ئیمارات بۆ یەکەمجار ڕاستەوخۆ هێرشی کردە سەر ڕژیمی ئێران
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، هێزە ئاسمانییەکانی ئیمارات هێرشێکی
سەربازیی ڕاستەوخۆیان کردە سەر ناوخۆی ئێران و پاڵاوگەیەکی نەوتییان لە
دوورگەی (لاڤان) پێکاوە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، ئەم هێرشە بووەتە هۆی
ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە و پەککەوتنی پاڵاوگەکە بۆ ماوەی چەندین مانگ.
ئەو هەنگاوە وەک وەڵامێکی توندی ئیمارات دەبینرێت بۆ ئەو هێرشە بەردەوامانەی کە
ڕژیمی ئێران دەیکاتە سەر خاکی ئەو وڵاتە.
========================
زیانی مووشەکەکانی ڕژێم و هەوڵ بۆ تێکدانی ئابووریی ئیمارات
ئامارەکان نیشانی دەدەن کە ڕژیمی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە ٢ هەزار و ٨٠٠ مووشەک
و درۆنی ئاراستەی ئیمارات کردووە، ئەوەش زیانی گەورەی بە کەرتی گەشتیاری، فڕۆکەوانی
و بازاڕی خانووبەرەی ئەو وڵاتە گەیاندووە. بەرپرسانی ئیمارات پێیان وایە ڕژیمی ئێران
دەیەوێت سەقامگیری و ئابووری وڵاتەکەیان تێکبدات.
======================
سزای سیاسی و دارایی؛ ڕێکارە نوێیەکانی ئیمارات دژی ڕژێم
جگە لە هێرشی سەربازی، ئیمارات کۆمەڵێک ڕێکاری توندی تری دژی ڕژیمی ئێران گرتووەتەبەر،
لەوانە: زیادکردنی هاوکارییە سەربازییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، داخستنی قوتابخانە
ئێرانییەکان لە دووبەی و سنووردارکردنی پێدانی ڤیزا بۆ هاوڵاتیانی ئێرانی.
===================
هێزی ئاسمانیی ئیمارات و کۆتاییهاتنی سەردەمی بێدەنگی
شارەزایانی سەربازی دەڵێن ئیمارات یەکێک لە پێشکەوتووترین هێزە ئاسمانییەکانی
ناوچەکەی هەیە و چیتر نایەوێت بەرامبەر هێرشەکانی ڕژیمی ئێران بێدەنگ بێت. هاوکات
ئەمریکاش هەرچەندە بە فەرمی لێدوانی نەداوە، بەڵام وەک پاڵپشتێکی ناڕاستەوخۆی ئەم
هەنگاوەی ئیمارات دەبینرێت.