چوارشه‌مه‌ 

14 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

خه‌‌‌باتمێدیا:  ڕۆژی ٢٥ی فێبریوەی ٢٠ ١٢ى زاینی، لە شاری لاهتی ووڵاتی فینلاند و بەبەشداری نوێنەرایەتی هێزو لایەنە کوردستانیەکان و چەند کەسایەتیەکی سیاسی کۆبونەوەیەکی گشتی بە سەرپەرشتی ڕێزدار کاک بابا شێخ حوسێنی سکرتێری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران پێکهنرا. سەرەتا ی کۆبونەوەکە بەخێرهاتی میوانان دەستی پێکرد. پاشان ڕێزدار کاک بابا شێخ کورتەباسێکی لەسەر مێژووی بزوتنەوەی کورد...

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و ڕەخنەی لە کارو هەڵسوڕانی ئەو بزوتنەوەیە کرد کە هیچیان نەیان توانی بۆ ئامانج و هەدەفێکی هابەش تێبکۆشن و هەڵوێستێکی هاوبەش و یەکدەنگیان هەبێ لەسەر چارەسەری کێشەو داخوازیەکانی کورد. لەبەشێکی تری باسەکەدا وەزعیەتی ئێستای کورد بەگشتی و هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئەزمون و دەسکەوتە نەتەوەییەکان بۆ ئامادەبوان خرایە ڕوو. گرنگی دان و پاراستنی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی هەموومانە و ئەرکی سەرشانی هەمووشمانە بیپارێزین. پاشان کاک باباشێخ حسێنی جەختی لەسەر بەرپەرچ دانەوەی سیاسەت و پلانە چەپەڵەکانی ڕێژیمی ئاخوندی کردەوە و دەستێوەردانی ئەو ڕێژیمەی لە هەرێمی کوردستانی بە زیانبەخش و لەقەڵەم دا. ڕێژیمی ئاخوندی ئێران دژی هەرکۆمەڵگەیەکە کە دیموکراسی تێدا زیندوبێ، بەڵکو ئەوان وەک ڕێژیم پشتیوانی دەوڵەتانی دیکتاتۆرن و نموونەی زەقیش ئەو پشتیوانیە زەقەی ڕێژیمی ئاخوندیە کە لە ڕێژیمی سوریەیی دەکات. تەوەرێکی تری باسەکەی ڕێزدار کاک باباشێخ حوسێنی تایبەت بوو بە وەزعی ئێستای بزوتنەوەی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وەزعیەتی ئێستای حزب و سازمانەکانی کوردستانی ئێران. لەو بەشەدا کاک باباشێخ کێشەو بەربەرەکانی حزبی و جودابونەوە و لێکدابڕانی بە زیانبەخش و خاڵێکی گرنگ و سەرەکی لە بەردەم پێک نەهێنانی بەرەی کوردستانی و کاری هاوبەش وەسفکرد و پێی وابوو کە خۆبەزل زانی و یەکترقبوڵ نەکردن زیان بە بەرژەوەندی گشتی و نەتەوەیی دەگەیەنێ. کاک باباشێخ ڕووی قسەی کردە چالاکوانی سیاسی و ئەندامان و لایەنگرانی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کورد بەگشتی کرد کە بەداخەوە ئەوانیش دەوری نەگەتیڤ دەبینن لە هەڵگیرسانی دووبەرەکی و زەقکردنەوەی مەسایلی جوزئی، لەحاڵێک دا دەبوو ئەوان دەوری سەرەکی و کاریگەریان هەبایە لە ئارامکردنەوەی ئەو بەردۆخەی کە پێکهاتوە لە ئەنجامی جودابونەوە و لێک دابڕان لە نێوان هێزە سیاسیە کوردیەکان دا. ڕێزدار کاک باباشێخ جەختی لەسەر دۆستایەتی و کارکردن بۆ کاری هاوبەش و ێک نزیکبونەوەی زیاتری هێز و سازمانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند کە ئێمە دەبێ بتوانین ڕەخنە قبوڵ بکەین و بە دڵێکی فراوانەوە وەری بگرین. تەوەرێکی تری باسەکە تایبەت بوو بە گرنگی تەحریمکردنی هەڵبژاردنەکانی ئێران و ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئاخوندی هیچ هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە نەبوە و هەمیشە لەسەر سیستم و جیانایەتە دیکتاتۆریەکانی بەردەوام بووە، هەربۆیەش ئێمە وەک کورد هەرگیز ناتوانین لە ژێر ڕکێفی ڕێژیم و سیتمێکی ئاوا جینایەتکار و دیکتاتۆردا داوای مافەکانی خۆمان بکەین و پێمان وابێ دەتوانین مافەکانمان وەدەست بێنین، بەڵکو ئێمە وەک سازمانی خەبات پێمان وایە کە ڕێژیمی ئاخوندی دەبێ لە ناوبچێ و بڕووخێ، هەر جۆرە وتوێژ و دانیشتنێکیش لەگەڵ ئەو ڕێژمیەدا ڕەت دەکەینەوە. سازمانی خەبات پێی وایە کە کورد و نەتەوەکانی تر لە سیستم و حکومەتێکی دیموکراتیک دا دەتوانن داوای مافەکانی خۆین بکەن و وەدەستی بێنن.هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرنگە کە دەوریان هەبێ و خەڵک هان نەدەن بۆ دەنگدان بۆ ڕیژیمێکی دیکتاتۆر و جنایەتکاری وەک ڕێژیمی ئاخوندی، بەڵکو گرنگە کە هەموومان لەم خاڵەدا و بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی هاوڕا و یەک دەنگ بین. ئەندامانی بەشداربووی ئەم کۆبونەوە هەریەک بە نۆبەی خۆی خۆشحاڵی و بەخێرهاتنی خۆیان بۆ هاتنی کاک باباشێخ بۆ ووڵاتی فینلاند دەربڕی. لە پاش پرسیار کردنی ئەندامانی ئەم کۆبونەوە و وەڵامدانەوەیان لەلایەن کاک بابا شێخ حوسێنیەوە لە کەشوهەوایەکی دۆستانەدا کۆتای بەم کۆبونەیە هاتبەژداربوانی ئەم کۆبونەوە پێکهاتبوون لە بەڕێزان کاک ئەیوب سوری، کەریم ڕەسوڵی و قادر مکڵاوەیی بە نوێنەرایەتی حدک و ڕێزداران جهانبەخش خالیدی و سەیید کامیل نووری بە نوێنەرایەتی حدکا و بەڕێزان عیمران عەلی ڕەشید و نەزیر بەرواری بەنوێنەرایەتی پ.د.ک، و بەڕێزان سیروان عەلی و مەیهەن نەجیم بە نوێنەرایەتی ی.ن.ک و بەڕێز کاک فایەق مەسعودی بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و ڕێزدار کەریم فەرخەپوور بە نوێنەراتی کەمپینی یەکبوون و ڕێزدار عەباس شوانی بەنوێنەرایەتی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری ئەم کۆبونەوە بوون. هەیئەتی بەشداربووی سازمان پێک هاتبوون لە بەڕێزان کاک بابا شێخ حوسێنی، سکرتێری گشتی سازمان و ڕێزدار جەلال خۆشکەلام ئەندامی کومیتەی ناوەنی سازمان و ئەندامی کومیتەی دەرەوەی سازمانی خەبات و کاک جەلال شەریفی بەرپرسی کومتەی فینلاند و بەڕێز کاک شوانە سەردەشتی بەرپرسی پەیوەندیەکانی کومیتەی فینلاند و کاک محمەد شێخە و سیما و سەمیرە شێخەش لە ئەندامانی کومیتەی فینلاند.

12 ساڵ و 9 مانگ و 6 ڕۆژ و 17 کاتژمێر و 38 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌




په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن