کامیل نورانی فەردهێز و رەوتە ترۆریستە فەندەمینتالیستیەکان لە مێژووی هاوچەرخ دا نیشانیان داوە کە لە بچووکترین دەرفەت و ژینگەکان کەڵک وەردەگرن و بە خێرایی گەشە دەستێنن و رەوتی ژیانی ئاسایی تووشی وەستان و جیهان بە خۆیانەوە سەرقاڵ دەکەن. نوێترینی ئەو رەوتە توندئاژوە ترۆریستیانە کە لە رۆژەڤی باسەکان لە ئاستی جیهانی دایە گرووپی سەلەفی تەکفیری دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعشە.بێگومان ئەو گرووپەی ئێستا بە داعش ناسراوە لە ئاکامی بریارێکی یەک رۆژە و لە ژێر فەرمانی کۆمەڵە کەسێکی دیاریکراو پێکنەهاتووە. مێژووی بیچم گرتنی ئەو جەریانە....
ترۆریستیە بۆ ساڵی 2004 لەدوای راگەیاندنی (کۆمەڵەی تەوحید و جیهاد ) لە لایەن ئەبومەسعەب زەرقاوی دەگەرێتەوە . لە بنەرەت دا داعش لە ئاکامی چەندین قۆناغ و تێکەلێکە لە چەندین گرووپ و رەوتی تر کە هەتا پێش دروست بوونی داعش خولیا و ئامانجی تایبەت بە خۆیان هەبوو. هەر چەند نابێ فەرامۆش بکرێ کە سەرچاوەی هەموو ئەو رەوتانەش بۆ ئەلقاعیدە ماکەی ترۆریسمی نێودەوڵەتی دەگەرێتەوە و بە عەمەلیش لە پێوەندییەکی توندوتۆڵ دابوون لەگەڵ ناوەندی ترۆریسمی جیهانی (ئەلقاعیدە). ئەگەر بەسەر مێژووی کارکردی هەر کام لەو رەوت و جەریانانەی وەک رایلکەی ئەلقاعیدە لە وەڵاتی رافیدین و شۆرای راوێژکاری موجاهیدین و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و کەسایەتیە دیارەکانی ناو ئەو رەوتانە وەک زەرقاوی و رەشید بەغدای و ئەبو عومەر بەغدادی و ئەبوحەمزە موهاجر و و ئەوانی دیکە کە داعشیان لێ دروست دەبێ، باز بدەین و بێینە سەرباسی چۆنیەتی وەدەست هێنانی ئەو پێگەیەی ئێستایان و رووداوەکانی دواتر، دەبێ خوێندنەوەێک بۆ کارکرد و سیاسەتی دەوڵەتی نوری مالیکی لە ماوەی سالانی سەرۆک وەزیری دا بکەین. دەوڵەتی یاسا بە سەپەرەشتی نوری مالیکی مۆرەی فەرمانبەری دەسەڵاتی ئاخوندی ئێران دەستی بالای هەیە لە هەموو بشێوییەکانی وەڵاتی عێراق و دواجار گەیاندنی داعش بەو پێگەیەی ئێستای لە وەلاتەکە دا. شاراوە نییە کە زێدەخوازییەکانی مالیکی و خەونی گەڕانەوەی عێراق بۆ سەردەمی دیکتاتۆری و قۆرخ کردنی هێز لەناو دەستی خۆیدا وەڵاتی عێراقی تووشی دۆخێکی دژوار و وریابوونەوەی باقی پێکهێنەرانی تری وەلاتی عێراق کرد و پێش داعش شەرێکی گەرم لە نێوان پێکهاتەی شیعە و سووننە و هەروەها کورد لە ئارادابوو کە تەوەری کێشەکەش کارکردی دیکتاتۆرانەی دەوڵەتی نوری مالیکی لە ژێر رێنوێنیەکانی دەسەڵاتی تاران و ئاخوندەکان و پەراوێزخستنی پێکهاتەکانی تر لە کاروباری حکوومەت و بریاری سیاسی ئەو وەلاتە بوو. مالیکی بە عەمەلی دەستی بەسەر سەرجەم جومگەکانی دەسەڵات داگرتبوو و بە بەردەوامی لە هەوڵی پەراوێزخستنی هاوبەشەکانی تر لە حکوومەت دابوو. لەناو بەرەی سووننە دا، سەرەتا تارق هاشمی جێگری سەرۆک کۆماری سوننی مەزهەب و دواتر ساڵح موتلەق جێگری سوننی مەزهەبی سەرۆک وەزیران بە هۆی رەخنەکانیان لەدەسەڵات، کەوتنە بەر تیغی مالیکی و بێ دەسەڵات کردن و تەنانەت حوکمی ئیعدام بۆ تاریق هاشمی بە تۆمەتی بەعسی بوون دەرچوو. دوابەدوای ئەو رووداوانەش زۆربەی پارێزگا و شارە سوونیەکان بوونە شوێنی نارەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵکی سووننە مەزهەب کە لەوێش دا مالیکی بە جێێ وەڵامدانەوەی دروستی خواستەکانی خەڵکی راپەریو دەستی کرد بە کوشت و بڕ و هەڕەشە و مۆڵەت دیاریکردن بۆ کۆتایی هێنان بە نارەزایەتیەکانیان. لەو سەروبەندە دابوو کە ئەو هێزەی کە ئێستا بە ناوی داعش دەناسرێ کە پێشتر لە چوارچێوەی کردەوەی ترۆریستی و کاری تەقینەوە سنوری کارەکانی تێنەدەپەری و هێڵی سەرەکی کارەکانیشان وەرسووراندبوو بۆ وەلاتی سوریا و لە ژێر ناوی یارمەتی پەیرەوانی سووننە مەزهەب لە وەڵاتی سوریا و بۆ جیهاد دژی بەشار ئەسەد تێکەڵ بە هێزەکانی تری ناو سوریا ببوون، بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ژینگە لەبارەی لە وەلاتی عێراق لە ئارادایە کەوتنە خۆ و یەکمجار بە ئالای رەش و لە ژێر ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام هێرشیان کردە سەر پارێزگای ئەنبار و توانیان زەبرێکی کاریگەر لە حکوومەت و دام و دەزگاکانی بدەن و لەنزیکەوە درکیشان بەو پارادیمە گرینگە کە پشتیوانی خەڵکی مەدەنی سووننە مەزهەب بوو کرد و بیرۆکەی هێرشێکی بەرفراونتر بە مەبەستی پێکهێنانی خەلافەتی ئیسلامیان لە مێشیکیان دا دروست کرد. لە پاش کپ کردنەوەی رۆاڵەتی ئەو هێرشە ئەمجارە هێرشێکی قورستر لە پارێزگای موسڵەوە دەستی پێکرد و بە شێوەیێکی چاوەرواننەکراو لە ماوەێکی کورت سپای گەورەی حکوومەتی عێراق تێکشکا و داعش توانی دەست بگرێ بەسەر ئەو پارێزگایە کە دووهەمین پارێزگای وەڵاتی عێراقە و دەست بەسەر چەندین کەرتی ئابووری و زاخەی پڕ چەکی تەقەمەنی و سیلاح بگرێ و خەلافەتەکەی رابگەێنێ. ئەو سەرکەوتنە بەرچاوە، داعشی بە هێزتر و مکۆرتر کرد بۆ بەرفراونتر کردنی سنوورەکانی و لە درێژەی هێرشەکانی دا دەستی بەسەر چەندین شاری گەورە و سەدان دێهاتی تری عێراق گرت و لە ئێستا دا مەترسی کەوتنی بەغدا پێتەختی وەڵاتی عێراق بوونی هەیە. لەو ساتەوەختە دا خوێندنەوەی بەهێز ئەوە بوو کە داعش بە نیازی داماڵینی حکوومەتی مالیکی لەناوچە سووننی نشینەکانە و هیچ بەڵگە و دەرکەوتەیێک بۆ پشت راست کردنەوەی هێرش بۆ سەر کوردستان لە ئارادا نەبوو و تەنانەت داعش لە چەندین لێدوان نەبوونی هیچ بریارێک بۆ سەر هەریمی کوردستانی ئاشکرا کرد و لە لایێکی ترەوە بریاری خۆتێوە نەگلاندن لە شەری داعش لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە راگەێندرا و رۆژەڤی هەرێمی کوردستانیش لە ئاکامی کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا پرۆژەی رێفراندۆم و یەکلایکردنەوەی کێشەکان لە رێگەی جیابوونەوە لە عێراق بوو. هەر بۆیە وەرسوورانی داعش بۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان خوێندنەوەکانی پێشوو لەسەر رەوتی داعشی هەڵوەشاندەوە. هەر چەند هەر لەسەرەتاوە چەندین وەڵات وەک پاڵپشت و دیاریکەری هێل بۆ داعش وەک وەلاتی عەرەبستان و قەتەر و ترکیا ناو دەهێندرا ، بەڵام خالێکی جەوهەری کە زەرورە بۆ خوێندنەوەی وردی ئەو رەوتە لەبەرچاو بگیردرێ ئەوەیە کە داعش خۆی نابەستێتەوە بە بەرژوەندیی وەلات و هێلێکی دیاریکراو ، بەڵکو قازانجی زیاتر بۆ گەیشتنی خێرا بە ئامانجە دیاریکراوەکان نرخی ئەو گرووپە ترۆریستیە دیاری دەکات و وەک کالایێک هەر لایەنێک زۆرترین نرخی لەسەر دابنێ دەتوانێ لە مەزادەکەدا کالاکە بباتەوە و بۆ ئامانجەکانی خۆی بەکاریبێنێ. بە واتایێکی تر هەر وەلاتێک بیهەوێ نرخی زیاتر بدات دەتوانێ داعش بخاتە ژێر کاریگەری و بە کاری بێنێ بۆ مەرامەکانی خۆی بەمەرجێک ئەو بە کارهێنانە لەگەڵ بناغە و فەلسەفەی بوونی داعش ناتەبا نەبێ. زۆر بە ئاشکرا لە پێوەند بە هێرش کردنە سەر هەرێمی کوردستان ئەو راستیەمان بۆ دەرکەوت. لەکاتیکدا کە لەبەرەیێک بە سەختی داعش لە جەنگ دابوو دەکرێ کردنەوەی بەرەیێکی نوێ کە ئاکامەکەشی هاتنە مەیدانی هێزە هاوپەیمانەکان بوو لە چی دابێ؟ لەکاتیکدا کە هیچ جۆرە مەترسیەک لە خاکی کوردستان بۆ سەر داعش بوونی نەبوو هێرشی پێش وەختی داعش بۆ سەر کوردستان دەبێ چ هۆکارێکی لە پشت بێ؟ ئەگەر بشوترێ داعش بە نیازی پەرەدان بە خەلافەتەکەی بووە دەکرا لە دوای سەقامگیر بوونی تەواو لەبەرەی جەنگ دژی حکوومەتی عێراق بگەرێتەوە سەر کوردستان. ئەو هێرشە پێشوەختە ئامانجی تێوەگڵاندنی هەرێمی کوردستان لە شەری دژی داعشی لە پشت بوو لەبری کۆمەلێک قازانجی شاراوە کە چۆتە ناو گیرفانی داعش. بێگومان بە پێی بەڵگەکان و لێدوانەکانی خودی بەرپرسانی حکوومی ئەو وەڵاتەی زۆرترین قازانجی لە تێوەگلانی هەرێمی کوردستان دەبوو ئەوە رژیمی ئێران و دەوڵەتە تێکشکاوەکەی نووری مالیکی بوو و هەر بۆیە رێی تێدەچێ لە رێگەی دەلاڵەکانیانەوە دەستیان هەبووبێ لە کردنەوەی بەرەی جەنگ لە کوردستان.هەر چەند لە هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان توانیان دەست بەسەر هێندێک شار و ناوچەی کوردستان بگرن بەڵام لە پاش ماوەێکی کورت بە یارمەتی هێزەکانی ئەمریکا و حەماسە و نەبەردی هێزی پێشمەرگەی کوردستان تواندرا داعش لە بەشێک لە خاکی کوردستان پاک بکرێتەوە و رێگەی هاتنە پێشەوەی لێ بگیردرێ. لە لایێکی دیکەوە ئەو هێرشە یەکگرتووی و هاسۆزییەکی نەتەوەیی دروست کرد و حیزب و رێکخراوەکانی سەرجەم پارچەکانی کوردستان وێرای پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستان چوونە ناو سەنگەرەکانی خۆراگری لەبەرانبەر داعش و لە ناویشیان دا سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بە پێی ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی لە میحوەرەکانی گویر و خازر هێزی پێشمەرگەی جێگیر کرد و تا ئازاد کردنی شاروچکەی گوێر لە بەرەکانی شەر مایەوە و لە ئێستاشدا لە هەر ساتێک کە مەترسیەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان پەرە بستێنێ ئامادەی جوڵاندنی هێز بۆ بەرەکانی شەرە. داعش بە هێرش کردنە سەر هەرێمی کوردستان هەڵەیێکی ستراتیژی کرد، چوونکە لە ئاکامی ئەو هێرشە هاوپەیمانەتیەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی پێکهاتوو لە 20 وەڵاتی زلهێزی جیهانی لە بەرانبەر خۆی دا دروست کرد و لە ئێستا دا داعش بە مەترسیەک بۆ سەر جیهان دەناسرێ. لە دوای وەستانی داعش لە هەرێمی کوردستان و شکستە یەک لەدوای یەکەکان داعش رووی کردە کوردستانی سوریا و کەوتە هەوڵدان بۆ گرتنی کوبانی. هەر چەند پێشتریش هەوڵی گرتنی ئەو شارەی دابوو بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام ئەمجارە بە چەک و تەقەمەنیەکی زۆرەوە رووی کردە کوبانی و بە خەیاڵی خۆیان دەتوانن لە ماوەێکی کورت دا دەست بەسەر کوبانی دا بگرن. هۆکاری کردنەوەی ئەو بەرە نوێیەی جەنگ دەگەرێتەوە بۆ ستراتژیی بوونی کانتۆنی کوبانی هەم لەبەر ئەوەی کە هاوسنوورە لەگەڵ وەڵاتی ترکیا و هەم ئەوەی کە پردی پێوەندی نێوان کانتۆنەکانی تری کوردستانی سوریایە و بێگومان بە کەوتنی کوبانی رێگە بۆ دەست بەسەر داگرتنی کانتۆنەکانی دیکەی کوردستانی سوریا خۆش دەکرێ و لە هەمانکاتیشدا رێگەیێکی زۆر ستراتژیی بۆ گەیاندنی هاوکارییە لۆجەستیکی و چەک و چۆل و هەروەها هاتنی هێزی نوێ دەکرێتەوە. بە خوشحالیەوە لە ئەنجامی خۆراگری کەم وێنەی یەکینەکانی پارێزەری گەل و یەکینەکانی پارێزەری ژنان و هەروەها هێرشە ئاسمانیەکانی هیزە هاوپەیمانەکان داعش هەتا ئەم ساتەش لە وەدیهێنانی ئەو ئامانجەی شکستی هێناوە و تەنانەت زەربە و خەسارێکی بەرچاویشی بەرکەوتووە. سەرەڕای هەموو کارەساتە مرۆییەکانی گەلی کورد لە دوای هێرشی ترۆریستانی داعش رووبەرووی بووە لەهەمان کاتدا بۆتە دەرفەتێک بە مەبەستی پێش خستنی دۆزی گەلی کورد لە ئاستی جیهانی و ئەمرۆ لەسەرجەم ناوەندە میدیایی و سیاسیەکانی جیهان باسی ئەوە دەکرێ کە گەلی کورد لە بری تەواوی جیهان شەر لەگەڵ داعش دەکات و ئەوە لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی پێگەی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی زۆر باشی دەبێ. رەنگ بێ شەری داعش چەند ساڵیک بخایەنی و لە هێندێک بوار دا کوردستان بوەستێنێ بەلام بە دڵنیاییەوە لەدوای کۆتایی هاتنی ئەو شەرە ، کۆمەڵیک دەسکەوتی گرینگی نێودەوڵەتی بۆ گەلی کورد بە دواوە دەبێ. ئەوەی وەک بۆشایێک هەستی پێدەکرێ یەکگرتوویی گەلی کورد لە ئاستی نێوخۆییە کە ئومێد دەکرێ ئەو بۆشاییەش بە هەست بە بەرپرسیارەتی زیاتر پڕ بکرێتەوە و کورد بە یەکگرتوویی بتوانێ مەترسیەکان بۆ سەر خاک و گەلەکەی دوور بخاتەوە و سیمای راستەقینەی خۆی پیشانی جیهانیان بدات و لە ئاستی گشتی دا ببێتە دیفاکتۆێک کە ئیتر هیچ وەڵات و لایەنیک نەتوانێ حاشای لێبکات و لەبەرچاوی نەگرێ.
10 ساڵ و 22 ڕۆژ و 2 کاتژمێر و 49 خولهک لهمهوپێش