فوئاد جەعفەریدوا بە دوای روخانی رژێمی پاشایەتی لە لایەن خەڵکی ئێران و دەستبەسەردا گرتنی ئەو شۆڕشە لە لایەن تاقمی خۆمەینی و لایەنگرانیەوە خەڵکی کوردستان بە خێرایی ماهیەتی ئەو رژێمەی بۆ دەرکەوت و زانی کە خۆمەینیش میراتگری رژێمە دیکتاتۆرەکانی پێش خۆیەتی و مافی هیچ کام لە گەلانی ئێران جگە لە ئەو تاقمەی کە دواکەوتووی خۆین بە رەسمی ناناسێت و بیرۆکەی...
ناسیۆنالیزمی فارس و شێعەی 12 ئیمامی لە ئێرانی فرە نەتەوە و فرە ئایین دا پەرە پێدەدات. وەک بینیمان دوای یەک مانگ و چەند رۆژ لە دەسەڵات گرتنە دەستی رژێمی ئاخوندی و لە سەرەتای نەورۆزی 58دا شەڕێکی ناعادڵانە و ماڵوێرانکەری لە دژی خەڵکی کوردستان دەست پێکرد و لە کاتێکدا خەڵک خۆی بۆ هاتنی بەهار و تێپەراندنی چەژنی نەورۆز ئامادە دەکرد شاری سنەی خستە ژێر ئاوری پڕ لە رق و کینەی بەکرێگیراوانی رژێمی ئاخوندی و بە سەدان کەس لە پیاو و ژنی ئەو شارەی خەڵتانی خوێن کرد. هەر ئەوەش وای لە خەڵکی کوردستان کرد کە لە شانۆی رێفراندۆمی 12ی خاکەلێوەی 1358 بەشدارییان نەکرد و بە بەشداری نەکردنی وڵامی نەخێریان بەو رژێمە دایەوە. خۆمەینی لە دوای تاڵانکردنی بەرهەمی رەنج و خەباتی گەلانی ئێران کەوتە دژایەتی لەگەل ئازادیخوازانی سەر بە نەتەوەکانی ئێران و بە تایبەت نەتەوەی کورد، خۆمەینی و دارودەستەکەی لە سەرەتاوە کوردیان بە تەجزیەتەڵەب و دژە شۆرش ناو لێ برد و هیچ کات رازی نەبوون کە وەک نەتەوەێکی خاوەن مێژوو و فەرهەنگ و کەلتوور چاوی لێ بکەن. گەلی کورد لە سەرەتاوە هەوڵی دا لە رێگای وتووێژ و دیالۆگەوە کێشەکانی چارەسەر بکات و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین لیژنەی بۆ دانوستاندن لەگەڵ رژێمی خۆمەینی پێک هێنا، بەڵام بە داخەوە ئەو رژێمە دیکتاتۆرە مەبەستی لە وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی کورد تەنیا کرینی کات و پتەو کردنی پایەکانی رژێمەکەی بوو، چونکوو لە دوای ئەوەیکە زانی نەتەوەی کورد مل بۆ داخوازییەکانی ئەو رژێمە دانانەوێنێت و ئامادە نییە لەسەر مافەکانی خۆی سازش بکات کەوتنە پیلانگێری دژ بە نەتەوەی کورد و چەند مانگ دوای شەڕی خوێناوی سنە، لە 28ی گەلاوێژی 1358 خۆمەینی فەرمانی بە هێزە ئاسمانی و وشکانییەکانی خۆی کرد کە هێرش بکەنە سەر کوردستان بە ناوی جیهادەوە و کوردستان داگیر بکەن، کە بە داخەوە ئەو کەسانەی کە بەرژەوەندی خۆیان لە مانەوەی ئەو رژێمەدا دەبینی و بە قسەکانی خۆمەینی کە خەڵکی کوردستان کافرن و هەر کەسە لە کوردستان بکوژرێت ئەوا شەهیدە و دەرواتە بەهەشت، هێرشیان کردە سەر کوردستان و لاپەرەێکی رەشیان بە جینایەتەکانی خۆمەینی و رژێمەکەی زیاد کرد. هێرشی رژێمی ئاخوندی بۆ سەر کوردستان تەنها هێرش نەبوو بۆ سەر نەتەوەێک بەڵکوو هێرش بوو بۆ سەر ئازادیخوازی و مافویستی لە ئێران و هێرشێک بوو بۆ لە ناوبردنی ئەو دەسکەوتە دیموکراتیانەی کە گەلی کورد لە دوای روخانی رژێمی پاشایەتی لە کوردستان بە دەستی هێنابوو. لە لاێکیترەوە خەڵکی کوردستان کە هەر لە سەرەتاوە بریاریان دابوو کە داوای مافە رەواکانی خۆیان بکەن و نەهێڵن دەسەڵاتی دواکەوتووی رژێمی ئاخوندی لە کوردستان پەرە بسێنێت لاپەرەێکی زێرینیان لە بەرخۆدان و بەربەرەکانێ لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان تۆمار کرد و نیشانیاندا کە گیانی خۆیان لە رێگای وەدێهێنانی مافەکانی نەتەوەکەیان بەخت دەکەن . خۆمەینی کە نەیدەویست جگە لە خۆی و ئاخوندەکانی دەورووبەری کەس لە ئێران خاوەن را و ماف بێت و زانیبووی کە خەڵکی کوردستان لەو ماوە کۆرتەدا لە رێگای شۆراکانەوە بە باشترین شێوە خۆیان بەرێوە دەبەن و نمونەێکی شیاویان لە ئازادی و دیموکراسی و پێکەوە ژیان بۆ خەڵکی دانیشتووی کوردستان پێکهێناوە و لە ترسی ئەوەیکە ئەم شێوە لە خۆبەرێوەبەرییە پەل و پۆ بهاوێژێت بۆ ناو باقی گەلانی ئێران و ئەوانیش بیانەوێت داوای مافی رەوای خۆیان بکەن و رژێم نەتوانێت دەسەڵاتی خۆی لە هەموو جۆغرافیای ئێراندا سەقامگیر بکات، لە سەرەتاوە دەستی دایە مەسموم کردنی فکر و هزری خەڵکی ئێران و بە تایبەتیش کە لەو کاتەدا رۆژنامە و میدیاکان لە دەستی خۆیاندا بوو و هەر زوو ئەو گۆڤار و رۆژنامانەی کە بە شێوەی ئازاد و سەربەخۆ چاپ دەکران دایخست و کەش و هەواێکی بە تەواوەتی ئەمنییەتی لەسەر چاپەمەنی و میدیاکان خۆڵقاند و بەو سیاسەتە جینایەتکارانەوە و بە هاوپشتی گروپێکی ساویلکەی لایەنگری خۆی دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە لە کوردستان سەری جاش و پاسدارەکان دەبرن و بە زیندوویی گوێیان لێ دەکەنەوە و... هتد.یەکێکیتر لە فەرمانەکانی خۆمەینی لە 28ی گەلاوێژدا ناردنی خەڵخالی بە ناو قازی شەرع بوو بۆ کوردستان کە هەر چۆن بییەوێت حوکم بدات و ئامانجەکانی رژێم لە رێگای ئێعدام و خۆڵقاندنی جەوی ترس و وەحشەت لە کوردستان بە دیبێنێت.وەک بینیمان خەڵخاڵی جەلاد بە گەیشتنی بۆ کوردستان کەوتە ئێعدامی ئازادیخوازانی کوردستان و رۆژانە لە دادگاێکی چەند خۆلەکیدا بە بێ بوونی پارێزەر و یان ئەوەیکە مەجال بە زیندانی بدرێت کە لە خۆی دیفاع بکات سەدان حوکمی ئێعدامی بۆ ژنان و پیاوانی شۆرشگێری کوردستان دەبریەوە و بە شێوەی بە کۆمەڵ لە هەموو شارەکانی کوردستان دیاناردە مەیدان تیر و ئێعدامی دەکردن کە وەک نمونەی دڕندەیی خەڵخالی و رژێمی ئاخوندی لەو ئێعدامانەدا دەتوانین ئاماژە بکەین بە ئێعدامەکانی فرۆکەخانەی سنە، پادگانی مەریوان و ئێعدامە بە کۆمەڵەکانی پاوە، سەقز و کرماشان و ... هتد . جینایەتەکانی رژێمی ئاخوندی هەر بەوەوە نەوەستاو بە هێرشی بەکرێگیراوان بۆ سەر کوردستان نیشانیان دا کە لە جینایەت کردندا رووی دیکتاتۆرەکانی پێش خۆیان سپی کردووە و بە درندە خوویی و وەحشیگەری کەوتنە تاڵان و وێران کردنی کوردستان و لە دێهاتەکانی قارنێ و قەڵاتان و باقی دێ و شارەکانی کوردستان لاپەرەێکی رەشتریان لە لاپەرەکانی مێژووی پر لە جینایەت و کوشت و بڕی خۆیان زیاد کرد. ئەگەر بمانەوێت باس لە تەواوی جینایەتەکانی ئەو رژێمە بکەین دەبێت سەدان لاپەرە کاغەز بنوسین.بە خۆڵقاندنی وەها کەش و هەواێک لە کوردستان و بەربەرەکانی و خۆراگری خەڵک لە بەرانبەر ئەو رژێمەدا کۆمەڵێک لە ئازادیخوازان و پیاوانی ئایینی کە ئەو کات لە ژێر ناوی دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدینی حۆسەینی چالاکی سیاسی و نیزامیان بەرێوە دەبرد، بۆ بەرپەرچ دانەوەی قسەکانی خۆمەینی بیریان لە دامەزراندنی رێکخراوێک کردەوە کە جیاواز بێت لە باقی حیزبەکانیتری کوردستان کە زۆربەیان رەوتی چەپیان هەڵبژاردبوو، بۆ ئەو مەبەستەش مامۆستا سەید جەلالی حۆسەینی لەگەل چەند کەسیتر لە هاورێیانی لە 5ی خەرمانانی 1359 سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانیان دامەزراند. بە دامەزراندنی سازمانی خەبات هاووڵاتیانی شۆرشگێر و ئازادیخوازی کوردستان پێشوازیێکی گەرم و گۆریان لێ کرد و سازمان توانی لە ماوەێکی کۆرتدا لە زۆربەی شارو گۆندەکانی کوردستانی ئێران بنکە و مەقەرەکانی خۆی سازماندەهی بکات.لە زۆربەی شەڕەکانی بەرگری لە خاک و نیشتمان پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات بە ورەێکی پۆڵایینەوە بەشدارییان کرد و دوژمنی داگیرکەریان بە چۆکدا هێنا کە نمونەی ئەو قارەمانییەتیانەی پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات دەتوانین بە شەڕی نابەرابەری 10ی خەزەڵوەر ئاماژە بکەین کە جەلادانی خۆمەینی بە هێزێکی زۆری زەمینی و ئاسمانییەوە هێرشیان کردە سەر کوردستان و پێشمەرگە بە باورەکانی سازمانی خەبات لە هەژدە دۆڵان و دەروازەی شاری بانە بەرپەرچی ئەو هێزەی رژێمیان دایەوە و توانیان زەبرێکی کۆشەندە و کاریگەر لە هێزەکانی سپا و ئەرتەشی ولایەتی فەقێە بوەشێنن، بە دوای شکستی زەبونانەی رژێم لەو شەڕەدا بوو کە خۆمەینی هاتە دەنگ و بە ناردنی پەیام بۆ خەڵکی کوردستان وتی، خەڵکی کوردستان من دەنگی ئێوەم بیست و داوای وتووێژ و چارەسەری بۆ کێشەی نەتەوەی کورد کرد، داواێکە هیچ کات لە دڵەوە نەبوو حاکمانی خوێنرێژی رژێم باوەریان پێ نەبوو تەنیا بۆ ئەوە نەبێت کە بتوانن لە ماوەێکی کۆرتدا ئەو هێزە شکست خواردووەی خۆیان رێک بخەنەوە بۆ دەستبەسەردا گرتنی کوردستان و تا بە ئەمرۆ لە سەر ئەو سیاسەتە دوژمنکارانەی خۆیان دەرحەق بە مێللەتی کورد بەردەوامن و هەر رۆژە و سیاسەتێکی نگریس دەگرنە بەر.
10 ساڵ و 2 مانگ و 25 ڕۆژ و 59 خولهک لهمهوپێش