رەوشی رێکخراوی ئافرەتانی خەبات لە دوای بەستنی کرنگرەی یەکەم. رێکخراوی ئافرەتانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران لەساڵی 1381ی کۆچی خۆری بە رەسمی بوونی خۆی لە ناو سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران راگەیاند و لە دوای 12 ساڵ لە مانگی 6ی ئەمساڵ (2014 ) توانیان یەکەمین کۆنگرەی خۆیان گرێ بدەن بە مەبەستی ئاگادار بوون لە رەوشی ئێستای رێکخراوی ژنان و دوا گۆرانکارییەکانی رێکخراوی ئافرەتان بەرپرسی نوێی رێکخراوی ئافرتان ....
بەسەردەکەینەوە. ـــ تێکۆشان: بە کورتی خۆتمان پێ بناسێنە و پلە و ئەرک و مێژووی خەباتتان لە رێکخراوی ئافرەتان بۆ باس بکە؟ من زینب حسینی لە دایکبووی شاری بانە کچی سید جلالدینی حسینی ڕێبەر و دامەزرێنەری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران ویەکێک لەسەرکردە باڵاکانی کورد لەئێران، هاوشانی خانەوادەکەم لەساڵی 1357وە تێکەڵ بەشۆرش بوومە. بەبێ دابڕان تا ئیستا لەریزی سازمان دام و پێشمەرگانە ئەم ماوەیەم لەشۆرش تێپەر کردوە. لەساڵی 1371بەرانبەر بە 1992 کاری رەسمی پێشمەرگانەم کردوە و لەزۆرێک لەئورگانەکانی سازمان کارم کردوە. لەسلێمانی دبلۆمم وەرگرتوەو یەکێکیش بووم لەچالاکانی ژنان لەسازمان. پێش لەدامەزرانی کومیتەی ئافرەتان ، بیرمان لە دامەزرانی ڕێکخراوێک بۆ ئافرەتان لەریزی سازمان دەکردەوە. چونکە پێمان وابوو بۆشایێک هەیە لەکاری سازماندا ئەویش نەبوونی رێکخراوێکە بۆ ئافرەتان. ئاکامی کارو بیرکردنەوی قوڵمان لەکیشەی ئافرەتان، بووە هۆی ئەوە کەلەگەڵ پۆلێک لە ئافرەتانی تێکۆشەری ریزەکانی سازمان دامەزراندنی رێکخراویێک بۆ ژنان بخەیەنە چوارچێوەی کردارەوە. لەرۆژی 7ی خەرمانانی 1381 بەرەسمی دامەزراندنی کومیتەی ئافرەتانمان راگەیاند ولەو رێکەوتە بەم لاوە کاری ریکخراوەییمان بەشێوەی فەرمی دەست پێکردوە.ئەرکی سەرەکی کاری رێکخراوی ئافرەتان ئەوەیەکە کارەکانمان پێش بخەین وهاوشانی هەموو رێکخراوەکانی دیکە لەخزمەت بە دۆزی رەوای نەتەوەکەمان وهەروەها چالاک کردنی ئافرەتان بڕوینە پێش. پێش خستنی کاری رێکخراوەکەمان بەگرینگترین ئەرک دەزانم وزۆر سەربەرزم بەوەی توانیبیتم خزمەتێکی بچوک بە رێکخراوەکەم بکەم. ئیستا شاندێکی بەرێوەبەریمان هەیە ومن وەک کەسی یەکەمی رێکخراوی ئافرەتان هەڵبژێردراوم. ـــ تێکۆشان: هۆکاری درەنگ کەوتنی یەکەمین کۆنگرەیی رێکخراوەکەتان چی بووە؟ ئیمە کەتا بەستنی کۆنگرە لەژێر نێوی کومیتەی ئافرەتان کارمان دەکرد، لەراستیدا ئەرکی گەورەمان لەسەرشان بوو. کومەلێک بەربەست هەبوو لەبەرانبەر کارەکانمان ولەسەرەتاوە گیروگرفتمان دەهاتە سەر رێگە. کەس وکاری ئافرەتانی سەربە رێکخراوی ئافرەتان زۆر جار رێگەیان نەدەدا ئافرەتەکانیان بەشدار بن. ئێمە لەسەرەتاوە لەگەڵ عەقڵی بەرتەسکی پیاوسالاری بەرەو روو بووین.گرێ وگۆڵمان بۆ دروست دەکرا وهاوکارمان نەبوون. بەڵام بە مانەوەی خۆمان وپێش خستنی کارو هەروەها گۆڕانی بارودۆخ بە قازانجی خەباتی چینی چەوساوەی ئافرەت، ئێمە زیاتر چووینە پێش وهەموو ئەو لەمپەرانەمان لادا کە رێگەی پێشەوە چوونی لێگرتبووین. وەک باسم کرد ئەوانە بەربەست بوون لەبەرانبەر گرێدانی گۆنگرە لەسات وکاتی خوێدا، بەڵام کە کۆنگرەمان درەنگ گرتووە بەومانایە نیە کە راوەستاوین. لەو ماوەدا چەندین کونفرانسمان بەستوە وگۆرانکاریشمان کردوە.ـــ تێکۆشان: کۆنگرە بە چ شێوەیێک بەسترا و چۆن بەرێوە چوو؟ ئیمە لەدوای ئامادەکردنی ڕەشنوسی بەرنامە وئەساسنامە، کونفرانسی ئەندامانی رێکخراوی ئافرەتانمان لە کوردستان ودەرەوەی وەڵات بەست. ئافرەتان بەڕێژەیێکی بەرچاو ئامادە بوون وزۆر چالاکانە هاتنە پێش. لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە کارەکانی گرتنی گۆنگرەی ڕایی دەکرد وزۆر چالاکانە ئەرکی خۆی بەرێوە برد. لەدووی کاروئامادەکاری بۆ کونگرە،کونگرەی رێکخراوی ئافرەتان لە ژیر نێوی کۆنگرەی نوێ بوونەوەوگەشەپێدان دەستی بەکارەکانی کرد ولەدوای 2رۆژ کاری بەردەوام کوتایی بەکارەکانی هات. ــ تێکۆشان: ئەو ئاڵوگۆرانەی بەسەر رێکخراوی ئافرەتان دا هاتووە چییە؟ نێوی کومیتەی ئافرەتان گۆردرا بۆ رێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران. ئێمە پێمان وابوو دەبێت کاری ئافرەتان زیاتر رێکخراوەییتر بکرێت ولەو قاڵبە بچوکە بیتە دەر. هەربۆیە بەتێکرای دەنگ ئەم نێوە گۆڕدرا بۆ رێکخراو. پاشان رەشنوسی بەرنامە وئەساسنامە بە پێداچوونەوەی وورد وهەروەها هەڵسەنگاندنی جۆری خەبات ولەبەرچاووگرتنی سیاسەتی سازمان، هاتە پەسەند کردن وگەلێک بابەتی رۆژو سەردەمیانەمان تێدا گونجاند. دەستەیێکی بەرێوەبەری کاریی هەڵبژێردراو ئورگانەکانی رێکخراو دیاری کران. دەتوانم بلێم کە کۆنگرەیێکی زۆر سەکەوتوو بوو وبەتەواوەتیش لە فەزایێکی ئازاد دا بەرێوە چوو. من پیم وایە کە ئافرەتانی ئەندامی رێکخراوەکەمان دەتوانن کاری باش بکەن وبەڵێنیەکانی کۆنگرە جێبەجێ دەکەن. ـــ تێکۆشان: پێت وایە گرینگترینی ئەو خالانەی پێویستە رێکخراوەکەتان کاری بۆ بکات چییە و لەمپەرەکانی بەردەمتان چییە؟ جێبەجێ کردنی خاڵ بەخاڵی بەرنامەی ر٠Žیکخراو بۆ ئێمە گرینگە. بەلام پێویستە ئافرەتان چالاکانەتر بینەپێش وئورگانەکان ئاوەدانتر بکەین. لەگەڵ تۆکمە کردنی رێکخراو کار بۆ تۆرێکی میدیای بەهێز بکەین وخۆمان لەم بارەیدا زۆرتر پێبگەیێنین. چالاکیەکانمان بگوازینەوە نێو خۆی وەڵات وکار لەسەر وریاکردنەوەی ژنان بەمافەکانیان بکەین. پێویستە بەهەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوەکانی ئافرەتان، ئاۆڕی زۆرتر لە ژنانی وەڵاتەکەمان بدەینەوە. ناکریت هەر لەدوورەوە باس لەئازاری ژنان بکەین دەبێت واریدی کیشەکانیان بین و وەک پارێزەرێکی سەرسەختی مافەکانیان دەر بکەوین. بەربەستەکانیش وەلانێن وخۆمان بەشێوەی کردارەکی هەلسورانمان هەبێت تا هیچ بەربەست ولەمپەرێک نەتوانێت ریگەمان لێبگرێت.ــ تێکۆشان : بەرنامەتان بۆ ئەکتیڤ کردنی کاری رێکخراوی ئافرەتان لە داهاتوودا چییە؟ ئەوەی لەتوانامان بێت بۆ بەرەو پێش بردنی رێکخراوی ئافرەتان دەیکەین. هەوڵ ئەدەین بەرنامە وراسپاردەکانی کۆنگرە لە زووترین کاتدا جێبەجێ بکەین. یەکێک لەوانە چالاک کردنی ئەندامانی سازمانە لەدەرەوەی مقەر.دانانی نوێنەرایەتی رێکخراو لەشارەکانی هەرێمی کوردستان لەپێشەوەی کارەکانمانە. چالاک کردنی ئەندامانمان لە دەرەوەی وەڵات گرینگی خۆی هەیە ودەمانهەوێت لەوپیوەندیەدا کاری زۆرتر بکەین تا لە رێگەی ئەوانەوە کێشەی ژنان لەکوردستان بگەیەنینە دنیای دەرەوە.ــ تێکۆشان:خوێندنەوەتان بۆ رەوشی ئێستای ئافرەتانی کورد لە کوردستانی ئێران چییە؟ ئافرەتان لە کوردستانی ئێران لەچەند لاوە ستەمیان لەسەرە. لەلایەنی نەتەوەییەوە هاووشانی پیاوان زەجر دەکێشن ولەم خەباتەشدا بەشێوەیێکی کارا وحیساب بۆ نەکراوو بەشدارن. هاووکات لەباری چینایەتیشەوە مافەکانیان پێخوست کراوەولە چەندلاوە گیرۆدەن. تا ئیستاش گەورەبە بچوکیان پێ دەکرێت. ژن بەژن هەر ماوەو لە کەم شوێنیش لە کوردستان هەیە ئافرەت نەدرێتە بەر تیغی خەتەنە. هەروەها بەهۆی دارمانی ئابوری ئەو وەڵاتە کە بۆتە هۆی بڵاوبوونەوەی فەقرێکی لەڕادەبەدەر، ژنان پشکی شێریان بەرکەوتوە. ئەوان دەبیت تەحەمولی ئەم بارودۆخە ناهەموارە بکەن بە بێ ئەوەی دەرووی ڕەخنە گرتنیان هەبێت یان بتوانن باس لە ئازارەکانیان بکەن.بەگشتی من ئێران وکوردستان وەک زیندانێک دەبینم بۆ ئافرەتان وهەتا ڕژیمی ئاخوندی لەسەرکاربێت وکار بۆ گۆڕینی عەقڵی کۆمەڵگا نەکرێت بارودۆخی ژنان لەوە باشتر نابێت.ــ تێکۆشان: پێوەندییەکانتان لە گەڵ رێکخراو و ناوەندەکانی دیکەی پارێزەری مافی ژنان بە چ شێوەیێکە ئایا کاریگەریان لێوەردەگرن و کاریگەرییان لەسەر دادەنێن؟ پێوەندیمان لەگەڵ زۆرێک لە رێکخراوەکان هەیە. ئێمە هەوڵمان داوە لەگەڵ تەواوی رێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ بەتایبەت ئافرەتان پێوەندیمان هەبێت. زۆر ئەزمونمان لەو پێوەندیانە وەرگرتوە وتاڕادەیێک توانیومانە سەر کەوتن بەدەست بهێنین. ئیمە هەولمان داوە کێشەی ژنان لە ئێران وکوردستان بگەیەنینە ئەو رێکخراوانە ولەو پێوەندیەدا کاری بەرچاومان کردوە.بێگومان هەم ئەوان کاریگەیان بەسەر ئێمەوە هەبوە وهەم ئێمەش کاریگەریمان لەسەر داناوون.ــ تێکۆشان:ئایا هیچ پرۆژەێکتان بۆ پەرەسەندنی کاری هاوبەش لە نێوان رێکخراوەکانی ژنان لە کوردستانی ئێران هەیە؟ رێکخراوی ئافرەتانی خەبات هەر لە دەسپێکی تێکۆشانیەوە بانگەوازی ئەوەی کرد کە دەبێت رێکخراوەکانی ئافرەتان لە کوردستان بەرەیێک یان هەر ناوێکی لێبنێن هاوکاری بەرفراوانیان هەبێت. ئێستاش ئێمە لەهەوڵی بەرفراوان کردنی پێوەندیەکانمانین وهەوڵ ئەدەین پرۆژەیێک بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوەکانی دیکە ئامادە بکەین. دیارە پێشتر هاوکاریمان هەبوە ولەگەڵ رێکخراوی ژنانی هەر چوارپارچەی کوردستان کونفرانسمان بەستووە.ئێمە باوەرمان وایە کەدەبێت چالاکی ژنان لەم چوارچیوە کڵێشەیە بچێتەدەر وخەباتمان بەقازانجی ژنان بەرینە پیش.
10 ساڵ و 1 مانگ و 22 ڕۆژ و 22 کاتژمێر و 40 خولهک لهمهوپێش