کامیل نورانی فەردکۆتاییەکانی مانگی رێبەندان بیرهێنەرەوەی سەردەمێکی مێژوویین لە خەباتی ئازادیخوازانەی گەلانی ئێران کە تێیدا لەئاکامی خرۆشانی خەڵکی وەزاڵەهاتوو، کۆتایی بە حوکمی دیکتاتۆرانەی نیزامی پاشایەتی هێندرا.حیزب و رێکخراوەکان کەوتبوونە جم و جووڵ و لەدوای بەشدارییان لە راپەرین لە بیری خۆ رێکخستن و بەرێوەبردنی میتینگی جەماوەری و هەڵسوورانی سیاسی دابوون و لەیەکەم ساتەکانی دوای راپەرینی جەماوەریی
پێوەرەکانی بوونی دیموکراسی خۆیان نیشان دەدا و فرەچەشنی و ئازادیی باڵ بەسەر کەشی سیاسی دا گرتبوو. لە کوردستانی ئێران رێبەرانێک وەک مامۆستا سەیید جەلالی حسێنی و مامۆستا شێخ عیزەدین و ...هتد، پێشەنگایەتی راپەرینیان گرتە دەست و رێبەرایەتی نارەزایەتیەکانیان لەبەرانبەر هێزەکانی سەر بە نیزامی پاشایەتی دەکرد و بە لەخۆبردوویی و ماندوویی نەناسانە هەتا وەدەرنانی دوا سەربازی شا لە خاکی کوردستان کۆڵیان نەدا. شارەکانی کوردستان لەدەستی پێشمەرگەی کوردستان دابوون و حیزب و رێکخراوە سیاسیەکانیش حوکمی ناوچە و شارەکانی کوردستانیان دەکرد. سەرکەوتنێکی یەکجار مەزن تۆمار کرا و خەڵک بە گشتی چێژی لە بە ئاکام گەیشتنی هەوڵەکانی بۆ نەهێشتنی ستەم و ناعەداڵەتی دەبینی. سەرەرای هەموو کەم و کورییەکانیش بەڵام کوردستان ئەزموونێکی جوانی دیموکراسی پیشان دا و لەماوەێکی کورتدا بوو بە مەنزلگە و شوێنی حەوانەوەی هەموو ئازادیخوازێکی ئێرانی. خەڵک سەرمەستی خۆشیەکانی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بوون و هێزی پێشمەرگە بە ورەیێکی پووڵایینەوە ئامادەی بەرەنگاربوونەوە و پارێزگاری لە کوردستان بوو و رێبەرانی سیاسی کوردستانیش لە مشووری ئەوەدابوون کە چۆن پارێزگاری لەو دەسکەوتانە بکەن. خەمی گەورە ئەوە بوو کە ئاکامی ئەو گۆرانکارییە قووڵ و بنەرەتیە بە کوێ دەگات و نیزامی دوای پاشایەتی بە چ شێوەیێک موعامەلە لەگەڵ کورد و پرسە رەواکەی دا دەکات؟لەناو هەموو چاوەروانی و ئەگەرەکان خەراپترین پێش بینی و ئەگەر خۆیان مڵاس دابوو. خومەینی گۆربەگۆر و دەوربەرییەکانی جووڵەی خۆیان دەست پێکرد و بە بەکارهێنانی هەستی ئایینی خەڵک و ستەمکارییەکانی رژیمی پێشوو لەو پێوەندییەدا توانیان بەسەر فکر و ئیرادەی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئێران زاڵ بن و زۆرێک فریوی دروشم و ووتە زریقە و بریقەدارەکانیان بدەن. تەنانەت لەناو چینی نوخبە و سیاسی و هەڵسوراوانی حیزبیش توانیان نفووز بکەن و بەشێکی بەرچاو لە نوخبەکانی چەپ و باقی مەیلە سیاسیەکان هاوتەریبی سیاسەتە چەپەلەکانیان بکەن. بەداخەوە ئەو رووناکاییەی لە ئاکامی هەوڵی ئازادیخوازان وەدی هاتبوو لەلایەن ئاخوندانی تاریکپەرەست بەرەو نەمان دەچوو. یەکێک لەو پرسیارانەی هەتا هەنووکەش نەتواندراوە بە دروستی وەڵامی پێبدرێتەوە، ئەوەیە کە چۆن نەتواندرا رووی راستەقینەی ئاخوندان ببیندرێ و بۆ چاوی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئێران لەراست ئەو گشتە هێمایانەی روژ لەدوای رۆژ لە خۆیان نیشان دەدا کوێر ببوو. رەنگ بێ تەنیا ناوچەیێک لە ئێران کە مەرجی بۆ پەسەند کردنی ئەو سیستەمە نوێیە هەبوو کوردستان بوو. کوردستان ویست و داواکاریی تایبەتی خۆی هەبوو و کوێر کوێرانە تێکەڵ بە شەپۆلی هەست و کەشی راپەرین نەبوو. باشترین بەڵگەش بەشداری نەکردنی خەڵکی کوردستان لە ریفراندۆمی 12ی خاکەلێوەی 1358 بوو لەدوای ئەوەی کە زاندرا ئەو دەسەلاتە هیچ بایەخێک بۆ ویست و داواکانی کورد دا نانێ.هەل و مەرجی کوردستان و ژینگە تایبەتە سیاسیەکەی وای کرد رژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ئاخوندی هەر زوو رووی راستەقینەی خۆی پیشان خەڵکی کوردستان بدا و گەلی کوردیش خۆی یەک لایی کردەوە لەگەڵ ئەو سیستەمە دیکتاتۆریی و جینایەتکارە و هاواری فریونەخواردن و متمانەپێنەکردنی بەرز کردەوە. هەر چەند مەودایێکی زۆری نەخایاند تا رووی راستەقینەی ئاخوندان بۆ باقی گەلانی ئێرانیش دەرکەوێ و درەندیی و بێ بەزەیی و جینایتکاربوونی ئەو دەسەڵاتە بە چاوی خۆیان ببینن. ئەمرۆ پاش 36 ساڵ بەسەر تێپەرینی حوکمی ئاخوندە جەلادەکان، کارنامەیێک دروست بووە کە وێنەی لە مێژووی مرۆڤایەتی بۆ سەرکووت و جینایەت و کوشتن کەمە و نەک تەنیا خەڵکی ئێران بەدەستیەوە دەناڵێنن بەڵکو خەڵکی ناوچەکە و جیهانیش بەدەست ستەمکاریی و پیلانگیرییەکانیەوە گیرۆدە بوونە. رژیمی ئێران لەماوەی ئەو ساڵیانەدا رەشترین و بێبەزەییترین و قێزەونترین مێژووی دەسەڵاتداریی تۆمار کرد و جگە لە رۆژە رەشی و هەژاری و گرانی و نەبوونی و زیندان و شکەنجە و سەرکووتی ئازادییە تاکەکەسی و گشتیەکان شتێکی تری بۆ خەڵک بەدیاری نەهێنا. داهاتی خەڵکی یان لەرێگەی بەخشینی بە تاقم و گرووپە ترۆریستیەکان بە فیرۆ دا یان بە ئیختلاس و دزین لە لایەن بەرپرسانەوە بە تاڵان برا و یان خود ئەوەی لە پرۆژەی زێدەخوازانە و شەرئەنگێزانەی بەرنامەی ناوکەیی بە فیرۆ دەدرێ. بە هەزاران رۆڵەی ئازادیخواز ترۆر و لەسێدارە دران و زیندانەکان پڕ کران لە زیندانی سیاسی و هەر جۆرە دەنگێکی جیاواز کپ کرا و خەراپترین جۆری شکەنجەکان بەکارهێندران. سەرجەم سەرژمێرییەکان لە پێوەند بە دیاردەکانی بێکاریی و هەڵاوسان و گرانی و ئیعتیاد و فەحشا و منداڵانی سەرشەقام و ژنانی هەڵاتوو و خۆکوژی و هەڵاتنی مێشکەکان و تەلاق و دەیان خەساری کۆمەڵایەتی تر لەژێر سێبەری نیزامی ئاخوندی سەرسوورهێنەر و جێگەی تێرامانن. سیاسەتی ناژیرانە و نادیپلۆماسی و نادۆستانەی ئاخوندان لەماوەی ئەو ساڵیانە دا هیچ دۆستێکی بۆ ئێران نەهێشتۆتەوە و بەشێکی بەرچاوی وەڵاتانی ناوچە و جیهان رژیمی ئێران بە مەترسیەک بۆ سەر ئەمنیەتی نەتەوەیی خۆیان دەزانن. قورسترین گەمارۆکانی ئابووری لە ئاکامی سیاسەتەکانی ئاخوندی بەشێک لەدەسکەوتەکانی ئەو نیزامەیە. لەناوچوون و ووشک بوونی رووبار و گۆلەکان و تێکچۆوونی ژینگە و قەیرانی ئاو کە ئەمرۆ گەورەترین کێشەی وەڵاتی ئێرانە هەمووی ئاکامی سیاسەتی ناژیرانەی دەسەڵاتدارانی ئێرانە و بە سەدان و هەزاران نمونەی دیکە کە تەنیا پیشاندەری رووی راستەقینەی دەسەلاتداریەتی ئاخوندانی مێشک ووشک و جینایەتکارە. لەبەرانبەر هەموو ئەو تاڵی و ناخۆشیانە ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە بوونی هیوا بۆ گۆڕینی ئەو دەسەڵاتە سەدە نێوەراستیەیە. سەرەرای هەموو ستەم و ناعەداڵەتیەکان خەلک تەسلیمی ئیرادەی دەسەڵات نەبوونە و روحی بەرەنگاربوونەوەی ستەم رۆژ لەدوای رۆژ لەنێو سەرجەم چین و توێژە جۆراوجۆرەکان لەپەرەسەندن دایە و ئەمرۆ بزووتنەوە کۆمەلایەتیەکان زیاتر لە هەر کاتێکی تر زەرفیەتی وەدیهێنانی ئاڵوگۆریان تێدایە و ئەو کەشەی زاڵە بەسەر ئێران زۆر لەو کەش و هەوایە دەچێ کە راپەرینی ساڵی 57ی تێدا وەدیهات. ئومێد زۆرە کە راپەرینێکی تر لەشێوەی ساڵی 57 ئەمجار بۆ رووخانی نیزامی گەندەڵی ئاخوندی لەسەر دەستی چین و توێژە جوراوجۆرەکانی کۆمەڵگا و سەرجەم ئازادیخوازانی ئێران وەدی بێت و لە حەقیقەتیش دا تەنیا رێگەی دەربازبوون لەو گشتە گرفتاری و نەهامەتیە دەربازبوون لە رژیمی ئاخوندی و هێنانی سەردەمێکی دیموکراسیە.
9 ساڵ و 8 مانگ و 24 ڕۆژ و 1 کاتژمێر و 27 خولهک لهمهوپێش