ب.رۆژینلە مێژووی کۆن و ئێستا دا بەشی سەرەکی و بنەڕەتی پەیام و ریسالەتی هەموو شۆڕش و جوڵانەوەیێکی رزگاریخوازیی لە هەر نەتەوەیێکی ئەو گردە زەوییە، وەئاگاهێنانەوە و ووشیار کردنەوەی کۆمەڵانی خەڵک لەراست مافە سیاسی و ئەرکە نەتەوەییەکانە و ئەو شۆڕش و جوڵانەوەیەی توانیبێتی زۆرترین تاکی کۆمەڵگا لە راست خاک و نەتەوەکەی و ماف و ئەرکەکانی وریا بکاتەوە دەکرێ بوترێ جولانەوەیێکی سەرکەوتوو بووە، ئەگەر بە ئامانجە سەرەکیەکەشی....
کە گەیشتن بە رزگاریی یەکجاریە نەگەیشتبێ. ئەرەستوو گەورە بیرمەندی مێژوو دەڵێ ئەو کۆمەڵگایە زۆرترین رێژەی بەختەوەری تێدایە کە زۆرترین تاکی سیاسی هەبێ، سیاسی بەو واتایەی کە لەراست چارەنووس و داهاتووی خۆی بێ دەربەست نەبێ و مشووریان لێ بخوات. خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بە پێچەوانەی هەموو پروپاگەندەکان لەچوارچێوەی لاواز بوونی ، خاوەنی جوڵانەوەیێکی زیندووە و تاکەکانی خاوەنی حاستێکی بەرزی وشیاری سیاسی و کۆمەڵگایێکی پر لە جم و جوولی سیاسیە. کورد لەو بەشەی کوردستان هەمیشە لەراست خۆشی و ناخۆشیەکانی برا و خوشکانی لە پارچەکانی تری کوردستان خێراترین جووڵە و دژکردەوەی بووە و لەماوەێکی کورت شەپۆڵیک لە هاوسۆزی سەرانسەری کوردستانی ئێرانی گرتۆتەوە. لەنوێترینی کردەوەی لەم چەشنەش بە هانا هاتنی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بۆ برا و خوشکەکانیان لەشەنگال و کوبانێ بوو . کاتێک هێزە ترۆریستیەکانی داعش هێرشیان بردە سەر شنگال و بە هەزاران هاوەلاتی کوردی یەزیدیان ئاوارە و بێ ماڵ و حال کرد، خەڵکی بە ئەمەگ و کوردپەروەر و لێوانلێو لە هەستی نیشتمان خۆشەویستی، هاوخەمیان دەربڕیوە و یارمەتیەکی بەرچاو لە چوارچێوەی کەل و پەل و خواردن و پێداویستیەکانی تر کۆکرایەوە. ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە دۆخی ئابووری لە وەڵاتی ئێران و بە تایبەتیش لە کوردستان وێرانە و خەڵک لە هەل و مەرجێکی تاقەت پرۆکێن دان. بەڵام سەرەڕای ئەو دۆخەش گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بە هەست بە بەرپرسیارەتی لەبەرانبەر هاونەتەوەکانی خۆیان لە پارچەکانی تری کوردستان بە بێ بەرانبەر و لەبەرچاوگرتنی هەل و مەرجی ژیانیان دەینی خۆیان ئەدا کرد و ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیان بە جێ گەیاند. هەر لەدوای ئەوەش لە جووڵەیێکی تر لەپاش رووداوەکانی کوبانی سەرانسەری شارەکانی کوردستانی ئێران خرۆشان و خەڵک بە نیشانەی پشتیوانی و هاودەردی لەگەڵ کوبانی رژانە سەرشەقامەکان و خۆپیشاندانیان بەرێوە برد و هێرشەکانی داعش بۆسەر کوردستانی سوریایان مەحکووم کرد. لەماوەیێکی زۆر کەم دا ئەو نارەزایەتیە زۆربەی هەرە زۆری شارەکانی کوردستانی وەک سنە ،مەهاباد ، بۆکان، کرماشان و ئیلام ، جوانرۆ، مەریوان، سەردەشت،ورمێ، پیرانشار، شنۆ ،نەغەدە و ... هەروەها کوردانی شاری تاران و زانکۆی تەوریز و... هتد گرتەوە و خۆپیشاندەران بە ووتنەوەی دروشم گەلی وەک کۆبانی بە تەنیا جێ ناهێڵین،کۆبانی بە تەنیا نییە،بژی بەرخۆدانی کۆبانی،نا بۆ تیرۆریزم... بەڵێ بۆ ئاشتی، هەتا کوردێک بمێنێ، کۆبانی هەر دەمێنێ، نا بۆ کوشتاری کوردان... لە کۆبانی و قەڵاتان ، بۆ چەندەمین جاری یەک لەدوای یەک هاوپشتی و پشتیوانی خۆیان بۆ کوبانی دەربڕی و سەرەنجی بیرورای گشتیان بەرەو کوبانی راکێشا. ئەو هەستە بەرزە لە نیشتمان خۆشەویستی و کوردایەتیە لە ووشیارییەکی بەرزی نەتەوەیی و سیاسیەوە سەرچاوە دەگرێ و رەهەندێکی تری ئەو جۆرە هەنگاوانە پیشاندانی زەرفیەتی بالای ئازادیویستی و دژبەرایەتی دیکتاتۆریەت و بێزاری لە تەعدای دژمنان بۆ سەر کورد بە گشتی و بەتایبەتی لە وەلاتی ئێرانە و ئەگەرچی ناوەرۆکی هەنگاوەکان بۆ پشتیوانی کوردانی پارچەکانی تری کوردستانە بەلام ئەوە دەرخەری ئەو زەرفیەتە بالایەی هەستی کوردایەتی و ئازادیویستی لە بەرانبەر دەسەڵاتی ئاخوندییە. رژیمی ئێران ساڵیانی ساڵە لە هەوڵ دایە بە گومانی خۆی وا پیشانبدا کە کێشەی کورد لە کوردستانی ئێران بوونی نیە و بە تایبەتیش لە کاتێک کە هاوسۆزیێک بەرانبەر کوردی پارچەکانی تر دروست دەبێ بەدوای ئەو خەیاڵە وێڵە و هەوەرها وێرای ئەوەش بە ئامانجی تایبەتی خۆی رێگە بۆ بەرێوەبردنی هێندێک جم و جووڵ دەدەا و بەشێکیشی دەگرێتەوە بۆ بی توانایی لەبەرانبەر کۆنترۆڵ کردنی هەستی نەتەوەیی جەماوەری کوردستان و دەزانێ کە ئەگەر بیهەوێ دژایەتی و یان جۆرێک بەربەست دروست بکات لەبەرانبەر ویستی خەڵک بۆ پشتیوانی لە برا و خوشکانیان لە پارچەکانی تری کوردستان ئەوە لەگەڵ کێشەیێکی جیددی تر رووبەروو دەبێتەوە و ئەو وزە و پوتانسیلەی لە ژێر کاریگەری کەشی پێکهاتوو لەدوای ئەو کارەساتانە دروست بووە بەسەر نیزامی ئاخوندی دا دەشکێتەوە. هەرچەندە رووی رواڵەتی ئیزن دانی رژیم بۆ بەرێوەبردنی خۆپیشاندان ئە و هۆکارانەی سەرەوە و بە تایبەتی لە ئێستا دا دژایەتی وەڵاتی ترکیایە بەلام لە حەقیقەت دا ترس و دڵەراوکێیە لە رقی پەنگخواردووی جەماوەری کوردستان. لە لایێکی دیکەوە ئەو خۆپیشاندان و هەستە نەتەوایەتیە، زەرفیەتە حەقیقیەکانی جەماوەری کوردستان بۆ خەبات و خرۆشان و راسان لە داهاتوو و لە دەرفەتی لەبار پیشان دەدا کە لەبەرانبەر دەسەلاتی دیکتاتۆری درەنگ یان زوو خۆی دەردەخات. ئەو ئامادەییە ئەوەمان پێ دەلێ کە لە هەر ئەگەر و پێشهاتێک خەڵکی کوردستانی ئێران لەسەر پێن و خاوەنی هێز و وزەی گۆرانن و وەک بەشی سەرەکی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد لە کوردستانی ئێران ئەرکەکانی خۆیان بە باشی دەزانن. دەمێنیتەوە ئەرکی حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان کە بە داخەوە هەتا هەنووکەش ئەو جۆرەی پێویستە جێبەجێ نەکراوە و نەبۆتە تەواوکەری ئەو هەست و حەماسەیە پڕ لە ووشیاریەی خەڵک پیشانی دەدەن. پێویستە حیزب و لایەنە سیاسیەکان چیدیکە دەستەوەستان نەوێستن و بە زووترین کات لەدەوری یەک کۆببنەوە و پێوەندییەکی ئورگانیکی پتەو لەنێو یەکەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی دروست ببێ.
10 ساڵ و 26 ڕۆژ و 18 کاتژمێر و 2 خولهک لهمهوپێش