە، وتەبێژی حکوومەت بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە ئەم "ئینتەرنێتە
تایبەتە" پەسەندکراوی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییە. ئەم دانپێدانانە
کۆتایی بە هەموو گومانەکان دەهێنێت؛ ئەوەی خەڵک بە "جیاکاریی ناڕەوا" دەیزانن،
لای ڕژێم بەشێکە لە میکانیزمە فەرمییەکانی حکوومەتداری.
چاودێران پێیان وایە، حکوومەتێک کە دیواری فیلتەرینگ بۆ خەڵکەکەی بەرز دەکاتەوە و
بۆ نزیکەکانی خۆی ڕێگای سپی و بێسانسۆر دەکاتەوە، چیتر ناتوانێت بانگەشەی
پاراستنی "مافە گشتییەکان" بکات. ئەمە تەنها دۆسیەیەکی ئینتەرنێت نییە،
بەڵکو پەردە لادانە لەسەر پێکهاتەیەک کە تێیدا مافی سروشتیی هاوڵاتی دەکرێتە
ئیمتیازێکی تایبەت بۆ پاراستنی دەسەڵات.
ئاپارتایدی دیجیتاڵی و بێبەشکردنی گەل
باسی خەتە سپییەکان، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر چەسپاندنی
"ئاپارتایدی دیجیتاڵی" لە سایەی ڕژیمی ئێران. شوێنێک کە تێیدا خەڵکی
ئاسایی سزادەدرێن بە ئینتەرنێتێکی خاو و سانسۆرکراو، و لەولاشەوە ئەوانەی لە ناو
بازنەی دەسەلات دان، بەسەر مافە بڕدراوەکانی خەڵکدا تێدەپەڕن.