هـ.خزیاتر لە 17 ساڵ بە سەر دەسپێکی یەکەم دەستەی شۆڕاکانی ئیسلامی شار و دێ دا تێپەڕدەبێت و لەو مەودایەدا پێکهاتەی شۆڕاکان و خاڵ و بڕیارەکانی ئەو دامەزراوەیە نەک نەبۆتە هۆی گۆڕانکاری جیدی لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتی شارەکان و هاوبەش کردنی خەڵک لە بەڕێوەبەرایەتی شار و دەستەبەرکردنی سیستەمی خۆجێیی ، بەڵکوو ئەسڵەکانی 6و7 و12 و 100 تا 106ی دەستوور ( قانون ئەساسی) رژێمیش کە باسی لە چۆنیەتی پێکهێنان و پێگەی شۆڕاکانی لەناو یاسا و ...
سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی و چوارچێوەی هەڵبژاردنەکاندا کردوە ، چۆتە پەراوێزەوە .دیارە چونکە بناغەی سیستەمی شۆراکان لە ئێران دا بە نوقسانی دارێژراوە و لە بەرژەوەندی سیستەمی ملهوڕی دەسەڵاتداردایە و ئەزموونی شکست خواردوی 17ساڵەی کارکردی شۆڕاکانیش هیواداریەکانی تاراندوە ، ئیدی لە لایەن خەڵک و چاودێراندا وەک رۆچنەیەکی هیوابەخش سەیر ناکرێت و تازە زۆر درەنگە بۆ ئەوەی ئەو بارە لارە راست کرێتەوە . و زۆر لایەنی یاسای شۆراکان کە دەکرا ببێتە مایەی کارئاسانی بۆ ژیانی خەڵک و ئیمکانی بەدواداچوونی هەبوو ، یان پڕە لە دژوازی و یان گەرەنتی و هێزێک نیە بۆ ئەوەی کاری بۆ بکرێت . لە گەڵ هەموو ئەو راستیانە پێم وایە جەماوەری ئێران ئەبێت بەردەوام ئەو بەرپرسانە بخەنە بەر رەخنە و لێپرسینەوە کە بۆچی تەنانەت زەحمەتی ئەوەیان بە خۆیان نەداوە کە باسی مافی ئینسانی و شەرعی نەتەوەکەیان بکەن و تەنانەت بۆچی ئەو چەند خاڵەی هێشتا گۆڕانکاری بە سەر دا نەهاتووە و ئەکرێت بە هەند وەربگیرێت نادەنە بەر باس و خواست .دیارە کە ناوەرۆکی زۆربەی یاساو رێسا و تەنانەت خودی دەستوریش کە بە دەستی تاقمی دەسەڵاتداری رژیم و لە بەرژەوەندی خۆیان نووسراوە جێی تەئیید و متمانەی جەماوەری نین بەلام دەگمەن یاسایەکیش کە پەیوەندی بە مافی خەڵکەوە بێت یان هەر بەڕێوە ناچێت یان بەر دزی و فێڵا و سانسور دەکەوێت . لێرە دا چەند خاڵێکی یاسای شۆڕاکان کە لە ساڵی 1375 دا پەسند کراوە بۆ نمونە ئەهێنینەوە :• لە خاڵی 2 ی مادەی 71 ی ئەرکەکانی شۆڕای ئیسلامیدا هاتووە : لێکدانەوە و چاوەدێری بابەتەکانی ناو کۆمەڵگا بە نیازی ناسینی داخوازیەکانی " کۆمەڵایەتی ، کەلتوری ، فێرکاری ، تەندروستی و باری خۆشگوزەرانی جەماوەر " و پێشکەشکردنی پێشنیار و ڕێ و شوێن بۆ نەهێشتنی کەم و کووڕی و گەیاندنی داخوازی خەڵک بە گوێی بەرپرسان و ئامادە کردنی ڕەشنووسی گەڵاڵە و بەرنامەی گونجاو بۆ بەکارهێنان لە لایەن شارداری و دەزگاکانی بەڕێوەبەر لە ئەرکەکانی ئەندامانی شۆڕایە .• لە خاڵی ٤ و 5 ی هەمان مادە دا : هاوکاری شۆڕا لە گەڵ بەرپرسانی دامەزراوە دەوڵەتیەکان لە بوارەکانی " کۆمەڵایەتی ، کەلتوری ، فێرکاری ، ئابوری و ئاوەدانکاری دا " وەک ئەرکێکی سەرەکی یاسایی کراوە .• خاڵی 33 ئەڵێت : شۆڕاکان ئەبێت هاوکاری شۆڕای ئاسایش و ئەمنیەتی شار بکەن کە پێک هاتووە لە بەرپرسانی هێزەکانی نیزامی و ئەینتزامی و ئیتلاعاتی لە چوار چێوەی یاسادا . دیارە لەخاڵی 2 و 4 و 5 و 33 دا شێوازی ئەم هاوکاریە ڕوون نەکراوەتەوە و شی کردنەوەی پێوێستە . ئەوە بۆ خۆی گرفتێکە و دامەزراوەکان ئەو هاوکاریە بە واتای دەست تێوەردان لە کارو باری خۆیان ئەزانن . ئەم یاسایە وای داناوە کە هەر دامەزراویەک بە خواستی خۆی ئە توانێت بە پێی ئەو خاڵانەی سەرەوە یارمەتی لە شۆڕاکان وەر گرێت . بۆ نمۆنە ئەگەر شۆراکانی شار و دێ ویستیان باس و خواستی کوژران و سوکایەتی پێکردنی دەیان کەس بکات لە کۆڵبەران و کاسبکاران ، بەرپرسانی پەیوەندی دار ئەتوانن بڵێن کە داوایان لە شۆڕا نەکردوە لەو بوارە بکۆڵێتەوە . بەڵام لە واقیعدا خۆ شۆڕاکان ئەتوانن ڕای خۆیان و ناڵە و زاکەی بنەماڵەی قۆربانیان بگەیەننە گوێی بەرپرسانی باڵاتر و میدیاکان " لانیکەم بە شێوەی نامە و ڕاگەیاندن " . ئەگەر هەڵبژێردراوانی خەڵک نەتوانن داکۆکی مافی گشتی و ستەم لێکراوان بکەن ئەی ئەرکی ئێنسانی و دینیان ئەبێتە چی و خەڵک پەنا بۆ کوێ ببات ؟• خاڵی 6 لە یاسای شۆراکان ئەڵێت : شۆڕاکان خەڵک بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری و وەرزش و کەلتور هان بدەن .• خاڵی 7 ئەڵێت دامەزراندنی ئەنجومەن و دامەزراوەی کۆمەڵایەتی فریاگوزاری و ڕێنوێنی و هەروەها دامەزراندنی (تەعاونی وەبەرهێنان و پەخش کردنەوە ) و گرتنی ئامار و پرس و جۆ کردن لە گەڕەکەکان بۆ کەم وکوڕیەکان و تەنانەت بڵاو کردنەوی پێداویستی سەرەکی خەڵک لە ئەرکەکانی شۆڕاکانە .• خاڵی 18 ئەڵێت: کە شۆڕاکان چاوەدێری باری پاک و خاوێنی شار بکەن .لە سالی 82 تا 86 لە 168 دا شوێنی بەسەرداهاتنەوە بە سەر یاسای شۆڕاکان دیارە و هێشتاش کەم و کووڕی و ناتەواوی زۆرە و گرینگتر لە هەموان پارادۆکس و گێرە وکێشەیەکە کە لە نێوان یاسای شۆڕاکان لە گەڵ یاسای سەرەکی و یاساکانی تری حکومەتی و گەڵاڵەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەتی و پێچ و پەناکانی بڕۆکراتیکدا لە گەڕدایە .لە دوای دروست بوونی شوڕاکان ، خاڵەکانی دەستوور کە بەڕواڵەت بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شار و دێ ئەداتە دەست خەڵک نەک نەهاتونەتە دی بەڵکوو شۆڕاکانی شار بوونەتە دەستەیەکی ڕاوێژکاری و پلەیان لە شۆڕای شارەوە بۆ شۆڕای شارەداری نزم بۆتەوە . شۆڕاکان بونەتە موچە وەرگری حکومەت و لە بیری زیاتر پچڕین و ناوبانگ دەرکردندان . لە نەبوونی پەیڕەو و مەنشورێکی ئەخلاقی و یاسایەکی ئامانجدار بۆ کارکردن و هەروەها لە نەبوونی ئەنگیزە و رۆحی خزمەتکردندا شۆراکان بوونەتە جێی دەمەقاڵە و مشت و مڕی ئەندامان و تاقمەگەرایی زاڵ بووە بە سەر خواستەکانی جەماوەر کە بەردەوام داوای نەمانی گەندڵی و رایی بوونی گرێ و گۆڵەکانی ژیانیان دەکەن . سەرچاوەی ئەم گرفتە لە پێشدا دەگەڕێتەوە بۆ بەرنامەی دارێژراو و پڕۆسەی سیستەمی دەسەڵاتدار بۆ سەرکووتکردنی ئازادیەکان و هەروەها بۆ بڕەوی دان و پەرەپێدانی کەلتوری بێدەربەست کردنی خەلک بەرانبەر چارەنووسی خۆی . هەروەها کەلتوری هەڵە و باوی لێنەپرسینەوە و بێدەربەستی لە لایەن ئێمەوە کە وەک شارۆمەند و هاووڵاتی داکۆکی لە مافەکانی خۆمان ناکەین و سەرجەم ئیختیار و کارەکانی شار و وڵاتمان سپاردوە بە بەرپرسان و دواتر کەم و کووڕیەکانی یاسای شوڕاکان و ئەمر و ڕاسپاردراوەکانی یاسا و کاربەدەستان بۆ چۆنیەتی هاوکاری خەڵک لە بواری کاری کۆمەلایەتی و بەشداری لە پرۆسەکانی ژیانی شارنشینی دا و ئەو فیلتەرانەی دەبنە هۆی دەرنەچوونی کەسانی دڵسۆز و بێ لایەن لە دیکەی هۆکارەکانی گرفتی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتەکەمانە لە بازنەی یاسا و کاروباری شۆراکاندا.بە داخەوە کەسانێکی زۆر لە ئێمە جەسارەتی لێپرسینەوە و بەدوادا چوون نادەین بە خۆمان و" چی ئەکەن با بیکەن "مان کردوە بە مافی هەر بەرپرسێک و ڕازی بوون لە حاکمانمان لە هەر حاڵەتێکدا کردۆتە ئەرکی خۆمان و بەسەندەمان کردووە بە حەفتەیەک بیر کردنەوە لە سەر هەڵبژاردنی پاڵێوراوان و دوو سێ خولەک بۆ دەنگدان لە سەر سندوقەکان . بەشداری لێرە دا تەواو دەبێت ؟ بە مانایەک بەڵێ . تەنانەت بیر لە رێگەی سێهەم بۆ بەشداری نەکردن ناکرێتەوە . نا ووتن و دەنگ نەدانیش کارێکی ئاگاهانەیە کە گشتگیر نەبووە . زیانەکانی ئەم بێ دەربەستیە ئەوەیە کە نە کەلتۆری لێپرسینەوەو بەدواداچوونمان پەرەپێدا و نە کۆمیتەکانی ڕاوێژکاری و هاوکاری شوڕاکان لە بوارەکانی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و ژیانی شارستانیدا ژیاونەتەوە .بۆ نمونە لە دەوری یەکەمی شۆڕای ئیسلامی شارەکاندا دەستەی متمانە پێکراوانی گەڕەکەکان و ئەنجومەنی لاوانی شار (شۆڕایار) لە چەند شارێکدا دامەزران . ئەنجومەنی لاوانی شوڕایار هەر لەو ماوەی کورتەی تەمەنیاندا لە شێوە و قەبارەی ئەنجومەنێکی کەلتوری و ڕاوێژکاری گۆڕانیان بەسەر داهات و بوونە باڵی چاوەدێری پڕۆژە و گەڵاڵەکانی شارەداری و پێش ئەوەی جێ بکەون ، تیا چوون . دەستەی متمانە پێکراوانی گەڕەکەکانیش هەر بەو شێوەیە وەلا نران . بە داخەوە سەر هەڵدان و ئاوا بوونی بابەت و پێکهاتەکان لەم کۆمەڵگایەدا دەروونەکان نابزوێنێت و سەرنجمان بۆ لای ئایدیا و حەقیقەتەکان ڕاناکێشێت . کەلتوری" مەڕ بوون" کە هەمان ئەو بێدەربەستیەیە کە باسمان کرد بە سەر جەستە و بیری ئێمەدا حاکم کراوە .دەسەلاتداران بێدەربەستی و بێ هەڵوێستی ئێمەیان ئەوێت بەرانبەر هەموو ئەو مافانەی سروشت و خوا بە ئێمەیان داوە . ئەو کەلتورە ڕای هێناوین لە هێچ بابەتێک نەکۆڵینەوە و ڕازی و خۆشحاڵ بین بەوەی هەر کەس و تاقم و سیستەمێکی دەسەڵاتداری بە بێ ئیزن و مەیلمان لە ژیان و کار و داهاتوماندا دەست تێوەردان بکات .دەستەیەک لە شۆڕاکان کە لە هەڵبژاردندا ئەگۆڕێن بێ لێپرسینەوە :( پێزانین و وەرگرتنی ئەزمونەکانیان بێت بە هۆی کارەباشەکانیان یان دادگایی کردنیان بێت بە هۆی ساختەچیەتی و هەڵەکانیان ) تێکەڵ بە کۆمەڵگا ئەبنەوە و دەستەیەکی تر ئەچن سەر ، تا بەشێک لە کارەکانی کەسانی پێشووی خۆیان دوپات وەکەن و لێرە دا ئێمە تەماشاوانێکی خەواڵوین .بێگومان هەڵبژاردنی شۆڕاکان دەبوایە لێکدانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لێ وەکەوتایە وەک لێکدانەوەکان کە لە سەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئەکرێت . کێها بە چ بیر و بۆچۆنێکەوە ڕۆیشتون و و کێ و کێها بە چ ڕا و بەرنامەیەکەوە - جیا لە پڕوپاگەندەی مێدیاکان و ڕیزبەندیە سیاسیەکان – هاتونەتە سەر کورسی . چی لە زەینی کۆمەڵگا دا ڕوی داوە کە بۆتە هۆی دەرچونی ئەم کەسانە . ئەوانەی هەڵبژاردراون چ بیر و بۆچۆنێکیان هەیە و چیان وتووە و چیان کردوە کە هەڵبژێردراون و ئایا چی تر بێجگە دەنگ و ڕای باو و بنەماڵەیی و عەشیرەیی کاریگەر بوون لە گۆڕینی تاقمی شۆڕاکان . ئایا شۆڕاکان جوڵەیەکی هیوا بەخشن کە بڕیارە ببنە هۆی تیماری بەخۆداشکاوی و راست کردنەوەی ناڕاستیەکان ؟ بەراست دەبێ بە دوعای پروپاگەندەی حکومەتیەکان کە ئیدعای گۆڕانکاری دەکەن بڵێین ئامین ؟ زۆربەمان لەکاتی رووداوەکاندا خۆمان ئەدەینە بەر شەپۆلی خواستەکانی دەسەڵاتداران و ئەم وتە نامەدەنیە ئەڵێنەوە کە : " با بزانین ئەبێتە چی " . ئەو ووتەیە واتا خۆ ڕەها کردن لە بەرپرسایەتی و بێ دەربەستی لە شیکاری و وتۆوێژ و بیر کردنەوە . بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەکان لە وڵاتانی تردا لێرە هەڵبژاردن تەنیا جوڵەیەکی کاتی و ڕواڵەتیە لە ماوەی مانگێک پێش هەڵبژاردندا بۆ دوبارە کردنەوەی هەڵەکانی پێشوو و ئەمە جۆرێک بێ جووڵەییە تا جوڵە .ئەگەر بمان هەوێت لە حاڵەتی بێدەربەستیەکی تەواو دا بێینە دەر ، ئەوا خوێندنەوە و تێگەێشتن لەم یاسا پڕ لە کەم و کووڕیە ئەتوانێت سەرنجمان بۆ لای بابەتگەلێکی زیاتر سەبارت بە ئەرک و کار و بارەکانی شۆڕاکان ڕاکێش بکات . مرۆڤەکان لە هەر حاڵەتێکدا مافی ژیان و تەندروستی و جوڵەیان هەیە و کاتێک کەلتوری لێپرسینەوە بخەینەوە گەڕ ئەوکات هەوڵەکان بۆ بەدی هاتن و بەدەست هێنانی مافەکانی مرۆف دەست پێ ئەکات .پەیڕەو کردنی داب و نەریتی کوشندەی بڕۆکراسی ، یاسا پەسندی بێ لێکدانەوە و هەوڵ بۆ قازانجی شەخسی ، لە دەرئەنجامی هەلبژاردنەکاندا خۆ دەرئەخات ، بۆیەباشترە بە نووسین و بیرکردنەوە لە بابەتەکانی ڕۆژانە ڕۆشنگەری بکەین و ئەگەر ئەوەش لە توانماندا نیە و لامان وایە کە هیچ دەرئەنجامێکی لێ ناکەوێتەوە لانی کەم بوێری بە دواداچوون و لێپرسینەوەمان بێت و ئەگینا هەمووان با لە دەریای فەرامۆشکاری و بێ دەربەستی لە خەونە بە دی نەهاتوەکانماندا نوقم ببین .ووتەی کۆتایی ئەوەیە کە ئەگەر شۆراکان وەک کارکردی ئێستایان ئەیانهەوێ درێژە بە کار بدەن بۆ بەدیهێنانی داخوازی خۆیان و بە جیهێنانی سفارشتەکانی حکومەت ئەوا بێگومان لە داهۆلگەلێکی بەنەفرەتکراو زیاتر نین و ئەگەر کەسانێکیش هەن کە دەیانهەوێت بۆ شار و وڵات و خەڵک هەنگاوی بە جێ و ئەرێنی هەڵگرن ئەوا شوڕا شوێن و سیبلێکی باشە بۆ وروژاندنی خەڵک بۆ ناساندن و بەدواداچوونی مافە رەواکانی نەتەوەیی و ئینسانی و هاندانی جەماوەر بۆ لێپرسینەوە لە کارکردی بەرپرسان و دام و دەزگاکان بۆ ئەوەی لە بری گوێرایەڵا بوون بۆ سیستەمی دەسەڵات و کار بۆ کەلتووری مەڕ بوون ، کار بکەن بۆ ئەرکی ئینسانی و مافەکانی رەوایی مرۆڤایەتی و نەتەوەیی .
9 ساڵ و 11 مانگ و 3 ڕۆژ و 20 کاتژمێر و 8 خولهک لهمهوپێش