پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

رۆژانی شەممە و یەکشەممە رێکەوتی 2 و 3ی رەشەممەی 1393 بە ئامادەبوونی کۆی ئەندامانی سەرکردایەتی لە بنکەی ناوەندی سازمانی خەبات سێهەمین پلینۆمی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پێنجەم بەرێوە چوو. لەدوای ئامادەکاریی پێویست و کۆتایی کۆبوونەوەی بەرپرسی کومیتەکانی دەرەوەی سازمان و هەروەها کۆبوونەوەی کادرە پێشکەوتووەکانی سازمانی خەبات لەگەڵ بەرێوەبەری گشتی و کۆکردنەوەی سەرجەم تێبینی و پێشنیارەکانیان....

 پلینۆمی کومیتەی ناوەندی دەستی بەکارەکانی کرد و لەدوای 2 رۆژ کاری بەردەوام کۆتایی بە کارەکانی هێنا. سەرەتای کاری پلینۆم بە دەقیقەیێک وێستان و فاتیحایێک بۆ رێزگرتن لە روحی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد و پاشان بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی راپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی خۆی بۆ پلینۆمی سێهەم پێش کەش کرد. بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی لە سەرەتای راپۆتەکەی خۆیدا بۆ پلینۆم تیشکی خستە سەر رووداو و پێشهاتەکانی جیهانی و سەبارت بە دواهەمین ئاڵوگۆرەکانی جیهانی خوێندنەوەێکی ورد و پوختی پێش کەش کرد. بەرێزان لە بەشی حیهانی دا ئاماژەی بە ئاڵوگۆرێکی قووڵ و بنەرەتی کرد کە زۆرێک لە بیرمەندان و لێکۆڵەرەوان بە سەرەتای دەستپێکی شەری جیهانی سیهەم لێکی دەدەنەوە و باس لەوە دەکرێ‌ کە نەخشەی سیاسی و جوغرافیای وەڵاتان ئاڵوگۆری بەسەر دا دێ‌ و بە عەمەلی دابەشکاریی و  هاوپەیمانەتی نۆێ‌ لە ئاستی جیهانی دا دروست کردووە. ئەوەش لەدوای ئەوەوە دێ‌ کە دیاردەیێک بە ناوی داعش سەری هەڵداوە و نەک تەنیا رۆژهەڵاتی ناوەراست بەڵکو سەرجەم وەڵاتانی جیهانی خستە ژێر کاریگەرییەوە. بە بروای بەرێز حسێنی یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەو هەل و مەرجە نوێیە نائەمنی و کەوتنە مەترسی ئەمنیەتی نەتەوەیی لە زۆرێک لە وەڵاتانی جیهانە کە تا هەنووکە بابەتێکی بێ پێشوونە بووە و ئامادەیی راگەێندراوە بۆ رووبەرووبوونەوەی ترۆریسمی نێودەوڵەتی کە دیاردەی ترۆریزم بۆتە هۆی سەرهەڵدان و زیاد بوونی دیاردەی دزێوی تر. لەلایێکی دیکەوە ململانێ‌ و رکابەریی زڵهێزە دیارەکانی جیهان وەک زۆربەی کات دەوری بەرداشی خۆیان دەگیرین و ناکۆکییە شاراوە و هەمیشەییەکانی ئەمریکا و روسیا و هاوپەیمانەکانیان ئاسەواری خەراپ و نەگەتیڤی لەم دۆخە نوێیەش دروست کردووە و  بە جۆرێک ئاڵۆزیی و بشێوییەکانی بەرەو سەر بردووە. بەرێز بەرێوەبەری گشتی لە باسی ناوچەکە ئاماژەی بەەوە کرد کە سەرەرای بە لەسەر کار لاچوونی کۆمەڵیک دیکتاتۆر لە ناوچەکە دڵخۆشی و کرانەوەیێک وەدی هات بەڵام دەرئەنجام و  بە لارێداچوونی رەوتی گۆرانکارییەکان کێشەی زیاتر لە پێشووی خوڵقاندووە و یەکێک لە کێشەکان بوونی پێگەیێکی بە هێزی داعش لەو وەڵاتانە و هێزی هاوچەشنی داعشە کە خەڵکی ئەو وەلاتانەی تووشی کێشە کردووە. بەرێز کاک بابەشێخ بەشێکی زۆری وەدیهاتنی ئەو کێشانەی بە دەستێوەردانی رژیمەکانی ناوچەکە و هێندێک لە وەڵاتانی ئورووپایی و بە تایبەتی دەوری خەراپی رژیمی ئاخوندی گەراندەوە و ئەو دۆخە خەڵکی چەندین وەڵاتی تری کە سیمای راپەرینی پێوە دیاربوو لە هێنانی هەر جۆرە ئاڵوگۆرێک پەشیمان کردۆتەوە و ئەو ئامانجەش رێک لە بەرژەوەندیی دیکتاتۆریەت لەناوچەکە دایە. بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی لە درێژەی قسەکانی دا بارودۆخی وەڵاتانی عێراق و ترکیا و سوریا و کورد لەو وەڵاتانەی هەڵسەنگاند. لە بەشی کوردستانی عێراق وێرای ئاماژە بەو جەنگە نەخوازاروەی گەلی کورد لەگەڵ هێزە ترۆریستیەکانی داعش رووبەرووی بۆتەوە ئاماژەی بە پێوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و سێبەر و هەیمەنەی رژیمی ئاخوندی بەسەر حکوومەتی عیبادی  کرد و رایگەیاند کە رژیمی ئاخوندی نفوزێکی لەرادەبەردەری بەسەر شیعەکانی عێراقەوە هەیە و کەسێکی وەک قاسم سلێمانی بۆتە حاکمی عێراق و هەر بۆیەشە کێشەکانی هەولێر و بەغدا هەروەک رابردوو  لەسەردەمی مالێکی ماوەتەوە و ویست و داواکارییەکانی گەلی کورد تا هەنووکەش جێبەجێ نەبووە، سەرەرای بە جێهێنانی بەڵینەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم. خاڵیکی جێگەی نیگەرانی تر ئەوەیە کە بە داخەوە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش هاودەنگی و کۆدەنگیەک کە زەروری و حەیاتیە بوونی نییە و بێگومان بەردەوامی ئەو رەوشە زیانی هەموو گەلی کوردی تێدایە. لە لایەیێکی ترەوە لە راپۆرتەکەی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ئاماژە بە موقاومەت و خۆراگری هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرا و دەستخۆشی لە دەوری ماندوویی نەناسانەی پێشمەرگە و هەروەها هاوکاریی هێزە هاوپەیمانەکان بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش کرا. لەگەڵ ئەوەش دا جارێکی تر پشتیوانی سازمانی خەبات ی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە جەنگی دژی داعش دووبارە کردەوە و ئامادەیی هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ی بۆ هەر ئەگەرێک راگەیاند.لەدرێژەی ئەو باسە دا بارودۆخی کورد لە کوردستانی ترکیا هەڵسەنگاندنی بۆ کرا و رەخنە لە سیاسەتەکانی حکوومەتی ترکیا گیرا کە جیددی بوون و مکۆربوونی لە پرۆژەی ئاشتی تێدا کەمرەنگ بۆتەوە و حکوومەتی ترکیا تا ئێستاش نەیتوانیوە بەڵینەکانی لەهەمبەر چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد لەو وەڵاتە بێنیتە جێ و شۆڤینیزمی ترک هەر وا بەسەر دۆخی سیاسی ئەو وەڵاتە هەیمەنەی هەیە. لە لایێکی ترەوە پێداگریی لەسەر ئەو راستیە کرایەوە کە حکوومەتی ترکیا دەتوانێ‌ بە ئازاد کردنی بەرێز ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی هەنگاوێکی یەکجار  ئەرێنی بۆ ئەو مەبەستە بهاوێژێ‌ و سداقەتی خۆی لەراست پرۆژەی ئاشتی لە ترکیا نیشان بدا. لە بەشی کوردستانی سوریا باسی قارەمانەتی و خۆراگری کوبانی کە بوو بە باسێکی جیهانی و لە سەرانسەری جیهان وەک نمونەی نەبەردی و خۆراگری دەرکەوت، کرا و یەکەم ساتەکانی دەسپێکی موقاومەتی کوبانی تا ئازاد کردنی یەکجاری ئەو کانتۆنە و دەوربەری بە قازانج بۆ گەلی کورد زانرا و سیماێکی زۆر باشی لە کورد لە ئاستی نێونەتەوەیی پیشان دا کە ئەوەش لە ئەنجامی خوێنی گەشی شەهیدانی ئەو پارچەیەی کوردستان و رۆڵە قارەمانەکانی گەلی کورد لەکوردستانی سوریا وەدی هات. هەر لەو پێوەندییە سەرەرای هەموو کێشەکان یارمەتی و بە هاناوە چوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی عێراق بۆ کوبانی و بەشداریی لەو حەماسەیە بە خاڵیکی وەرچەرخانی پیرۆز نرخێندرا و ئومید خوازرا کە نمونەی ئەو سەرلەهەندایەکیە بەردەوام بێ و هیچ بەربەستێک بۆ بە هاناهاتنی کوردی پارچەکانی بوون نەبێ. بەرێز کاک بابەشێخی حوسێنی لەراپۆرتی سیاسی خۆیدا بۆ پلینۆمی سێهەمی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پێنجەم باسێکی تێروتەسلی لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەلایەتی وەڵاتی ئێران پێش کەش کرد. بەرێزیان لە باسی ئێران دا ووتی: لەدوای هەڵبژاردنی روحانی بەشێک لە خەڵک چاوەروان بوون کە ئاڵوگۆرێک بە لایەنی ئەرێنی دروست بێ، بەڵام بەتێپەرینی کات و دوای دەست بەکار بوونی دەرکەوت کە نەک تەنیا ئەو خەیاڵانەی لەسەر روحانی دروست کرابوون وەدی نەهاتن بەڵکو بارودۆخی ئێران لەهەموو بوارەکانەوە بەرەو خەراپی زیاتر رۆیشت و جارێکی تر ئەو راستیە دەرکەوت کە ئاڵوگۆری سەرۆک کۆمار ناتوانێ‌ ببێتە هۆی وەدیهاتنی ئالوگۆر لە بارودۆخی وەڵاتدا و هەموو دەسەڵاتەکان لە ژێر دەستی خامنەیی دایە و کەسێکی واش نییە کە بتوانێ‌ و بیهەوێ‌ ئاڵوگۆر بە قازانجی خەڵک وەدی بێنێ‌. خاڵێکی تر لە پێوەند بە دۆخی ئێران پەرەسەندنی کێشە ناوخۆییەکانی باڵەکانی رژیم و ئەو دەنگ و باسانەیە کە لەسەر دانانی ویلایەتی فەقیه لەدوای مردنی خامنەیی هەیە و شیمانەی ئەوە دەکرێ‌ لە ساڵی داهاتوو ئەو کێشە و ناکۆکیانە قووڵتر بببنەوە. لەلایێکی تر کێشەی بەرنامەی ناوکەیی کە هەتا ئێستاش چارەسەرێکی نەبووە قەیرانێکی زۆر جیددی تووشی دەسەڵات کردووە و ئەگەری ئەوە هەیە خامنەیی لە درێژەی فشارە نێودەوڵەتیەکان جامی ژەهر بنۆشێ و پاشەکشێ بکرێ لە وێستە زێدەخوازییەکانیان لەو پێوەندییە دا. لە لایێکی تر بوونی گەمارۆ ئابوورییەکان و گەندەڵی و بە تاڵان بردنی پووڵ و سەرمایەی خەڵک قەیرانێکی ئابووری یەکجار گەورەی پێکهێناوە و خەڵکی ئەو وەڵاتەی تووشی نەهامەتی و دژواری یەکجار گەورە کردۆتەوە. بوونی ئەو دۆخە وای کردووە کە خەسارە کۆمەڵایەتیەکان رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر پەرە بستێنن و لە لایێکی ترەوە دەسەڵات  بۆ کپ کردن و دروست کردنی کەشی تۆقاندن بە مەبەستی بەرگرتن لە هەر جووڵەیێکی نارەزایەتی لە ئاستی سیاسی کەشەکە توندتر بکات و سەرکووت و توقاندن و زیندان و شکەنجە و کوشتن و ئیعدام بەرەوسەر ببات. بەرێز کاک بابەشێخ لەدرێژەی ئەو باسە دا ووتی سەرەرای هەموو فشارەکانی دەسەڵات بە خۆشیەوە نارەزایەتیەکان بەردەوامە و دەکرێ‌ بلێین کە تەنانەت نزیکتنرین کەسەکانی دەسەڵاتیش نارازیین لەو دۆخە و زیانیان بەرکەوتووە و هەر بۆیەشە نەتواندراوە بزووتنەوە کۆمەلایەتیەکان دەنگیان کپ بکرێ‌ و لە ئێستا دا زریانێکی سیاسی یەکجار گەورە لە وەڵاتی ئێران بۆسەی بۆ ئەو نیزامە بە ئامانجی هەڵتەکاندنی کۆشکی زۆرداری ئاخوندان ناوەتەوە. لەو بەشەدا لاوازیی ئۆپۆزسیۆنی سەرانسەری جگە لە سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران دەستنیشانکرا و پەرەدان بەو پێوەندیانە بە کارێکی شیاو زاندرا. لەو پێوەندییەدا سەرجەم فشارەکان و بێدەنگی نێونەتەوەیی و بە تایبەتی ئەمریکا لەراست فشارەکانی بۆ سەر ئەندامانی سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران مەحکووم کرا و بەردەوامی دۆستایەتی و هاوکاریی نێوان  سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران و سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران پێداگریی لەسەر کرایەوە.  بەرێز بەرێوەبەری گشتی لە باسی کوردستانی ئێران و دۆخی سیاسی و ئالوگۆر و پێشهاتەکانی دا ئاماژەی بەوە دا کە سیاسەتی رژیمی ئاخوندی لەهەمبەر گەلی کورد هیچ گۆرانکاریێکی بە لایەنی باشی دا بەسەر نەهاتووە و ستەمی نەتەوایەتی لە سەرجەم رەهەندەکانیەوە نەک تەنیا وەک خۆی ماوەتەوە بەڵکو زیاتر پەرەی پێدراوە و روانگەی ئەمنیەتی بەسەر کوردستاندا زاڵە. لەبواری سیاسی رێگە بە بچووکترین نارەزایەتی نادرێ‌ و هەر جووڵەێکیش سەپاندنی تاوانی زۆر قورس و لە ئەنجام دا ئیعدام و کوشتنی لێدەکەوێتەوە و هەر لەو پێوەندییەشدا ئیعدامی سیاسیەکان لە کوردستانی ئێران بەرزترین رێژەی تەرخان کردووە بۆ خۆی. دوایین ئیعدامە سیاسیەکانیش لە سێدارەدانی 5 رۆڵەی کوردستان بە تاوانی پێوەندیی بە حیزبە کوردستانیەکانەوە بوو کە سەرەرای هەموو نارەزایەتیە نێوەوڵەتیەکان هەمدیسان حوکمەکەیان لەسەر بەرێوە بردن و ئیعدام کران و لەگەڵ ئەوەشدا نزیک بە 30 کەسی تر لە رۆڵەکانی کورد چاوەرێی بەرێوەچوونی حوکمی ئیعدامن. لەگەڵ ئەوەش دا رۆژ نییە چالاکانی مەدەنی و کرێکاریی و خوێندکاریی و ژینگە پارێز و هتد.... بانگهێشتی ئیدارەی بەدناوی ئیتلاعات نەکرێن و نەخرێنە ژێر چاودێرییەوە. بە نیسبەت بواری ئابووریش گەمارۆکان لە لایێک و سیاسەتی جیاوازیی دەسەڵات لەراست خەڵکی کوردستان ئەوەندەی تر ژیانی خەڵکی تووشی قەیران کردووە و ئەگەر خەڵکانێکیش بە ناچاری روو لە کۆڵبەری لە سنوورەکان بکەن ئەوە لەگەڵ گووللە و دەست بەسەرداگرتنی کەل و پەلەکانیان رووبەروو دەبنەوە. کوردستان لە بواری بێکاری خاوەنی زۆرترین رێژەیە و دەرئەنجامی ئەو بێکاریەش پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان لە کوردستانە و لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتداران بە ئەنقەست کۆمەلێک دیاردەی دزێوی وەک مادەهۆشبەرەکان لە کوردستان پەرە پێدەدەن. بەرێز بەرێوەبەری گشتی لەدرێژەی پەیامەکەی دا لەو پێوەندییەدا ئاماژەی بە بەرەوسەر چوونی ئاستی وریایی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کرد و بە هێنانەوەی چەندین نمونەی وەک نارەزایەتیەکانی خەڵک بە هۆی سووکایەتی بە جل و بەرگی ژنانی کورد و پشتیوانی ماڵی و مەعنەوییەکانی خەڵکی کوردستان لە شەنگاڵ و کوبانی و هتد... کرد و ووتی لەگەڵ ئەوەشدا کە تێچووی هەر جۆرە نارەزایەتی و جووڵەیێکی سیاسی لە کوردستان زۆر زیاترە لە شوێنەکانی تر بەڵام خەڵکی وریای کوردستان لە هەر دەرفەتێک بۆ تێرکردنی زەرفیەتە نەتەوەییەکانی خۆیان کەڵک وەردەگرن و لەسەر پێ بوونی خۆیان دەسەلمێنن. بەرێوەبەری گشتی رەخنەی لە سیاسەتی حێزبەکانی کوردستانی ئێران گرت و نەبوونی هیچ کۆدەنگیەک هەتا ئێستای بە بێ پاساو هێنایەوە و  پێشوازی و پشتیوانی خۆی بۆ هەر جووڵەیێک بە ئامانجی لێک نزیکبوونەوە و هاوکاریی حیزب و لایەنە سیاسیەکان دووپات کردەوە. هەر لەو پێوەندییەدا کۆبوونەوەکانی ئەمدواییەی بۆ نزیک بوونەوەی هێز و لایەنە سیاسیەکان لەوەلاتی سوئید بە هەولێکی ئەرێنی زانی و پێی لەسەر بەردەوامی ئەو جۆرە کۆر و کۆبوونەوانە داگرت و هەر لەو پێوەندییەدا باسی لە دانانی کومیتەیێکی بە پەلەی راوێژکاری لە نوێنەرانی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەکان کرد کە دەتوانێ‌ وەک سەرەتایێک بۆ هەنگاوی گەورەتر  چاوی لێبکرێ‌. دوا هەمین برگەی راپۆرتی بەرێز بەرێوەبەری گشتی باسی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بوو کە لەم باسە دا وێرای باس کردن لە کاروچالاکی و هەڵسوورانی رابردووی سازمان کەم و کوری و لایەنە لاوازی و بە هێزەکانی دەستنیشانکرد و لەو پێوەندییەدا وێرای دەستخۆشی لە کومیسیۆن و ئورگان و بەشەکانی سازمان بۆ جێبەجێکردنی ئەرک و راسپاردەکان ئەو حەجمە لە کار و هەڵسوورانەی بە هاوتەرازی گەورەیی و مێژوو و خەباتی سازمانی خەبات نەزانی و هەڵسووران و چالاکی  و ماندووبوونی زیاتری هەرکام لەبەش و ئورگانەکانی سازمانی بە پێویستیەکی حاشاهەڵنەگر زانی و لەگەڵ ئەوەشدا کە ناکرێ‌ حاشا لەبوونی لاوازیی ماددی بکرێ‌ و بە یەکێک لە کۆسپەکان لەبەردەم کارەکان زاندرا بەڵام ئاماژە بەوەش کرا کە ناکرێ‌ وەک پاساوێک بۆ هەموو کەم کارییەکانمان تەماشای بکرێ‌.  لەدوای کۆتایی هاتن بە راپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی بەرێوەبەری گشتی قسە و باسێکی گەرم لەسەر ناوەرۆکی راپۆرتەکە کرا و لەپاش کۆکردنەوەی راو و سەرەنج و تێبینیەکان راپۆرتی بەرێوەبەری گشتی بە کۆی دەنگ پەسەند کرا. لە پاش پەسەند کردنی راپۆرتی بەرێوەبەری گشتی بەرپرسی هەر کام لە کومیسیۆنەکانی سازمان راپۆرتی کاری خۆیان لەماوەی نێوان دوو پلینۆم پێش کەش کرد و سەبارەت بە هەرکام لە بەشەکان قسە و باسێکی گەرم و تێر و تەسل کرا و خاڵە ئەرێنی و بێ هێزییەکانی بەشەکان و کەند و کۆسپ و رێگەچارەکان لەراست باشتر کردنی کاروباری ئورگانەکانی سازمان پێش کەش کرا. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو سەرەنج و تێبینی و پێشنیارە کۆکراوەکان لە بەرپرسی کومیتەکانی دەرەوە و کادرە پێش کەوتووەکان سەرەنجی خرایە سەر و بە پێی رێتێچوون و بۆ لوان زۆرێک لەو پێشنیارانە لە بەرنامەی کاری داهاتووی سازمان گونجێندران. پلۆنۆم ده‌‌‌ست خۆشی له‌‌‌ رێکخراوی لاوانی خه‌‌‌باتی کوردستانی ئێران کرد بۆ به‌‌‌ستنی کۆنگره‌‌‌ی دووهه‌‌‌میان و په‌‌‌سه‌‌‌ند کردنی چه‌‌‌ندین خاڵی گرینگ بۆ گه‌‌‌رم داهێنانی ئه‌‌‌رک و کاره‌‌‌کانیان و هه‌‌‌روەها پیرۆزبایشی له‌‌‌ ده‌‌‌سته‌‌‌ی به‌‌‌رێوه‌‌‌به‌‌‌ری نۆێی رێکخراوی لاوان کردو کاک ئارام سلیمانی به‌‌‌رپرسی یه‌‌‌که‌‌‌می رێکخراوی لاوانی وه‌‌‌ک موشاوری کومیته‌‌‌ی ناوه‌‌‌ندی سازمان په‌‌‌سه‌‌‌ند کرد.لەژێر رۆشنایی راپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات بەرنامە و کاریی داهاتووی سازمانی خەبات بۆ بردنە پێشەوەی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلەکەمان دیاری کرا و بە وەبیرهێنانەوەی کۆنگرەی وەفا بۆ رێبازی مامۆستا سەید جەلالی حسێنی دامەزرێنەر و رێبەریی نەمری سازمانی خەبات بەلێن بە دامەزرێنەر و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان درا کە چالاکتر لە رابردوو درێ٠‘ژە بە ئەرکە تەشکیلاتی و نەتەوەییەکان بدرێ‌.         

9 ساڵ و 8 مانگ و 26 ڕۆژ و 22 کاتژمێر و 24 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌




په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن