هەزاران کەس لە ئێراندا مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا سەبارەت بە زیادبوونی ترسناکی شەپۆلی ئێعدامەکان لە ئێران هۆشداریی دا. ڕێکخراوەکە لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ڕایگەیاندووە، قەیرانی لەسێدارەدان گەیشتووەتە ڕادەیەكی شۆککەر و لە ئێستادا هەزاران کەس لە ڕیزی جێبەجێكردنی حوكمی لەسێدارەداندان.ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و چالاكانی مافی مرۆڤ کردووە ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بەو ڕەوتە و پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران کە ڕژیمی ئێڕان پەرەیەی پێدەدات دەرببڕن.