هۆگرهەندێک لە راڤەکارانی بواری رامیاری ئەڵێن کە وڵاتانی 5+1 و ئێران زور نزیکن لە رێکەوتنێکی مێژوویی کە ئەبێتە هۆی گۆڕانکاری جیدی لە بواری سیاسی و ئابوری ناوخۆ و دەروەی ئێراندا و پێیان وایە نزیک بوونەوەی ئێران و ئامریکا لە سەر بابەتی ناوەکی ئەبێتە هۆی بەردەوام بوونی ئەو ووتووێژانە لە سەر بابەتەکانی جۆراوجۆری تر و پەیوەندیەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە دژ بەیەکترە بەرەو باشتر بوون دەچێت . بە پێچەوانەوە نووسەری ئەم بابەتە پێی وایە مێژووی کرداری سیاسی ئاخوندەکان ....
لەمپەڕێکی گەورەیە بۆ کردنەوەی هەرجۆرە درگایەک بۆ پێوندیەکی راستەقینە و لە راستیدا ئیدئۆلۆژی ئیسلامی سیاسی ئاخوندەکان - کە هەرگیز لە ناخیان نایەتە دەر - هۆکاری هەموو ئەو ناکۆکیانەیە کە لە نێوان ئێران و رۆژئاوا دا بەدی هاتووە و هەتا ئێستاش دیپلۆماسی ئاخوندی رێ و رەسمێکی فریوکارانە و درۆزنانە بووە و ئامانجی ئاخوندەکان لە دیپلۆماسی پەرەپێدانی ئیدئۆلۆژی وەیلایەتی فەقیە بووە لە زۆربەی ولاتانی جیهاندا . هەروەک دیارە هەڕەشە و گوشار و گەمارۆکان رژێمی هێناوەتە سەر مێزی ووت وێژ دەنا هەرکەس پێشتر باسی گرتنی پەیوندی دیپلۆماتیکی لە گەڵا ئامریکا بکردایە ئەکەوتە بەر رەخنە و هروژم و سزای دەسەلاتدارانی ئەو رژیمە .روونە کە رژێم لەم دراما تازەیەشدا نەک گوێ بە قسەی ئامریکا و رۆژئاواییەکان لە سەر بابەتەکانی تر نەدات بەڵکوو دوور نیە هەرئەم رێکەوتنەش بە راستی و روونی بەرێوە نەبات . چاوەڕوانی گۆرانکاری لە رەفتاری رژیم لە سەر بابەتی مافی و مرۆڤ و ئازادی و بەرابەری کۆمەلایەتی و کشانەوە هێز و گروپەکانی لە ولاتانی ناوچە و ... بە ووت ووێژ و رێکەوتنی ناوەکی چاوەڕوانیەکی خیاڵیە و رژێمێک کە ئەساسی لە سەر دژایەتی مافەکانی مرۆڤ دامەزرابێت نالۆژیکیە کە وەها چاوەڕوانیەکی لێ بکرێت . عەلی خامنەیی دیکتاتۆری ئێران لە ماوەی ساڵانی 84 تا 92 کە مەحموود ئەحمەدی نەژاد ( یەکێک لە نزیکترین کەسەکانی خۆی ) بە زۆرملی کردە سەرۆک کۆماری ئێران و لە هەردوو هەڵبژاردنەکانی ساڵی 84 و 88 دا تەزویر وساختەکاری بۆ کرد ،لەو باوەرە دا نەبوو کە بۆ سڕینەوەی هەموو گەندەڵیەکانی خۆی و خزمەتکارەکانی بگاتە ئەوقۆناغەی دەستەوەداوێنی سەرۆک کۆماری ئامریکا بێت . زور کەس لە خەڵکانی ناو ئێرانیش پێشبینی وەها رۆژێکیان نەدەکرد کە ئەو گەلاڵە و گەمارۆیانەی کە لە ساڵی 1385وە لە لایەن یەکیەتی ئوروپا و ئامریکا و دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووکان بە سەر ئێران دا سەپێندرا ، ئەوندە کاریگەریان لە سەر ئێران و حکومەت دانابێت کە رژێم ناچار بکات مل بۆ خواستەکانی جیهانی دانەوێنێ . ئایا رژیم ئەیهەویت وەک حکومەتێکی ژیر و عاقل بەرژەوەندیەکانی خەڵک لە بەر چاو بگرێت و خواست و داواکاریەکانی رۆژئاوا قەبوول بکات وپێبەند بێت بەو رێکەوتننامە و بەڵینانەی بە خەڵک و جیهانیانی داوە ؟! وەلامەکی زۆر ئاشکرایە . نەخیر . ئامانجی رژیم لە رێکەوتن و وەلامدانەوە بە خواستەکانی جیهانی شتێکی ترە . فێلێکی تر لە بەرنامەی رژیم دایە ئەویش درێژکردنەوە دانوستان و ئەمرۆ بە سبەی پیکردنە بە توێژەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم و کۆمەڵگای جیهانی . رژیم ئەیهەویت لە ژیر دروشمی "رێکەوتن" لە چالاکیەکانی ئەتۆمی خۆی هەربەردەوام بێت و هاوکات درێژە بە سەرکوت کردنی جەماوەری ئێران لە ناو خۆ و شێواندن و میلیتاریزە کردنی ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراست بدات . رێکەوتن لە یەک قۆناغدا و کۆتایی بە دانیشتنەکانی ئەتۆمی کە کات و ساتی رێبەرانی ولاتە زلهێزەکانی جیهانی گرتووە و واژۆ کردنی چەند لاپەڕەیک لە خەیاڵی ئاخوندەکاندا کۆتایی بابەتەکە یە بۆ ئەوەی بەرگری بکەن لە سەردانی توێژەرانی دامەزراوەی وزەی ناوەکی لە ناوەندەکانی ئەتۆمی و درێژەدان بە چالاکیەکانیان. بی گومان رژیم ناهێڵێت هەموو ناوەندەکانی ئەتۆمی و تاقیگەکان و بنکەکانی موشەکی بخرێنە ژیر چاوەدێری و پێش بینی دەکرێت کە دوای واژۆی رێکەوتن نامە کە ناکۆکیەکان هەر بەردەوامی بن و کار بکەوێتە گلەیی و گازندەی ولاتانی 5+1 و دواتر هەڕەشەی دەست پێکردنەوەی گەمارۆکان.لە راستی دا سزادانی ئێران لە سەربابەتی ناوەکی رێگایەکی گونجاو نەبوو بۆ ئەوەی گۆڕانکاری بە سەر چۆنیەتی جوڵانەوەی رژیم دابێنێت . لە سەرەتای گەمارۆکان تا ئێستاشی لە سەر بێت ئیعدام و لە سێدارەدانی خەڵکی ئێران و گوشار بۆ سەر ئازادیخوازان زیاتر بووە ، خەڵک هەژارتر بوون و رژیم لەوماوەیە دا شێعەکانی لە رۆژهەلاتی ناوەراست هاروژاندووە و بۆتە بەدیهێنەری شەڕێکی خوێناوەی لە نیوان نەتەوەکانی ناوچەکە دا .خامنەیی و سوپا بە رێکەوتن لە گەڵ ولاتە زلهێزەکان ئەگەر بۆیان بلوێ لە یەک قۆناغ دا ئەیانهەوێ ئەوبابەتە کۆتایی پێ بێنن . قوناغی دووهەمی رێکەوتن کە ئامریکا و 5+1 ئەیانهەوێ دوای رێکەوتنی قۆناغی یەکەم (لە مانگی داهاتوودا) دەستی پێبکەن لێکۆڵینەویەکی وردی بەدواوەیە لە سەر چەند و چوون و باری فەننی و بوارەکانی زانستی و ... کە پێویستی بە وردبینی و سەردانی بنکەکانی ناوەکی لە ناو ئێران و دواتر را و بۆچوون و راپۆرتی ئاژانسی جیهانی وزەی ناوەکیە لە ویەن .خامنەیی مەرجێکی قورسی داناوە بۆ ئەو رێکەوتنە و بە واتایە ک ئەیهەوێت بە رێکەوتن نامەیەکی یەک قۆناغی : 1. رژێم خۆ لە قۆناغی دووهەم بدزیتەوە و باس و لێکۆڵینەوە لە بنکەکانی ناوەکی و سەردانەکانی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی جیهان ببەنە بازنەی فەرامۆشی و بە نهێنی درێژە بە چالاکیەکانیان بدەن . 2 . هەموو گەمارۆکانی جیهانی لە سەر بواری ناوەکی لاببردرێن و بتوانن لە رەکابەری نێوان ئێران ولاتانی عەرەبی و بە تایبەت قەتەر و عەرەبستان لە بواری فرۆشی نەوت و پاشکەوتکردنی دراو و کرینی چەک و چوڵا دوا نەکەوون و لە هێز و دەسەڵاتیان لە ناوچەکەدا کەم نەبێتەوە و لایەنگرانیان لە ناوخۆ و دەروەوە رابگرن.رژێمی ئاخوندی لە سەر بنیاتی درۆ و دوژمنایەتی گەلانی ناوچەکە دروست بووە بۆیە بە بێ پیلان گێری بۆ دراوسێ و نەتەوەکانی ناو ئێران و ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراست ناتوانێت درێژە بە مان و کارەکانی بدات .نەبوونی پول و دراوی پاشکەوت بە هۆی کەم بوونەوەی فروشی نەوت و هەروەها گرفتەکانی بەردەم گەیشتنی دراو بۆ ناو ئێران و گەمارۆکانی کۆمپانیاکانی سەر بە رژێم بۆ کاروباری ئابوری نێودەوڵەتی و گوشار بۆ سەر چینەکانی هەژاری ناوخۆیی ئێران بۆتەهۆکاری تەنگ پێ هەڵچنین بە کاربەدەستانی حکومەت .بەلام ئەوان نەک لە بەر خەڵکی هەژار بەڵکوو لە بەر پەک کەوتنیان لە درێژەدان بە ئاژاوە گێری و دزینی سەرمایەی خەلکانی ئێران پنایان بۆ ووتووێژ بردووە و وەک قەدیمی ئەڵێن تێر ئاگای لە برسی نیە ، هەموو کاتیک خۆیان لە داخوازیەکانی خەڵک دزیەوەتەوە . رژیم لە هاتنە خوارەوەی فرۆشی نەوت و گۆشاری گەمارۆکان دەستی داوەتە بە قاچاخ و بڵاو کردنەوەی مادە هۆشبەرکان و لە بیری پڕکردنی گیرفان و بودجە نیزامی ودەسەڵاتداری خۆیانن . وتەی وەزیری ناوخۆی رژێم لە سەر بەکارهێنانی پارەی پیس کە مەبەستی پارەی فرۆشی مادە هۆشبەرکان بە دەستی حکومەتیەکانی سەردەمی ئەحمەدی نەژاد و پاسدارەکان و نوێنەرانی مەجلیسە ،هێمای کەڵک وەرگرتنی رژیمە لە هەموو جۆرە کار و ئاکارێکی دژ بە ئەخلاق و مرۆڤایەتی .بنیامین نتانیاهو بە وتەکانی لە کۆنگرێسی ئامریکادا توانی سەرنجی سێناتۆرەکان بۆ لای بابەتی رێکەوتنەکە زیاتر رابکێشێ و ئەگەر توافق لە بەرژەوەندی ئاخوندەکان بێت ئەوا نەک بەرهەڵستی دەبنەوە بەڵکوو رێ خۆش کەر دەبێت بۆ رەخنەی زیاتر لەسیاسەتە هەڵەکانی ئۆباما و هاتنە سەرکاری کۆماری خوازەکان لە هەڵبژاردنەکانی2016 دا و لە رۆژان و مانگەکانی داهاتوو دا باسی زیاتر لە سەر بابەت و نهێنیەکانی رێکەوتن نامەکە ئاشکرا دەبێت کە ئەبێتە هۆکارێک بۆ ناسینی زیاتر رژێمی ئاخوندی و دەرکەوتنی لایەنەکانی تری شاراوەی ئەو رێکەوتنە .
9 ساڵ و 7 مانگ و 30 ڕۆژ و 19 کاتژمێر و 45 خولهک لهمهوپێش